گفتوگۆی شارستانیه‌کان له نێو ناعه‌قڵانیه‌ت دا. ئه‌شکان محه‌ممه‌دی
باوه‌ڕ هێنان به گۆران و نوێ بوونه‌وه به مانا فراوانه‌که‌ی له کۆماری ئیسلامی دا ته‌نیا وه‌همێکه و به‌رهه‌مێکی تری نیه. ئه‌گه‌ر کۆماری ئیسلامی بخرێته خانه‌ی به‌روارد کردن له گه‌ڵ دنیای عه‌قڵانی دا ئه‌وا مه‌ودایه‌کی به‌رین به دی ده‌کرێ، که که‌م کردنه‌وه‌ی ئه‌و مه‌ودایه له مه‌وجودیه‌تی کۆماری ئیسلامی دا زۆر مه‌حاڵه.به‌ڵگه‌ی ئه‌م راستیه خولانه‌وه‌ی کۆماری ئیسلامی به پانتاییه‌وه به ده‌وری بازنه‌یه‌ک دایه که ، فه‌رهه‌نگی سه‌رکوت کردن، زه‌بروزه‌نگ، تاکڕه‌وی ، و دژی گه‌لی سیاسه‌تی باوی کۆماری ئیسلامین. ئه‌گه‌ر شارستانیه‌ت خاڵی به‌رامبه‌ری نا عه‌قڵانی بێ ، ئه‌وا له فه‌رهه‌نگی کۆماری ئیسلامی دا ئه‌و شارستانیه‌ته به دی ناکرێ. محه‌ممه‌دی خاته‌می پێنجه‌مین سه‌رکۆماری ئێران له به‌رامبه‌ر تێزی ساموێل هه‌نتینگتۆن دا تێزی گفتوگۆی شارستانیه‌تیه‌کانی هێنا ئاراوه و ماوه‌یه‌کی زۆر باش به‌و تێزه‌وه ته‌بلیغاتی بۆ سیاسه‌ته‌کانی کۆماری ئیسلامی کرد، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی که له دنیا دا پێشوازیه‌کی باش کرا له تێزی گفتوگۆی شارستانیه‌کان پرسیار ئه‌وه‌یه که ئه‌و تێزه چی به سه‌ر هات و کارایی چه‌نده بوو؟؟ ساموێل هه‌نتینگتۆن به پێچه‌وانه‌ی خاته‌می پێشبینی به‌ریه‌ک که‌وتنی شارستانیه‌کانی ده‌کرد ، به شێوه‌یه‌کی گشتی به گژ یه‌ک داهاتنه‌وه‌ی ئیسلام و رۆژئاوا کاکڵه‌ی تێزه‌که‌ی ساموێل هه‌نتینگتۆن بوو. ئه‌گه‌ر به شێوه‌یه‌کی سه‌ره‌کی و به‌رین ئه‌و دژایه‌تیه نه‌هاتبێته ئاراوه به‌ڵام رۆژئاوا و ئیسلام خۆیان له مه‌یدانێک دا ده‌بیننه‌وه که به‌ره‌و دژایه‌تی ده‌چێ. ئه‌و دژایه‌تیه دوای کرده‌وه تیرۆریستیه‌که‌ی 11ی سێپته‌مبه‌ر پڕ ڕه‌نگتر بوو. له راستی دا تێزی خاته‌می ئه‌گه‌رچی روویه‌کی ئاشتی خوازانه‌ی پێوه دیار بوو، هه‌روه‌ها ده‌یه‌ویست فه‌رهه‌نگی گفتوگۆ بره‌و پێ بدا به‌ڵام ئه‌و تێزه له هه‌ناوی ده‌سه‌ڵاتێک دا هاته ده‌ر که هیچ باوه‌ڕی به گفتوگۆ نیه بۆ چاره‌سه‌ر کردنی فه‌یرانه‌کان. ئه‌و تێزه بیر کردنه‌وه‌ی خه‌ڵکی ئێران به تایبه‌تی و خه‌ڵکی دنیای تا ماوه‌یه‌کی باش به لاڕێ دا برد. له ماوه‌ی هه‌شت ساڵی سه‌رکۆماریی خاته‌می دا کۆماری ئیسلامی توانی به شێوه‌یه‌کی نهێنی و نادیار