زایەڵەی هاوارێک، مانای ڕاپەڕینێک، ئاکامی غەدرێک! هەیاس کاردۆ

” ئەی قارەمانان، ئەوە خوێنی ئێوەیە کە لە دڵم دا وەک ئەستێرە خوشی و ئەوینی لە من دا پەروەردە کرد. چ لەشێک بەو خوێنە ئاڵە پاک نابێتەوە؟” (شیعری: سنیە صالح، وەرگێڕانی هەیاس کاردۆ) ئارامیی دەریا جوانە، بەڵام دەریای بێ شەپۆل هەیبەتی نییە. ئاسمانی ساو دڵگوشایە، بەڵام شریخەی هەورە برووسکە و هاتنە خواری فرمێسکە بە گوڕەکانیەتی کە بێدەنگی دەشکێنێ و جموجۆڵ ساز دەکا. دەشتی ساف و بێ سنوور پیاسەی لێ خۆشە، بەڵام ئەوە کێو و تەلان، کەند و لەند و هەوراز و نشێوە کە تین و تاقەت زیاد دەکا و لەش چالاکتر ڕادەگرێ. ڕووباری ئارام و مەند هەرچەند ڕەنگێکی جوانی هەیە و سوکنایی هێنەرە، بەڵام چۆم بە کەف هەڵخڕاندن و هاش و هووشەکەیەوە مانا دەدا و ئوبووهەتی خۆی دەنوێنێ.

وەک چۆن تامی ژیان بۆ خەڵک جیاوازە، ماناکانیشی لای ئەوان فەرقیان هەیە. بەشێک، هەموو ڕۆژێ دەمرن بۆوەی ژیانی ڕواڵەتیی خۆیان ڕاگرن. بەڵام ژمارەیەک مردن دەکەنە بەڵگەی چۆنیەتیی ژیان و منەت هەڵ ناگرن. هێندێک ژیانیان بۆ سەربەردانەوە دەوێ، کەچی ژمارەیەک بە سەری بەرزیان سەر بە ژیان دادەخەن. کەسانێک مانەوە لەنێو ئاوی مەند و چەقبەستوو دەکەنە فەلسەفەی ژیان، لەکاتێکدا خەڵکانێک پێیان خۆشە دەریای ڕووح و ڕووباری لەشیان شەپۆلان بدەن و قەت بۆ تاقە ساتێک نەوەستن. بەشێک وا بە قازانج دەزانن ڕایەڵی تەونی بیر و مێشکیان بدەنە خەڵکی دیکە هەتا بە کەیفی خۆیان بۆ یان بادەن، کەچی خەڵکانێک کلیلی قفڵی بیریان وە کەس نادەن و تەنیا خۆیان دەزانن چۆنی بەکار دێنن.

ئەوانەی ٤٥ ساڵ پێش ئێستا بزووتنەوەی سەربەرزانەی ٤٦، ٤٧ یان وەڕێ خست و گۆمی مەندی ئێرانیان شڵەژاند، لەڕاستی دا ئەو دڵە جەسوور و بیرە تیژ و لەشە بەهێزانە بوون کە تەنیا مەرگ دەی توانی ڕایان وەستێنێ. ئەوان زایەڵەی هاوارێک بوون خەریک بوو بخنکێندرێ. ئەوان مانای ڕاپەڕینێک بوون خەریک بوو سەر ببڕدرێ. ئەوان بڕیاری گەلێک بوون غەدری لێ دەکرا.

