هه‌فپه‌یڤین ده‌گه‌ڵ به‌رێز هەیاس کاردۆ نووسه‌ر چالاکی سیاسی به‌بۆنه‌ی 8ی مارس. ئامادەکردنی: ڕەحمان نەقشی

هەیاس کاردۆ : وەک خۆم ڕەنگە سەیر بێتە بەرچاو ئەگەر بڵێم هەر لە منداڵییەوە دەرد و گرفتی ژنانم هەست پێ کردوە و دەگەڵی ژیاوم. قەتم لە بیر ناچێ کاتێک زۆر منداڵ بووم دەگەڵ فرمێسکەکانی دایکم کە بە هۆی زوڵم و زۆری باوکم هەڵی دەوەراندن، فرمێسکم دەڕشت.

:: پرسیار : تکایه‌ خۆتان بناسێنن و بفه‌رموون که‌ له‌ کەیه‌وه‌ تێکه‌ڵ به‌ خه‌بات و چالاکی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی بوون؟

:: هەیاس کاردۆ. لە گوندی قەرەگۆل سەر بە شارستانی مەهاباد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دایک بووم و دوایە چوومەتە شار. دوای شۆڕشی ئێران ڕێی خەباتم گرتۆتە بەر و هەتا ساڵی 94ی زایینی لە ڕیزەکانی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان دا تێکۆشاوم. لە ساڵی 1996ەوە لە وڵاتی ئوستڕالیا دەژیم.

:: پرسیار :پرسی ژن ئەمرۆی کۆمەڵی کوردەواریدا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

:: هەیاس کاردۆ : پرسی ژن و کێشە جۆراوجۆرەکانی هێندە ئاڵۆزە لە بابەتێکی ئاوادا وەڵام وەر ناگرێتەوە. بە تایبەت ئەگەر باسی ژن لە کوردستان بکەین ئاڵۆزییەکە زیاتر دێتە بەرچاو. بە گشتی ژنانی کوردستان هەرچەند زۆر هەنگاوی بە کەڵکیان بۆ چوونەپێش هەڵێناوەتەوە، کەچی جارێ زۆریان ماوە بەو شوێنە بگەن کە دەبێ پێی بگەن. ڕەنگە هۆی جۆراوجۆر هەبن کە دەبنە بەربەستی ئەوە ژنی کورد جارێ نەتوانێ بە ئاواتەکانی خۆی بگا. گرینگترینی ئەو هۆیانە بە باوەڕی من دەکرێ ئەمانە بن: یەکەم، کورد جارێ بۆخۆی گرفتی گەیشتن بە ئازادیی هەیە و ناچارە زیاتر بیر لە ڕزگاریی نەتەوەیی بکاتەوە تا مافی بەرابەری. دووهەم، باری فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیی نەتەوەی کورد بە جۆرێک دەگەڵ فەرهەنگی زاڵی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست تێکەڵە کە خۆی بە تەنیا ناتوانێ بەرابەریی کۆمەڵایەتی دابین بکا. سێهەم، نەبوونی دەوڵەتی سەربەخۆ یان ناوچەی ڕزگار کراو هۆیەکی دیکەی ئەو نابەرابەرییە کۆمەڵایەتییەیە کە بە زەرەری ژنان ماوەتەوە. چوارەم، نەبوونی بازاڕی پێویستی کار بۆ ژنان لە کوردستان کە بتوانن لە باری ئابوورییەوە لە سەر پێی خۆیان ڕاوەستن دیسان هۆیەکی گرینگی دیکەیە کە ئاسۆی گەیشتنیان بە ئازادیی تەواو لێل دەکا. پێنجەم، دەگەڵ ئەوانەش نەبوونی بزووتنەوەیەکی بەهێزی یەکگرتووی کۆمەڵایەتی کە تایبەت بێ بە بەرابەریی ژن و پیاو هۆیەکی گرینگی دیکەیە کە ڕێگای لە گەیشتنی ژنان بە ئازادی و بەرابەری گرتوە. بە گشتی لە حاڵی ئێستا دا لە هەموو کوردستان و بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کێشەی بەرابەریی ژن و پیاو زۆر بە شلی کاری بۆ دەکرێ و ئەگەر بە مەودا حیسابی بکەین جارێ زۆری ماوە دڵمان پێی خۆش بێ.

