دیمانه‌یه‌ک له گه‌ڵ به‌رێز و تێکۆشه‌ر مامۆستا عه‌بدوڵلا حه‌سه‌ن‌زاده، سەبارەت بە شەهید مەلا ئاوارە
ئامادەکردنی: شلێر حەسەن‌پوور
دیمانه‌یه‌ک له گه‌ڵ به‌رێز و تێکۆشه‌ر مامۆستا عه‌بدوڵلا حه‌سه‌ن‌زاده، یه‌کێک له تێکۆشه‌ره سیاسی‌یه ناوداره‌کانی گه‌لی کورد له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان سه‌باره‌ت به ژیان و به سه‌رهاتی سه‌رکرده‌یه‌کی شه‌هیدی کورد مامۆستا ئه‌حمه‌د شڵماشی ناسراو به مه‌لا ئاواره.
38 ساڵ به سه‌ر له سێداره‌دانی ڕۆڵه‌ی هه‌ڵکه‌وتووی گه‌ل خه‌باتکاری ڕێگای ئازادی کوردستان، یه‌کێک له سه‌رکرده ناوداره‌کانی جووڵانه‌وه‌ی ساڵه‌کانی 46 ، 47ی هه‌تاویی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، به ناوی مه‌لا ئه‌حمه‌د شڵماشی ناسراو به مه‌لا ئاواره تێپه‌ری، به پێویستم زانی بۆ ڕێز لێنان له خزمه‌ت و خه‌باتی شه‌هید مه‌لا ئاواره و شه‌هیدانی ئه‌و جووڵانه‌وه‌یه له نێزیکه‌وه کۆمه‌ڵێک له هاوڕێیان و که‌س وکاری ئه‌و شه‌هیده پایه‌به‌رزه‌ی گه‌له‌که‌مان که له‌و کات و سه‌رده‌مه دا له گه‌ڵی ژیاون به سه‌ر بکه‌مه‌وه، و به هاوکاری ئه‌و به‌ڕێزانه هێندێک تیشکمان خست بێته سه‌ر ژیان و تێکۆشانی شه‌هید مه‌لا ئاواره‌ی هه‌رگیز نه‌مر. له‌و په‌یوه‌ندی‌یه دا به هه‌لم زانی چه‌ند پرسیارێک ئاراسته‌ی به‌رێز مامۆستا عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌ن زاده بکه‌م بۆ زیاتر ناساندنی شه‌هید مه‌لا ئاواره.
پ: به‌رێز مامۆستا عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌ن‌زاده ده‌کرێ بۆمان باس بکه‌ی که له کوێ و له چ ساڵێکدا شه‌هید مه‌لا ئاواره‌تان بۆ یه‌که‌م جار چاو پێکه‌وت و هه‌روه‌ها تیشک بخه‌یه سه‌ر شیوه‌ی هه‌ڵس‌وکه‌وتی ئه‌و شه‌هیده هه‌رگیز نه‌مره‌ی گه‌له‌که‌مان؟
و: مامۆستا عه‌بدوڵلا حه‌سه‌ن‌زاده: “ئاواره” هاوڕێى رێگاى ژیان وخه‌بات، ئه‌و که‌سه‌ى قه‌ت له‌بیرم ناچێ
دووربه‌دوور ناوى یه‌کترمان بیستبوو، ئه‌و چى منى به‌دڵدا چوو بوو نازانم و به‌داخه‌وه له نێویشمان دا نه‌ماوه لێى بپرسم. به‌ڵام شتێک که دووراودوور، مه‌لا ئه‌حمه‌دى شڵماشیى له‌لاى من خۆشه‌ویست کرد بوو ئه‌وه بوو که ده‌یانگوت فه‌قێیه‌کى زۆر زیره‌که، زۆر به ئه‌ده‌ب و ئه‌خلاقه‌و زۆریش قسه خۆش و مه‌شره‌ف خۆشه. ئاخرو ئۆخرى پاییز‌ى ساڵى 1334 (1955) له گوندى “بێشاسپ”ى ناوچه‌ى سوێسنایه‌تى قیسمه‌ت و نسیبمان وێک که‌وت. ئه‌و له‌وێ ده‌ىخوێندو ئه‌من به سه‌فه‌ر چووم. وه‌ک ده‌یان ساڵ بێ یه‌کتر بناسین باوه‌شمان به یه‌ک دا کرد‌و یه‌کترمان ماچ کرد، به چه‌ند سه‌عات وا رمووده‌ى یه‌کتر بووین که ساغ بووینه‌وه ئه‌منیش به زاراوه‌ى فه‌قێیایه‌تى “جێگا وه‌خوازم” مامۆستاى ئاوه‌دانى فه‌قێى ته‌واوى له خزمه‌ت بوون و راگرتنى منى که‌مێک له‌به‌ر گران بوو. به‌ڵام مه‌لا ئه‌حمه‌د پێى داگرت و ئه‌ویش دڵى نه‌هات قسه‌ى بشکێنێ. ره‌فیقه فه‌قێیه‌کانى دیکه‌ش زۆریان پێ خۆش بوو و ته‌نانه‌ت گوتیان به‌شه‌نانى خۆمانى ده‌ده‌ینێ و وه‌ختى ده‌رسى خۆشمانى له‌گه‌ڵ به‌ش ده‌که‌ین. به‌هه‌رحاڵ مامۆستا قسه‌ى پێ نه‌ماو دامه‌زرام.
