دیمانه‌یه‌ک له‌ گه‌ڵ به‌رێز مسته‌فا شڵماشی برای بچووکی شەهید مەلا ئاوارە

دیمانه‌یه‌ک له‌ گه‌ڵ به‌رێز و تێکۆشه‌ر کاک مسته‌فا شڵماشی یه‌کێک له‌ تێکۆشه‌ران و دڵسۆزانی سیاسی گه‌لی کورد له‌ کوردستانی ڕۆژهه‌ڵات سه‌باره‌ت به‌ ژیان و به‌ سه‌رهاتی سه‌رکرده‌یه‌کی شه‌هیدی کورد مامۆستا ئه‌حمه‌د شڵماشی ناسراو به‌ مه‌لا ئاواره‌.
38 ساڵ به‌ سه‌ر له‌ سێداره‌دانی ڕۆڵه‌ی هه‌ڵکه‌وتووی گه‌ل شۆڕه‌سواری ڕێگای ئازادی کوردستان، یه‌کێک له‌ سه‌رکرده‌ بوێره‌کانی جووڵانه‌وه‌ی ساڵه‌کانی 46 ، 47ی هه‌تاویی کوردستانی ڕۆژهه‌ڵات، به‌ ناوی مه‌لا ئه‌حمه‌د شڵماشی ناسراو به‌ مه‌لا ئاواره‌ تێپه‌ری، به‌ پێویستم زانی بۆ ڕێز لێنان له‌ خزمه‌ت و خه‌باتی شه‌هید مه‌لا ئاواره‌ و شه‌هیدانی ئه‌و جووڵانه‌وه‌یه‌ له‌ نێزیکه‌وه‌ کۆمه‌ڵێک له‌ هاوڕێیان و که‌س وکاری ئه‌و شه‌هیده‌ پایه‌به‌رزه‌ی گه‌له‌که‌مان که‌ له‌و کات و سه‌رده‌مه‌ دا له‌ گه‌ڵی ژیاون به‌ سه‌ر بکه‌مه‌وه‌، تا به‌ هیممه‌تی ئه‌و به‌ڕێزانه‌ تا ڕاده‌یه‌ک توانیبێتمان هێندێک تیشکمان خست بێته‌ سه‌ر ژیان و تێکۆشانی شه‌هید مه‌لا ئاواره‌ی هه‌رگیز نه‌مر. له‌و په‌یوه‌ندی‌یه‌ دا به‌ هه‌لم زانی چه‌ند پرسیارێک ئاراسته‌ی به‌رێز کاک مسته‌فا شڵماشی برای بچووکتری شه‌هید مه‌لا ئاواره‌ بکه‌م که‌ ئێستا دانیشتووی وڵاتی هوله‌نده‌.

به‌رێز کاک مسته‌فا شلماشی ئه‌و کاته‌ت باش ، زۆر سوپاس بۆ به‌ ده‌نگه‌وه‌ هاتنمان، سه‌باره‌ت به‌ زانیاری دان له‌ سه‌ر شه‌هید مه‌لا ئاواره‌ و یاد کردنه‌وه‌ له‌و تێکۆشه‌ره‌ هه‌رگیز نه‌مره‌ی گه‌له‌که‌مان.
و: منیش سوپاستان ده‌که‌م بۆ ئه‌و ئه‌رکه‌ی خستووتانه‌ته‌ ئه‌ستۆ و هیوادارم که‌ له‌ ئه‌رکه‌کانتان دا سه‌رکه‌وتوو بن.

