سەکۆیەکی هاوبەشی سیاسی و نەتەوەیی کە هەموولایەك خۆی تێدا بدۆزێتەوە زەرورەتێکی مێژوویە! محەممەد سولێمانی

گەلی کورد کاتێک بە سەرجەمی ئامانجە سیاسی و نەتەوایەتیەکانی دەگات کە ستڕاتیژی سیاسی و میتۆدی بزووتنەوە یی خۆیی بگۆڕێت و بەر لە هەر شتێک نێو ماڵی خۆی ڕێکبخات و زۆر جەوهەریانە سەبارەت بە دواڕۆژیی سیاسی و ئیداری حکوومەتی کوردستان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بیربکاتەوە و چارە سەرکردنی کێشە نێوخۆیە کان بکات بە هەوێنی هاوکاری و تێکۆشانی شیاو و سەردەمیانە و هەوڵبدڕی مێزی دیالۆگ بە مەبەستی لێک تێگەیشتن و رێککەوتن لە سەر ئەو خالانەیی کە ئەساسین و پەیوەندیان بە دواڕۆژی خەباتەوە هەیە سازش بەیەکەوە بکەن و چارەنووسی سیاسی وڵاتیک، زۆر شیاو نابێت ئەگەر بێت و فیدای بەرژەوەندی حیزبێک و ڕێککەوتنی چەند لایەن بە شێوەی کرچوکاڵ بکرێت و ئامانجە سیاسی و نەتەوایەتیەکانی خەڵکی کوردستان بە هێند نە گیرین.

جووڵانەوەی ئازادیخوازانەی گەلی کوردستان لەو چەند دەیەیی ئەخیردا شاهیدی گەلێک کۆڕانکاری گەورەیی سیاسی نێوخۆی و نێونەتەوەیی بووە کە شوێنی بەربڵاوی لەسەر ئاستی وشیاری سیاسی و نەتەوایەتی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان هەبووە و ئەمڕۆ چین و تووێژە جۆر بە جۆرەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ساڵانی پێشوو باشتر هەست بە شوناسی نەتەوەیی دەکەن و زۆر بیرمەندانە و بەرچاوروونانە پشتیووانی خۆیان لە خەبات دەکەن بۆ ئەوەیی گۆڕانێکی بنەڕەتی بەسەر ستڕاتیژی سیاسی و نێوەرۆکی داواکاریە سیاسی و مافەڕەواکانی گەلی کورد لە چوار چێوەیی حکوومەتێکی یەکگرتوو و فیدڕال لە سەر ئاستی ناوچە ی ڕۆژهەڵات و ئێراندا پێک بێت .

بزووتنەوەی نیشتیمانی گەلی کورد بەو ئەزموونە دوورودرێژە مێژوویە کە لە مەیدانی خەبات دا بەدەستی هێناوە، بێگوومان ئێستا دەبێت بەکردەوە حیزب و ڕێکخراوە سیاسیەکان بەگوێرەی دەورو قورسایان کە لەسەرجووڵانەوەی مافخوازی کوردستانیان هەیە ،وێڕایی پتەوکردنی ئاستی هاوکاری و یەکگرتوویی سیاسی و پێکهێنانی سەکۆیەکی هاوبەشی نەتەوەیی کە هەموولایەک خۆی لە باری بیروهزری نەتەوەیی تێدا بدۆزێتەوە دابمەزرێ و لەو میمبەرەوە نێشتیمانیەوە نەخشە ڕێگایەکی نوێ بۆ داهاتووی خەباتی سیاسی و نەتەوایەتی دابڕێژرێ و جەوهەری حوکمڕانی سیاسی هەرێمی کوردستانی تێدا ڕەنگ بداتەوە و هەلێکی ئەتۆ بڕەخسێندرێت بۆ خەڵکی کوردستان هەتا لە ڕێگایی هەڵبژاردنێکی ئازاد و سەردەمیانە دا بڕیار لە سەر شێوە و شکڵی چارەنووسی حوکمڕانی خۆی بدات لە چوارچێوەی ئێرانی پاش روخانی ڕێژیمی نیزامی ئاخوندی .