وه‌سبه‌ینێ ڕا چوومه‌وه شوێنى پێشووم ئه‌سبابه‌کانم بێنم. ئه‌مه زاراوه‌ى نێو فه‌قێیان بوو. ده‌نا ئه‌سبابى چى؟ لێفه‌یه‌ک که هه‌م رایه‌خ بوو هه‌م پێخه‌ف، دوو کتێبى شڕو شه‌په‌تووڕ، “بوخچه”یه‌کى یه‌ک میترى که کتێب و “لیباس”ه! زیادىیه‌کانمى تێدابوو، و ئاوێ بێنه‌و ده‌ستان بشۆ. مه‌لا ئه‌حمه‌د بۆخۆى له‌گه‌ڵم هات گوتى ئه‌سبابه‌کانت له‌گه‌ڵ هه‌ڵده‌گرم. گوتم کاکى خۆم چیم له‌گه‌ڵ هه‌ڵده‌گرى؟ بارى پشیله‌یه‌کى شه‌ل نابن. گوتى حه‌تمه‌ن دێم. تومه‌ز ده‌ترسا په‌ژیوان بمه‌وه یان په‌ژیوانم بکه‌نه‌وه. به‌ڵێ بووینه هاوڕێى فه‌قێیه‌تى. هه‌ردووکمان یه‌ک کتێبمان ده‌خوێند. به‌ڵام ئه‌و که‌مێک له پێش منه‌وه بوو. به ته‌مه‌نیش دوو تا سێ ساڵ له‌من گه‌وره‌تر بوو. به‌ڵام خوێندن چ عه‌رز که‌م. رۆژێ دوو جار، جارێ نیو سه‌عات تا 40 ده‌قیقه ده‌رسمان ده‌خوێندو شه‌وانه‌ش ده‌ورى سه‌عاتێک موتاڵاى ده‌رسى رۆژى دواترمان ده‌کرد. ئیدى وه‌ختمان به‌تاڵ بوو، یان به‌زاراوه‌ى ئه‌مڕۆ ئازاد بوو. که‌چى قه‌ت لێمان نه‌ده‌بڕا، شه‌و و ڕۆژ پێکه‌وه بووین، قسه‌مان ده‌کرد، به‌سه‌رهاتمان بۆ یه‌کتر ده‌گێڕایه‌وه، بوخچه‌ى دڵمان بۆ یه‌کتر ده‌کرده‌وه، ده‌ردى دڵمان ده‌کردو سه‌رمان به هه‌موو مه‌سه‌له‌یه‌که‌وه گه‌رم ده‌کرد. زۆر جار پاش چرا کوژانه‌وه‌ش به تاریکێ و به سرته (له‌به‌ر هاوڕێکانمان) قسه‌مان ده‌کرد هه‌تا خه‌و به‌لاى دا ده‌بردین.
سه‌یر ئه‌وه بوو هه‌ردووکمان ئه‌ندامى حیزبى دێموکرات بووین. به‌ڵام وا گۆش کرابووین هه‌تا ده‌ورانى پێشمه‌رگایه‌تیى مه‌لا ئه‌حمه‌د که ئێستا ببووه مه‌لا ئاواره هه‌رگیز له‌لاى یه‌کتر نه‌مان درکاند که ئه‌ندامى حیزبین، هه‌رچه‌ند به ڕاشکاوى هه‌موو شتێکمان له‌لاى یه‌کتر ده‌گوت متمانه‌ى ته‌واومان پێک هه‌بوو.
گه‌ڕیده‌یى و ماڵ به کۆڵیى خوێندنى فه‌قێیایه‌تى لێکى جیا کردینه‌وه‌و بۆ ماوه‌ى چه‌ند ساڵ لێک دابڕاین. وه‌ختێک بیستم وازى له خوێندن هێناوه‌و رووى کردۆته کاسبى و خه‌ریکى کڕین و فرۆشتنى تووتنه، ئه‌ویش تووتن له ئێران و راستیش له ناوچه‌ى سه‌رده‌شت که بۆخۆى له شیعرى “هاوارى تووتنه‌وانێکى ناوچه‌ى سه‌رده‌شت”دا له هه‌موو که‌س باشترى ناسیوه‌و ناساندوه. دواتر ئاگادار بووم که قاچاغ بووه، وه‌ک زۆر که‌سى دیکه په‌ناى بردۆته به‌ر کوردستانى گه‌رمێن، لانکى خه‌باتى کوردایه‌تى و له نیزیک مه‌کته‌بى سیاسیى پارتى دێموکراتى کوردستان گیرساوه‌ته‌وه.
ساڵ هات و ساڵ رابرد، به‌هارى ساڵى 1341 ئه‌من که خوێندنى مه‌لایه‌تیم ته‌واو کردبوو له گوندى شیوه‌سه‌ڵى ناوچه‌ى سوێسنایه‌تى بوومه “مه‌لا”. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى ئێستا مه‌لا ئه‌حمه‌د که ببووه مه‌لا ئاواره له عیراق ده‌ژیاو له چاوى رێژیمى پاشایه‌تى‌یه‌وه ناوبردنیشى قاچاغ بوو، ناوى و یادى و باسى ره‌فتاره جوانه‌کانى و قسه شیرینه‌کانى نوقڵى هه‌موو مه‌جلیسان بوو. له ژیانم دا که‌سێکى دیکه‌ى وام نه‌دیوه که ئه‌وه‌نده خۆشه‌ویستى هه‌مووان بێ. هه‌ر له ده‌ورانى خوێندنى دا خه‌ڵکى هه‌موو ئاوایى‌یه‌کانى ناوچه به ئاوات بوون مه‌لا ئه‌حمه‌دى شڵماشى له دێیه‌که‌یان بخوێنێ. بۆیه له‌گه‌ڵ هه‌رکه‌س داده‌نیشتم ئه‌گه‌ر ده‌رفه‌ت هه‌بایه باسى ئاواره ده‌کراو به تاسه‌وه یادى ده‌کرایه‌وه.
