ڕۆڵی دوکتور قاسملوو لە بەجیهانیی کردنی کێشەی کوردو بێلوتفی زۆرمان!محەممەد سولێمانی
مێژووی نوێی شۆڕشی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، شاهیدی ڕۆڵی بەرچاو و بوێرانەی دوکتور قاسملووی نەمرە لە نێو ئینترناسیوڵ سۆسیالیستو ئامانج لە هەوڵدان بۆ چوونە نێو ڕێکخراوەیەکی ئەتۆ لە ئاستی دەرەوەدا بەجیهانی کردنی کێشەی سیاسیو نەتەوایەتی جووڵانەوەی ڕزگاریخوازی خەڵکی کوردستان بوو.
دوکتور قاسملوو ئەگەر ڕێژیمی ئاخوندیو مرۆڤ کۆژەکانی بە پیلانی تیرۆریستی شەهیدیان نەکردبایە، بێگومان ئەو نەخشە ڕێگای کە وەك ئامانجی گرینگی کاری دیپڵۆماسی خستبوویە دەستووری کاری سیاسی لە ئاستی نێونەتەوەیدا، بەمەبەستی گەیاندنی کێشەی کورد بۆ نێو ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان تێدەکۆشاو دەستی بە هەنگاونان کردبوو لە ڕێگای دۆستەکانییەوە.
هەوڵەکانیشی هەر بەو ئاڕاستەیەدا لەنێو ڕێکخراوی ئینترناسیۆڵ سۆسیالیستدا زۆرتر چڕ کرد بۆوە، هەتا لە ڕێگای دۆستە ئوروپاییەکانیدا کە ئەندامی ئەو ڕێکخراوە جیهانییەن، کێشەی سیاسی کورد بگەیەنێتە نێو کۆڕی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانو لەو میمبەرە جیهانیەوە باس لە مێژووی سیاسیو نەتەوایەتی بزووتنەوەی نیشتمانی گەلی کوردو ئامانجە سیاسیەکانی بکات. ئەو کارەساتە گەورەیەی کە بەسەر گەلی کوردو وڵاتی کوردستان داتووە، وەك دابەشکردنو بەزۆر لەکاندنی خاکی کوردستان بەسەر چوار دەوڵەتی بەهێزی ناوچەکەدا، یەکێک لەو باسە گرینگانەی دوکتور قاسملوو بووە لەنێو کۆڕو کۆمەڵە پێشکەوینخوازو لایەنگرانی سەقامگیرکردنی دێمۆکڕاسی.
پێکهاتنی کۆمیتەی تایبەت بە کورد لە نێو ڕێکخراوی ئینترناسیول سۆسیالیست لەساڵی ٢٠١٣ی زاینییدا دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سەردەمەی کە دوکتور قاسملوو بۆ یەکەمجار لە مێژووی سیاسیی کورد دا دەرگای ڕێکخراوەیەکی ئەوتۆی بەسەردا کرایەوە، بەڵام زۆر گرینگە بزانین ڕۆڵی ئەو کۆمیتەیە چیەو ئامانجی سەرکیان چی دەبێت لە پاش مەرگی ڕێبەرو گەورە پیاوی مێژووی سەردەمی نوێی جووڵانەوەی ماف ویستی گەلی کوردستان. ئەگەر بێتو ئەو ستڕاتیژییە سیاسیو دیپڵۆماسییەی کە دوکتور قاسملوو دایڕشتبوو پێش لە مەرگی نابەوەختی خۆی، دەسکەوتێکی گەورە دەبێ بۆ کورد کە هەوڵەکانیان بەو ئاڕاستەیەدا چڕ بکەنەوە کە کێشەی کورد بگاتە سەر مێزی کۆڕوکۆمەڵە نێونەتەوەیەکان بەشێوەی گشتی کە هەلومەرجەکێکی زێڕینی لە ئاستی دەرەوەدا بۆ ڕەخساوە.
