هه‌فپه‌یڤین ده‌گه‌ڵ به‌رێز خاتوو کوێستان گادانی چالاکی سیاسی و چالاکی بواری ژنان به‌بۆنه‌ی ٨ ی مارس

کوێستان گادانی : سەبارەت بە رێکخراوەکانی ژنان سەر بە ئەحزابی کوردی، دەکرێ بە دوو شێوە چاوی لێ بکرێت، بە شێوەی گشتی(ماکرۆ) یان تایبەتی و وردتر(میکرۆ). لە شێوە گشتیەکەیدا؛ رووخسارێکی جوانی هەیە، رێکخراوە و ئەندامی هەیە، بەرنامەی هەیە، ئائیننامەی کاری خۆی هەیە

:: پرسیار : تکایه‌ خۆتان بناسێنن و بفه‌رموون که‌ له‌ کەیه‌وه‌ تێکه‌ڵ به‌ خه‌بات و چالاکی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی بوون؟

:: کوێستان گادانی : ناوم کوێستان گادانی سالی 1972 لە شاری مەهاباد لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە دایک بووم. لە تەمەنی 7سالی بە هۆی چالاکی سیاسی بنەمالە هاتووینە نێو ریزی شۆرش و لە گەل بنەمالەی پێشمەرگە لە ئاوارەیی دا ژیانمان تێپەر کردووە. تا تەمەنی 18 سالی لە کاری لاوان و هونەری دا چالاک بووم و دوای ئەوەی بووم بە ئەندامی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە رادیو و ئینتشارات ، دەبیرخانە، پەیوەندییەکانی دەرەوە ئەرکم بە جێ گەیاندووە. بۆ ماوەی 3 سال ئەندامی رێبەری حیزب بووم و ئێستاش ئەندامی کۆمیسیۆنی پارێزگاری لە پەیرەوی ناوخۆی حیزبی دیموکراتی کوردستانم. لە سالی 1992 هاتوومەتە تاراوگە و لەو ماوەیەشدا بە پێی توانا و کات وێرای دەرس خوێندن درێژەم بە چالاکییە سیاسی و کۆمەلایەتیەکان داوە. ئەندامی هیندێک ریکخراوەی سینفیم ( کوردی و بیانی)کە لە بواری زانستی و یەکسانی و مافی مرۆڤ چالاکییان هەیە. ئێستا وەک توێژەر( لێکۆلەر) لە بواری زانستە پزیشکیەکان لە زانکۆ کار دەکەم.

:: پرسیار :پرسی ژن ئەمرۆی کۆمەڵی کوردەواریدا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

:: کوێستان گادانی : لە راستیدا پرسی ژن بە گشتی و پرسی ژنی کورد بە تایبەتی گواستنەوەیەکی لە ئاستی بنەمالە و کۆمەلگا و بواری کۆمەلایەتی بەرەو پرسێکی گشتی و هەمەلایەنە و نەتەوەیی بە خۆ وە بینیوە. کە ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ بەشداری کردن و لێ پرسین و چالاک بوونی تاکە یەکسانیخوازەکانی نێو کۆمەلگا. هه‌لبه‌ت به‌و مانایه نیه که چی دیکه گرنگی به کێشه ی بنه‌ماله و بواره کۆمه‌لایه‌تیه‌کان نادرێت، به‌لکو ئاستی به‌شداری و بواری چالاکییە‌کان گشتتر وبه‌رینتر بوه. لە گەل ئەم گواستنەوەیەش ئێستاش پێم وایە کە نەگەیشتووتە ئەو ئاستە کە ببێتە پرسێکی رۆژانە و یەکێک لە بابەتەکانی ناو کوروکۆبوونە گرینەکانی لایەنەکانی پەیوەندیدار ، ئێستاش پاشکۆی باسەکانی دیکەیە و وەک مەسلەیەکی لاوەکی و دەرەجە دوو باسی لێدەکرێت کە زۆر جارانیش بەداخەوە وەک پرۆپاگەندا و شۆعاری مافی یەکسانی کەلکی لێ وەردەگیرێت. دەتوانم بلێم کە پرسێکی هاتووە بەرباس و چارە نەکراوە، وەک زۆر باس و مەوزووعی دیکە بە دەوری بازنەیەکدا دەخولێتەوە بەلام دەتوانین بلێن کە خولانەوەکەی لە جاران بەرچاوترە و راگەیاندنەکان بە رێژەیەکی زیاتر بایەخ بە بلاو کردنەوەی هەوال و چالاکیەکان دەدەن.