پ : باسه‌که‌مان به‌ پرسیارێک له‌ سه‌ر ده‌ورانی پێش تێکۆشانی مه‌لا ئاواره‌ ده‌ست پێده‌که‌ین، واته‌ به‌ کورتی ژیان و هه‌ڵس وکه‌وتی شه‌هید مه‌لا ئاواره‌ له‌ بنه‌ماڵه‌ دا چۆن بوو؟
و: به‌ داخه‌وه ‌شه‌هید مه‌لا ئاواره ‌زۆر كه‌م له ‌نێو بنه‌ماڵه‌كه‌ی دا بوو. ئه‌وه‌نده‌ی به‌ بیرم بێ هه‌تا ته‌مه‌نی من بوو به ‌هه‌شت، نۆ ساڵ جاروبار ده‌هاته‌وه‌ ماڵێ. ئه‌و كاته‌ی كه ‌ده‌هاته‌وه‌ ماڵێ جێژنی هه‌موو لایه‌کمان بوو. ئه‌وه‌نده ‌ڕوو خۆش و ده‌م به ‌پێكه‌نین بوو كه ماڵه‌كه‌ی به‌ ته‌واوی ده‌گه‌شانده‌وه‌ و خۆشی ده‌کرد. به ‌تایبه‌ت بۆ من هێنه‌ری خۆشی و شادی بوو. له ‌به‌ر ئه‌وه‌ی منداڵ بووم و بابم نه‌مابوو، ئاخری هه‌مووشیان بووم، خوشك و براكانم، به‌ تایبه‌ت شه‌هید ئاواره ‌زۆری موحیببه‌ت پێ ده‌كردم. له ‌بیرمه‌ پۆلی دووی سه‌ره‌تایی بووم، ئه‌و کات له گوندی شڵماش بووم، هۆنڕاوه‌یه‌كی بۆ نووسیم تا له ‌به‌ر ده‌م پشكێنه‌ری فه‌رهه‌نگ و بارهێنان كه‌ سه‌ردانی قوتابخانه‌كه‌مانی ده‌كرد بیخوێنمه‌وه‌. ئه‌و كاتانه‌ی له‌ ماڵ بوو هه‌میشه‌ له ‌گه‌ڵ خۆی ده‌ی گێڕام. هه‌موو لاوه‌كانی ئاوایی لێی كۆ ده‌بونه‌وه‌ و گوێیان له ‌قسه‌كانی ڕاده‌گرت، دیاره ‌ئه‌و كاته‌ من نه‌مده‌زانی باسی چ ده‌كا. دوایی بۆم ده‌ركه‌وت كه‌ هه‌موو جارێ باسی كوردایه‌تی بۆ كردوون. ئاواره‌ هه‌ر ئه‌و كاتیش له‌ نێو خه‌ڵك و له‌ بنه‌ماڵه‌شدا زۆر خۆشه‌ویست بوو. له ‌سه‌ر فه‌قیر و هه‌ژارانی ده‌كرده‌وه‌ و هه‌ر كه‌س زوڵمی لێ بكردنایه ‌به‌گژیدا ده‌چوو. له ‌بیرمه ‌جارێك له ‌سه‌ر جوتیارێكی خۆشه‌ویستی ئاوایی که‌ له‌ لایه‌ن ئاغاوه‌، زوڵمی لێ کرا بوو، به‌ گژ ئاغای گوندیدا چوو، له ‌گه‌ڵ ئاغا به‌ جۆرێك تێكچون كه ‌قه‌ت ئاشت نه‌بونه‌وه‌.

پ : بنه‌ماڵه‌ی به‌ڕێزی ئێوه‌ تا چ ڕاده‌یه‌ک کاریگه‌ری له‌ سه‌ر ژیانی شۆرشگێرانه‌ی شه‌هید مه‌لا ئاواره‌ هه‌بووه‌؟
و: هه‌ر له‌ سه‌رده‌می بابمه‌وه ‌بنه‌ماڵه‌ی ئێمه ‌له‌ گه‌ڵ مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وایه‌تیدا تێكه‌ڵ بووه‌. باوكم یه‌كێك بووه‌ له‌و پیاو ماقوڵانه‌ی ناوچه‌ی سه‌رده‌شت كه ‌سه‌ردانی پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌دی کردووه‌ ‌و له‌ گه‌ڵ كۆماری كوردستاندا هاوكاری كردووه‌. دوایه‌ش زۆر جار كادره‌كانی حیزبی دێموكڕات سه‌ری ماڵی ئێمه‌یان ده‌دا و په‌یوه‌ندی بنه‌ماڵه‌كه‌مان هه‌میشه‌ به‌رده‌وام بوو. جگه ‌له‌وه‌ش په‌یوه‌ندی بنه‌ماڵه‌ی ئێمه ‌له ‌گه‌ڵ شۆڕشی باشووری كوردستانیش زۆر به ‌هێز بوو. برا گه‌وره‌كه‌م كاك عه‌لی و شه‌هید ئاواره ‌كه ‌هه‌ر دووكیان به ‌ڕه‌حمه‌ت چون، زۆر خه‌ریكی كۆ كردنه‌وه‌ی یارمه‌تی بوون بۆ شۆڕشی كوردستانی باشوور. هه‌روه‌ها براكانی دیكه‌م و خزمه‌كانم هه‌میشه ‌پاڵپشت و یارمه‌تیده‌ری پێشمه‌رگه‌ ‌بوون. دیاره ‌لێوه‌شاوه‌یی و له ‌خۆبوردوویی شه‌هید ئاواره ‌له ‌ڕادده‌یه‌كی‌تر دا بوو. بۆیه ‌به ‌باوه‌ڕیی من ئاواره ‌له‌ هه‌ر بنه‌ماڵه‌یه‌ك بایه‌ به‌و زاته‌ی كه ‌هه‌یبوو، بێ‌شك هه‌ر له‌ خزمه‌تی گه‌ل و نیشتمانه‌كه‌ی دا ده‌بوو.