که‌وتینه ساڵى 1342 (1963) مه‌لا ئاواره سه‌روسۆراغى په‌یدا بۆوه. به‌ڵام ئه‌م جاره‌یان نه فه‌قێ بوو نه مه‌لا و نه تووتن کڕو تووتن فرۆش. ئه‌م جاره کادرى حیزبى دێموکراتى کوردستان بوو. ئه‌ویش چ کادرێک؟ خۆشه‌ویستى هه‌مووان، جێى متمانه‌ى هه‌مووان و میوانى ماڵى هه‌مووان. ئه‌ى له‌و هه‌موو فیداکارى و سه‌برو سیکه‌دانه‌یه!! جارى وابووه چه‌ند رۆژ له گۆشه‌ى کۆنه‌کادێنێک و ته‌نانه‌ت شوێنى حه‌وانه‌وه‌ى مه‌ڕوماڵات دا ماوه‌ته‌وه، بێ‌ئه‌وه‌ى که‌س هه‌ست به بوونى له‌و شوێنه بکا یان که‌س گله‌یى لـێ ببیسێ یان نێوچاوانى به گرژى ببینێ. سه‌یر ئه‌وه بوو هه‌موو کاتێک ئاگاى له رووداوه‌کانى سه‌رانسه‌رى ناوچه‌ى سه‌رده‌شت هه‌بوو. چونکه رایه‌ڵکه‌یه‌کى واى پێک هێنابوو که هه‌رچى رووى دابایه پێى ده‌گه‌یشته‌وه‌و لێى خه‌به‌ردار ده‌بوو. زۆربه‌ى زۆریش به تاقى ته‌نیا به خۆى و بڕنۆیه‌کى درێژ و دوو قه‌د فیشه‌کدانه‌وه ده‌گه‌ڕا. ئیدى له‌شکرو مه‌فره‌زه‌و جبه‌خانه‌ى به‌دواوه نه‌بوو، به‌ڵکه وه‌ک ماسى له ده‌ریاى میلله‌ته‌که‌ى دا ده‌ژیاو باکى له هیچ نه‌بوو. ته‌نانه‌ت جارێکیان له‌بیرمه له ماڵى جووتیارێک میوان بوو که ده‌سته‌یه‌ک ژاندارم به دێى وه‌ربوون و ئه‌منیش له‌لاى بووم. سه‌عات نیزیک دوازده‌ى نیوه‌ڕۆى رۆژێکى سه‌ره‌تاى به‌هار بوو. هه‌موومان نیگه‌ران بووین که به‌دواى ئاواره‌دا بگه‌ڕێن. بۆیه ئه‌ومان به جلێکى شڕو قوڕاوى کاسبکارێکه‌وه وه‌ده‌ر ناو ئه‌منیش تفه‌نگ و فیشه‌کدانه‌که‌یم له‌بن جل و به‌رگى مه‌لایه‌تى دا شارده‌وه‌و له ئاوه‌دانى وه‌ده‌ر که‌وتم و ته‌حویلم دانه‌وه.
ئه‌و ساڵانه گوزه‌ران تا ساڵى 1346 (1967) ساڵى سه‌رهه‌ڵدانى بزووتنه‌وه چه‌کدارىیه هه‌ژده مانگى‌یه‌که‌ى به‌شێک له تێکۆشه‌رانى حیزبى دێموکراتى کوردستانى ئێران که ناوى “کۆمیته‌ى شۆرشگێرى حیزبى دێموکراتى کوردستان”یان له‌سه‌ر خۆیان دانابوو. هێندێک پێشهات بۆ پێشمه‌رگه‌کانى حیزبى دێموکرات له کوردستانى گه‌رمێن هاتنه‌پێش که به جۆرێک به‌دگومانیى له‌لاى کاربه‌ده‌ستانى بزووتنه‌وه‌ى کورد له‌و به‌شه‌ى کوردستان به‌رامبه‌ر به‌و هاوڕێیانه دروست کرد. بۆیه پێش نوێ بوونه‌وه‌ى ساڵى 1346 (1967) له نێو هێندێک له پێشمه‌رگه‌کان و ته‌نانه‌ت کادره‌کانیش دا بیرى گه‌ڕانه‌وه بۆ ئێران و هه‌ڵگیرساندنى “شۆرشى چه‌کدارى” گه‌راى به‌ست. به‌ڵام مه‌لا ئاواره‌ى ورد‌و به بیر دژى ئه‌و بۆچوونه بوو. له نامه‌یه‌ک دا که بۆ منى ناردبوو نووسیبووى حه‌تمه‌ن ئاگادارى که ماوه‌یه‌که مقۆمقۆى شۆرشى چه‌کدارى سه‌رى هه‌ڵ داوه. شۆرشى چه‌کدارى به‌بێ چه‌ک، شۆرشى چه‌کدارى به‌بێ ته‌شکیلاتى پته‌و، شۆرشى چه‌کدارى به‌بێ پشتى جه‌بهه‌و… تکایه به هه‌ر جۆر بۆت ده‌کرێ هه‌وڵ بده ئه‌و خه‌یاڵه له سه‌رى که‌سانى نیزیک خۆت به‌ریه‌ده‌ر.
