١ی مای ڕۆژی کرێکاران و دۆخی ئەو چینە لە کۆمەڵگای ئێران! لە نوسینی: ئاریتما موحەممەدی

هۆکاری دانانی ڕۆژی ١ی مای بۆ ئەو خەبات و تێکۆشانەی کرێکاران لە شیکاگۆی ئەمریکا دەگەڕێتەوە کە لە چواری مانگی مای لە ساڵی ١٩٨٦ زایینی دەستیان بە مانگرتن کرد و نە چوونە سەر کارەکانیان. لە ئاکامی ئەو مانگرتنەدا پۆلیس هێرشی کردە سەر کرێکارانی ماندوو و تێکۆشەر و دەیان کرێکاریان لە گرتووخانەکاندا بەند کرد و چوار لەو کرێکارانەش لە سێدارە دران و سەدان برینداریشی لێکەوتەوە.

گرینگترین ویست و داخوازییەکانی کرێکاران هێنانە خوارەوەی کاتژمێرەکارییەکان لە ١٠ کاتژمێر بۆ ٨ کاتژمێر بوو.

ئەو هێرشەی پۆلیس بۆ سەر کرێکاران و هاوکات هەوڵدان و بەرخۆدانی کرێکاران لەو سەردەمەدا بووە سەرەتای دەسپێکی خەباتێکی گشتگیر بۆ بەدەست هێنانی مافی کرێکاران لە هەموو قوژبنەکانی جیهان.

لەو کاتەوە تاکوو ئیستا خەبات و تێکۆشانی کرێکاران دەیان قۆناغی پڕ لە چەوسانەوە و چەرمەسەری بڕیووە. بە خۆشیەوە لە بەشێک لە وڵاتانی دوونیا هەنوکە کرێکاران بە بەشێک لە مافەکانیان گەیشتوونە و لەو پێناو دابین کردنی مافەکانیان بەند و مادەی تاییبەت لە یاساکاندا جێگیر کراوە. لەم سەردەمەشدا کە بە سەردەمی گلۆبالیزم ناو دەبرێت، خەباتی کرێکاران لە پێناو مافەکانیاندا لە بەشێک لە وڵاتانی جیهان بەرفراوان بووە. هەنوکە کرێکاران سەندیکا و ڕێکخراوی تاییبەت بۆ خۆیان هەیە و دەسەڵاتیش پشتیوانی لە هەوڵەکانی کرێکاران لە بەرامبەر سەرمایەداران دەکات، ئەو دۆخەش کۆتایی پێهاتووە کە کرێکاران تێدا دەچەوسانەوە و وەک “دیل” لە گەڵیان هەڵسوکەوت دەکرا.

بەڵام ئەگەر چاو لە دۆخی کرێکاران لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین بکەین ئەوا دەبینین کە ئیستاشی لە گەڵ بێت کرێکاران بە دەست سەرمایەداران و داگیرکەرانەوە دەچوسێنرێنەوە و مافەکانیان لێ زەوت دەکرێت.

دۆخی کرێکاران لەو وڵاتانەی کە نەتەوەیی کوردیان بە سەردا لەت کراوە زۆر ئالۆز و ناجێگیر و پڕ لە چەرمەسەری و هەورازونشیووە.

نەتەوەی کوردیش وەک یەکێ لەو نەتەوانە کە لە بەر هۆکاری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری نەتەوەی داگیرکەر پێش بە بەرەپێشەوە چونی گرتووە و دەفەرتی باشی ئابوری بۆ پێک نەهێناوە کە خۆی لەو دۆخە نالەبارە ڕزگار بکات و هەردەم بە پیلانی نێودەوڵەتی و ناوچەیی و بە کولتوری داگیرکەری هەلومەرج و دەۆخەکەیان بۆی ئاڵۆزتر کردووە.

ئەگەر باس لە مافی کرێکاران لە جیهان بکەین و پشتیوانی لە داواکاریەکانی ئەو چین و توێژە لە کۆمەڵگا بکەین، بێگومان دەبێت مافی نەتەوەیی کوردیش لەو پێوەندییەدا بێتە گۆڕێ.