لە هەلومەرجێکی وەک ئەمڕۆدا بژاردە و ڕۆشنبیرانی سیاسی کورد لەو دەورەیەیی خەبات دا، دەبێت بەباشی ئەرکی میژووی خۆیان بەڕێوەبەرن و پێناس و توێژینەوەیەکی سەردەمیانە لەسەر چەمکی گەشەکردن و دامەزراندنی کیانی سیاسی کورد بکرێ و بەرچاوروونی سیاسی کە پەیوەندی بە دیالۆگی ئاشتی کورد لە گەڵ ئەو حکوومەتانەی کە وڵاتی کوردنیان بەزۆر بە سەرخۆیاندا لەکاندوەو باس و ڕاویژی ڕۆشنبیری گەورەیی لە بارەوە پێک بێنن و هەرلەوپەیوەندیەشدا هانی میدیایی ئازادی کوردی بدرێ لەو هەلومەرجە زێڕینەی کە بۆکورد هاتۆتەپێش لە ئاستی نێونەتەوەییدا ڕۆڵی گرینگ و هەستیاری خۆی بگێڕێ.

ئێستا مەسەلەیی سیاسی و نەتەوایەتی گەلی کورد بەپێچەوانەیی قۆناخە مێژوویەکانی ئەو یەك دوو دەیەی ئاخیری، لە هەموو رویەکەوە گەشەکردن و پێشکەوتنی بارچاوی بەدەست هێناوە لە سە ر ئاستی نێونەتەوەیدا و دەبینین کە لەوپەیوەندیەدا هەڵوێستی سیاسی زۆر وڵات گۆڕانی بەسەردا هاتووە. مەسەلەیی سیاسی و نەتەوایەتی گەلی کورد ئەمڕۆ وەک پرسیکی گرینگی و هەستیاری رامیاری سەری هەڵداوە و کەوتۆتە سەر مێزی کۆمەڵێک وڵاتی گەورەو بەنفوزی سیاسی و ئابووری دونیا کە بەردەوام ڕۆڵی بەرچاویان لەسەر رەوتی روداو هاوکێشە سیاسیە نێونەتەوەیی لە پاش کۆتایی هاتنی شەڕی دووهەمی جیهانی گێڕاوە و ژمارەیەکی زۆر کیانی نوێ لە ژێربڕیاری سیاسی ئەواندا کەوتنە سەر نەخشەی سیاسی جیهانیەوە. لەقۆناخێکی ئەتۆنویدا، بێگوومان سەرکردایەتی سیاسی و ڕۆشنبیرانی بوێرو ئازادیخوازی کورد کە باوەڕیان بە ئەسڵی پرینسیبەکانی ناسیۆنالیزمی مۆدێرنی کورد هەیە، تێ بکۆشن هەوڵەکانیان چالاکتر بکەن و لێک نیزیک بوونە و هابەشی و کۆدەنگی لەسەر بڕیاروڕاسپادرە سیاسی و نەتەوایەتیەکانیان بەلاوە گرینگ بێت و بڕیاری سیاسی لە سەر چارەنووس و شکڵی حوکمڕانی کورد لە ژێرتیشکی رووناکایی خوێندنەوەیەکی تازەدا بدرێ .

دیارە دروست بوونی ئەو هەلومەرجە مەعنەویە لە ئاستی دەرەوەدا لە بەرژەوەندی چارەسەرکردنی کێشەی سیاسی و نەتەوایەتی خەڵکی کوردستان لەلایەک و گەشەکردنی ئاستی وشیاری نەتەوایەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەدڵنیایەوە شوێنی گرینگی لەسەر حیزبەکان دانا و بە گۆڕینی شیعاری ستڕاتیژی خۆیان و بڵاوکردنەوەی بیروهزری نەتەوەیی بێگوومان دەوری وشیارکردنەوەیان هەبووە و لەو ڕێگایەوە کۆدەنگی و هاوبەشی و پشتیووانی لە نێو بزووتنەوەیی نیشتیمانیدا زۆر بارچاوترگەشەیکردوە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی باشتر لە دەوری یەک کۆکردۆتەوە.