بەهەر پێوانەیەک بیگرین و لەهەر دەربیجەیەکەوە چاو لەپێکهێنەرانی بزووتنەوە سەربەرزانەکەی ٤٦،٤٧ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەین ناتوانین هەیبەتی جوامێرانە و ڕووحی خۆڕاگری و بڕیاری کوردانەی ئەو کۆمەڵە تێکۆشەرە لەبەر چاو نەگرن. ئەوان ڕابوون بۆ ئەوەی شەق لەترس هەڵدەن و تابووی “نەتوانین” بشکێن. ئەوان لووتکەی بەرزی چیایان بۆ ژیان هەڵبژارد چونکە لەنزمایی بۆنیان دەگرت و لێی وەڕەز بوون. ئەوان شەقیان لەملکەچی هەڵدا و “سەربزێو”ییان کردە پیشە. ئەوان دەستیان بە خەبات کرد چونکە خەریک بوو ملیان بە داوی باریکی غەدر ببڕدرێ. ئەوان ویستیان بە دەنگی بەسامی چەکەکانیان خەڵکی لەخەوی زستانی هەستێنن و بێدەنگیی شەو بشکێنن.

کەسێک برسی بێ قەت بۆ تامی خۆش و پڕ ویتامینی خواردن ناگەرێ، ئەو دەفکری تێر کردنی زگی دایە. ئەوەی لە ژێر ئەشکەنجەی بەردەوامی جەستەیی دایە بیر لەتاریک یان ڕووناک بوونی ژووری مانەوەی ناکاتەوە، ئەو دەفکری کەمکردنەوەی ئازارەکانی دایە. فرمێسک تەنیا ئەو کاتە دێتە خوار کە دڵ هەڵ دەقرچێ. بزەش ئەو کاتە خۆی وەدیار دەدا کە گوڵی دڵ شکۆفە دەکا. مەگەر کەسانی لەژیان وەڕەز یان مالیخولیا، دەنا کەس پێی خۆش نییە خوێنی بڕژێ یان خوێن بڕێژێ. ژیان هێندە خۆشە کەس پێی خۆش نییە بە ئاسانی بەجێی بێڵێ. مادام وایە دەبێ پەی بەو ڕاستییە بەرین ئەوانەی دەستیان بۆ خەباتی چەکدارانەی ٤٦،٤٧ برد و چوونە نێو سەنگەری بەرگرییەوە دەبێ چەندە کەوتبنە نێو تەنگەژەی ژیانەوە.

سەرکەوتن یان شکست، دروستیی یان هەڵە بوونی خەبات یان کردەوەیەک دەر ناخا. دەکرێ زۆر خەباتی ڕەوا و کردەوەی دروست بە ئاکام نەگەن و شکست بخۆن. پێچەوانەی ئەوەش هەر ڕاستە. واتە دەکرێ – دیتراویشە – گەلێک هەوڵی نابەجێ و کردەوەی ناردوست بە ئاکام بگەن و سەرکەون. کۆمەڵگای ئێمە دەوەدا بەداخەوە کێشەی هەیە. یانی کاتێک ڕێز و خۆشەویستیی خۆمان بۆ خەباتێک یان هەوڵیک دەر دەبڕین کە سەرکەوتن وەدەست بێنی ئەگینا دەکەوینە پاشملە کوتانی. ئێمە کەمتر بیر و فەلسەفەی گەڵاڵە داڕێژەران و بەڕێوەبەرانی خەبات دەخوێنینەوە، زیاتر ئاکامی هەوڵەکانیان چاو لێ دەکەین.

