بۆ یادی ١١ ساڵەی ماڵپەری گیارەنگ. محەممەد خادمیانی

بە بۆنەی هەڵکردنی ١١ هەمین مۆمی دامەزراندن و دەستبەکارکردنی ماڵپەری گیارەنگ پیرۆزبایێکی گەرم لە برای بەرێز و هاورێی خۆشەویستم کاک حەمەرەسوڵ کەریمی، دامەزرێنەر و بەرێوبەری ماندونەناس و هاوکاران و هەمو نووسەران و خوێنەرانی دەکەم.

١٠ ساڵ چالاکی بەردەوام و بێ پسانەوەی ماڵپەری گیارەنگ وەک ماڵپەرێکی نەتەوەیی سەلمێنەری ئەو راستیەیە کە توانیویەتی بە تەرخانکردنی کات و ژیان خۆی، خۆبەخشانە ئەرک و پرینسیپەکانی راگەیاندن و رۆژنامەگەری ئەلکترونیک بەجێ بگەیێنێت و نەک هەر لە ناو کانگای کۆمەڵگا بەڵکو لە ناو دڵی خوێنەرانیش جێگەی خۆی بکاتەوە. لە ماوەی دە ساڵ هاوریێەتیم دەگەڵ ماڵپەری گیارەنگ ٣ پرنسیپی نەگۆر دێنە بەرچاو: ماڵپەری گیارەنگ ماڵپەرێکی نەتەوەیی و نیشتمانیە و لە خزمەت پەرەپێدان و پێشخستنی زمان و زانیاری و زانست و بەرژەوەندی باڵای کورد دایە. گیارەنگ ئەمانەتدارە و بە ئەوپەری ئەمانەتەوە بێ سانسۆر و دەستێوەردان بابەتەکان بڵاودەکاتەوە. ماڵپەری گیارەنگ وەک ماڵپەرێکی رەنگین و رەچەشکێن و پێشەنگ دەرگای بۆ هەمو بیر و بۆچونەکان ئاواڵایە.
دامەزراندن و بەرێوەبردن و بەرۆژکردنی ماڵپەری سەربەخۆ و تاکەکەسی لە دەرەوەی کوردستان ئەگەر کارێکی بێوێنە نەبێ، کەم وێنەیە. توانایی و ورەی بەرزی شورشگێری و پێشمەرگانەی کاک حەمەرەسوڵ لە سازکردنی پێگەیێکی پێویست و پیرۆزی راگەیاندنی سەردەمیانە و پردێکی پەیوەندی پان و بەرین جێگای پێزانین و سوپاس و ستایشە. هیوای بەردەوامی و بەروپێشچونی زیاتر بۆ کاک حەمەرەسوڵ و هاوکارانی دەخوازم و ئاواتمە دڵسۆزان و شارەزایانی نیشتمانەکەمان لە دەوڵەمەندکردن و پەرەپێدان و پر ناوەرۆک کردنی ماڵپەری گیارەنگ هاوکار و هاوخەباتی بن.

بە هیوای سەرکەوتنی زیاتر

محەممەد خادمیانی