ڕاستکردنه‌وه‌ی شێعرێکی هێمن له‌سه‌ر وێنه‌یه‌کی دەگمە‌نی خۆی. برایم جه‌هانگیری
هێمن شاعیری نه‌مر و هه‌ست ناسکی کورد، شاعیری گه‌ل و خۆشه‌ویستی گه‌ل، وێنه‌یه‌کی یه‌کجار ده‌گمه‌ن و جوانی هه‌یه که خودی وێنه‌که خۆی هه‌ڵگری په‌یامێکی ئینسانی و شوێندانه‌ره. “هێدی”ی خۆشه‌ویست ده بابه‌تێکدا ڕوونی کردبۆوه کە ئه‌و وێنه نایابه به ده‌ستی کاک “عومه‌ری ڕه‌شیدزاده” کێشراوه. هه‌ر بۆیه کاتێ باسی ئه‌و وێنه‌یه ده‌کرێ، وا جوانتره نێوی خوڵقێنەری ئەو وێنە هونەرییە لە بیر نەکرێ.
له‌مێژه ئه‌و وێنه‌یه به‌و بەیتە شێعره دەسکاریکراوەوە بڵاو کراوەتەوە و کەوتۆتە به‌ر دیده‌ی خۆێنه‌ران:
شیوه‌نی من شیوه‌نی ئینسانییه
بانگی ئازادی و گرۆی یه‌کسانییه
ئه‌م وێنه‌یه به‌م نووسراوه‌یه و به‌و هه‌ڵه‌یه زۆر که‌سی تووشی هه‌ڵه کردووه. له‌م چه‌ند ڕۆژه‌ی ڕابردوودا منیش ئه‌و وێنه‌یه‌م دانا که شێعره‌که‌ی به هه‌ڵه لە سەرە؛ له نووسینه‌که‌ی خۆمدا من بە دروستی شێعره‌که‌م نووسی؛ واته له جیاتی “گرۆ” نوووسیم “گڕوو”. که‌چی له دوای ئه‌وه‌ی وێنه‌که‌م دانا دیتم له سه‌ر وێنه‌که نووسراوە “گرۆ”! ده‌سبه‌جێ “گڕوو”ەکەم کرده “گرۆ” و دامنا‌وه. ئه‌گه‌رچی باوه‌ڕم به‌وه نه‌بوو که “گرۆ” ڕاست بێ و بۆم بوو به فکر باشه ئه‌دی چۆن من ئه‌و هه‌مووه ساڵه ئه‌و وشەیەم هه‌ر به “گڕوو” خوێندۆته‌وه؟! هێنده‌ی پێنه‌چوو “هێدی” په‌یامی بۆ ناردم که “گرۆ” هەڵەیە و “گڕوو” ڕاسته. دیسان سه‌ر له نوێ “گرۆ”م لابرد و “گڕوو”م داناوه، به‌ڵام ئه‌و جاره‌یان دڵخۆش بووم که لانی که‌م من چه‌ند ساڵه له خوێندنه‌وه و تێگه‌یشتنی ئه‌و شێعره به هه‌ڵه نه‌چووم. له هه‌مان کاتدا بڕیارم دا ئه‌و وێنه‌یه بنێرم بۆ دۆستی خۆشه‌ویستم کاک “ڕه‌حمانی نه‌قشی” و داوی لێ بکه‌م ئه‌و هه‌ڵه‌یه له‌سه‌ر وێنه‌که چاک بکا و بۆم بنێرێته‌وه.
له‌م شێعره دا “گرۆ” هه‌ڵه‌یه، ئه‌گه‌رچی چوونکه باس باسی ئازادی و یه‌کسانییه، ڕه‌نگه مرۆڤ وای بۆ بچێ که “گرۆ” له‌وێدا له جێی خۆیدایه و دروسته، چوونکه ده‌کرێ ئه‌و شیوه‌نه له جێگایه‌کی دیکه دا ببێته “گرۆ” و کێ به‌ر کێ بۆ وه‌ده‌ستهێنانی ئه‌و ئازادی و یه‌کسانییه؛ به‌ڵام کاتێ مامۆستا هێمن باس له شیوه‌ن ده‌کا، باس له شیوه‌نی ئینسانی ده‌کا، باس له شیوه‌نی کوردی بێبه‌ش ده‌کا، ئه‌و کات ده‌بێ ئه‌و “گرۆ”یه ببێته “گڕوو”، واته گڕووی منداڵ، گڕنه گرتن. که واته ئه‌و دێڕە شێعره به‌م شێوه‌یه‌ی له سەر وێنەکە ده‌بینرێ هەڵەیە و دەبێ ئاوا بێ:
شیونی من شیوه‌نی ئینسانییه
بانگی ئازادی و گڕووی یه‌کسانییه