پ: مه‌لا ئاواره‌ زێد و ژیانی خۆی بۆ رزگاری گه‌له‌ به‌شخوراوه‌که‌ی به‌ جێ هێشت و له‌ ماوه‌یه‌کی کورتدا بوو به‌ یه‌کێک له‌ ئه‌ستێره‌ گه‌شاوه‌کانی شۆرش و به‌رنگاری له‌ کوردستان دا، ئایا له‌ لایه‌ن رێژیمی نگریسی په‌هله‌وی‌یه‌وه‌ زه‌خت و گوشار له‌ سه‌ر بنه‌ماڵه‌ی ئێوه‌ هه‌بوو، بۆ به‌ چۆک داهێنانی ئه‌و نه‌مره‌، ئه‌گه‌ر هه‌بوو به‌ چ شێوه‌یه‌ک؟
و: فشارێكی یه‌کجار زۆر له ‌سه‌ر بنه‌ماڵه‌كه‌مان هه‌بوو. برا گه‌وره‌كانم زۆر جار له ‌لایه‌ن ساواكه‌وه ‌بانگ ده‌كران و داوایان لێده‌كرا هه‌وڵ بده‌ن ئاواره ‌بێننه‌وه‌. كاتێك ساواکی‌یه‌کان له‌وه‌ نائومێد ده‌بوون، فشاری زۆرتریان دێنا و هه‌ڕه‌شه‌یان ده‌كرد که‌ ده‌تان‌ گرین. زۆر جاریش به‌ وه‌ڵام و خه‌به‌ریی ناخۆش ئازاری ڕوحیان ده‌داین. به‌كرێگیراوه‌كانی ساواك و نۆكه‌ره ‌كورده‌كانی به‌ر ده‌رگای تاغووتیش ئازاریان ده‌داین. دوكان و ماڵه‌كانمان له ‌سه‌رده‌شت هه‌میشه ‌له ‌ژێر چاوه‌دێری ساواك دا بوون. چاكم له‌ بیره،‌ كه‌ منداڵ بووم و هاوینان له ‌بازاڕی سه‌رده‌شت میوه‌م ده‌فرۆشت جارێك كه‌سێك به ‌ناوی ساڵحی شافعی كه ‌بۆ قازانجی شه‌خسی خۆی ده‌یهه‌ویست خۆی له ‌لای ده‌وڵه‌ت شیرن بكا، هات و یه‌خه‌ی پێگرتم و پێی ووتم كه‌، براكه‌م له‌ ده‌ره‌وه ‌چه‌ته‌یی ده‌كا و بۆ خۆشم بازاڕه‌كه‌م به‌ میوه ‌فرۆشی تێكداوه ‌و میوه‌كه‌شم گران كردووه‌، و پێی گووتم که‌ له‌ سپه‌ینێ ڕا حه‌قم نییه‌ بێمه‌وه ‌بازاڕی. منیش زۆرم له‌ دڵ گران هات و گوتم كه‌ به‌ تۆ هیچ مه‌ربوت نییه ‌و براكه‌شم هه‌ر چی‌یه‌ك بێ، به‌س نیه‌ ساواكی نییه‌ و جاسوسی به ‌سه‌ر خه‌ڵكه‌وه ‌ناكا. كه‌ ئه‌وه‌م پێ گوت په‌لاماری دام كه ‌لێمدا. له‌و كاته ‌دا كاك كه‌ریم حه‌دداد به‌وێ دا ڕاده‌بری، هه‌ر كه ‌گوێی له‌ باسه‌كه ‌بوو زۆر به ‌توندی به ‌گژ كابرا دا چۆوه ‌و جنێوی پێدان و له ‌سه‌ری كردمه‌وه‌. ئه‌و كاتیش كاك كه‌ریم هه‌ر ئه‌ندامی حیزب بوو زۆریش نه‌ترسانه‌ جوڵایه‌وه‌. به ‌هه‌ر حاڵ ئه‌وه ‌وێنه‌یه‌كی زۆر چكۆڵه‌ بوو له‌ چاو ئه‌و فشاره‌ی كه ‌ده‌وڵه‌ت بۆ خۆی ده‌یهێنا. ئه‌و ڕووداوه‌ زۆر ناخۆش بوو چونكه ‌له‌ لایه‌ن هاووڵاتیه‌كی خۆته‌وه ‌بوو. دیاره‌ له ‌به‌رامبه‌ر دا زۆر كه‌سیش هه‌بوون كه به‌ هۆی چالاكیه‌كانی شه‌هید ئاواره‌وه‌‌، زۆریان ڕێز له‌ بنه‌ماڵه‌ی ئێمه‌ ده‌گرت.

