شاعیر و رۆژنامەوان سولەیمانی چیرە ـ هێرش ـ کۆچی دوایی کرد

ئێوارەی دوێنێ شاعیر، نووسەر و ڕۆژنامەوانی ناسراوەی کوردی نیشتەجێی ستۆکهۆڵم سولەیمانی چیرە (هێرش) دوای ماوەیەک نەخۆشی لە نەخۆشخانەی کارۆلینسکای ستۆکهۆڵم و لە تەمەنی ٦٢ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

هێرش لە دایکبووی گوندی هەمزاوای مەهاباد بوو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە چالاکانی سیاسیی چەپ کە پاش شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە ساڵی ١٩٨٧ پەڕیوەی هەندەران بوو و لە ساڵی ١٩٨٩ەوە لە سوید گیرسایەوە و زۆر زوو وازی لە چالاکیی سیاسی هێنا. بۆ ماوەی دە ساڵ به‌رکار و به‌رپرسی گۆڤاری وه‌رزانه‌ی فه‌رهه‌نگی ــ ئه‌ده‌بیی«گزینگ» بوو که‌ تا کاتی وه‌ستانی، چل ژماره‌ی لێ بڵاوکرده‌وه‌. هێرش هەروەها سێ کتێبی خۆی و پێداچوونەوەی سەرجەم دیوانی هێمن موکریانیی لە سوید لە چاپ دا و لە گەلێ کوڕی ئەدەبی و فەرهەنگیدا بەشدار بوو و دەیان بابەتی تریشی لە سەر ئینترنێت بڵاو کردەوە. مامۆستا هێرش چەند جارێکیش لە سەر بابەتی فەرهەنگی، میوانی رادیۆی زایەڵە بوو، بەڵام مەرگ مەودای نەدا لە بەرنامەی هاوینی ئەمساڵی ئێمەدا ـ بەو جۆرەی بیرمان لێکردبۆوە ـ بەشدار بێت.

ناسری سینا

سەرچاوە ماڵپەری ڕادیۆ زایەڵە سوئێد