:: پرسیار : چ لە رێزی حیزبەکان دا بن و چ سەربەخۆ بن ئایا کار و چالاکی ژنان و رۆڵ و کارتێکەریان لە ناو حیزبە کوردیەکان چۆن هەڵدەسەنگێن؟

::هەیاس کاردۆ : من بزووتنەوە یان ڕێکخراوێکی سەربەخۆی بە هێزی ژنان لە کوردستان نابینم و ئەگەر هەشبێ ئاگام لێی نیە. ئەوەی هەیە هەموو ئەو ڕێکخراوانەن کە یان ڕاستەوخۆ سەر بە حیزبە سیاسییەکانن، یان لە پەنا ئەوان و بە یارمەتیی ئەوان درێژە بە ژیان و خەبات دەدەن. ئەوەی وەک ڕێکخراوەکانی ژنان لە تەنیشت حیزبە سیاسییەکان دیارە خۆی لە خۆی دا پێم شتێکی خراپ نیە چونکە لانیکەم هانیان دەدا هەوڵیک بدەن و خۆیەک نیشان بدەن. لە غەیری ئەوەدا چونکە خۆیان رێکخراوێکی سەربەخۆی یەکگرتوویان نیە مەجالی کار و چالاکییان بۆ نامێنێتەوە. وەک کەسایەتی و ئەفڕادی سەربەخۆ دیارە ژنانی زۆر چالاک و وشیار و ماندوویی نەناس هەن و بەردەوام پرسی ژنان دێننە گۆڕێ و هەوڵی بۆ دەدەن. جگە لەوە هەرچەند زۆر بەڕچاو نیە بەڵام ژنانی کورد لە ڕیزی حیزبە سیاسییەکانیش دا بۆ مافی نەتەوەیی و چینایەتی و هی دیکە خەبات دەکەن و حزووریان هەیە. ئەوە قسەی من نیە، بەڵکوو ژنان بۆخۆشیان دەزانن حزووریان لە کار و چالاکیی سیاسی و کۆمەڵایەتی دا بەرچاو نیە و هەتا ئێستاش ڕۆڵی سەرەکی هەر پیاو دەی گێڕێ. دیارە ئەوە بەشێکی خەتای ژنان خۆیان نیە و نەزمی کۆمەڵ بە سەری دا سەپاندوون، بەڵام دەبێ قبووڵی بکەن بەشێکی بۆ خۆیان دەگەڕێتەوە و دەبێ زیاتر بیری لێ بکەنەوە.

:: پرسیار : زۆر جار له‌ زمان پیاوان و یا به‌شێک له‌ ژنان ده‌بێسرێ که‌ ژنان خۆیان له‌سه‌ر پرسی ژنان که‌م ته‌رخه‌من و زۆر چالاک نینن، ئایا ئه‌م وتانه‌ راستن؟

:: هەیاس کاردۆ: چ پیاو ئەو قسانە بکا و چ ژن خۆیان، ڕاستییەکەی ئەوەیە ئەو مەیلەی بۆ کاری سیاسی و کۆمەڵایەتی لە پیاوان دا هەیە لە ژنان دا نیە. نەک هەر لە کوردستان و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەڵکوو لە سەرتاسەری دنیا دا رێژەی بەشداریی پیاوان لە کاری سیاسی دا بەرزترە لە ژنان. ئێستا ئەگەر لە وڵاتانی دێمۆکرات و ئازاد دا ژنان بە هۆی دیکە نایانەوێ زۆر خۆ لە کاری سیاسی بدەن، لە کوردستان بەشێک لە هۆیەکانی جیاوازن و زیاتر گرفتی فەرهەنگی و کۆمەڵاتییە ئەو مەیلەی تێدا کوشتوون. بەپێی ئەزموونی خۆم کە ماوەی سێ ساڵ ڕاستەوخۆ کارم دەگەڵ ژنان کردوە، ژنانی کوردستان هێندەیان دەرد و مەینەت هەیە وێڕا ناگەن بیر لە بەشداریی لە خەباتی بەرابەریخوازانە دا بکەنەوە. بەشی زۆری ئەوان کاتی خۆیان بۆ منداڵداری، ماڵداری و میوانداری و ئەو جۆرە شتانە تەرخان دەکەن و هیچ چاری دیکەشیان نیە. جگە لەوەش زۆر بەداخەوە بەشێک لە ژنانی کورد سەبارەت بە یەکتر حەسادەتیان هەیە و لە کاری بە کۆمەڵ دا کەمتر خۆیان ڕێک دەخەن. هەڵبەت ئەوەی دەیڵێم بەو مانایە نیە هەموو ژنان بگرێتەوە. نا بە خۆشییەوە ژمارەیەکی زۆرمان ژن هەن کە لە کاری ڕێکخراوەیی دا دەستی باڵایان هەیە و توانای ڕێبەریکردن و سازماندانی باشیان تێدا بەدی دەکرێ. بەڵام ئێمە باسی گشتی دەکەین کە هەموو ژنانی کوردستان دەگرێتەوە.