پ : دوایین جار مه‌لا ئاواره‌ت له‌ کوێ و له‌ چ ساڵێک دا چاو پێکه‌وته‌وه‌، ئایا دوای ئه‌وه‌ بوو به‌ یه‌کێک له‌ سه‌رکرده‌کانی بزووتنه‌وه‌ی ساڵانی 46 ، 47 ی هه‌تاوی سه‌ردانی ئێوه‌ی کرده‌وه‌، له‌ کاتی چاو پێککه‌وتنتان دا هه‌ستی جه‌نابت چۆن بوو؟
b_300_220_16777215_00_images_Aware_shlmash1.jpgو: دوای ئه‌وه‌ی كه ‌شه‌هید ئاواره‌ بوو به ‌یه‌كێك له‌ كادره ‌لێهاتوه‌كانی حیزب و یه‌كێك له ‌سه‌ركرده‌كانی جوڵانه‌وه‌ی 46 ، 47 ئه‌من ته‌نیا یه‌كجار چاوم پێکه‌وته‌وه‌، ئاخرین دیدارم له‌ گه‌ڵ شه‌هید ئاواره ‌له ‌ساڵی 1967 دا بوو، ئه‌و كاته‌ی كه ‌پێشمه‌رگه ‌بوو نێوبانگێكی زۆر زۆری ده‌ر كرد بوو. ئاواتم ئه‌وه ‌بوو بیبینم، هه‌میشه‌ له ‌بیری ئه‌وه ‌دا بووم كه ‌ته‌مه‌نم وای لێ بێ بچم له‌ لای ببمه‌ پێشمه‌رگه‌‌. بۆ كارێكی تایبه‌تی له‌ سه‌رده‌شته‌وه‌ چوو بوومه‌وه‌ شـڵماش و ڕه‌زگه‌، ئه‌و كاته‌ی ماڵمان له ‌سه‌رده‌شت بوو. له ‌ڕه‌زگه‌وه ‌ده‌چوومه‌وه ‌بۆ شـڵماش، له‌ مووچه‌ و مه‌زرای ماڵێ خوشكم لامدا بۆ ئه‌وه‌ی شه‌وێ له‌وێ بم. به‌ هه‌ورازێكی دا سه‌ر كه‌وتم، هه‌تا چوومه‌ به‌رده‌می ماڵێ خوشكم پشووم نه‌دا. هه‌ر وه‌ك دڵم خه‌به‌ری دا بێ به ‌په‌له ‌بووم بگه‌مه ‌ئه‌وێ. خوشكم باوه‌شی پێدا كردم و به ‌پێكه‌نینه‌وه ‌گوتی، وه‌ختێكی چاك هاتووی. كاكم لێره‌یه‌ و هه‌ر له‌ بن هه‌ورازیه‌وه‌ به‌ دوربین چاوت لێده‌كا. كاتێك چوومه ‌لای له‌ قاقای پێكه‌نینی دا، گوتی تاوێكه‌ چاوت لێده‌كه‌م، هه‌ر وه‌ك گروێسیان1 ده‌ڕۆیشتی. ئه‌و شه‌وه‌ زۆر خۆشمان گوزه‌راند و به‌یانی داوام لێكرد ئیجازه‌ بدا که‌ له ‌لای خۆی بمێنمه‌وه ‌و ببمه‌ پێشمه‌رگه‌‌، هێندێك پێم پێكه‌نی و دوایه‌ش ئیجازه‌ی نه‌دام بمێنمه‌وه‌. ئه‌وه ‌ئاخر جار بوو كه ‌دیتمه‌وه‌، به‌داخه‌وه‌ قه‌ت چاوم پێ نه‌كه‌وته‌وه‌.

ساڵی1346 واته‌1967ی زائینی. ئه‌و‌ کات که‌ ‌چاوم پێكه‌وت سێ هه‌ستی گه‌وره‌ و به‌تین له‌ منی لاو دا جووڵان.

هه‌ستی خۆشه‌ویستی و ڕێزی له ‌ڕادده‌ به‌ده‌ر بۆ پێشمه‌رگه‌‌، كه ‌یه‌كێك له‌ ئاواته‌كانم بوو به‌و لیباسه‌وه ‌بیبینم.
هه‌ستی خۆشه‌ویستی و ڕێز بۆ ناوبانگه‌كه‌ی چ وه‌ك قاره‌مانێكی گه‌ل و چ وه‌ك شاعیرێكی شۆڕشگێڕ كه ‌له ‌نێو هه‌موو چین وتوێژه‌كانی خه‌ڵكی كوردستاندا به ‌تایبه‌ت له ‌نێو زه‌حمه‌تكێشانی كوردستاندا ڕێزێكی زۆری هه‌بوو خه‌ڵكی هۆنڕاوه‌كانی له ‌به‌ر ده‌كردن.
هه‌ستی خۆشه‌ویستی بۆ برایێك كه ‌په‌یوه‌ندیه‌كی تایبه‌تیی ڕوحیم له ‌گه‌ڵی هه‌بوو چه‌ند ساڵ بوو نه‌مدیبوو.
ئه‌وانه ‌هه‌موی پێكه‌وه‌ هه‌ستی خۆشیه‌كی زۆریان له‌ مندا كۆ كرده‌وه‌، هه‌ر بۆیه‌ هه‌رگیز ئه‌و ئاخر دیداره‌م له ‌بیر ناچێته‌وه‌ و ئێستاش، زه‌رده‌خه‌نه‌كانی هه‌ر له ‌به‌ر چاومن. ئێستاش قسه‌ خۆشه‌کانی و شۆخیه‌كانی له ‌گوێم دا ده‌زرینگێنه‌وه‌.