 

ئەوەیی لە هەموو کاتێک زیاتر گەلی کورد دڵ گەرم و ئومێدەوار بە تێکۆشانی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە کوردستان دەکات لە هەلومەرجی سیاسی ئێستایی خەباتی شۆڕشگێڕانەیدا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ساغ بوونەوە و هەتا رادەیەك هاوکاری لە نێوان هێزو لایەنە سیاسیەکانی دایە کە وێڕایی ڕەنگاو ڕەنگی لە بەرنامەی سیاسی و تێڕوانین و خوێندنەوەیی جیا لە سەر بارودۆخی ئێران و گێتی، بەڵام لانیکەم لەسەر چەسپاندن و وەدەست هێنانی مافی سیاسی و نەتەوایەتی گەلی کورد لە وڵاتدا بە شکڵی فیدڕالی وەک تەنیا ڕێگایی چارەسەرکردنی گیروگرفتی نەتەوەیی لە ئێران کە وڵاتێکی فرەنەتەیەوە دەست نیشانکراوە و کورد و حیزب و ڕێکخراوەکانیش لەسەر ئەو بابەتە گرینگ و هەستیارە کۆدەنگی لە نێویاندا گەشەیکردوە و هیچ لایەک لەسەر ئەو ئامانجە سیاسی و نەتەوەیە لایان نیە و بووە بە ئامانجی سیاسی و نەتەوەیی کورد بەگشتی.

بژاردە و ڕۆشنبیرانی ئازادیخوازی کورددەبێت بایخی بارچاوتر بە وشیاری سیاسی و هزری نەتەوەیی بدەن و هەرلەوکاتەشدا وێڕایی هەڵسەنگاندن و خوێندنەوەیی بابەتیانەیی بارودۆخی سیاسی کێشەی ڕەوایی گەلی کورد، بەرچاو روونی زیاتر بخەنە پێش چاوی خەڵک و لە ڕێگایی شیکردنەوە و تووێژینەوەیی بەرژەوەندی گشتی نەتەوەیی و هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ئاستی بەرزی داواکاریە سیاسیەکانمان کە گرێدراوە بە ئاستی وشیاری سیاسی و هاوکاری و کۆدەنگی لە نێوان حیزب و ڕێکخراوەسیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بڕیار لە سەر چارەنووسی سیاسی و شێوەیی ئیدارەکردنی هەرێمی کوردستان لە ڕیگایی ڕێفراندۆمێکی ئازادەوە بدرێ.

ڕێبەری بزووتنەوەیی شۆڕشگێرانەی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بێگوومان ئەگەر لە ئێستاوە بنەمایی ستڕاتیژی سیاسی و مافەڕەواکانی بەوردی و لە سەر ئەساسی بەرژەوەدی گشتی جوولانەوە دیاری نەکات و بەخستنە بەرچاو ی نێوەرۆکی مافەڕەواکانی و دیاریکردنی سنوورو سەراوەدە جوگڕافیەکانی هەرێمی کوردستان بۆ گەلانیتری وڵات روون نەکرێتەوە و شەرمێونانە باسی کێشە ئەساسیەکان بکرێت، دەبێت چاوەڕوانی ئەو بارودۆخەنالەبارە سیاسی و ئیداریەبین کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە گەڵ دەسەڵاتی ناوەند بۆی دروست بووە و لەبەر ئەوەیی لە کاتی خۆیدا مەسەلە ئەساسیەکانیان یەك لانەکردۆتەوە، ئێستا بە قەیرانێکی قۆڵی سیاسی و ئیداری لە گەڵ حکوومەتی فیدڕالی ئێراق دەست و پەنجە نەرم دەکەن.

محەممەد سولێمانی

13.04.2013