جگە لەوانە لە کوردستان بە گشتی هەتا ئێستاش قانوون پیاوانەیە و لە زۆر بواردا دەستی ژنان بۆ کاری کۆمەڵایەتی و سیاسی دەبەستێ. جا مادام سەرەڕای ئەو هەموو بەربەستەی دیکەی سەر ڕێی ژنان، قانوونیش لە بەرامبەریان ڕاوەستێ ئیدی دیارە توانا و مەیلی تێکۆشانیان زۆر کەم دەبێتەوە و بەشی زۆریان ناهومێد دەبن. ئەوانەش کە کۆڵ نادەن و دەخوازن بەربەرەکانێ بکەن تووشی گرفت و سەختیی زۆر دێن و بەو جۆرەی پێویستە بەرهەمی خەباتەکەیان وەچنگ ناکەوێ. بە باوەڕی من بۆ ئەوەی بتوانین هۆیەکانی لاوازیی کاری هاوبەشی ژنان و خەباتی بەردەامیان بۆ ڕزگاری دەستنیشان بکەین دەبێ لێکۆڵینەوەی زیاترمان هەبێ و وردەکاریی زیاتر بە خەرج بدەین. ئەوەی من لێرە باسم کردوون زیاتر ئاکامی ئەزموونی خۆم و هێندێک ماتاڵای تایبەت لە بارەی ژنانە.

:: پرسیار : هه‌ر وه‌ک ئاگادارن هه‌موو هێزه‌ و رێکخراوه‌ سیاسییه‌کانی کوردستان رێکخراوێکیان بۆ پرسی ژن به‌ ناوی جۆراوجۆر پێک هێناوه.‌ ئایا ئه‌و رێکخراوانه‌ تا چ راده‌یه‌ک توانیویانه سەرنجی ییرورای گشتی و یان رێکخراوە نێونه‌ته‌وەییەکان‌ که‌ داکۆی له‌ مافی ژنان ده‌که‌ن بۆ لای پرس و مافه‌کانی ژنان و یان ئه‌و زۆڵم و نابه‌رانبه‌ریه‌ی که‌ ده‌رحه‌ق به‌ ژنانی کورد ده‌کرێ راکێشن؟

::هەیاس کاردۆ : ئەوە ڕاستە بەشی هەرە زۆری ڕێکخراوە سیاسییەکانی کورد لە پەنا دەستی خۆیان ڕێکخراوێکی تایبەت بە کار و چالاکیی ژنانیان هەیە، هەر وەک بۆ لاوانیش هەیانە. هەر وەک باسم کرد ئەوە خۆی کارێکی چاکە و لانیکەم نوقتە هومێدێکە بۆ بەردوامیی کار و چالاکیی ژنان. بەڵام ئەو رێکخراوە کوردییانە نە دەتوانن و نە دەیانەوێ قورسایی کار و خەباتەکەیان بۆ مەسەلەی ژن تەرخان بکەن. لە ڕاستی دا ئەوان بۆیە ڕێکخراوی ژنانیان هەیە هەتا لەو ڕێگایەوە ئەندام بۆ خۆیان زیاد بکەن و پۆزی لایەنگریی لە مافی ژنیش لێ بدەن، ئەگینا کاری ئەسڵیی ئەوان خەبات بۆ بەرابەریی ژن و پیاو نیە. لە بەر ئەوەش بەشی هەرە زۆری دەستەی بەڕێوەبەریی ئەو ڕێکخراوانە و تەنانەت بەدەنەکەشیان پیاون، سروشتییە مەیلی هەوڵی زۆر لە پێناو بەرابەریی ژن و پیاویان تێدا نەبێ.

بەو حاڵەش هەموو ئەو رێکخراوانە و هەر کام بەش بە حاڵی خۆی لانیکەم بوونەتە پاڵپشتێک بۆ بەردەوامیی خەباتی ژنان و لە باری ماڵی و تەبلیغاتییەوە یارمەتیدەریان بوون. هەر خودی ئەوەش کە ئەو ڕێکخراوانە دەیانەوێ کچ و کوڕ وەک یەک لە خەباتی نەتەوەیی دا بەشدار بن و بۆ مافە ئینسانییەکانیان تێ بکۆشن خۆی خزمەتێکە بە چالاک کردنی ژنان لە کاری سیاسی و کۆمەڵایەتی دا. هەر بە هەوڵێ ئەو ڕێکخراوە کوردییانەشە دەنگی ژنانی کورد ئێستا لە بەشێک لە تریبۆنە نێونەتەوەییەکان دەبیسرێ و خەڵکی دنیای دەرەوە لە دەرد و مەینەتەکانیان ئاگادار دەبن. بەڵام هیچی ئەوانە نابنە ئەوە کە ژنان خۆیان ڕێکخراوێکی بە هێزی سەربەخۆ دامەزرێنن و هەموو توانا و ئیمکاناتی خۆیان بۆ لە بەین بردنی نابەرابەریی جینسی تەرخان بکەن.

