ئێمەی کورد لە کوێی رووداوەکانین؟؟ ئەشکان محەممەدی

لە دێر دیرۆکەوە رووداوەکانی رۆژهەڵاتی ناوین راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ کاریگەریان لە سەر ئێمەی کورد هەبووە یاخود کاریگەریان لە کوردەوە وەرگرتووە. خۆڵقانی رووداوگەلێک کە چارەنووسی زۆر لایەنی بەرەو ئاقارێکی تر بردووە، بەڵام کورد لە کوێی ئەم رووداوگەلە بووە؟؟ نوختەی ئەم تێرامانە لێرەوە سەرچاوە دەگرێ ، ئێمەی کورد وەک گەورەترین گەلی بێ کیان تا ئێستا هیچ رووداوێک نەبووە بە هۆی ئەوە لە بەندی دیلیی بێینە دەر ، ئەگەر ئەزموونی ساڵی ١٩٩٢ لە بەرچاو بگرین ئەمە شیکارێکی تایبەتی دەوێ و ئەبێ وڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە کە ئەزموونی کورستانی باشوور گەیشتۆتە ئەو ئاستەی کە کورد چاوەرێیەتی؟ دامەزرانی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی بە مشور بۆ کورد؟ کە ئەوە پرسیارێکی جیاوازە. ئەوەی راستی بێ زیاتر مەبەست ئاوڕ دانەوەیە لەو رووداوانەی کە لە دەوروبەر روودەدەن.

کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان ئایا توانیویەتی خۆی وەک هێزێکی قورس نیشان بدا کە دەنگی هەبێ، بەتایبەت لە ئێستادا کە کێشەو ململانێی نێو کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی رۆژ لە گەڵ رژ قوڵتر و بەرینتر دەبێتەوە. لە دووای هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری لە ئێران دا کورد ، نە هیچ دەنگی هەبوو نە وەک لایەنێکی دژبەر خۆی نیشان دا، ئەگەر نەبوو بە پشتیوان بۆ ئەو رەوتە کە بە ناوی بزوتنەوەی سەز ناوی دەرکرد ، ئەوا کوردستان و خەڵکی کوردستان بێدەنگ و ئارام ، بوون بە چاولێکەری رووداوەکان . لە کاتێک دا ئێمە دەزانین کە کوردستان بە درێژایی چەندین ساڵ سەنگەری بزووتنەوەی نەتوەیاتی گەلی کوردە دژی کۆماری ئیسلامی. لە سەر و بەندی هەڵبژاردنەکان دا ، سیمانەی ئەوە دەکرێ کە ئەم جارەش هەروا بە بێ دەنگی کۆتایی پێ نەیە. بەڵام حیزبە کوردیەکان و خەڵکی کوردستان هەڵوێستیان چیە و چی دەبێ تا ئێستا هیچ دەنگێکی روون و ئاشکرا دیار نیە و تەنیا چاوەروانی دەکرێ کە چی روو دەدا؟ لە درێژایی مێژوو دا ئێمەی کورد چاوەرێ بووین کە رووداوەکان بە کوێ دەگەن ، ئەگەر خودی رووداوەکان ئێمەیان لە گەڵ خۆیان بردبێ ، ئەوا گۆرانکاریمان بە سەر دا هاتووە ، ئەگەر نا هیچ کات کورد نەیتوانیوە رووداوەکان بە لای قازانجی خۆی دا بشکێنێتەوە. هەڵوێستی کورد چی دەبێ لە کاتێک دا هێزێک، یان بزووتنەوەیەکی نارازی لە ئێران دا سەر هەڵ بداتەوە لە دوای هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری؟؟ کورد دەبێ بەشداری هەڵبژاردن بکا یان نا؟ بەشی کورد لە هەڵبژاردن دا چی دەبێ؟ ئایا لە راستی دا خودی بەشداری کردن لە هەڵبژاردن دا رەوایی نادا بە حاکمیەتی داگیرکارانەی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان؟ ئەمرۆ کورستان بە گشتی تووشی دامرکانێک بووە، کە نە دەتوانێ دەنگی خۆی بەرز بکاتەوە و نە دەتوانێ ، ببێ بە گرێ کوێرەیەکی گەورە بۆ دەسەڵاتی ئێران. سەرکردەکانی کورد بە تایبەت کە دەبێ نەخشی رێبەرێکی پێشرەوی چالاک بنوێنن ، تا ئێستا هیچ پرۆژە بەرنامەیەکیان نەبووە بۆ خەڵک و بۆ حیزبەکان. رێبەریەکی پاسیڤ کە زۆرتر چاوەروانە تا ئەوەی چاوەروانی لێ بکرێ. ئەگەر هەلومەرجێک لە ئێران دا بێتە پێش و وەک رووداوێکی کاریگەر چاوی لێ بکرێ ، هەمان رەوتی باوی مێژوو روو دەداتەوە ، کە ئێمەی کورد لە کوێی رووداوەکانین؟ لە چاوەروانیەکی قووڵ دا کە ناتوانین کاریگەریمان بە سەر رووداوەکانەوە هەبێ. شرۆڤەی حیزبە کوردیەکان چی بوو بۆ بزووتنەوەیەک کە بە بزووتنەوەی سەوز ناوی دەرکرد؟ ئایا بزووتنەوەی سەز کۆتایی هات یان کۆماری ئیسلامی تووانی بە قازانجی خۆی کۆنترۆڵی بکا؟ بۆ حیزبە کوردیەکان نەیان توانی قورسایی خۆیان بخەنە سەر ئەو بزووتنەوەیە؟ لە ئێران دا بزووتنەوەیەکی کارای دژی کۆماری ئیسلامی سەری هەڵدا ، کە جەماوەرێکی بەرچاوی خەڵکی لە پشت بوو ، کە نەک تەنیا پشتیوانی موسەوی و کەروبی نەبوو بەڵکوو لە هەناوی خۆی دا ، جێگای موسەوی و کەرووبی نەدەکردەوە ئەگەر هەمان بیر و فکرو هزری کۆماری ئیسلامیان لە مێشک دا بایە، بزووتنەوەی سەوز لە ئەنجامی بێ هێزی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی دا لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە کۆنترۆڵ کرا . هەشت ساڵ دوای ئەو رووداوە و رووداوەکانی تریش. حاڵی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی لە چی دایە؟؟ ئەگەر وڵامی ئەو پرسیارە بدرێتەوە ئەوا جێگای دڵ ساردیە. لە دوای هەڵبژاردنەکانی ئەم جارە ، تێبینی ئەوە دەکرێ کە ئەحمەدی نژاد و نێزیکەکانی، ببنە لایەنێکی نارازی لە کۆماری ئیسلامی لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دا. بەو هۆیە کە ئەحمەدی نژاد دەیەوێ کەسێکی نێزیکی خۆی بۆ پۆستی سەرۆککۆماری کاندید بکا ، کە پێشبینی ئەوە دەکرێ ، ئەو کەسە ئەسفەندیار رەحیم مەشایی بێ، کە پێش هەموو شتێک بۆ وەرگرتنی سەڵاحیەت تووشی کێشە دەبێ. کە ئەگەر رەددی سەڵاحیەت بکرێ، ئەوا ئەحمەدی نژاد و دار و دەستەکەی هەروا بێدەنگ دانانیشن و هەڵوێست دەگرن. یەکێک لەو بەرنامانە کە ئەحمەدی نژاد لە بەرچاوی دەگرێ و تا ئێستا دووبارەی کردۆتەوە دژایەتی کردنی راستەوخۆی رێبەری ئێرانە. بۆ خۆ نیشان دان ، بەرێوەبردنی بەرنامەیەکە بە ناوی رێز گرتن لەو کارمەندانەی کە لە پشووی نەورۆز دا لە سەر کارەکانیان بەردەوام بوون و پشوویان وەر نەگرتووە، کە قەرارە لە مەیدانی ئازادی تاران بەرێوە بچێ. هەرچەندە دژایەتی پۆلیسی ئێرانی لە گەڵ بوو. کە ئەوە دەتوانێ هەڵگری ئەو پەیامە بێ کە خەڵک لە گەڵ دەوڵەتی ئەحمەدی نژادە. بۆ ئێمەی کورد گرنگ نیە کە سەرچاوی رووداوەکە کێیە و لە کوێ دەست پێ دەکا، بەڵکوو سەنگ و قوورسایی کوردە لە سەر رووداوەکان. بتوانین ئەو رووداوانە بە قازانج و بەرژەوەندی خۆمان بگۆرین. ببین بە هێزێکی کارای بەرچاو کە دەنگی کورد وەک گەلێکی زوڵم لێکراو دیار بێ. رێبەرەکانی کورد بتوانن ، بە شێوەیەکی پراکتیکی بەرنامەکان لە قازانجی کورد بەرێوە بەرن و خەڵک بێننە مەیدان بە دژی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی .