حاجی دەروێش برایمی نێزەرەۆیە‌ی سەردەشت باشتر بناسین

گەشتێک بە ناو ژیانی مرۆڤێکی لە چەشنی باران حاجی دەروێش برایمی نێزەرەۆیە لە سەردەشت
پیران … ئەزموونی ژیانن پیران … رۆمانێکی نەنوسراون پیران …کتێبخانەیەکی سەر لێواری مەرگ و ژیانن

ئەگەر ئەمرۆ نەچینە ناو ژووری دڵیان و لاپەرەکانی تەمەنیان هەڵنەدەینەوە و بزە و خەندەکانیان

نەنوسینەوە … سبەی درەنگ دەبێ

زیاتر لە یەک سەدە بە سەربەرزی ژیان دەگەڵ زکری کوردانەی حاجی دەروێش برایمی نێزەرۆیە

لەم کورتە نوسینەدا ئاورێکی کورت لە ژیانی مرۆڤێکی لە چەشنی پۆڵای نەچەماوە دەدەینەوە کە ساڵانێکی دوور و درێژ وێرای سەر دانەنواندن  بۆ ئاغا و دەرەبەگ و زۆردارانی سەردەم زۆر بوێرانە و خەمخۆرانە و خۆبەخشانە خزمەتی کۆمەڵگا و ژینگەی کوردستان و خەڵکی ناوچەی سەردەشتی کردووە و هەنوکەش بە ئاواتی دیتنی ئازادی و سەربەستی وەڵاتەکەی و گەرانەوەی عاشقانی گەل و نیشتیمان درێژە بە ژیانی خۆی دەدا .

کاک برایمی خالیدنژاد ناسراو بە حاجی دەروێش برایمی نێزەرۆیە لە ساڵی ١٢٨٦ی هەتاوی لە گوندی کانیەرەش لە ناوچەی مەهاباد لە دایک بووە ، وەک زۆربەی منداڵەکانی ئەو سەردەم فڕچکی بە کار گرتووە و وێرای ئەندامانی بنەماڵەکەی خەریکی راپەراندنی کارەکانی گوند و وەرزێری و مەرداری بووە ، هەر لە گوندی کانیەرەش ژیانی هاوبەشی پێک هێناوە و تا دەوروبەری پەنجا ساڵی هەر لەو گوندە ژیانی بردۆتە سەر ، شایانی باسە کە بە هۆی باوەڕمەندی زۆری بە خوا و دینی ئیسلام هەر لە تەمەنی زۆر گەنجیەوە دەبێتە موریدی شێخەکانی زەمبیل و دەبێتە تۆبەکاری تەریقەتی نەقشبەندی ، هەر بۆیەش دواتر لە لایەن خزم و دۆست و ناسیاوان و خەڵکەوە ناز ناوی دەروێش برایمی بە باڵا دەبرێ ، کاک دەروێش برایم لە ساڵی ١٣٣٣ی هەتاوی بە هۆی ئەوەی ملی بۆ ویست و داخوازیە ژەنگاویەکانی ئاغا و دەرەبەگەکانی ئەو سەردەم دانەنواندوە بە ناچاری زێدی لە دایکبوونی خۆی گوندی کانیەرەش بەجێ دێڵێ و وێرای بنەماڵەکەی بەرەو شاری سەردەشت بار دەکەن و لە دەوروبەری شاری سەردەشت لە نیزیک سەرچاوەی نێزەرۆیە بە دەستەکانی خۆی ماڵێکی خنجیلانە دروست دەکا و خەریکی کار و ژیان دەبێ و لە ڕێگای باخداری و وەرزێری و بەننایەتی و وردە کاسبی جۆراو جۆرەوە بژێوی ژیانی بۆ بنەماڵەکەی دەستەبەر کردووە .

حاجی دەروێش برایمی نێزەرۆیە مرۆڤێکی ئیماندار ، راستگۆ ، پاک و خواناس ، مرۆڤێکی پڕاوپڕ لە هەستی کوردایەتی و نیشتیمانپەروەری و جێ مەتمانە و باوەری خەڵک ، مرۆڤێک لە چەشنی دار بەڕوە سەرسەخت و ڕیشەداکوتراوەکانی کوردستانە ، کە هەموو کات و ساتێک ترپەی دڵی بۆ خزمەت بە نیشتیمانی لێیداوە و بەردەوام بۆ کاری خێرخوازی و شەرافەتمەندانە پێشەنگ و پێشرەوی هەموو لایەک بووە .