:: پرسیار : وەک دوا وتە چ پەیامێکتان هەیە بۆ ژنان و بۆ ئەو مرۆڤانەی داکۆکی لە مافی ژن دەکەن؟

::هەیاس کاردۆ : وەک خۆم ڕەنگە سەیر بێتە بەرچاو ئەگەر بڵێم هەر لە منداڵییەوە دەرد و گرفتی ژنانم هەست پێ کردوە و دەگەڵی ژیاوم. قەتم لە بیر ناچێ کاتێک زۆر منداڵ بووم دەگەڵ فرمێسکەکانی دایکم کە بە هۆی زوڵم و زۆری باوکم هەڵی دەوەراندن، فرمێسکم دەڕشت. قەتم لە بیر ناچێ کاتێک برا گەورەکەم تەنیا لە بەر ئەوەی چڵە موویەکی سەری دە نێو چێشتەکە دا دیتەوە، چۆن هەڵی کوتایە سەر براژنم و ئەگەر من نەبوایەم ڕەنگ بوو هیلاکی کردبا. ئەمن هێشتا تازە لاو بووم کە لە رێگای خوێندنەوەی گۆڤای “جوانان” دەگەڵ دەرد و خەم و فرمێسکی ژنانی “خۆفرۆش” ئاشنا بووم. لە جەنگەی کاری سیاسی و خەباتی نەتەوەییش دا یەک لەو پیاوە کەمانە بووم بە دڵ لایەنگری بەرابەریی ژن و پیاو بووم و هەوڵیشم بۆ داوە. کاتێکیش لە لایەن شەهید دوکتۆر شەڕەفکەندی سکرتێری ئەوکاتی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانەوە داوام لێ کرا لە نیزیکەوە هاوکاریی پەرەگرتنی یەکیەتیی ژنان بکەم، بە دڵ قبووڵم کرد و کارەکەشم ئاکامی باشی بە دواوە بوو. لە کاری نووسینیشم دا ئەوەندی بۆم کرابێ ئاوڕم لە کێشەی ژن داوەتەوە و لە ڕوانگەی خۆمەوە رێگا چارەسەرم بۆ دەستنیشان کردوە. بۆیە حەق بەخۆم دەدەم کاری هەتا ئێستای ژنانی کورد، بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە چاوی ڕەخنە سەیر بکەم و ڕادەی بەشدارییان لە خەباتی بەرابەریخوازانەدا بە کەم بزانم. ئەوەندەش کە لە چوار چێوەی حیزبە سیاسییەکان یان لە پەنا ئەوان دا هەیە بە هیچ جۆر وەڵامدەری کێشەی پڕ گرێ و گۆڵی ژنانی کورد نیە و ناتوانێ هەوڵەکان لەو پێناوەدا چڕتر کاتەوە. بۆیە وابزانم یەکەم هەنگاو دەبێ ئەوە بێ ڕێکخراوێکی سەربەخۆی ژنان دامەزرێ کە تێیدا بە بێ لەبەر چاو گرتنی بیر و باوەڕی سیاسی تەنیا بۆ وەدەست هێنانی مافی ژن خەبات بکا.

نابێ ژنان ئەوەشیان لە بیر بچێ کە خەباتی ئەوان بە بێ هاوکاریی پیاوان نەک هەر بە ئاکام ناگا بگرە ئاکامی پێچەوانەی دەبێ. بۆیە گرینگترین کاری ژنان دەبێ ئەوە بێ هێرشی بێ جێ نەکەنە سەر پیاوان و هەوڵ نەدەن فەزای نێوان ئەو دوو جینسە گرژتر لەوەی هەیە بکەن. ئەمن پێم وا نیە بە تۆڵەکردنەوە بکرێ خەباتێکی مافخوازانە بەرێوە ببردرێ یان سەرکەوێ. بەدەستەوە دانی مانای هەڵە لە “فیمینیزم” و پەیتا پەیتا دووپات کردنەوەی هێندێک دروشمی توند و تیژ ناتوانێ یارمەتیدەری خەباتی ژنان بێ. کۆمەڵ لە دوو جینسی ژن و پیاو پێک هاتوە و بە بێ هاوکاری و هاوهەنگاویی ئەو دوو جینسە کۆمەڵ نوقسانی هەیە. کەوابوو ئا بۆ بەردەوامیی خەباتی ژن هەتا وەدەست هێنانی هەموو مافەکانی. نا بۆ هەرچەشنە هەوڵێکی ئاژاوەگێڕانە و خۆ بە میحوەر دانانە.

هەیاس کاردۆ- ئوستڕالیا-