هەنوکە لە کوردستاندا لە سەدا ٩٠ی خەڵکی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و باکوور و ڕۆژئاوا کرێکارە و کرێکاری سەرچاوەی بژێویی ژیانی ئەوانە. ( زۆرینەی حەشیمەتی خەڵکی کوردستان کرێکاران پێکی دێنن.)

لەو وڵاتانەی کە کوردستانیان بە سەردا دابەش کراوە هیچ جۆرە یاسا و رێسایەک بۆ دابین کردنی مافی کرێکاران لە گۆرێدا نییە و بە هەموو شێوەیەک کرێکارانی تێکۆشەر و ماندوو نەناس دەچەوسێنرێنەوە.

ئیستا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەیان کرێکاری چالاک و دەیان تێکۆشەری ڕێگای بە دەست هێنانی مافی کرێکاران لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا ڕاگیراون و دەیانی دیکە لە ژێر ناو و ناتۆرەی جیاواز لە سێدارە دران و گیانیان لە پێناو سەرەتاییترین داواکاری و مافی سەرەتایی خۆیان فیدا کردووە.

یەکێ لە هۆکارە گرینگ و هەرە بنەڕەتییەکانی سەر ڕێگای دابین کردنی مافی کرێکاران لە جیهان بە سیاسی کردنی دۆخ و مافی ئەو چین و توێژە چەوساوەیە لە کۆمەڵگا.

لە وڵاتانی دواکەوتووی وەک وڵاتی ئێران و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کاتێک کە دۆخی کرێکاران بە سیاسی دەکرێت ئیتر ئەستم و دژوارە کە لە پێناو دابین کردنی مافی ئەو توێژە لە کۆمەڵگا پەرە بە خەباتی مەدەنی بۆ بەدەست هێنانی مافیان بدەیت.

دۆخی کرێکاران لە ئێران ڕۆژ بە ڕۆژ دژوارتر دەبێت و ڕۆژانە دەبیستین کە دەیان کرێکار لە بەر هۆکاری پاراستنی ناستانداردی ” ئیمەنی” گیان لە دەست دەدەن. هاوکات هیچ یاسا و ڕێسایەک پێک نەهاتووە کە پشتیوانی لە داخوازی و دۆخی ئەو چینە لە کۆمەڵگادا بکات. بێکاری و نەبونی دەرفەتی کار لە کوردستان دیسان کێشەی بۆ کرێکاران ساز کردووە، لە سەرەتای ساڵی نوێی زایینی کاتێک کە ئابلۆقە ئابوورییەکان بە سەر ئێران نەویکران و داسەپان بێکاری پتر پەلی ڕاکێشاوە و یەخەی کرێکارانی گرتووە، چونکە بەدەر لەوە کە دەرفەتی کار نییە هەموو کەرەستە و پێداویستییەکانی ڕۆژانەش گران بونە. لێکۆڵینەوەیەکی زانستی بە شێوەیەک دەریخستووە کە ئەگەر” حەقدەستی” کرێکاران مانگانە کەمتر لە یەک میلیۆن و پانسەد هەزارتمەن بێت، خواردن و پێویستییەکانی ڕۆژانەیان بۆ دابین ناکات و لە ژێر هێڵی هەژاریدا ژیان بە سەر دەبەن. هەر وەک ئاگادارن کە هەنوکە لە ئێران “حەقدەستی” کرێکاران بە کەمتر لە پانسەد هەزارتمەن لە مانگدا تەخمین کراوە. ئەوە بەدەر لەوەیە کە ئەو بڕە پارەیەش زۆر کات دەکەوێتە مانگی دواتر، وە ئەگەر لەو بارەیەوە ناڕەزایەتی پیشان بدەن ئەوا لە سەر کارەکەیان دوور دەخرێنەوە.

لە چەند سالی ڕابردوو “حەقدەستی” مانگانەی سەدان کرێکار لە وڵاتی ئێران نەدراوە و “پەیمانکاری” کارگەکانیش لە پاش تەواو بونی پڕۆژەکەیان خۆیان لە کرێکارەکان شاردووەتەوە و شوێنەکەیان بە جێهێشتووە.

گرینگترین هۆی ئەوە کە دەسەڵات و سیستم و حوکوومەت پشتیوانی لە داخوازی کرێکاران لە ئێران ناکەن بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە هەموو “کۆمپانی” و” شیرکەت” و کاربەدەستانی “کۆمپانییەکان” سەر بە حوکوومەتن و بەتاییبەت هێزی دژە گەلی کۆماری ئیسلامی ئێران “سپا”.

