کۆچی دوایی عەلی عەبدوڵڵاخانی ناسراو بە عەلی سوارە، برای شەهیدی نەمر کاک مەولان سوارە

بە پێی هەواڵی گەیشتوو عەلی عەبدوڵڵاخانی ناسراو بە عەلی سوارە، برای شەهیدی نەمر کاک مەولان سوارە ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٠٦ ـ ٠٤ ـ ٢٠١٣ لە باوەشی گەرمی بنەمالەکەی دا کۆچی دوایی کرد.

کاک عەلی مرۆڤێکی سادەو ساکار و جێی باوەری خەڵکی شاری سەردەشت بوو و دڵی هەردەم بۆ ڕێبازی شەهید مەولان کە ڕێبازی دێموکرات بوو لێدەدا و بەردەوام لە نزیکەوە لەگەڵ بنەماڵەی کادرو پێشمەرگە و شەهیدانی حیزب لە پەیوەندی دا بوو.

کورتەیەک لە ژیانی شەهید مەولان عەبدوڵڵاخانی ناسراو بە مەولانی سوارە

شەهید مەولان ساڵی ١٩٤٩ لە باوەشی بنەماڵەیەکی مام‌ناوەندی شاری سەردەشت لە دایک بووە، ناوبراو لەگەڵ شۆرش و ڕاپەرینی گەلانی ئێران بۆتە ئەندام و پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان و لە بنکەی کۆمیتە شارستانی سەردەشت دا دەست بە خزمەتی پێشمەرگایەتی دەکا و دواتر وێرای هێزی پێشمەرگە ڕوو لە شاخ و دۆڵەکانی کوردستان دەکا. لەگەڵ درووست بوونی هێزی مێنەشەم و کۆمیتە شارستانی ڕەبەت وەک کادر نەقڵی ئەو کۆمیتەیە دەبێ و ساڵانێکی زۆر لەو کۆمیتەیە وەک کادر خزمەت بە گەل و نیشتمان دەکا و لە ساڵی ١٩٨٨ لە سەر داوای کۆمیسیۆنی سیاسی نیزامی نەقڵی بنکەکانی دەفتەری سیاسی حیزب دەبێ و لە کۆمیسیۆنی ماڵی دا ئەرک وەخۆی دەگرێ و تا کاتی شەهید بوونی چەندین ئەرکی جۆراوجۆر لەو کۆمیسیۆنە دا بەرێوە دەبا. لە ڕێکەوتی ٠٣ ـ ٠٦ ـ ١٩٩٧ دا لە کاتی مەئموریەتی حیزبی دا لە ڕێگای سلێمانی بۆ کۆیە بە دەستی چەند تیرۆریست و چڵکاوخۆری سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران تیرۆر و شەهید دەکرێ و دواتر لە گۆرستانی شەهیدانی حیزب بە خاک دەسپێردرێ.

شەهید مەولان لە ماوەی نزیک بە ١٨ ساڵ پێشمەرگەیاتی دا لە کۆمیتە شارەستانەکانی سەردەشت و ڕەبەت، لە زیندانی ناوەندی حیزب و لە کۆمیسیۆنی ماڵی حیزب دا وەک کادر کاری کردووە، ئەوانەی لە نزیکەوە دەیانناسی، دەزانن کە شەهید مەولان مرۆڤێکی ڕووح سووک و کارجوان و لە هەمان کاتدا کادری دڵسۆز و شۆرشگێری و بە ئیمانی حیزبەکەمان بوو. ئەو کەسێکی قسەی خۆش و دەم بە پێکەنین و خۆش ڕەفتار بوو، هەمیشە لایەنگری لە ئاشتی و تەبایی دەکرد. هەموو لایەکی خۆش دەویستن و خەڵک و کادرو پێشمەرگەکانیش ئەویان خۆش دەویست.

هەر بەم بۆنەشەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە عەبدوڵڵاخانی و دۆستان و ئاشنایان و بنەماڵەی کاک یۆسف ڕەحمانی و گشت خزم و ئاشنایان دەکەم و ئاواتەخوازم کە جێگایان بەهەشت بێ و ڕووحیان شاد بێ.

حەمەرەسووڵ کەریمی