پ : به‌رێز کاک مسته‌فا ڕاپه‌رین و جووڵانه‌وه‌ی ساڵه‌کانی 46 و 47ی هه‌تاوی یه‌کێک له‌ لاپه‌ره‌ زێرینه‌کانی خه‌باتی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێرانه‌ و جێگای تایبه‌ت به‌ خۆی له‌ مێژووی حیزب و گه‌ل دا هه‌یه‌، له‌و خه‌باته‌ نابه‌رامبه‌ره‌ دا به‌ داخه‌وه‌ 38 که‌س له‌ تێکۆشه‌رانی ئه‌و کاتی حیزب و یه‌ک له‌وان مه‌لا ئاواره‌ شه‌هید بوون، ده‌کرێ له‌و په‌یوه‌ندی‌یه‌ دا و به‌ تایبه‌ت له‌ سه‌ر مه‌لا ئاواره‌ زانیاری‌مان پێ بده‌ی؟
b_300_220_16777215_00_images_Aware_mela_aware.jpgو: جوڵانه‌وه‌ی 46 ، 47 یه‌كێك له ‌لاپه‌ڕه ‌زێڕینه‌كانی حیزبی دێموكڕاته‌. كادره ‌له‌ خۆبردووه‌كانی حیزبی دێموكڕات له ‌سه‌رده‌مێك دا دژی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌هریمه‌نیی پاشایه‌تی ڕاوه‌ستان، كه ‌له ‌سه‌رانسه‌ریی ئێراندا هیچ ده‌نگێكی دژایه‌تی له ‌گه‌ڵ ڕژیم نه‌ده‌بیسترا و ساواك به ‌سه‌ر هه‌ست و نیستی خه‌ڵكدا ده‌سه‌ڵاتی هه‌بوو. له‌ هه‌مووی ناخۆشتر ئه‌وه ‌بوو كه ‌ڕژیم نیازی هه‌بوو له ‌سه‌رانسه‌ری كوردستانی گه‌وره‌دا نفوزی خۆی بسه‌پێنێ و به ‌ناوی هاوڕه‌گه‌زی و ئێرانی گه‌ری، هه‌موو گه‌لی كورد بكاته ‌دارده‌ستی خۆی له ‌ناوچه‌دا، ئه‌وه ‌له ‌كاتێكدا بوو كه ‌ئاماده ‌نه‌بوو بچوكترین به‌ش له‌ مافه ‌ڕه‌واكانی گه‌له‌كه‌مان قه‌بووڵ بكا. ته‌نیا ده‌یهه‌ویست به‌عینوانی پارێزه‌رانی سنووری ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی و به‌ ناو مه‌رزدارانی غیور كه‌ڵك له ‌كورده‌كان وه‌ر بگرێ.

