ماڵپەڕێک، وێنەی نەتەوەیەک. ئازاد عەباسیان

بە خۆشحاڵیەوە دەبینین ئەمڕۆکە هەوڵی زۆر دەدرێ بۆ دەوڵەمەندتر کردنی راگەیاندنی کوردی. دڵسۆزانی زمان و راگەیاندنی کوردی بە شێوەی جۆراوجۆر تێدەکۆشن بۆ بەرەو پێشچونی راگەیاندنی کوردی. ئەگەر چی ئێستاکەش هیچیان بێ کەم و کوڕی نین. یەکێک لەو ماڵپەڕانە کە بە تەواوی لە خزمەتی زمان و هەواڵ و مێژووی کورد دایە، ماڵپەڕی گیاڕەنگە. ماڵپەڕی گیاڕەنگ ماوەی دە ساڵە بێ وچان لە تێکۆشان دایە و رۆژ بە رۆژ سەرکەوتنی ئەو ماڵپەڕە بۆ خزمەت کردن بە رێزمانی کوردی و راگرتنی مێژووی نەتەوەکەمان دەبینین. ماڵپەڕی گیاڕەنگ لە چەند بەشی گرینگ پێکهاتووە کە هەر بەشە و تایبەندمەندی خۆی هەیە.

لێرە دا من دەمهەوێ ئاماژە بە چەند بەشێکی ئەم ماڵپەڕە بکەم:

بەشی شەهیدان یەکێک لەو بەشە سەرنج راکێشانەیە کە دیاریێکە بۆ بنەماڵەی ئازیزی شەهیدان و رێز گرتنێکە لە خەباتی راستەقینە شەهیدانی گەل. بێگومان هەموو دەزانین کە شەهیدان سونبولی ئازایەتی و فیداکارین بۆ نەتەوەی بندەستی کورد. رێز گرتن ولە بیر نەکردن و درێژەدانی رێگەی ئەو نەمرانە ئەرکی سەرشانی هەمووانە. ئەم ماڵپەڕە بە ئەرکی سەرشانی خۆی زانیوە کە ناو و یادی ئەو شەهیدانە هەمیشە زیندوو رابگرێ و بە نەوەی نوێی گەلەکەمانی بناسێنێ. ئەمە خۆی جێی شانازی و دەستخۆشەیە بۆ ستافی بەڕێو بەری ئەو ماڵپەڕە.

بەشی شێعری کوردی یەکێک لەو بەشانەیە کە شێعری حیماسی و نەتەوەیی لە خۆی دەگرێ . شێعری حیماسی هەر دەم هاوڕێی خەباتکاران و شۆڕشگێران بووە و شان بە شانی پێشمەرگە ناوی لە خەبات دا هەبووە. ناساندن و لە بیر نەکردنی ئەم شێعرانە یەکێک لە کارە پیرۆزەکانی ئەم ماڵپەڕەیە و هیوادارین کە ئەم ماڵپەڕە بتوانێ لە داهاتوو دا لەو گۆشە دا لە شێعری شاعیرانی گەلەکەمان وەک نالی و مەحوی و مەولەوی و ….. کەڵک وەربگرێ و بڵاویان بکاتەوە.

هەر لەم ماڵپەڕە دا گۆشە و بەشێک کراوەتەوە کە سرودە شۆڕشگێریەکان لە خۆ دەگرێ. هەمووان دەزانین کە سرودی شۆڕشگێری هاندەرێکی بە وزەیە بۆ بەرەو پێشچونی هەستی نەتەوایەتی. هەر نەتەوەیێک خاوەنی کۆمەڵێک سرودی شۆڕشگێریە کە گەلی کوردیش لەو خاوەندارییە بێ بەش نیە. سرودی شۆڕشگێری گێڕانەوەی چیرۆکی راستەقینەی خەبات و بەرخودانە. ماڵپەڕی گیاڕەنگ زۆر بە باشی ئەو ئەرکە بەڕێوە دەبا.

بەشێکی دیکە لەم سایتە کە بۆ من و زۆر کەسی دیکە جێی سەرنجە و زۆری کەڵک لێ وەردەگیردرێ،بەشی تەختە کلیدی زمانی کوردیە. لەم ماڵپەرەدا ئاسانکاری کراوە بۆ نووسینی دروست بە رێزمانی کوردی. ئەمە خۆی خزمەتێکی مەزنە بە زمان و رێزمانی کوردی. هەر نەتەوەیێک بە باشی نەتوانێ بە زمانی دایکیی خۆی بنووسێ، ئەوە توشی گرفتێکی گەورە بووە .

بەداخەوە نەبوونی سەرچاوەیێکی دەقیق و نەبوونی فێرگەیێکی رەسمی لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بۆتە هۆی ئەوەی کە بەشێکی زۆر لە دانیشتوویانی رۆژهەڵات نەتوانن بە باشی بنوسن و بخوێننەوە. زۆر کەس لە رێگەی ئەم ئاسانکارییەوە کە ماڵپەڕی گیارەنگ کردوویەتی، توانیویانە بە باشی فێری نوسینی کوردی ببن کە ئەمە جێگەی خۆشحاڵیە و جێی سپاسە بۆ ماڵپەڕی گیاڕەنگ کە بەم شێوەیە ئاسانکارییەی ساز کردووە.

لە کۆتایی دا بە بۆنەی دە ساڵەی دەستبەکاربوونی، پیرۆز بایی لە بەڕێوبەری ماڵپەڕی سەربەخۆی گیاڕەنگ دەکەم و هیوادارم لە هەر رێگەیێکی پۆزتیڤەوە کە بتوانێ خزمەت بە زمان و رێزمانی کوردی بکا، تێبکۆشێ.