که‌چى ره‌وتى رووداوه‌کان به جۆرێک چووه‌پێش که نه ئه‌و کارێکى له ده‌ست هات، نه ئه‌من و نه هیچ که‌سى دڵسۆز بۆ ئه‌وه‌ى بزووتنه‌وه‌یه‌کى ناوه‌خت و ئاماده نه‌کراو هه‌ڵنه‌گیرسێ. نێوه‌ڕاستى مانگى جۆزه‌ردانى 1346 بوو یادداشتێکى چه‌ند دێڕیم له مه‌لا ئاواره‌وه بۆ هات که نووسیبووى نیزیک به په‌نجا که‌س له‌و ره‌زانه‌ى پشتى گونده‌که‌تانین. تکایه نان و پێخۆرمان بۆ بنێره‌و به‌یانى بۆخۆشت سه‌رمان بده. ده‌ورى سه‌عات سێى پاش نیوه‌شه‌و بوو که نامه‌که‌ى گه‌یشت. چه‌ند که‌سى باوه‌ڕپێکراوم له خه‌و هه‌ستاندو کاره‌که‌م بۆ باس کردن، پێش دنیا رووناک بوون به‌شى زیاتر له 100 که‌س نان و پێخۆرو قه‌ندو چایان خڕکرده‌وه‌و بۆیان بردن. به‌یانى پێش تاوهه‌ڵات بۆخۆشم چووم، دیتم جگه له نیگابانه‌کان دوو دوو و سێ سێ هه‌رچه‌ند که‌س له‌بن ده‌وه‌نێک نووستوون و له حاڵى حه‌سانه‌وه دان، دواتر که هه‌ستان دیتم شه‌هید سوله‌یمانى موعینى (فایق) چه‌ند که‌سى دیکه له ئه‌ندامانى رێبه‌رى و کادره‌کان له‌گه‌ڵن و زوو تێ‌یان گه‌یاندم که به یه‌کجارى گه‌ڕاونه‌وه. که پرسیم نیازى چیان هه‌یه گوتیان له کوردستانى عیراق جێ‌مان پێ لێژ بووه‌و ناشمانه‌وێ خۆمان ته‌سلیمى ده‌وڵه‌تى عیراق بکه‌ین. بۆیه هاتووینه‌وه له وڵاتى خۆمان بحاوێینه‌وه هه‌تا ده‌کوژرێین و نیازى شۆرشى چه‌کدارانه‌شمان نیه.
که‌چى به پێچه‌وانه‌ى به‌رنامه‌ى خۆیان نه‌ک شۆرشى چه‌کدارى به‌ڵام زۆر زوو به‌ربه‌ره‌کانى‌یه‌کى چه‌کدارانه‌یان به‌سه‌ر دا سه‌پا. رێژیمى پاشایه‌تى که هه‌ستى به گه‌ڕانه‌وه‌یان کردبوو، شی‌و و دۆڵ و چیا‌و چۆلى به جاش و ژاندارم و جاسووس و خۆفرۆش لـێ ته‌نین و که‌وته راونانیان. به ناچار له زۆر جێگا تووشى تێکه‌ڵچوونى چه‌کدارانه بوون. هه‌رچه‌ند ئه‌و راپه‌ڕینه ئاماده نه‌کرابوو و به‌سه‌ر تێکۆشه‌رانى دێموکرات و گه‌لى کورد دا سه‌پابوو، به‌ڵام به‌ڕاستى هه‌ردوو لا قاره‌مانه‌تى‌یان نواند‌و حه‌ماسه‌یان خوڵقاند. زۆر جار هێزێکى ده پازده که‌سیى پێشمه‌رگه له‌گه‌ڵ سه‌دان چه‌کدارى دوژمن به‌ره‌وڕوو ده‌بوون که به تۆپخانه‌و هێلى کۆپتێرو تازه‌ترین چه‌کى شه‌ڕ ته‌یار بوون. که‌چى بوێرانه به‌ره‌نگاریان ده‌بوونه‌وه، زیانى قورسیان له هێزه‌کانى دوژمن ده‌داو سه‌ربه‌رزانه خۆیان له گه‌مارۆى دوژمن رزگار ده‌کرد. دیاره له‌و شه‌ڕانه‌دا به داخه‌وه پۆلێک له باشترین کادرو پێشمه‌رگه‌کانى دێموکڕاتیش گیانیان له‌ده‌ست دا که هه‌ریه‌که‌یان بۆ بزووتنه‌وه‌ى کورد سه‌رمایه‌یه‌ک بوون و له‌ده‌ستچوونیان به‌ڕاستى خه‌سارێکى گه‌وره بوو.
شتى زۆر جێگاى شانازى پشتیوانیى کۆمه‌ڵانى خه‌ڵک له تێکۆشه‌رانى دێموکرات بوو. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى به‌کرێگیراوانى ده‌وڵه‌ت هه‌موو ره‌فتارێکى دژى ئینسانى‌یان دژى ئه‌و خه‌ڵکه به‌کار دێنا. به‌ڵام قه‌ت پشتیان له پشتیوانیى رۆڵه‌کانیان سارد نه‌بۆوه. له هه‌ر جێگایه‌ک هه‌ستیان به بوونى پێشمه‌رگه کردبایه نان و پێخۆرو به‌رگ و پێڵاو و فیشه‌ک و به کورتى پێویستى‌یه‌کانى خۆڕاگرتنیان پێ ده‌گه‌یاندن. ته‌نانه‌ت له جه‌نگه‌ى شه‌ڕو به‌ره‌به‌ره‌کانى و ئاگربارانیش دا کیژ و لاوانى چاونه‌ترس و به ئه‌مه‌گى کورد نانى تازه‌و دۆى سارد‌و چاى گه‌رمیان بۆ ده‌گه‌یاندنه سه‌نگه‌رو هێنده‌ى دیکه وره‌و باوه‌ڕو متمانه‌یان پێ ده‌به‌خشین.