:: پرسیار : چ لە رێزی حیزبەکان دا بن و چ سەربەخۆ بن ئایا کار و چالاکی ژنان و رۆڵ و کارتێکەریان لە ناو حیزبە کوردیەکان چۆن هەڵدەسەنگێن؟

:: کوێستان گادانی : لە وەلامی دووهەمدا باسی بە گشتی چالاکی و جم و جۆلی ژنان لە کۆمەلگای کوردەواریدا کرا و ئەگەر ئاورێک بدەینەوە لە ناو حیزبەکاندا (کە پێکهاتەی ئەو کۆمەلگایەن) دەبینین کە بە خۆشییەوە حیزبەکان جێگایان بۆ ژنان کردۆتەوە و بگرە تا رادەیەکیش لە هیندێک باسی سیاسی و بریاردانیشدا بەشداریان دەکەن کە بە بروای من ئەوە دەگەرێتەوە بۆ دوو هۆ؛ یەکیان ئەوەی کە ژنانی ئێستای نێو ریزی حیزبەکان ئاگاهانەترو بوێرانه‌تر لە سەر مافی خۆیان وەدەنگ دێن و دووهەم ئەوەی کە حیزبەکان ناتوانن یان باشتر وایە بلێین بە قازانجیان نیه کە بریارەکان وەک جاران هەر لە چوارچێوەی شۆعاردا بهێلنەوە و دەبێ ئەگەر کەمتا کورتێکیش بێت ئەگەر بۆ مانۆردان و بواری راگەیاندنیش بێت ئەو مەجالە بخولقێنن کە پێشکەوتنێک ئەگەریش بە رووکار و زاهیر بێت نیشان بدەن بەلام ئایا لە بواری کەیفیەت و بە مانای واقع چ پێشکەوتنێکی هەبووە کە ئەوە باسێکی دیکیە ( دواتر باسی ده‌که‌م). کاروچالاکی ژنان لە ناو حیزبەکاندا بەرچاوترە بەلام چەندە کاریگەری هەبووە لە سەر سیاسەتی حیزبەکان لە ئاست پرسی ژن ئێستاش لە حالی دۆزینەوەی میکانیزم و رێگایەکدایە کە بتوانێت تەئسیرگوزار بێت کە لە روانگەی منەوە ئەم بەشە بەروەپێشچوونێکیئەوتۆی لە ناو ئەحزابی کوردیدا بە خۆیەوە نەبینیوە.

:: پرسیار : زۆر جار له‌ زمان پیاوان و یا به‌شێک له‌ ژنان ده‌بێسرێ که‌ ژنان خۆیان له‌سه‌ر پرسی ژنان که‌م ته‌رخه‌من و زۆر چالاک نینن، ئایا ئه‌م وتانه‌ راستن؟