به‌رنامه سه‌رکوت که‌ره‌کانی خۆی به‌رێوه به‌رێ، کوشتنی جیا بیران، داخستنی رۆژنامه و گۆڤاره‌کان، تیرۆری ئه‌ندامانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی و زۆر کرده‌وه‌ی سه‌رکوتکارانه‌ی دیکه له کاتێک دا ئه‌نجام دران، که سه‌رکۆماری ئێران باسی له تێزی گفتوگۆی شارستانیه‌کان ده‌کرد. خاته‌می ویستی به نیشان دانی روویه‌کی نه‌رم و چاکسازیانه فریای کۆماری ئیسلامی بکه‌وێ. به‌ڵام ئه‌و به‌رنامه و سیاسه‌ته رێگای نه‌بڕی و زوو کۆتایی هات. له هه‌ناوی سیستمی ناعه‌قڵانی کۆماری ئیسلامی دا سه‌رکۆمارێکی وه‌ک ئه‌حمه‌دی نژاد ده‌سه‌ڵاتی گرته ده‌ست. ئێرانی زیاتر به‌ره‌و هه‌ڵدێر برد، زیاتر درێژه‌ی به سیاسه‌تی سه‌رکوت دا و هه‌روه‌ها بنکه و باره‌گای ناوه‌ندی نێوده‌وڵه‌تی گفتوگۆی شارستانیه‌کانی له ئێران تێکه‌وه پێچا. دوای هه‌شت ساڵ سه‌رکۆماری ئه‌حمه‌دی نژاد ، ده‌نگۆ و باسی ئه‌وه هاتۆته‌وه مه‌یدان که بۆ سه‌رده‌می ئیستای ئێران و بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵک و کۆماری ئیسلامی پێویست ده‌کا جارێکی دیکه خاوه‌نی تێزی گفتوگۆی شارستانیه‌کان بێته‌وه مه‌یدان و خۆی کاندید بکا بۆ سه‌رکۆماری. تێزی خاته‌می هیچ که‌لک و خزمه‌تێکی نه‌بوو بۆ خه‌ڵکی ئێران ، به‌ڵکوو وه‌ک هه‌موو به‌رنامه و سیاسه‌ته‌کانی کاربه‌ده‌ستانی کۆماری ئیسلامی ته‌نیا بۆ زیاتر چه‌وساندنه‌وه و زه‌بر و زه‌نگ بوو بۆ سه‌ر ئازادیخوازان. بناغه‌ی پێکهاته‌ی کۆماری ئیسلامی بیرۆکه‌یه‌کی ناعه‌قڵانی نا سه‌رده‌میانه‌یه که هه‌ڵگری ده‌سه‌ڵاتێکی چه‌ق به‌ستووی ره‌هایه و له سه‌رووی ئه‌و سیستمه‌وه شه‌خسی رێبه‌ر بڕیار به ده‌سته. به‌ڵام رووی کۆماری ئیسلامی له سه‌رده‌می ئێستادا بۆ خه‌ڵکی دنیا به باشی ده‌رکه‌وتووه و ئه‌و راستیه ئاشکرا بووه که کۆماری ئیسلامی ناتوانێ هیچ گۆرانێک له خۆی دا پێک بێنێ، که‌واته تێزه‌کانیشی ئه‌گه‌ر له رواڵه‌ت دا هه‌ڵگری په‌یامی ئاشتیانه بن، ئه‌وا له ناوه‌رۆک دا شه‌ر خوازانه‌ن و درێژه‌ی سیاسه‌تێکی دیکتاتۆرانه‌ن. بیرۆکه‌ی گفتوگۆی شارستانیه‌کان نموونه‌یه‌کی باشه ، بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵک جارێکی دیکه فریوی دروشم و قسه‌کانی کاربه‌ده‌ستانی کۆماری ئیسلامی نه‌خۆن. بیرۆکه‌یه‌ک که له نێو سیستمی ناعه‌قڵانی کۆماری ئیسلامی دا وون بوو.