حاجی دەروێش برایمی نێزەرۆیە لە دەوروبەری تەمەنی ٤٠ ساڵیدا دامەزرانی حیزبی دێموکرات و کۆماری کوردستان و سوپای میللی کوردستانی دیتوە و هەر زوو دەبێتە ئۆگری کۆماری کوردستان و بە دڵەوە بۆ سەرکەوتنی لە نێو خەڵك و کۆمەڵگادا بە پێ توانای خۆی کار دەکا و راسپاردە و گوتارەکانی سەرکۆماری کوردستان شەهید پێشەوا قازی و وەزیرەکانی  دەگەینێتە نێو خەڵک ، بە گوتەی خۆی ئەو کات کە لە گوندی زەمبیل خەریکی دەروێشی و خواناسی بووە هاوکات دەبێ لە گەڵ دامەزرانی کۆماری کوردستان و چەند جارێک نامەی حاجی بابەشێخی سەرۆک وەزیرانی بۆ شاری مەهاباد بردووە و هەر خۆی نامەکانی تەحویلی سەرۆک کۆماری کوردستان پێشەوا قازی محەممەد داوە کە ئەو کارەش دەبێتە هۆی ئۆگری زیاتر و باوەری پتەوتر بە کۆماری کوردستان و شۆرەسوارانی دێموکرات .

بە هۆی ئەوەی کە ماڵی حاجی دەروێش برایم لە دەرەوەی شاری سەردەشت بووە ، کادر و پێشمەرگەکانی جووڵانەوەی ساڵەکانی ٤٦ ، ٤٧ی هەتاوی و بە تایبەت شەخسی مەلا ئاوارە ناوە ناوە سەردانیان کردوون ، دەروێش برایم زۆر جار نامە و راسپاردەکانی مەلا ئاواری گەیاندۆتە دەستی ئەندامانی حیزب لە نێو شار و دواتریش وەڵامەکانی بۆ شەهید مەلا ئاوارە هێناوەتەوە ، کاری دەروێش برایم تەنیا هەر ئەوە نەبووە بەڵکو لە ڕێگای دۆست و ناسیاوانیەوە لە شاری سەردەشت زانیاری زۆر بە کەڵک و هەر وەها داو و دەرمان و خواردن و زۆر پێداویستی دیکەشی بۆ جووڵانەوەکە دابین کردووە .

حاجی دەروێش برایم وێرای خزمەتی دیار و بەرچاوی بە شۆرشگێران و نیشتیمانپەروەرانی کورد ، هاوکات دەرگای ماڵەکەشی بە رووی هەموو رێبواراندا کراوە بووە کە بە تەنیشت ماڵەکەیدا تێپەر دەبوون ، سفرە و خوانی بۆ هەموو کەس کراوە و ئاوەڵە بووە و کەسێکی زۆر بە خوڵق و خۆش مەشرەف و میوان دۆست بووە ، دەروێش برایم هەموو ژیانی خۆی تەرخانی خزمەت کردن بە کۆمەڵگا و کاری خێرخوازانە و خۆبەخشانە کردووە. لەو پێوەندیەدا دەتوانین ئاماژە بە بەشێک لە کارە خێرخواز و خۆبەخشانەی مام دەروێش لە ماوەی ژیانیدا بکەین .