فیدڵ کاسترۆ و هاوڕێیانی لە کووبا خەباتێکی چەکدارانەیان وەڕێ خست و لەماوەیەکی نە زۆر درێژدا سەرکەوتنیان وەدەست هێنا و دەسەڵاتی سیاسیی وڵاتەکەیان گۆڕی. سولەیمانی موعینی و دۆستانی بەهەمان سەبک و لەسەر هەمان نەزم بەڵام بۆ ئامانجی کوردایەتی لەڕۆژهەڵاتی کوردستان خەباتی چەکدارانەیان وەڕێ خست و دوای ماوەیەک خۆڕاگری و قارەمانەتی نواندن شکستیان خوارد و بەشی زۆریان شەهید بوون. ئەگەر کاسترۆ و چێ گوارا بوونە ڕەمزی ژیانی سەربەرزانە و بۆ هەتا هەتایە ناو و یادیان مایەوە، جێی پرسیارە بۆ نابێ موعینی و شەیفزادە و ئەوانەی خۆمان ئاوا بن؟ ئایا دەکرێ بڵێین رێگای ئەوان دروست بوو بەڵام هی ئەمان هەڵە؟ داخوا دروستە ئەوان بە ئازا و چاونەترس و پێشڕەو ناو بەرین و ئەمان بە ترسەنۆک و خوێڕی و دواکەتوو؟ ئەگەر خوێندنەوەمان بۆ فەلسەفەی ژیان و خەبات ئەوە بێ کە فیداکاری لەپێناو ئازادیدا قارەمانەتییە، ئیدی چاو لە ئاکامی خەباتی ئەوانە ناکەین. لە دەستپێکی کارەکەیان دەڕوانین و لەپشت سەریان ڕادەوەستین. ئەگەر سەرکەوتن خەنی لەخۆیان و شانازیی هەتا هەتاییان پێ دەبڕێ. ئەگەر شکستیان خوارد و شەهید بوون دەبنە ڕەمزی بەردەوامیی خەباتمان و خوێنیان دەبێتە ڕوون کەرەوەی رێگامان.

بە هەموو پێوەرێک خەباتی چەکدارانەی ٤٦،٤٧ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان خەباتێکی ڕەوا، ئامانجدار، خەڵکی، بە پڕەنسیپ و بیرلێکراوە بوو. یەکەم، ڕەوا بوو چونکە کورد زوڵمی لێ دەکرا و مافی زەوت دەکرا، هەر وەک ئیستاش هەروایە. بۆیە دەبوو لەبەرامبەر زوڵم و زاڵمدا ڕاوەستان و خەبات هەبێ. دووهەم، ئامانجدار بوو چونکە دەیویست لە چوارچیوەی ئێرانی ئەو زەماندا ئازادیی ژیان و مافی نەتەوەیی بۆ کورد دابین بکا. سێهەم، خەڵکی بوو چونکە لە دەرەوەڕا ساز نەکرابوو و بەرهەمی ڕاپەڕینی ڕۆڵە ئازاکانی گەل بوو. لەڕاستیدا خەڵک و پێشمەرگە یەک مانایان هەبوو و لێک جوێ نەدەکرانەوە..

چوارەم، بە پڕەنسیپ بوو چونکە بۆ دیفاع لەخۆ و تێکۆشانی خۆ ساز کرابوو و تەنیا دژی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم ڕادەوەستا و شەڕی دەکرد. ئەو بزووتنەوەیە لەسەداقەت و داوێنپاکی و کارجوانی دا نموونەی کەم بووە. پێنجەم، بیرلێکراوە بوو چونکە ڕێگاکانی دیکە تاقی کرابوونەوە و بە ئاکام نەگەیشتبوون. دەبێ لە بیرمان بێ خەباتی ئەو ڕۆڵە قارەمانانە پاشماوەی خەباتی مەدەنیی پێشەوا قازی محەممەد و هاوڕێیانی لەماوەی دامەرزانی کۆماری کوردستان و پێش ئەودا بوو کە دیتمان چۆن بێڕەحمانە سەرکوت کرا. ئینجا بەداخەوە لەباشووری کوردستانیش تەنگ بە خەباتکارانی ڕۆژهەڵات هەڵچنرابوو و ژیانیان لێ حەرام کرابوو. هەربۆیە دوای بیر کردنەوەی زۆر و هەڵسەنگاندنی هەموو پێشهاتەکان دەست بەو خەباتە کرابوو.

