چیرۆک بۆ منداڵان. پێنووس و لاستیکی خەتکوژانەوە. گۆڕینی : رەزا شوان

لە ناو قوتوویەکی پێنووس دا ، لاستیکێکی خەتکوژانەوە و پێنووسێکی جوان لە یەکتریان دەڕوانی . لاستیکی خەتکوژانەوەکە : چۆنی هاوڕێ ی ئازیزم ؟

پێنووسەکە : من هاوڕێ ی تۆ نیم .

لاستیکی خەتکوژانەوەکە : بۆ ؟

پێنووسەکە: چونکە ڕقم لێتە .

لاستیکی خەتکوژانەوەکە : بۆ رقت لێمە ؟

پێنووسەکە : چونکە تۆ نووسینەکانی من دەکوژێنیتەوە .

لاستیکی خەتکوژانەوەکە : من تەنها هەڵەکان دەکوژێنمە .

پێنووسەکە : جا تۆ هەقت بەمەوە چی یە ؟

لاستیکی خەتکوژانەوەکە : من لاستیکی خەتکوژانەوەم ، ئیشم ئەمەیە .

پێنووسەکە : جا ئەمە کەی ئیشە ..؟

لاستیکی خەتکوژانەوەکە : ئیشەکەی منیش وەکو ئیشەکەی تۆ بەسوودە .

پێنووسەکە : تۆ هەڵە و لەخۆباییت .

لاستیکی خەتکوژانەوەکە : بۆچی ؟

پێنووسەکە : چونکە ئەو کەسەی دەنووسێ ، باشترە لەو کەسەی ، کە دەکوژێنێتەوە .

لاستیکی خەتکوژانەوەکە : کوژانەوەی هەڵە ، هاوتای نووسینی راستە .

( پێنووسەکە بۆ ماوەیەک سەری داگرت .. داما و بیری کردەوە .. ئینجا سەری هەڵبڕی وتی )

پێنووسەکە : تۆ راستەکەی هاوڕێ ی شیرینم .

لاستیکی خەتکوژانەوەکە : هێشتا هەر رقت لێمە ؟

پێنووسەکە : رقم لەو کەسە نی یە ، کە هەڵەکانم بکوژێنێتەوە .

لاستیکی خەتکوژانەوەکە : ئەوەی ( راست ) بێ من نایکوژێنمەوە .

پێنووسەکە : بەڵام من دەتبینم رۆژ لە دوای رۆژ بچووکتر دەبیتەوە .

لاستیکی خەتکوژانەوەکە : چونکە بۆ کوژانەوەی هەر هەڵەیەک .. من قوربانی بە لەشی خۆم دەدەم .

پێنووسەکە – بە دڵتەنگی یەوە – وتی : منیش هەست بەوە دەکەم ، وەکو خۆم نەماوم و کورتر بوومەتەوە .

لاستیکی خەتکوژانەوەکە – دڵی دایەوە و- وتی : ناتوانین سوود بە کەسانی تر ببەخشین ، ئەگەر لە پپێناویاندا قوربانی نەدەین .

پێنووسەکە – بە خۆشی یەوە – وتی : هاوڕێ گیان، تۆ چەند مەزنی و ، قسەکانت چەند جوانن .

لاستیکی خەتکوژانەوەکە و پێنووسەکە ، زۆر دڵخۆش بوون .. وەکو دوو هاوڕێ ی دڵسۆزی گیانی بە گیانی لە یەکتری دانەبڕان و ناکۆک نین .