:: کوێستان گادانی : بە بروای من ئەم کەمتەرخەمییە دوولایەنەیە؛ یانی هەم لە لایەن هیندێک لە ژنانەوەیە هەم لە لایەن پیاوانەوەیە. ریکخراو، حیزب و نهادە جواروجۆرەکان چ لە بواری مافی یەکسانیخوازی و چ لە بواری مافی مرۆڤ وهتد.. هەمووی بە دەست ئەندامانی کۆمەلگا دادەمەزرێت، ئەوەی کە کام لا کەمتەرخەمە لە پرسی ژن یان پرسێکی دیکە هەر وەک لە سەروەوە ئاماژەم پێکرد هەر دووک لا تەیدا بەشدارن. بەلام هۆکارەکەی چێ، بۆ چی ژنان زیاتر بەرچاون لەم کەمتەرخەمییە یان ئەسەله‌ن ئەوە راستە کە بلێین ژنان کەمتەرخەمترن لە وەدەستهێنانی مافی خۆیاندا ؟ بە بروایمن ئەوەی کە کۆمەلگا پرسی ژن تەنیا بە ئی خودی ژن بزانێت و پێ وابێت کە ژن خۆی دەبێ وەدوای مافی خۆی بکەویت ‌ئەوە یەکێک لە روانینە هەلەکانە یان ئەوەی کە هەموو باسەکانی ناو کۆمەلگا باس و پرسی جیددین و پرسی ژن کەوتۆتە پەراوێز و دەبێ ژنان خۆیان ئەگەر نارازین بەو وەزعە خۆیان رێگایەک بدۆزنەوەو خۆیان کەمتەرخەمی نەکەن. ئەو بیروبۆچوونانە هەر درێژەیان دەبێت تا زەمانێک ئەو شیوە روانینە هەبێت کە پرسی ژن هەر بۆ ژنان گرینی هەیە نەک بۆ کۆمەلگا. بەلام لە هەمان کاتیشدا هەمانە له ناو ژناندا بە تایبەت ئەوانەی کە بە هەر هۆیەک بێت ئێستاش لە هەبوونی مافی خۆیان ئاگادار نین و پێیان وایە کە ژیان ئاوایە و دەبێت قەبوولی بکەن و یان ئەگەر لە رواله‌تی ژیان و رەفاو ئاسایەش رازی بوون ئیدی ژیان خۆشەو داوایەکی دیکەیان نیه یان ئەگەریش داوایەکیان هەبێت بە هیندێک هۆی تایبەت و بە هەلسەنگاندی خۆیان رێگای بێدەنگی هەلدەبژێرن کە ئەویش دەگرێتەوە بۆ بێ دەسەلاتی ئەم کەسە لەو شوێنەی لێ دەژی کە چەندە کۆمەلگا بە مانای راستی پشتیوانی دەکات لە داوا و سەرپێچی لە ناحەقی ،کە هەر وەک هەموومان دەزانین ئێستاس ئەم شیوە کۆمەلگا ئیدەئالە لە ناو کوردەکان بگرە لە ناو کوردانی دەرەوە ولاتیشدا جێ نەکەوتووە، کەواتە ئەم وتانە کە ژن خەتای خۆیەتی و ئەوە کەمتەرخی ژنانە لە ئەسلدا وتەی ئەم و ئەون و ئەگەریش وا بێت دەبێ ‌ئێمە بزانین کە کام تەیفی ژنان کەمتەرخەمن و هۆکاری چییە. ئەو کەسانەی ئەم ئیداعایانەیان هەیە با بە تێگەیشتن لە مافی ژن و بە بروا هەبوون بەو مافە لە بنەمالای خۆی را دەست پێ بکات و رێز لەماف و داخوازی ژنانی ناو مالەوە بگرێت بە دلنیایەوە هەنگاوی بەرەوە یەکسانی بوون زۆر بەرەو پێش دەچێت. ساحێبی ئەم جۆرە وتانە ئەگەر بە مانای واقع دلسۆزی دەکات چ ژن بێت و چ پیاو خۆی یەکەم هەنگاو بۆ لابردنی ئەم کەمتەرخەمیانە هەلێنێتەوە.