وەڤدی نوێنەرایەتیی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران کە بەشداری ئەو کۆبوونەوەیە بوون، دەبوو پێشنیاری ئەوەیان کردبا کە ناوی ئەو کۆمیتەی کە تایبەت بە کورد پێکهاتووە لە هێزە سیاسییە کوردستانییەکان بەناوی” شەهید دوکتور قاسملوو “نێودێر کرابا، وەك ڕێزو وەفایەک بۆ هەوڵو خەباتی بێوچانی لەنێو ئینترناسیۆناڵ سۆسیالیست دا.
ئەو سەرکەوتنە سیاسییەی کە ئێستا بەدەستی کوردو هێزەسیاسییەکانی دێت، ئاکامی ئەو بەرچاو روونییە سیاسیو مێژووییە کە دوکتور قاسملوو لەنێو ئەندامانو لایەنگرانی ئەو ڕێکخراوە جیهانییەدا پێکیهێنابوو. بەرلە رووداوە سیاسیو ئیدارییەکانی وڵاتانی سۆسیالیستی کە بەرهەمی ڕیفۆرمی سیاسیو ئابووری لە پێش ساڵی ١٩٨٩ی زاینییدا لە ئورووپا بەشێوەیەکی بەرچاو رویانداو جەوهەری تێڕوانینو پێوەرە سیاسیو پەیوەندییە جیهانییەکان کەوتنە ژێژ تەوژمی ئەو گۆڕانکارییەوە.
دوکتور قاسملوو بەهۆی بیرمەندی، دووربینیی سیاسیو دێمۆکڕات بوونی، دۆستی گرینگی لە ئاستی دەرەوەدا بەمەبەستی پشتیوانیو لایەنگری کردن لە مەسەلەی کورد پەیدا کرد بووو زۆر بە هاسانی لە کاتی دانیشتنو کۆبوونەوەدا شوێنی لەسەردادەنانو سەرنجو تێڕاونینە سیاسیو کۆمەڵایەتییەکانی گەورە پیاوی مێژووی نوێی گەلی کورد دوکتور قاسملوو لەسەر مەسەلە گرینگو کێشە نێونەتەوەیەکانبە هێند وەردەگیراو زۆر بەسەرنجەوە گوێڕایەلێ باسو هەڵسەنگاندنە سیاسی، ئابووریو کۆمەڵایەتییەکانی دەبوون.
دیارە بەهۆی پێکهاتەی سروشتی سیاسیو ئامانجەکانی ئەو ڕێکخراوەیە بووە کە دوکتور قاسملوو هەوڵیداوە بۆ ئەوەی لە نێویان دا شوێنی خۆی بکاتەوە هەتا پرسی کورد بەرەو پێشەوە بباو زەمینەی ئەوە دروست بکات بۆ ئەوەی پرسی ڕەوای کورد بگەیەنێتە سەر مێزی ئەو وڵاتە گەورەو بەنفوزانەی دونیا کە شوێنو جێگای پەنجەیان بەسەر مەسەلە هەستیارو هاوکێشە سیاسیەکاندا لە جیهاندا هەبوو.
دوکتور قاسملوو وەك سکرتێری گشتیی حیزبی دێمۆکڕات، وێڕایی ڕێبەریی کردنی جوولانەوەی نیشتمانیی خەڵکی کوردستان لە نێوخۆی وڵات، لە بەرانبەر سیاسەتی سەرکوتو دیکتاتۆرانەی ڕێژیمی ئاخوندیی ئێران، لە گەرمەی شەری ساردو بێلوتفی وڵاتانی سۆسیالیستی سەبارەت بە کێشەی سیاسیو خەباتی ئازادیخوازانەی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا. لەو قۆناخە سەختەی کاری سیاسیو دیپڵۆماسیدا، قاسملووی نەمر زۆر لێبڕاوانە تێکۆشا بۆ ئەوەی جووڵانەوەی ڕزگاریخوازی خەڵکی کوردستان لە ئاستی دەرەوەدا گەشەی پێبداو بیروڕای هێزو کۆمەڵگا دێمۆکراتیکەکان بۆ لای مەسەلەی کورد ڕابکێشێ. دیارە لەو کاتەدا ئەوەندە ئاسان نەبوو کە بە هەموو ئامانجەکانی بگات لە کارو خەباتی دیپلۆماسی سیاسی، بەهۆی ئەو هەلومەرجە نالەبارەی کە زاڵبوو بەسەر پەیوەندیی وڵاتاندا، چونکە لە گەرمەی جیهانی دوو جەمسەریو ئاڵۆزیی سیاسیو ناڕوونیی هاوکێشە سیاسیو کۆمەڵایەتییەکانی ئەو سەردەمەدا زۆر دیار نەبوو کە کام لایەنی شەری سارد براوەیی ئەو هاوسەنگە سیاسیو ئابوورییە دەبێ لە ئاستی دونیادا، بەڵام سەرەڕای ئەو بارودۆخە کە بەسەر هەلومەرجی گیتیدا زاڵببوو، توانیبووی زۆر ژێرانە دۆستی ناودارو بەنفووز لە وڵاتانی ئوروپاو ئەمریکا کە شوینی گرینگیان لەسەر سیاسەتی وڵاتەکەیان هەبوو، بکات بە دۆستو لایەنگری خەباتی ڕەوایی گەلی کورد لەپێناو گەیشتنی بە مافی سیاسیو نەتەوایەتی خۆیدا.