به‌ڕاستى ده‌وڵه‌تى گه‌وره‌و گرانى حه‌مه‌ڕه‌زاشا ترسى ڕێ نیشتبوو. چونکه ئه‌وان توانیبوویان “جزیره‌ى ئارام”ى حه‌مه‌ڕه‌زاشا بشڵه‌ژێنن و گۆمى مه‌ندى به‌رهه‌مى زه‌برو زه‌نگى ژاندارمه بشڵه‌قێنن. له‌و نێوه‌دا نه‌خشى مه‌لا ئاواره تایبه‌تى بوو. ئه‌و ئێستاش هه‌ر له نێو ده‌ریاى بێ بڕانه‌وه‌ى گه‌لى خۆى دا ده‌ژیا. جارى وابوو سێ شه‌وان له یه‌ک ئاوایى دا ده‌مایه‌وه، به‌ڵام جگه له که‌سانى تایبه‌تى هه‌موو که‌س پێى وابوو رۆیشتوه‌و دووریش رۆیشتوه. شێوه‌ى جوانى بۆ نهێنى کارى دادێنان و دوژمن نه‌ىده‌توانى شوێنى هه‌ڵگرێ. زۆر که‌میش وابوو له دووسێ که‌س زیاترى به ده‌وره‌وه بێ، هه‌ر له‌وکاته‌دا چوارده‌ورى هێزى پارێزه‌ر واته هێزى له بڕانه‌وه نه‌هاتووى خه‌ڵک بوو. جارێکیان ئه‌فسه‌رێکى پایه‌به‌رز که فه‌رمانده‌ى گشتیى عه‌مه‌لیات دژى شۆرشگێرانى کورد بوو، به زه‌بوونى پێى له‌وه نابوو که به‌ده‌ست مه‌لا ئاواره‌وه داماوه، چونکه هه‌رچى ده‌کا ناتوانێ شوێنى هه‌ڵگرێ. گوتبووى شه‌وێ له هه‌ر دێیه‌ک بێ به‌یانى ده‌زانین، به‌ڵام ناتوانین بزانین شه‌وى دواتر له کوێ ده‌بێ تا بتوانین گه‌مارۆى بده‌ین.
هه‌ر ئه‌مه‌ش بووه هۆى ئه‌وه که دوژمن بۆ له دا‌و خستنى مه‌لا ئاواره به هاوکاریى چه‌ند به‌کرێگیراوێک پیلانێک رێک بخه‌ن که مه‌لا ئاواره بێ ئه‌وه‌ى بیهه‌وێ، دوو شه‌و له جێگایه‌ک وه‌مێنێ. پیلانه‌که به‌م جۆره بوو: خه‌ڵک زۆر جار کێشه کۆمه‌ڵایه‌تى‌یه‌کانیان ده‌برده لاى مه‌لا ئاواره که‌بۆیان چاره‌سه‌ر بکا. بۆ له داوخستنى ئاواره راست له‌و رێگایه که‌لک وه‌رده‌گرن: کێشه‌یه‌کى زه‌وى و زار ده‌به‌نه لاى ئاواره که چاره‌سه‌ریان بۆ بدۆزێته‌وه‌و کاره‌که‌ش وا ڕێک ده‌خه‌ن که دوو لایه‌نى کێشه‌که رێک نه‌که‌ون هه‌تا رۆژ رووناک ده‌بێ. له‌و کاته‌ش دا به‌ناوى دڵسۆزى رێگا ناده‌ن مه‌لا ئاواره له ئاوایى بچێته‌ده‌ر چونکه به‌رده‌وام هێلى کۆپتێر به‌سه‌ر هه‌موو ناوچه‌که‌دا ده‌گه‌ڕاو مه‌ترسیى ئاشکرابوونى زۆر بوو. له‌ولاشه‌وه خه‌به‌ر ده‌ده‌ن که هێزێکى پۆشته‌و په‌رداخى دوژمن بێن ده‌ورى گوندى “دیواڵان” بگرن و به‌و زمانه‌ى که کاربه‌ده‌سته فێڵبازو ناپاکه‌کان ده‌ىزانن داواى لـێ بکه‌ن خۆى ته‌سلیم بکا. هێندێک ده‌ڵێن ده‌رمانداو کراوه‌و به بێهۆشى گیراوه، به‌ڵام نامه‌یه‌کى که پاش گه‌مارۆدرانى بۆ پێشمه‌رگه‌کانى نووسیبوو نیشانى ده‌دا که ئه‌وه راست نیه. به‌هه‌رحاڵ خه‌یانه‌تى پێ کراو به ده‌هۆ له‌داو خراو به باره‌قه‌ڵڵایه‌کى دوژمن فرۆشرا.
پ: کاریگه‌ری گیران و شه‌هید کرانی مه‌لا ئاواره، له نێو خه‌ڵک و تێکۆشه‌ران دا چۆن بوو؟
و: گیرانى مه‌لا ئاواره‌و هاوڕێکانى: مه‌لا که‌چه، محمدى وه‌تمان چاوشین و فه‌قێ ره‌حمان بۆ هاوڕێکانى و بۆ هه‌موو خه‌ڵکى کوردستان به‌تایبه‌تى خه‌ڵکى ناوچه‌ى سه‌رده‌شت رووداوێکى دڵته‌زێن بوو له بوارى سیاسى‌دا حیزبى دێموکرات رێبه‌رى زاناترو به‌ئه‌زموونتر له ئاواره‌ى هه‌بوون. به‌ڵام هیچ زیادمان نه‌گوتوه که بڵێین ئه‌م حیزبه تا ئێستاش نه کادرێکى وا خۆشه‌ویست و نه کادرێکى ته‌شکیلاتیى وا کارامه‌و لێزان و به ئه‌زموونى به‌خۆیه‌وه دیوه. هه‌ر ئه‌وه‌نده به‌سه که بزانین پاش تێکشکانى بزووتنه‌وه چه‌کدارانه‌که‌ى ساڵانى 47ـ1346 خه‌ڵکێکى زۆر له ناوچه‌ى سه‌رده‌شت گیران. به‌ڵام له‌سه‌ر که‌سیان سابیت نه‌بوو که ئه‌ندامى حیزبى دێموکراتن. ئه‌مه‌ش ئاکامى رێنوێنى‌یه ته‌شکیلاتى‌یه‌کانى ئاواره بوو که فێرى کردبوون چۆن هه‌موو به‌ڵگه‌یه‌ک له ده‌ست وێڕاگه‌یشتنى پۆلیس بپارێزن.
پ: باشه به‌رێز مامۆستا دوای ئه‌وه گه‌لانی ئێران و کوردستان له ڕێژیمی په‌هله‌وی ڕاپه‌رین، حیزبی دێمۆکرات وه‌ک حیزبێکی خاوه‌ن پێگه له نێو کۆ‌مه‌ڵ دا زۆر زوو به‌شی هه‌ره زۆری کوردستانی خسته ژێر کۆنترۆڵی خۆی، هۆی چی بوو که ئه‌و که‌سانه‌ی که شکی ئه‌وه‌یان له سه‌ر بوو که شه‌هید مه‌لا ئاواره‌یان له دا‌و خست بوو محاکمه نه‌کران؟
و: شتێکى زۆر تاڵ ئه‌وه‌یه که تاوانبارانى داستانى دیواڵان وه‌ک به‌رزه‌کى بانان بۆى ده‌رچوون و ئێستاش به سزاى خۆیان نه‌گه‌یشتن. ته‌نانه‌ت تاوانباره بنه‌ڕه‌تى‌یه‌کان بێ ئه‌وه‌ى لێیان بپرسرێته‌وه‌و حوکمى گه‌لیان به‌سه‌ردا بدرێ به مردنى سروشتى سه‌ریان نایه‌وه که ناوبردنیان لێره‌دا هیچ سوودێکى نیه. ره‌نگه ئێمه له حیزبى دێموکرات دا ئه‌و پاساوه بێنینه‌وه که ده‌رفه‌ته‌که که‌م بوو، سه‌نه‌دو به‌ڵگه‌ى دادگا په‌سه‌ند له‌به‌ر ده‌ست دا نه‌بوون و وێ ڕا نه‌گه‌یشتین په‌روه‌نده‌یان بۆ رێک خه‌ین و بیان ده‌ینه ده‌ستى عه‌داڵه‌ت. به‌ڵام ئازایانه ده‌بێ قبووڵ بکه‌ین خه‌مسارد بووین و به‌رامبه‌ر به خائینانێک که باشترین رۆڵه‌کانى ئه‌م گه‌له‌یان خسته داوى دوژمنه‌وه هیچمان نه‌کرد، ته‌نانه‌ت بۆ حه‌وتوویه‌کیش ده‌ستبه‌سه‌رمان نه‌کردن. به‌و ئاواته که ئه‌مه دوا که‌مته‌رخه‌میى به‌رپرسان به‌رامبه‌ر به خائینانى گه‌ل و نیشتمان بێ.
پ: به‌رێز مامۆستا، شه‌هید مه‌لا ئاواره چه‌ندین شێعری شۆرشگێری و ئه‌ده‌بی له دوای خۆی به جێ هێشتوون که له‌و کات و سه‌رده‌مه دا وێردی سه‌ر زمانی خه‌ڵکی ناوچه و به تایبه‌ت جووتیاران بوو، له‌م بواره‌دا جه‌نابت چۆن ده‌روانی‌یه نووسینه‌کانی مه‌لا ئاواره؟
و: به‌جێیه باسێکیش له‌وه بکه‌م که مه‌لا ئاواره هه‌روه‌ک تێکۆشه‌رو نیشتمانپارێزێکى گه‌وره بوو، ئه‌دیبێکى ناسک خه‌یاڵیش بوو. نامه‌وێ بڵێم شاعیرێکى گه‌وره‌ى وه‌ک خانى و نالى و هه‌ژارو هێمن و… بوو. هه‌ر ئه‌وه‌نده ده‌ڵێم عاشقى ئه‌ده‌بیات و به‌تایبه‌تى شیعر بوو. بۆ ده‌ربڕینى هه‌ستى خۆى و ده‌ردى خه‌ڵکیش زۆر جار په‌ناى بۆ هۆنراوه ده‌برد. چونکه ده‌ىزانى به‌شى زۆرى خه‌ڵکه‌که‌ى نه‌خوێنده‌وارن و له زمانى هۆنراوه باشتر حاڵى ده‌بن. به‌ڕاستییش شاعیرى هه‌ژاران بوو. شیعره‌کانى که‌من، به‌ڵام ئه‌وه‌ى هه‌ن هه‌موویان له خزمه‌تى ئامانجه‌کانى خۆى و ده‌رخستنى ده‌ردو مه‌ینه‌تى خه‌ڵکه‌که‌ى دان. باسه‌که‌م درێژ بۆوه. بۆیه حه‌ز ناکه‌م له‌و باره‌یه‌وه زۆرتر بدوێم. به‌ڵام به‌جێ ده‌بێ ئه‌گه‌ر شیعرى به‌ناوبانگى “هاوارى تووتنه‌وانێکى ناوچه‌ى سه‌رده‌شت” وه‌ک نموونه‌یه‌کى به‌رچاوى هۆنراوه نیشتمانى‌یه‌کانى به‌دواى ئه‌م باسه‌دا بڵاو بکرێته‌وه.
یادى به‌خێر، رووحى شاد‌و رێگاى خه‌باتى پڕ رێبوار.
به‌رێز مامۆستا زۆر سوپاس بۆ ئه‌و کاته‌ی که پێت داین و سه‌رکه‌وتنت به ئاوات ده‌خوازم.