ڕاستە خەباتی چەکدارانەی ساڵەکانی ٤٦،٤٧ بەداخەوە سەرنەکەوت و دوای ماوەیەک تێک شکا، بەڵام ڕادەی شوێندانانی ئەو خەباتە و بەتایبەت خەباتکارانی ئەو دەورەیە لەسەر نەوەی دواتر بەڕادیەک بوو کە هەتا ئێستاش لەبیر و زەینی خەڵکدا ماوەتەوە. کەم نین ئەو کچ و کوڕە کوردانەی بە چاولێکەریی پێشمەرگەی ٤٦،٤٧ دواتر ڕێگای خەباتیان گرتە بەر و بەرگی پیرۆزی پێشمەرگەیان پۆشی. کەم نین ئەو دایک و باوکانەی لەعیشقی خەباتکارانی ئەو بزووتنەوەیە منداڵی خۆیان بەناو دەکردن و هانیان دەدان رێگای ئەوان بگرنە بەر. کەم نین ئەو نووسەر و ڕووناکبیرە کورد و غەیرە کوردانەی نیوەرۆکی خەباتی چەکدارانەو کەسایەتیی قارەمانانی ٤٦،٤٧ یان کردۆتە بابەتی نووسینەکانیان و هەرکام بە شێوەیەک لێکیان داوەتەوە. کەمیش نەبوون ئەو جاش و جاسووس و خۆفرۆش و داڵدەدەر و وەدوو کەوتووانەی لەسایەی بوونی خەباتکارانی ٤٦،٤٧ خۆشخزمەتیی تەواوی خۆیان بە هێزەکانی دوژمن نیشان دا و ژیانێکی سەرشۆڕانەیان بۆخۆیان دابین کرد. هەرچی بوو ئەو راپەڕینە نوورێک بوو لە تاریکیدا و ئەستێرەیەک بوو کە خوشی و بەداخەوە زوو ون بوو.

دەستپێکردنی خەباتی چەکدارانەی ٤٦،٤٧ لووتکەی هەڵوێستی کۆمەڵە مرۆڤێک بوو کە هەرچەند ئاسۆی سەرکەوتنیان بەڕوونی نەدەبینی بەڵام بڕیاریان دا هەوڵ بدەن تیشکی خۆر بڕژێننە نێو ژووری ژیانی کورد. ئەوان بە بەلەمێکی چووکەی بێ ئیمکان، خۆیان بە نێو دەریایەکی تۆفاناوی داکرد و ویستیان لێی بپەڕنەوە. هاوارێک کە ئەوان وەرێیان خست هەرچەند زوو دەگەروودا خنکێندرا، بەڵام زایەڵەی ئەو هاوارە ئێستاش دەگاتە گوێی ئەوانەی دەیانەوێ ببیسن. ڕاپەڕینێک کە خەباتکارانی ٤٦،٤٧ دەستیان پێ کرد و سەربەرزانە درێژەیان دا هەمان مانای چۆنیەتیی ژیان و مردنە. مانای ئەو خەباتە دەبێ لەم ڕستەیەدا بەدی بکەین: بە ئومێدەوە بۆ ئاسۆی سەرکەوتن ڕوانین. غەدرێک کە لەو ڕاپەڕینە و خەباتکارانی ئەو سەردەمە کرا غەدری مێژووییە و هیچ چاوێکی بینا و مێشکێکی وشیار نابێ لەبیری بکا. ئەوانەی لە دژی خەباتکارانی ٤٦،٤٧ جووڵانەوە و بۆ تێک شکاندنی ئەو خەباتە هەوڵیان دا، دەبێ لە خۆیان و بارەگای گەل شەرم بکەن.

یاد و ناوی خەباتکارانی بزووتنەوەی ٤٦،٤٧ دەبێ وەک یاد و ناوی خەباتکارانی ئەمریکای لاتین و باقیی گەلانی ڕاپەڕیو لە نێو دڵەکاندا بمێنێتەوە کە نموونەیەکی ئەوەی خوارەوەیە:

“یادی لە پڕۆسەی ژیانی بێ باکانەی دا وەبیر دێنینەوە،

کە زایەڵەی هاوارەکانی،

وەک ناقووسی بەربەیانی،

خەوی لە چاوی ئەم قاڕرەیە دەزڕاند.

ئەو میراتی هاوڵاتییانی پێخواس،

ڕۆڵەی بێ هاوتای خەڵکی لاتین،

ویکتۆر خارایە”.

هەیاس کاردۆ – ئوستڕالیا – ١٨ ـ ٠٤ ـ ٢٠١٣