خەباتو تێکۆشانی دوکتور قاسملوو لە نێو ڕێکخراوەی ئینترناسیونال سۆسیالیستدا وەك ڕێبەرێکی دێمۆکڕاتو پێشکەوتنخواز کاریگەری لەسەر خوێندنەوەو تێڕوانی ئەو ڕێکخراوەیە داناو گرینگیو هەستیاریی مەسەلەی کورد وەك کێشەی گەلێکی گەورە، شوێنی خستە سەر سیاسەتو هەڵویستی ئینترناسیول سۆسیالیست سەبارەت بە جووڵانەوەی ئازادیخوازیی کورد. ئەو زنجیرە کۆبوونەوانەش کە لە کوردستان پێکهاتوون بەرهەمی خەباتو ماندوو بوونی دوکتور قاسملووی ڕێبەرن.
بەدوای ئاڵوگۆڕە سیاسیو کۆمەڵایەتییەکانی ئوروپا کە لە هەشتاکاندا زەمینەی سەرهەڵدانو گەشەکردنی بە شێوەیەکی بەربڵاو لەنێو وڵاتانی سۆسیالیستیدا بەئارامی زەمینەی بۆ دروست ببوو.هەر لەو پەیوەندییەدا دەرکەوتنی خاڵی لاوزی سیاسیو ئابووریی وڵاتانی سۆسیالیستی لەو قۆناخەی خەبات دا، بێگومان زەمینەی گەشەکردنی بیری ئازادیو سەربەستیی گەلانی جیهان زەمینەی گونجاوتری بۆ ڕەخسا. دوکتور قاسملوو بەر لە سەرهەڵدانی ئەو ڕیفۆرمە سیاسیو ئابوورییەی کە پاشان ڕوخساری سیاسی ئوروپاو ئاسیای بەتەواوی گٶڕیو زۆر وڵاتی نوێ بەدوای داڕمانی بڵۆکی سۆسیالیستیدا کەوتنە سەر نەخشەی سیاسیی جیهانەوە پێشبینی ئەو قۆناخە سیاسییەی کردە بوو.
دوکتور قاسملوو دەمێک بوو هەڵسەنگاندنو تووێژینەوەی ئەو بارودۆخە سیاسیەی جیهانی کوردبوو و بە پێشکەش کردنی “کورتە باسێک لەسەر سۆیسالیزمی دێمۆکراتیک” هەموو پێوەرو چەمکە فیکرییەکانی بە شێوەیەکی سەردەمیانە وێرایی ڕەخنە لە سیستەمی سیاسیو کۆمەڵایەتیی وڵاتانی سۆسیالیستی، رێگای ڕزگاربوون لە قەیرانی خستبوو بەرچاوی کۆمەڵگای نێونەتەوەییەوە.
هیوا خوازین ئەو کۆمیتەی کە تایبەت بە کوردەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان پێکهاتووە لەنێو ڕێکخراوی ئینترناسیۆناڵ سۆسیالیستدا ئەو دەورو ڕۆڵە مێژوویو نەتەوەییە بگێڕی کە دوکتور قاسملوو لە هەشتاکاندا نەخشە ڕێگای بۆ داڕشتبوو.
17.04.2013