ئامادەکردنی:شلێر حەسەن‌پوور
تایبەت بە ٣٨ ساڵەی شەهیدبوونی مەلا ئاوارە
هاوارى تووتنه‌وانێکى ناوچه‌ى سه‌رده‌شت
تووتنەوان
توتنه‌وانێکى هه‌ژارم بێ خانوو و بێ زه‌وى و زارم
بێ پوڵ و باغ و بزن و مه‌ر دوور له خێرم نزیک له شه‌ر
منداڵم رووت و برسییه ژینم پر له مه‌ترسییه
قه‌رز دارم ده‌رده‌دارم شه‌رمه‌نده‌ى خه‌ڵکى دێ و شارم
روم نیه بچمه نێو خه‌ڵک بێ به‌رگ و پێڵاو و بێ که‌ڵک
خه‌ڵک پێى وایه ته‌مبه‌ڵم بێ که‌سپ و کار و چه‌په‌ڵم
به‌ڵام چ بکه‌م چاره ره‌شم خه‌رمانم زۆره و بێ به‌شم
هه‌ر که گوتیان سه‌رى ساڵه واده‌ى جووت و کشت و کاڵه
خۆم و خێزان ، گه‌وره و بچووک راده‌په‌ریین وه‌کوو هه‌للووک
هه‌ڵده‌په‌رین لێره و له‌وێ به‌ڵکوو کارێکمان ده‌س که‌وێ
یا قوره‌کارى و خشته برین یا جووت و زه‌وى هه‌ڵدڕین
وا به‌هاره ده‌رکه‌وت گوڵ جێگه خۆش ده‌گرێ بۆ شتڵ
به گاسن به پێمه‌ره به پاچ به چنگ و نینوک و قاچ
ده‌ى بژێرین و خۆشی ده‌که‌ین تێکه‌ڵ ده‌بێ ده‌گه‌ڵ په‌ین
ئه‌مجار تۆ شتڵى پى ده‌کرێ به چیلکه‌و چاڵ سه‌رى ده‌گرى
دوو رۆژ جارێک ئاوى ده‌وێ تا شین ده‌بێ و ده‌رده‌که‌وێ
بژارى چه‌ند ناخۆش وورده پیشه‌ى کور و کچى کورده
شه‌و و رۆژ خه‌و ناچێته چاو که‌نگى به‌رم ده‌که‌وێ ئاو
زه‌ویه‌که‌م بۆره دێر بکه‌م نه‌وه‌ک سیس ببن شتڵه‌که‌م
به شی‌و برین و وه‌ردو خه‌ت کێلان ده‌گاته پێنج که‌رت
دێراو هه‌ڵدان خاکاو کردن کور و کچ وه‌کوو کردن
ناخۆشه توتن چه‌قاندن هه‌ڵتروشکان پشت چه‌ماندن
له ئاو داشتن سستى نه‌که‌ى تا ده‌گوورێ ووشکى نه‌که‌ى
نۆره‌ى پێشک و بژار بره جه‌رگ بره بژار پڕه
وا نیو گوڵ کرا ئاو درا له دووره‌وه به چاو کرا
کڵاو گه‌ڕگه‌رى وه‌ده‌ر که‌وت ئه‌ژنۆم شکا نێوکم که‌وت
ره‌بى کوێر بێ و چاوى نوسێ به زیادم له سه‌ر نه‌نووسێ
ده‌ردى پێرارم نه‌داتێ نه که‌سریم بێ و نه‌چم داتێ
توتن نووس بۆ خاترى خودا روحمى بکه به‌منى گه‌دا
مه‌ى سووتینه ره‌نجى ساڵم خاوه‌نێ کۆشێ منداڵم
توتن نووس :
تازه هه‌ڵى وه‌شێنمه‌وه بشمرى نایکوژێنمه‌وه
من کار به ده‌ستى ده‌وڵه‌تم دوژمنى خاک و میلله‌تم
توتنه‌وان :
زۆرى له به‌ر پاڕامه‌وه بێ پووڵ جوابى نه‌دامه‌وه
نووسی به چل پوتى ته‌واو ته‌پله به سه‌رى دوابراو
به فیزه‌وه سوار بوو رۆیى بۆ من جێ‌ما ره‌نجه‌رۆیى
ئه‌و جا بارین ده‌رد و به‌ڵا بۆ توتنه‌وانى بێ سه‌ڵا
به له‌رز و تا به ده‌ردى چاو سیس بووم وه‌ک توتنى به‌ر تاو
بێ پوڵ و پاره وبێ خه‌رمان بێ دوکتۆر و ده‌وا و ده‌رمان
کرم و مڵه‌ش ، که‌ڵه و گه‌زۆ له توتنى تایپن بوون وه کۆ
ئه‌ویش وه‌ک خۆم سیس و داماو چرچ و بێ شه‌فاف و ژاکاو
نه‌خۆشى و هه‌ژاریم بران کارم زۆرن، ده‌ردم گران
جووچکه‌و وه‌چه،سه‌ر سپاندن بن په‌ل، ته‌ڕه داشکاندن
چار داخ وبه‌ن پێوه‌کردن وه‌به‌ر تاودان و یشک کردن
ته‌لیس، شریت و حه‌مباڵى خه‌سار نه‌که‌ى نیو مسقاڵى
ئه‌وا داگیرا، دانرا په‌ته‌ى بارکردن وه‌رگیرا
خۆشی خۆشی دڵم شاده خاون قه‌رز به‌س خۆ باده
توتنه‌که‌م زۆر جوان و ره‌نده بۆن خۆش و باش و په‌سه‌نده
له‌ورۆ و له سبه‌ى بارى ده‌که‌م وارید به نێو شارى ده‌که‌م
دووخانیه چاکم لێ ده‌کرێ پووڵێکى باشم پێ ده‌برێ
هه‌ر قه‌رزێکى به سه‌رمه‌وه ده‌یده‌مه‌وه به گه‌رمه‌وه