:: پرسیار : هه‌ر وه‌ک ئاگادارن هه‌موو هێزه‌ و رێکخراوه‌ سیاسییه‌کانی کوردستان رێکخراوێکیان بۆ پرسی ژن به‌ ناوی جۆراوجۆر پێک هێناوه.‌ ئایا ئه‌و رێکخراوانه‌ تا چ راده‌یه‌ک توانیویانه سەرنجی ییرورای گشتی و یان رێکخراوە نێونه‌ته‌وەییەکان‌ که‌ داکۆی له‌ مافی ژنان ده‌که‌ن بۆ لای پرس و مافه‌کانی ژنان و یان ئه‌و زۆڵم و نابه‌رانبه‌ریه‌ی که‌ ده‌رحه‌ق به‌ ژنانی کورد ده‌کرێ راکێشن؟

:: کوێستان گادانی : پێش ئەوەی ولامی پرسیارەکەتان بدەمەوە حەز دەکەم ئیشارە بە خالێک بکەم ئەویش لەو ولاتەی کە من لێ دەژیم(نۆروێژ) ، هەر وەک خۆتان ئاگادارن دەمێکە حیزبی سیاسی و سیستمی پارلەمانتاری لێ دامەزێندراوە و ولاتەکەیان بە ئەمرۆ گەیاندووە کە بە ولاتێکی دێموکرات و دەولەتی رەفاو ئاسایەش نێوی دەرکردووە. بە ئاماژە کردن بە مێژووی خۆیان، دەلێن کە نەهادینە کردنی دیموکراسی بە مانای تەواوی خۆی کاتێک بە کردەوە لە ناو کۆمەلگادا هاتە روو کە دوای جەنگی جەهانی دووهەم رێژەی رێکخراو سینفی جوراوجۆرەکان لە زیادبووندا بوو و هەر یەکە و بە شیوەیەک و بۆ ئامانجێک هەولی دەدا کە بە وەسەریەک خستنەوەی هەموو ئەو دەسکەوتانە توانیان ولات بەرە بەرە بە ئەمرۆ بگەیەنن. ئەم نموونەیەم بۆیە هێناوە کە بلێم لە راستیدا من بروام بە هەبوونی ریکخراوەی بە بەرنامە و پلان بۆ ئامانجی دیاری کراو و تێکۆشانی تایبەت لە چوارچێوەی ئاینامەی خۆیدا هەیە.

ئەگەر بگەرێمەوە سەر ولامی پرسیاری بەرێزتان سەبارەت بە رێکخراوەکانی ژنان سەر بە ئەحزابی کوردی، دەکرێ بە دوو شێوە چاوی لێ بکرێت، بە شێوەی گشتی(ماکرۆ) یان تایبەتی و وردتر(میکرۆ). لە شێوە گشتیەکەیدا؛ رووخسارێکی جوانی هەیە، رێکخراوە و ئەندامی هەیە، بەرنامەی هەیە، ئائیننامەی کاری خۆی هەیە ، سوژەیەکی باشی بواری راگەیاندنە کە ئەمەش وای کردووە ئێمە زیاتر قەلەمبە دەستان بناسین (بە تایبەت ژنانی نووسەر) ،رەقابەتی موسبەتی تا رادەیەک لە نێوان ژناندا ساز کردووە چ لە نێو خودی رێکخراوەکەیداو چ لە هەلسەنگاندن لە گەل رێکخراوەکانی دیکەی سەر بەئەحزابدا کە ئەمەش بۆتە هۆکاری ئەوەی کە ژنانی زیاتر دەردەکەوەن لە چواچیوەی کاری فیکسی ئەم رێکخراوانەدا، کۆبوونەوە و سمینارو… پێکدێنن ،نوێنەرایەتی ژنی کورد دەکەن لە کۆرو کۆمەلە جوراوجۆرەکاندا. ئەوانەی باسمان کرد هەموو شتهایەکن کە ئێمە لە راگەیاندنەکانەوە دەینینین کە سرنجی گرووپێکی تایبەت بۆ لای خۆی رادەکێشێت کە ئەم گروپە تایبەتە بە هەر شێوەیەک بێت تەئەلوقی بەو رێکخراویەوە هەیە. هیندێکیان لە رووی ئاتیفی و هیندێکیان لە رووی کێبەرکێ لە گەل رێکخراوەکانی دیکە و هیندێکیشیان خوێن گەرم و تازەکارن. کە رووخساری ئەم دیاربوونانە دەتوانێ تا رادەیەکیش ‌تەئسیر گوزار بێت کە ئەندامیش بە رێکخراوەکەی زیاد بێت و ژنانی زیاتریش لە بواری توانای جیاوازەوە بناسێنی کە ئەمانە رەنگ بێت لە روانگەی زۆر کەسانەوە هەمووی خالی موسبەت و باش بن…