یان “شیرکەت” و “کۆمپانییەکان” هی کەسانێکن کە لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا دەسەڵاتدارن، وە یان ئەو وڵاتە بەڕێوە دەبەن، هەر بەو مەبەستەیە کە پێشگری لە پێکهاتنی یاسای تاییبەت بە مافی کرێکاران دەکەن.

بۆ نمونە کەسانێکی وەک “ڕەفسەنجانی” سەرۆکی بەرژەوەندییە باڵاکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و “عەلی خامنەئی” ڕێبەری کۆماری ئیسلامی کە وەک نوێنەری خودا لە سەر گۆی زەوی دەور دەگێڕێت، هاوکات بێجگە لە خودا هیچ کەس مافی ڕەخنە گرتنی لێ نییە و هەر کەس ئەو مافە بە خۆی بدات کە لە ناوبراو ڕەخنە بگرێت بە دژی ئاساییشی نەتەوەیی و “تەناهی” پێناسە دەکرێت و گیانی دەکەوێتە مەترسییەوە، تاکوو ئیستا دەیان کەس لە ژێر ناوی ڕەخنە گرتن لە ناوبراو لە سێدارە دراون. وەک باسم کرد لە وڵاتی ئێران دەسەڵاتە ئابوریی و سیاسییەکان بەدەست ئەم کەسانەوەیە. هەر شێوە بوار ڕەقساندنێک بۆ باشتر کردنی دۆخی ژیان و گوزەرانی کرێکاران و جوتیاران بە هزری ڕۆژئاوایی پێناسە دەکریت و بە “ڕێکام” کردن بۆ هزر و کولتوری ڕۆژئاوا لە قەڵەم دەدرێت، بۆیە گیانی ئەو کەسانە لە ژیر مەترسی کوشتن و بەندکردن دا دەبێت. (لە سیستمی کۆماری ئیسلامی ئێراندا پێشگری لە ئاگادار بونەوەی کرێکاران لە مافەکانیان دەکەن، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە کرێکاران و جوتیاران لە هەمبەر ئەو دۆخەی کە ژیانیان پێدا تیپەڕ دەبێت نارازی نەبن)

لە کۆتایی ئەم وتارە کورتەدا بە پێویستی دەزانم کە ڕوانگەی خۆم لەو پێوەندییەدا بخەمە ڕوو، من پێم وایە کە تەنیا ڕێگای ڕزگاری کرێکارانی کوردستان لە ژیر دەستی و نالەباریی ئەو دۆخەی ژیانیان خەبات کردنە بۆ ڕزگاری نەتەوەیی و هاتنە کایەی دەسەڵاتێکی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەموو بەشەکانی کوردستنان کە تێیدا دادپەرەوەری کۆمەڵایەتی باڵ بە سەر هەموو کۆمەڵگادا بکێشێت.

هەروەها دەسەڵات و داگیرکەر هەوڵ دەدەن کە نەتەوەیی کورد لە بەشە ئازاد نەکراوەکان بە ژێر دەستی بهێلنەوە و ڕێگری لە ئاوەدان کردنەوەی کوردستان دەگرن و هەروەها لە هاتنە ناوەی “کۆمپانییەکان” بۆ کوردستان پێشگری دەکەن.

باشوری کوردستان لەو بوارەدا نمونەیەکی سەرکەوتووە، ئەگەر پێداچونەوەیەک بە دۆخی نالەباری ئابوری ئەو بەشەی کوردستان لە پێش بە ڕزگار بون بکەین، وڵاتێکی وێران دەبینی کە هیچ کات چاوەڕێ و پێشبینی ئەو پێشکەوتنانەی کە ئەمڕۆ بەدیهاتووە نەدەکرد. لە ژێر دەسەڵات و حوکوومەتی کوردیدا هەم دەرفەتی نوێ بۆ کرێکاران پێکاتووە، هەم بارودۆخی ژیانیان ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی بە سەردا هاتووە. بەلە بەرچاو گرتنی کەم‌وکوڕییەکانیش ئاوەدان کردنەوە و دەرفەتی نوێ بۆ کرێکاران و پێشەوەچون بەردەوامە.