ئه‌و جوڵانه‌وه‌یه ‌به‌ جۆرێك جێگای خۆی له ‌نێو دڵ و ده‌رونی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكدا كرد بۆوه‌، كه ‌ئێستاش داستانی له ‌خۆبوردوویی و دڵسۆزی كادر و پێشمه‌رگه‌‌كانی حیزب له‌و سه‌رده‌می‌دا وێردی سه‌ر زمانی هه‌مووی ئه‌وانه‌یه ‌كه‌ ئاگاداری شێوه‌ی كاری ته‌شكیلاتی، پێشمه‌رگایه‌تی، كۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگیی ئه‌و جوڵانه‌وه‌یه ‌بوون. به‌تایبه‌ت جێ پێی شه‌هید ئاواره ‌به ‌ته‌واوه‌تی له‌و جوڵانه‌وه‌یه‌ دا دیاره‌ و ته‌نانه‌ت به‌ هۆنڕاوه ‌شۆڕشگێڕی وكۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی خزمه‌‌تێكی گه‌‌وره‌ی هونه‌ری و فه‌رهه‌نگیشی كردووه‌. هه‌ر چه‌نده ‌گه‌لی كورد له‌و ‌جوڵانه‌وه‌یه‌ دا ژماره‌یه‌ك قاره‌مانی گه‌وره‌ی وه‌ك شه‌هید ئاواره‌، موعینیه‌كان، شه‌ریفزاده‌، باپیر شكاك، سه‌ید فه‌تاح، مینه‌شه‌م، ساڵح لاجانی، مه‌لا كه‌چه‌، محه‌ممه‌دی ڕه‌سوه‌مه‌ره‌، ڕه‌حمان چاوشین، حوسێن خاتون و زۆر قاره‌مانی دیكه‌ی له ‌ده‌ستدا، به‌ڵام یه‌ك بۆشایی گه‌وره‌ی مێژوی خه‌بات و تێكۆشانی بۆ پڕ بۆوه‌. ئه‌گه‌ر ئه‌و جوڵانه‌وه‌یه ‌نه‌بوایه‌، بێ گومان مێژووی خه‌باتی گه‌لی كورد له ‌ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان هه‌ر له ‌دوای ساڵی1332 هه‌تاوی‌یه‌وه‌‌ هه‌تا سه‌رده‌می شۆڕشی تازه‌، چالاكیه‌كی ئه‌وتۆ به‌رچاوی تێدا به‌دی نه‌ده‌كرا. جوڵانه‌وه‌ی 46 ، 47 پێشمه‌رگایه‌تی بوژانده‌وه‌، كاری ته‌شكیلاتی فێری خه‌ڵك كرد و په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی به‌ خه‌باتی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه ‌راگرت و په‌ره‌ی پێدا. كاك حه‌سه‌نی شیوه‌سه‌ڵی، شه‌هیدی زیندوی حیزب و گه‌لی كورد، كه ‌بۆ خۆی یه‌كێك له ‌كادره‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه ‌بووه‌، زۆرجار باسی شێوه‌ی سه‌ركه‌وتوی كاری پێشمه‌رگایه‌تی و ته‌شكیلاتیی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ ده‌كا، به ‌تایبه‌ت شێوه‌ی كاری شه‌هید مه‌لا ئاواره‌ به‌ سه‌ركه‌وتووترین شێوه‌ی كاری ته‌شكیلاتی و كۆمه‌ڵایه‌تی داده‌نێ.

پ : به‌رێز کاک مسته‌فا به‌ داخی گرانه‌وه‌ مه‌لا ئاواره‌ له‌ بانه‌مه‌ری 1347 دا به‌ شێوه‌یه‌کی زۆر ناجوامێرانه‌ گیرا، و پاش چه‌ند مانگ دواتر له‌ گه‌ڵ دوو هاوڕێی دیکه‌ی شه‌هید کران، ده‌کرێ باسێکمان بۆ بکه‌ی؟
و: به‌ڵێ، شه‌هید ئاواره ‌له ‌گه‌ڵ دوو هاوڕێی به‌ ناوه‌كانی مه‌لا كه‌چه ‌و ڕه‌حمان چاوشین و ڕه‌حمان ناوێك كه ‌ئه‌و كاته‌ ته‌مه‌نی نه‌گه‌یشت بوو به‌18 ساڵ، له‌ بانه‌مه‌ڕی 1347 دا له‌ گوندی دیواڵان گیران و له ‌خه‌رمانانی ئه‌و ساڵه‌ دا له ‌گه‌ڵ دوو كه‌س له ‌هاوڕێكانی، واته‌ مه‌لا كه‌چه‌ و ڕه‌حمان چاوشین له ‌شاری سه‌رده‌شت، هه‌ر له‌و گه‌ڕه‌كه‌ی ماڵی خۆمانی لێ بوو واته ‌نیزیكه‌ی100 میتر له‌و لای ماڵی خۆمانه‌وه ‌تیره‌باران كران و چوونه‌ نێو ریزی شه‌هیدانی هه‌رگیز نه‌مری گه‌له‌که‌مانه‌وه‌. ئه‌و جینایه‌ته‌ی ڕژیمی پاشایه‌تی نه‌ك ته‌نیا زه‌ڕبه‌یه‌كی گه‌وره‌ی له‌ جوڵانه‌وه‌ی گه‌له‌كه‌مان دا، به‌ڵكوو بنه‌ماڵه‌ی ئێمه‌شی به‌ ته‌واوی له‌ نێو برد. به ‌دوای شه‌هید بوونی ئاواره‌ی نه‌مر دا برایه‌كیشمان كاك مه‌حموود گیرا، كاك محه‌ممه‌د مه‌جبور بوو شوێنی ژیانی خۆی به‌ جێ بێڵێ و ڕابكا، ده‌نا ئه‌ویش قه‌رار بوو بگیرێ، منیش كه‌ تازه ‌ته‌مه‌نم 15 ساڵ بوو له ‌گه‌ڵ کاکه‌ محه‌ممه‌دم ڕام كرد. ته‌نیا برا گه‌وره‌كه‌مان مایه‌وه ‌كه ‌ئه‌ویش له‌و كاته‌ دا بۆ بازرگانی له ‌تاران بوو. دایكیشم كه ‌گوێی له ‌ته‌قه‌كان بوو و هه‌روه‌ها سووڕانه‌وه‌ی هێـلیكۆپته‌ره‌كه‌ی ‌به‌ سه‌ر ماڵی خۆماندا، دیبوو، نه‌خۆشیه‌كی كوشه‌نده‌ی پێیه‌وه‌ نوساو و هه‌تا نه‌یكوشت له ‌كۆڵی نه‌بۆوه‌.