ئەگەر زیاتر وردبینەوە لە هەبوونی ئەم جۆرە رێکخراوانە،(روانینێکی میکرۆ) باس لەو رێکخراوانە ناکەم کە تەمنیان رەنگ بێت هەر دوو سال بێت بەلام ئەو رێکخراوانەی کە چەندین سالە هەن بزانین تا ئێستا چ رۆل و کاریگەرێکیان لە سەر حیزبەکەی خۆیان و دنیای دەرەوەدا هەبووە؛من لەو بروایە دام کە هەم رێکخراوی ژنان و هەم رێکخراوی لاوان پاشکۆی ئەحزابی سیاسی کوردین، رێکخراوێکی سینفی سەربەخۆ نین کەواتە دەزگایەکی بەرهەم هێنانی تاکی دلخوازن بە رۆخساری جیاواز. یەکێک لە هۆکارەکانی نەبوونی ژن لە ناوەندی بریاردانی ئەحزاب کوردیدا دەگەرێتەوە بۆ هەبوونی رێکخراوی ژنان سەر بە ئەحزاب. لە روانگەی منەوە ئەحزابی کوردی رێکخراوی ژنانی وەک شوێنێک چاو لێدەکات کە ئەگەر ژنە برۆاته ئەوەێ ، رێکخراوی ژنان جێگای تۆی ژنە، کەس نێه بپرسێ ئەرێ بۆ رێکخراوی پیاوانتان نیه؟ ئەحزابی کوردی ژنانیان سەرگەرم کردووە بە هەبوونی رێکخراوەی ژنان و لە ناوەندی کاری سیاسی و بریارداندا دووریان کردوونەوە.