جلک و پێڵاو ده‌سره و کڵاو برنج و رۆن بۆ چه‌ڵاو پڵاو
هه‌رچى پێویسته بۆ ماڵم بۆ خۆم و ژن و منداڵم
هه‌مووى ده‌کرم به هه‌رزانى له چاو جاران به مه‌رجانى
قه‌رز دار نیم نه‌غد کڕم چی دى ناڵێم به‌رگ شڕم
حاجى قادر”(3) “عه‌لى قه‌ساب”(4) چایی بێنن ده‌گه‌ڵ که‌باب
شه‌و له هوتیل له‌سه‌ر فه‌نه‌ر ده‌خۆم ده‌نووم به بێ خه‌ته‌ر
به‌رۆژ تا شه‌و بازار پێوان به فیزه‌وه قه‌ده‌م لێدان
ده‌گه‌رێم دووکان به دووکان سه‌ودا ده‌که‌م جلکى بووکان
له ده‌رزى تاکوو په‌شمینه هه‌ر شتێ جوان و ره‌نگینه
نرخ و قیمه‌تى ده‌پرسم توتنم هه‌یه چاو نه‌ترسم
مندالیش تلى لیلیانه له ماڵێ خۆشی خۆشیانه
باب له شار ده‌گه‌رێته‌وه هه‌موو شتێکمان بۆ دێته‌وه
ده رۆژ به‌م جۆره رامبوارد به قه‌رز نان و چام خوارد
دڵ پر ئاهه‌نگ و خۆشم ئه‌مرو توتنه‌که‌م ده‌فرۆشم
ئاغاى ره‌ییس وده‌رکه‌وت ئۆخه‌ى نۆره‌م وه‌به‌ر که‌وت
ده فه‌رده توتن ریز کراو له به‌ر شه‌وقی هه‌ڵنایه چاو
بۆ دیتن و چاو لێکردن هه‌مووى په‌رت و بڵاو کردن
سه‌ر و بنى هه‌ڵته‌کاندن نیویه‌کى لێ وه‌راندن
منیش له جێى خۆ هه‌ستاوم به بێ زمان راوه‌ستاوم
له ناکاو هاته گویم ده‌نگێ داى له جه‌رگم وه‌ک خه‌ده‌نگێ
گوتى: لێى ده‌ن به واگوزار ئه‌مساڵ خه‌راپتره له پار
به‌رویه‌کى ترش و تاڵه‌وه گوتى: زوو بگه‌وه ماڵه‌وه
ده‌پووتت که‌سری له سه‌ره بی هێنه بێ بێنه و به‌ره
که گویم گرت له‌م ده‌نگ و سه‌دا ره‌ق بووم له‌وێ وه‌ک موقه‌ببا
پاش تاوى تاسان حه‌به‌سان به ده‌نگێکى پر له ترسان
هاتمه زمان، هاوارم کرد گوتم ئه‌ى دادء ئه‌ى هاوار
ئه‌ى له رێگه‌ى په‌روه‌ردگار لێم وه‌کۆ بوون درشت وورد
ئاغاى ره‌ییس قه‌رزدارم نه‌خۆشم برسیم هه‌ژارم
هیچ نه‌بێ قه‌رزى ئه‌مساڵم قوتى خێزان و منداڵم
بمده‌نێ با ئه‌ربابه‌که‌م حه‌قى چایى و که‌بابه‌که‌م
رازى بکه‌م ، بی ده‌مه‌وه رێم ببێ بۆ شار بێمه‌وه
یان بمگرن یان بمکوژن یان که‌سه‌ریم له سه‌ر هه‌ڵگرن
بمبه‌خشن له رێگه‌ى خودا خه‌رجیم نیه بۆ دادگا
هه‌ڵده‌لرزێم هه‌ڵده چوقام نه‌راندى به سه‌رما توقام
ره‌ییس :
ئه‌ى بێ شه‌رمى په‌رده دراو ئه‌ى چڵنگى پیسى گڵاو
بێ ده‌نگ نه‌بی بێ ئابڕو تێت هه‌ڵده‌ده‌م به ئاره‌زوو
دا کوڕینه لێره ده‌رى که‌ن نه‌ک لێره، شار به‌ده‌رى که‌ن
به‌م چه‌شنه ده‌ریان په‌راندم به‌رهه‌مى ساڵیان رفاندم
به دزى خاوه‌ن قه‌رز و ئه‌رباب بێ پووڵی قاوه‌چى و که‌باب
ملم بۆ نایه لاره‌وه ده‌رکه‌وتم له نێو شاره‌وه
به چاوى پر گریانه‌وه به دڵیکى وه‌ک بریانه‌وه
هاتمه‌وه نێو خاو و خێزان وه‌ک بارانى گه‌ڵا رێزان
فرمێسکى رووتى و هه‌ژارى له چاوى گشتمان ده‌بارى
توتنه‌وان
دوژمن تا که‌ى بده‌م باجت ده‌ک وه‌رگه‌رێ ته‌خت و تاجت
ئه‌ى وه‌رزێران ئه‌ى جووتێران ئه‌ى توتنه‌وانى ماڵ وێران
با به یه‌ک دڵ و یه‌ک زوبان به خه‌باتى شێڵگیرمان
تا دوا پشوو هه‌وڵ ده‌ین شه‌ق ده‌و رژێمه هه‌ڵده‌ین
یه‌گگرتن هۆی سه‌رکه‌وتنه خه‌بات رێگه‌ى ده‌ستکه‌وتنه
ئه‌گه‌ر یه‌کبین و یه‌ک بگرین له‌گه‌ڵ یه‌کدا بژین بمرین
زاڵ ده‌بین و سه‌ر ده‌که‌وین به‌رز ده‌بین و نانه‌وین
هه‌وڵ و ته‌قه‌لاى بێ وچان بێ ماندوو بوون و پشوو دان
تاقه رێگه‌ى رزگارى یه هێنه‌رى رۆژى شادییه
1342ى هه‌تاوى (1964 ز)
ئاواره