یادێك له شێته‌كان. ئه‌حمه‌د مه‌كڵاوه‌یی
گه‌ر به‌وردی و به گشتیی بڕوانینه نێو کۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی دونیا، ده‌بینین كه‌له نێو هه‌ریه‌ك له كۆمه‌ڵگا جیا جیاكانی سه‌ر رووی ئه‌م زه‌ویه دا، چه‌ندان قشر و چین و توێژی جۆراوجۆر هه‌ن كه هه‌ر كامیان به شێوه‌ی خۆیان و به جۆرێك له جۆره‌كان، دین و ئایین و داب و نه‌ریت و كه‌لتوور و رۆژی خۆیان هه‌یه و به‌رێزه‌وه یاد له رۆژه‌كانیان ده‌كرێته‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه تا ئێستا یا من نه‌مدیتوه و نهم بیستوه، شێته‌كان كه سادقتر و بێ بووغزتر و هه‌تا نیشتمانپه‌روه‌رترین كه‌سه‌كانی نێو كۆمه‌ڵگاكانی دونیان، بۆ ده‌بێ رۆژێكیان نه‌بێت.
لێره‌دا من پێش ئه‌وه‌ی درێژه به وتاره‌كه‌م بده‌م، هیوا ده‌خوازم كه كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی به‌گشتی و ئازادیخوازانی دونیا به تایبه‌تی و له سه‌روی ئه‌وانیشه‌وه نووسه‌ران كه هه‌میشه كاریان وه‌ئاگا هینان و گه‌یاندنی زانیاریه‌كان به کۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تیه، بكه‌ونه خۆ بۆ دیاری كردنی رۆژی شێته‌كان.
به‌رێزانی خوێنه‌ر، من شاره‌زایی پێویستم له سه‌ر گشت شێته‌كانی دونیا نیه. به‌ڵام له سه‌ر هه‌ڵسووكه‌وتی شێته‌كانی كوردستان حیسابی پاكی و سادقی و نیشتمانپه‌روه‌ریم بۆ گشت شێته‌كان جیهان كردووه، چونكه وه‌ك ده‌ڵێن: شێت، شێته جا چ لێره بیت و چ له‌وێ.
بۆ ئه‌م راستیه و رێز گرتن له شێته‌كانی كوردستان، هه‌ر چه‌ند به كورتیش بێت، باس له سه‌ر چه‌ند شێتی ناوچه‌ی خۆمان و ده‌ورو به‌ر كه بی شك ئی ناوچه‌كانی تری كوردستانیش هه‌ر وابوون و ره‌نگبێ ئیستا چه‌ندیان له حاڵی ژیان دانهمابن، ده‌كه‌م.
له جه‌ریانی شۆڕشی خه‌ڵكی كورد دا به گشتی شێته‌كان جووڵانه‌وه رزگاری خوازه‌كانی و پێشمه‌رگه‌كانیان خۆش ویستوه و قه‌ت نهبووهكه شێته‌كان، كادر و پێشمه‌رگه‌كان ببینن و له لای جاش و خۆفرۆشه‌كان ده‌نگ بكه‌ن و هه‌میشه نیشتمانپه‌روه‌ری و ئه‌ركی نه‌ته‌وه‌یی خۆیان پاراستووه و جاش و مهجووشهکانیان له وره‌ی به‌رزی پێشمه‌رگه تۆقاندوه.
لێره دا نامهه‌وێت زۆری درێژ بكه‌مه‌وه و ته‌نیا چه‌ند نموونه‌یه‌ك بۆ راستی ئه‌م قسه‌یه‌م لێره دا دێنمه‌وه كه ئه‌مانیش ئه‌وانه‌ن كه له خواره‌وه دا دێن.
له ناوچه‌ی بانه، شێتیك هه‌بوو به ناوی ره‌حمانه شێت كه به‌راستی زۆر خۆش و تا بلێیت قینی له جاش و پاسداره‌كان بوو. له ماوه‌ی پێشمه‌رگایه‌تیم دا سه‌دان جار ره‌حمان تووشی ئێمه بوو، به‌ڵام جارێكیش نه‌بوو ره‌حمان راپۆرت بدات و بڵێ پێشمه‌رگه‌م دیتوون. پێشمه‌رگه‌ی خۆش ده‌ویستن كه ده‌یان شه‌و له مزگه‌وتی گوندی ورچهكی ناوچه‌ی بانه له لای ئێمه شه‌و و رۆژه‌كانی تێپه‌ڕ ده‌كردن.
ره‌شیده شێتی گوندی گۆمانی ناوچه‌ی ره‌به‌ت، سه‌ر سه‌خت دژی جاش و پاسداره‌كان بوو كه هه‌میشه به چاوی سووكه‌وه بۆی ده‌ڕوانین و لاسای كاسه لیسیهكانی ده‌كردنه‌وه و رێزی تایبه‌تی بۆ پێشمهگهكان داده‌نا. قه‌ت شتی له جاشه‌كان وه‌رنه‌ده‌گرت، به‌ڵام بۆ خۆی داوای هاوكاری له پێشمهرگەكان ده‌كرد و پیشمهرگهكانیش زوریان خۆش ده‌ویست و هه‌میشه ماچیان ده‌كرد و له باوه‌شیان ده‌گرت و كه پێشمه‌رگه‌كانی له هه‌ڵسووكه‌وتی جاشه‌كان ئاگادار ده‌كرد.