پ : ڕه‌نگدانه‌وه‌ و کاریگه‌ری گیران و شه‌هید کرانی مه‌لا ئاواره‌، له‌ نێو خه‌ڵک و تێکۆشه‌ران دا و به‌ تایبه‌ت له‌ سه‌ر بنه‌ماڵه‌ی خۆتان چۆن بوو؟
و: شه‌هید كرانی مه‌لا ئاواره ‌ڕه‌نگدانه‌وه‌یه‌كی زۆری له‌ سه‌ر خه‌ڵكی كوردستان به‌گشتی و ناوچه‌ی سه‌رده‌شت و بانه‌ دا هه‌بوو. ده‌توانم بڵێم ته‌واوی خه‌ڵكی كوردستان بۆی به ‌په‌رۆش بوون و ده‌یانزانی كه ‌ڕێبه‌رێكی گه‌وره‌ی داهاتویان له ‌ده‌ستداوه‌. له ‌سه‌ر بنه‌ماڵه‌ی خۆشمان كه ‌هه‌ر وه‌ك له ‌پرسیاری پێشودا باسم كرد، ڕووخێنه‌ر بوو. له ‌سه‌ر كادر و پێشمه‌رگه‌كانی حیزبیش به ‌داخه‌وه ‌زۆر كاریگه‌ریی ڕووخێنه‌ری هه‌بوو.

پ : جه‌نابت له‌ ڕێبه‌رایه‌تی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران دا چه‌ند ساڵێک تێکۆشانت هه‌بووه‌، هۆی چی‌ێه‌ که‌ به‌ که‌می ئاوڕ له‌ تێکۆشه‌رانی وه‌ک مه‌لا ئاواره‌ و شه‌هیده‌کانی ساڵانی 46 ، 47 ی هه‌تاویی ده‌درێته‌وه‌ و یا دراوه‌ته‌وه‌؟
b_300_220_16777215_00_images_Aware_shehid_aware5.jpgو: به ‌داخێكی گرانه‌وه ‌حیزبی دێموكڕات هیچ كاتێك نه‌یتوانیوه ‌به‌ڕاده‌ی پێویست، به ‌قه‌د باڵای مێژووه ‌پڕ له ‌شانازیه‌كانی و شه‌هیده ‌سه‌ربه‌رزه‌كانی، كه‌ڵك له ‌هه‌موو ئه‌و سه‌روه‌ریانه ‌وه‌رگرێ و نرخی ته‌واو بدا به ‌شه‌هیده ‌سه‌ر به‌رزه‌كانی. دیاره ‌ئه‌وه ‌به ‌درێژایی مێژووی حیزبی دێموكڕات هۆی جۆربه‌جۆری هه‌بووه ‌و به‌شێكی گه‌وره‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه ‌سه‌ر زوڵمی زۆری دوژمن له ‌حیزب و گه‌له‌كه‌مان. به‌ڵام ده‌بێ ئه‌وه‌ش قه‌بووڵ بكه‌ین كه ‌حیزبیش بۆ خۆی یه‌کجار زۆر كه‌مته‌رخه‌م بووه‌. به ‌تایبه‌ت سه‌باره‌ت به‌ جوڵانه‌وه‌ی 46 ، 47 هه‌تاویی ڕێبه‌رایه‌تی حیزب یه‌کجار زۆر كه‌مته‌رخه‌مه‌. هه‌ر وابزانه ‌ده‌یهه‌وێ، له‌ دوای كۆماری كوردستان هه‌تا كۆنفڕانسی 3 بازێكی مێژوویی بدا و خۆی له‌و هه‌موو شانازیانه ‌نه‌كاته ‌خاوه‌ن. هیچ بیره‌وه‌ریه‌ك له ‌شه‌هیده ‌سه‌ربه‌رزه‌كانی 46 ، 47 هه‌تاویی ناكرێ و ده‌رسێك له‌و سه‌رده‌مه‌ی كه ‌پڕه ‌له ‌ئامۆژگاری وه‌ر ناگیرێ. هیوادارم ڕێبه‌رایه‌تی حیزب ئاوڕێك له‌و مێژوه ‌پڕ له ‌شانازیه ‌بداته‌وه ‌و نرخی خۆی بدا به‌و به‌شه ‌له‌ خه‌باتی حیزب و گه‌له‌كه‌مان.