دەلێن ئەو ئەحزابانەی کە بروایان بە مافی یەکسانی ژن و پیاویش هەیە ئێستا هاتوونەتە سەر ئەو قەناعەتە کە رێکخراوی ژنانیان هەبێت ، من لە وەلامدا دەلێم کە بەرژەوەندی و دیار بوونی خۆیان لە ئەوە دا دەبینێن نەک ئەوەی کە بروای بە هەبوونی ئەم رێکخراوەیە هەبێت . دەلێن لە ولاتانی پێشکەوتوو ئەحزابی سیاسی ئۆرگان یان رێکخراوی تایبەت بە ژنانی هەیە، منیش لە وەلامدا دەلێم راستە بەلام ئەوان لە ناوەندی بریار و سیاسەتدا دوور نەخراوناوە و ئەو ژنانەی لەو رێکخراوانەدان وەک رێکخراوی لاوان و ژنان لە دوای چەند سالێک دەبن بە یەکێک لە مۆرە گرینگە سیاسیەکانی ئەم ئەحزابە.زۆر بە دەگمەن ژن لە رێکخراوی ژنانی ئەحزابی کوردی پەروەردەی رێکخراوی ژنان بووە کە ئێستا وەک تاکێکی سیاسی و جێگای رێز وەک یەکێک لە دەیان پیاوانی ناسراو جێگە و پێگەی خۆی هەبێت. ئەگەر کەسکیش بووبێت بە دلنیایەوە دەلێم کە فێر بوون و لێزانی و پێ گەیشتنی خۆی بووە نەک پێگەێشتووی رێکخراوی ژنان و بەرنامەی ئەم رێکخراوەیە. ئەوەی تا ئێستا ریکخراوی ژنان کردوویانە چ وەک چالاکی ناوخۆی رێکخراوەیەی ، چ لە ناو خۆیی حیزبدا و چ بە رووی دەرەوەدا هەمووی دەکرێ و دەتواندرێ وەک ژنێکی ئەندامی حیزبی شان بە شانی پیاوەکان بکردرێت نەک ئەوەی کە ژنان لە پیاوان جیا بکەنەوە. ئەوەی کە ئەمرو ژنان ئاوا دوورن و پیاوان پێیان وایە ژنان سیاسی نین یان بۆ هیندێک مەجلیس و شوێن و کۆبوونەوە بەشداریان ناکەن،یان هیندێک کاری ژنانە و پیاوانە ئێستاش بەرۆکی ئەحزابی کوردی بەرنەداوە هەمووی دەگەرێتەوە بۆ لە قەفەس خستن و پەراوێزە کردنی ژنان لە چوارچێوەی ریکخراوی ژناندا کە سەرگەرمیان دەکەن بە کاروباری کۆمەلایەتی و کولتۆری و جاروبار هیندێک کۆبوونەوە و سیمینار کە لە گەل رێزم بۆیان حالەتێکی چاولێکەری لە حیزبەکانە. بەلام پرسیارێک دێتە پێش کە ئەگەر ئاوایە بۆ بەشیك لە ژنان هەر ئاوا ئیدامەی دەدەن ؛ لە روانگەی منەوە پێکهاتەی رێکخراوی ژنان هەر وەک لە سەرەوە ئاماژەم پێدا یان لە رووی ئاتیفی و دلسۆزییەوەیە یان تازەکاری و نە ناسینە کە رەنگ بێت ماوەیەک بگرێت یان بە هیوای باشتربوون درێژەبە کاری رووتینی بەرهەم نه هاتوو دەدات یان بە داخەوە هیندێک کەسیش هەن کە بەرژەوەندی و دیاربوونی خۆیان پێ لە ئامانجە درێژخایەنەکەی گرینگتر کە دیار بوونی پێ باشترە لە ئەوەی کە ئال و گۆرێکی بنەرەتی بکەن کە چی دیکە ژن لە پیاو جودا نەکەنەوە. ئەگەر هەبوونی رێکخراوەیەک باشە با باشێکەی بۆ رەگەزی پیاویش بێت و ئەگەریش خراپە و پێویست نێ با هەر دووک لای لێ بێ بەش بێت.

هەبونی رێکخراوی ژنان بە شێوەی سونەتی دەوارنێک باش بوو کە ژنانی بۆ نموونە دیمۆکرات بە ناو دێ و دێهاتەکان دەگەران و ژنانیان لە مافی خۆیان ئاگادار دەکردەوە کە ئەو کات فەقەت ژن لە گەل ژن دوان بواری باس کردنی و روون کردنەوەی هەبوو. لە دنیای ئەمرۆدا چ لە کوردستان و چ لە دەرەوە جودایی و بە رێکخراوەی کردن ژن بە جیا و پیاو بە جیا لە روانگەی منەوە هەلەیەکی گەورەیە کە ئەحزابی سیاسی دەیکەن و دریژه‌ی ده‌ده‌ن. لە و سالەنەی ئەخیردا باوە کە دەلێن فلان هاورێ پیاو ئەندامی یەکێتی ژنانە یان رێکخراوی مافی ژنانمان هەیە کە چەند هاورێێ بەرێزی پیاوی تێدا ئەندامە، پێشنیار دەکەم کە ئەحزابی سیاسی کوردی ئەگەر لە بەر داب و نەریت و سۆنەت و رێز و قەدری گرتن لە رابردووش رێکخراوی ژنان دەهێلێتەوە یان لە بەر هەر هۆ و بەرژوەوەندەێکی دیکە بێت ، هاوکات کۆمیسیۆنێکی یەکسانی دابنێت کە هەم بۆ ئێستای خۆیان بۆ رێز گرتن لە ئەندام( ژن و پیاو) و هەم بۆ داهاتووی بەرێوبردنی هەرێم یان ولاتێک ئەزموونی کاری یەکسانی خوازی هەبێت.