عه‌لییه شێتی مڕانێ، زۆری پێشمه‌رگه خۆشده‌ویستن و هه‌ر له دووره‌وه جاش و پێشمه‌رگه‌ی لێك جیا ده‌كرده‌وه وتفی له جاشه‌كان ده‌كرد و ماچی بۆ پیشمهرگاكان ده‌هاویشت. لێره دا نموونه‌یه‌ك دێنمه‌وه، زستانی ١٣٦٨ی هه‌تاوی له گه‌ڵ قادر مه‌كڵاوه‌یی و به‌كره ئاسیناوه‌یی و سێ پێشمه‌رگه‌ی تر دا به مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی مه‌ئمووریه‌تێكی حیزبی چووینه‌وه ناوچه‌ی ره‌به‌ت، پاش سێ رۆژ مانه‌وه له ناوچه‌كه دا، رۆژێك له به‌ر ماڵی مڕانێ، تووشی عه‌لییه شێت و مسته‌فای باوكی بووین كه له نێو به‌فرێكی زۆر دا له سه‌ر دانگه گه‌ڵایان بۆ مه‌ڕ و بزنان دانا بوو و ئاگرێكی خۆشیان به دیاریانه‌وه كرد بۆوه.
كه ئێمه‌یان دیت، مسته‌فای باوكی عه‌لی، بۆ ئه‌وه‌ی عه‌لی له لای خه‌ڵك ده‌نگ نه‌كات و نه‌ڵێت پێشمه‌رگه‌یان دیتوه، رووی له عه‌لی كرد و، به ئیشار پێی گوت ئه‌وانه چه‌كداری ده‌وڵه‌تن، به‌ڵام عه‌لی كه زۆر باش جاش و پیشمه‌رگه‌ی لێك ده‌كردنه‌وه، به ئیشاره گۆچانه‌كه‌ی ده‌ستی وه‌ك چه‌ك گرت و بۆ لای باوكی راداشت به نیشانه‌ی شه‌پكه‌ی پاسداران ده‌ستێكی له سه‌ر نێو چاوانی دانا و به باوكی گوت، نا، نا، ئه‌وانه پێشمه‌رگه‌ن و جاش و پاسداره‌كان ده‌كوژن و هاته پێشمان و به پیكه‌نینه‌وه یه‌ك به یه‌ك ده‌ستی له گه‌ڵ لێك داینه‌وه و به ئیشاره به خێر هاتنی پێگوتین و هه‌ر به ئیشاره هه‌واڵێكی زۆر باشیشی داینێ و پاش نیو ساعات سه‌ركه‌وتنی باشمان لێوه‌ده‌ست كه‌وت.
حوسێنه شێتی بریسوێ، له نیزیكه‌وه ده‌مناسی و روو دهرروو بانگی له جاشه‌كان ده‌كرد، هۆ كه‌ره‌كان. زۆری رقی له جاش و پاسداران بوو كه قه‌ت حیسابی بۆ نه‌ده‌كردن. هه‌ر بۆیه‌ش شه‌وێك كه به پردی بریسوێ دا ده‌ڕوات، پاسداره‌كان ده‌نگی ده‌ده‌ن كه بگه‌رێته‌وه، به‌لام حوسێن كه هیچ حیسابێكی بۆ جاش و پاسداره‌كان نه‌ده‌كرد، گوێیان پێ نادات و هه‌ر ده‌ڕوات كه به داخه‌وه، پاسداره‌كان ته‌قه‌ی لێده‌كه‌ن و ده‌ی كوژن.
پاش چه‌ند رۆژێك، ئێمه وه‌ك هێزی مینه‌شه‌م كه ئه‌و هه‌واڵه‌مان بیست و له‌و كاته له گونده‌كانی گه‌نكێ و بانه‌زێر و بناویله‌ی كوردان و وسوه‌كه‌ل له حاڵی جه‌وله دا بووین، به تۆڵه‌ی حوسێنه شێت له سه‌ر جاده‌ی سه‌رده‌شت بۆ بانه، هه‌ڵكه‌وتوو له له نێرگزان و ناو گوندی بریسوێ، له رۆژی ٠٦ ـ ١١ ـ ١٣٦٣ دا عهمهلیاتێكمان ئه‌نجام دا كه له‌وێدا زه‌برێكی باش له دوژمن درا و خه‌ڵكی ناوچه‌كه ئیستاش شاهیدی ئه‌م راستیه‌ن و عهمهلیاتهكهشمان هه‌ر به تۆڵه‌ی حوسێنه شێته‌وه دا به رادێۆ ده‌نگی كوردستان كه رنگ بێ ئێستا له ئارشێڤی حیزبی دێموكراتی كوردستان دا مابێت.
خوێنه‌رانی به‌رێز، ئه‌گه‌ر نه‌شڵێم هه‌موو پیشمه‌رگه‌كانی كوردستان شاهیدی ئه‌م راستیه‌ن، ده‌توانم بڵێم زۆربه‌ی هه‌ره زۆری كادر و پێشمه‌رگه‌كانی كوردستان شاهیدی ئه‌م راستین كه شێته‌كانی كوردستان دژی هێزه‌كانی دوژمن بوون و دۆستی باوه‌فای جوڵانه‌وه و پێشمه‌رگه بوون، هه‌ر بۆیه‌ش لێره دا ده‌خوازم له كادر و پێشمه‌رگه‌كانی كه شاهیدی ئه‌م راستیه‌ن، هه‌ركام به نۆره‌ی خۆیان یادێك له شێته‌كانی ناوچه‌كانیان بكه‌نه‌وه و داخوازیه‌ك بۆ دیاری كردنی رۆژی شێته‌كانی كوردستان بخه‌نه‌روو، چی ده‌بێت، با ئه‌وانیش رۆژێكی تایبه‌ت به خۆیان هه‌بێت؟
رێكه‌وتی ٠٥ ـ ١٢ ـ ١٣٩١ هه‌تاوی
ئه‌حمه‌د مه‌كڵاوه‌یی، له‌كۆیه