پ : ڕاده‌ی زانایی و هه‌ڵس‌وکه‌وتی مه‌لا ئاواره‌ له‌ لایه‌ن جه‌نابته‌وه‌ چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێندرێ؟
و: من به‌ش به‌ حاڵی خۆم ئه‌وه‌نده ‌له ‌نیزیكه‌وه ‌ئاگاداری كاره‌كانی شه‌هید ئاواره‌ نه‌بووم. به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ كادر و پێشمه‌رگه‌كانی سه‌رده‌می ئه‌و وه‌ك كاك حه‌سه‌نی شیوه‌سه‌ڵی، مامۆستا حه‌سه‌نزاده‌، مه‌لا خدری دۆڵه‌گه‌رمی، مه‌لا عه‌زیزی ئه‌حمه‌دی و زۆر كه‌سی دیكه‌م بیستووه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌ی له ‌زمانی سه‌ركرده‌یه‌كی وه‌ك به‌ڕێز مام جه‌لالم بیستووه‌، شه‌هید ئاواره ‌ئینسانێكی له‌ ڕادده ‌به‌ده‌ر تێگه‌یشتوو و به ‌توانا بووه‌. ئه‌وه‌ش هه‌م له‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی كاره‌كانی دا و هه‌م له‌ نێوه‌رۆكی شێعره‌كانی دا ده‌ر ده‌كه‌وێ.

پ : شه‌هید مه‌لا ئاواره‌ چه‌ندین شێعری شۆرشگێری و ئه‌ده‌بی له‌ دوای خۆی به‌ جێ هێشتوون، ئه‌گه‌ر له‌و باره‌و تیشک بخه‌یه‌ سه‌ر به‌شێک له‌ شێعره‌کانی ئه‌و شه‌هیده‌ نه‌مره‌ سوپاست ده‌که‌م و ئه‌گه‌ر دیوانی شێعره‌کانی پێشتر بڵاو کراونه‌وه‌، هۆی چیه‌ ئێستا له‌ چاپ نادرێنه‌وه‌؟
و: شه‌هید مه‌لا ئاواره‌ شاعیرێكی زۆر پایه‌ به‌رز بووه‌. ئه‌وه ‌له‌ هۆنڕاوه‌كانی وه‌ك ” توتنه‌وانێكی هه‌ژارم، به‌هه‌شتی ئالان، ڕه‌شبگیری، كوردم كوردستانم ده‌وێ و لایه‌ لایه‌”‌ دا به ‌ته‌واوه‌تی ده‌رده‌كه‌وێ. هه‌ر چه‌نده‌ هۆنڕاوه‌ی كه‌م بڵاو بۆته‌وه‌، به‌ڵام بێ شك ئه‌گه‌ر ته‌مه‌ن مۆڵه‌تی بدابایه‌، به‌رهه‌مێكی چڕوپڕی پێشكه‌ش به‌ خه‌زێنه‌ی هونه‌ری كوردی ده‌كرد. تا ئێستا دوو كه‌س هۆنڕاوه‌كانی شه‌هید ئاواره‌یان له‌ نامیـلكه ‌دا بڵاو كردوه‌ته‌وه‌. كاك عه‌بدوڵلا مینایی و كاك حه‌مه‌ڕه‌سووڵ حه‌سه‌ن‌پوور كه‌ كاری هه‌ر دووكیان جیگای ڕێز و سوپاسه‌، به‌ڵام ئه‌و دوو نامیلکه‌یه‌ش هه‌موو به‌رهه‌مه‌كانی شه‌هید ئاواره‌ی تێدا نییه‌. هیوادارم له ‌داهاتویه‌كی نێزیكدا به ‌هیممه‌تی دڵسۆزان بتوانین تیشكێكی به‌تین‌تر بخه‌ینه‌ سه‌ر به‌رهه‌مه‌كانی شه‌هید ئاواره‌.

زۆر سوپاس بۆ ئه‌و کاته‌ی که‌ پێت داین و سه‌رکه‌وتنت به‌ ئاوات ده‌خوازم.
و: له ‌كۆتایی دا داوای سه‌ركه‌وتنتان بۆ ده‌كه‌م

1 ـ گروێس ناوی یه‌کێک له‌ گونده‌ خۆش و پڕ له‌ میوه‌کانی ناوچه‌ی ئالانی سه‌رده‌شته‌.

تایبەت بە ٣٨ ساڵەی شەهیدبوونی مەلا ئاوارە