بەو کورتەیەی سەرەوە کە باسم کرد؛ من لەو بروایەدام کە ئەگەر کاروباری رێکخراوی سەر بە ئەحزابی کوردی رەنگدانەوە و کارتێکەرێکی لە ناو خۆ و دنیای دەرەوەدا هەبووبێت ئەوە سیاسەتی حیزبی لە پشت ئەم رێکخراوە بووە نەک کاری ریکخراوەی ژنان ، دلنیام ئەگەر حیزب حەز بە شتێک نەکات رێکخراوەکانی سەر بە ئەحزاب (نەک سینفی)کارێکی دیکە لە غەیری مەیلی ئەواندا ناکەن، کەواتە دەبێ‌بلێن تریبوونی دووهەمی ئەحزابەکان چ کاریگەریکەیان هەبووە نەک ریکخراوی ژنان…

:: پرسیار : وەک دوا وتە چ پەیامێکتان هەیە بۆ ژنان و بۆ ئەو مرۆڤانەی داکۆکی لە مافی ژن دەکەن؟

:: کوێستان گادانی : بۆ من هەموو رۆژێک 8ی مارسە نەک تەنیا رۆژی 8ی مارس، بۆیە ئەو پەیامە تەنیا تایبەت بە 8ی مارس نێ و تەنیا بۆ ژنانیش نێ. لە کاتێکدا لە ولاتی میسر کە رۆژانە دەستدریژی دەکرێتە سەر ژنانی بەشدار لە خۆپێشاندانەکان لە لایەن پیاوانی بە قەول دژە دیکتاتۆری ، لە ولاتی چین کە ئێستاش ژن بۆ کاری یەکسان مووچەی یەکسان وەک پیاو وەرناگرێت، لە ئیسرائیل کە ئێستاش ژنانی مەهاجری ئیتۆپی لە گەل حوکمی نەزۆکی ئیجبارییەوە رووبەروون، لە ئەفریقای باشوور کە دوای 20سال هەولی دژ بەتوندووتیژی, ئێستاش دەستدرێژی بو سەر ژنان هەروا درێژەی هەیە، لە مالی کە دامەزرێنەرانی ئیسلام گەرا دوای دەستدرێژی سیکسی بۆ سەر ژنان مەجبوریان دەکەن کە لە گەل پیاوانی ئیسلام گەرا ژیانی هاوبەش پێکبێنن و هەر لەو مانگانەی ئاخردا لانی کەم 4 ژن سەنگسار کراون یان لە ئێران…، یان لە کوێت… لەمالیزی… لە ژاپۆن لە… لە… لە کاتێکدا کە لە هەر چرکەیەکدا رووداوێکی ناخۆش بە سەر ژناندا روودەدات دەبێ پەیامی کەسێکی یەکسانی خواز لە رۆژێکی ئاوادا بێجگە لە ئەوەی کە دەستی هاوکاری بۆ هەموو ئەو کەسانە درێژ بکات کە ئەگەر بروایان بە مافی یەکسانی هەیە بە ئیمان بە خۆ بوون و دوور لە بەرژەوەندی تاکی خۆیان هەول بدەن هەر کەسە و لە ئاست خۆی بە پێی توانا یاریدەدەری پێکهێنانی کۆمەلگایەکی یەکسانخواز و دیموکرات بیت. ژن و پیاو مافی وەک یەکیان بۆ دابندرێت وەک یەک داخوازیەکانیان لە بەرچاو بگیرێت، یەکەم هەنگاو هەلێنانەوەش لە بنەمالە و کۆمەلگا و ریکخراو حیزبەکان بە بەرنامە وئامانجی دیاری کراو هەلدەهێنرێتەوە کە هیوادارم رێکخراوەکانی ژنان سەر بە ئەحزابی کوردی لەم بوارانەدا کار و چالاکی سەربەخۆی زیاتر لە داهاتوودا مسۆگەر بکەن.