دەروێش برایم وێرای ئەوەی کە هەموو تەمەنی بە ئیمانداری و خواناسیەوە بردۆتە سەر و هاوکات بۆ خزمەتکردن بە کۆمەڵگا  بە زیادەوە مایەی لە ژیانی خۆی و منداڵەکانی و هاوسەری ژیانی داناوە ، لە کاری هەرەوەزیدا  هەر دەم پێشەنگ و خاوەن بەرنامە بووە ، ماڵەکەی هەمێشە جێگای حەوانەوەی ئەو کەسانە بووە کە لێیان قەوماوە و بێ سەرپەنا و بێ ماڵ و حاڵ بوون ، لە وەرزی زستان و سەرما و سەهۆڵدا لە نیوەشەواندا پێش ئەوەی خەڵک لە خەو هەستن رێگای کانی و مەدرەسە و مزگەوت و شوێنە گشتیەکانی بە پێ توانای خۆی بە بێڵ و وەروەرە خاوێن دەکردەوە ، لە وەرزە جیا جیاکانی دیکەشدا بە بەردەوامی خەریکی دروست کردنی رێگا ، پرد ، کانیاو ، ئەستێرەئاو و جۆگەئاو ، نەمام چاندن ، پەرژین خاوێنکردنەوە ، دارهەڵپەرداوتن ، قەبرهەڵکەندن و مزگەوت دروستکردن بووە ، ئاخرین کاری خێرخوازی دەروێش برایم کە لە تەمەنی سەروی سەد ساڵیەوە ئەنجامی داوە وەلابردنی خاک و گڵی مزگەوتی سووری سەردەشت بووە کە بە سەنگ فەرش داپۆشرابوو بۆ ماوەی ٣ی ساڵ درێژەی کێشاوە .

لە باری ژینگە پاریزی و خۆشەویستی بە سروشتی کوردستانەوە دەبێ بڵێین کە دەروێش برایم یەکێک لەو دەگمەن کەسانە بووە کە بۆ پاراستنی سروشت و جوانی کوردستان بە پێ توانای خۆی هەموو جۆرە هەوڵێکی خۆی داوە ، لە وەرزی پاییزاندا تا ئەو جێیەی بۆی لواوە دار و دەوەنەکانی هەڵپەرداوتوون و لە بەهارانیشدا کاری نەمام چاندنی بەرێوە بردووە ، لە کاتی کەم ئاویدا کانیاەوکانی خاوێن کردوونەوە و ئەستێرە ئاوی دروست کردوون ، لە کاتی پێویستدا تیماری حەیوان و باڵندەکانی ناو سروشتی کردووە و لە وەرزی زستان و سارد و سەرمادا زۆر جار شوێنی حەوانەوەی بۆ حەیوان و باڵندە بێ ئەنواکان دروست کردووە ، بە مانای وشە دەبێ بڵێین کە حاجی دەروێش برایم ژینگە پارێز و خۆبەخشێکی راستەقینە بووە .

حاجی دەروێش برایم هەروەها کەسێکی دەست رەنگین و وەستا کارێکی لێزانیش بووە ، ئەو وێرای بەننایی کردن لە هەمانکاتدا لە دروستکردنی کەرەسە خۆماڵیەکانی وەک : نێردیوان ، باگردێن ، بێڵ ، وەروەرە ، کورەی داران ، ئاوردان ، سەلە و سەوەتە و سندوقی دارین و زۆر شتی دیکە شارەزایی و لێزانی باشی هەبووە ، زۆربەی کارەکانی بنەماڵە هەر لە سەر دەست و شانی خۆی بەرێوە چوون ، هیچکات لە ژیان نائومێد نەبووە و هەمیشە بە ئومێدەوە ژیاوە ، سەروەت و سامان لە لای دەروێش برایم تەنیا دڵفراوانی بووە و هیچی تر ، باشترین سەروەت لە لای ئەو تەنیا  دڵ ئاوەڵەیی و چاکە کردن لە گەڵ خەڵك و ساغی و سڵامەتی جەستەیی و فکری بووە هەر بۆیەش هەموو ژیانی خۆی بە عیبادەت و کاری خێرخوازیەوە تێپەر کردووە .

حاجی دەروێش برایم لە گەڵ ئەوەی ژیانێکی هەژارانەی هەبووە ، بەڵام لە هەمان کاتدا دڵێکی پاک و گەورە و دەوڵەمەندی هەبووە ، خەڵکی ناوچەکە وەک کەسایەتیەکی خاوەن پێگەی کۆمەڵایەتی و جێ متمانە و باوەر سەیری دەرویش برایمان کردووە ، بە حوکمی  ئەو جێگە و پێگە و ئەو تایبەتمەندیە کۆمەڵایەتیانەی ، دەرویش برایم لە کەم کردنەوە و چارەسەرکردنی گیر و گرفتە کۆمەڵایەتی و کێشە بنەماڵەییەکان و ژن و ژنخوازی و مەسڵەت و زۆر رووداوی دیکە وەک کێشە لە سەر مڵک و ماڵ و دابشکردنی میرات و ئاشت کردنەوەی خەڵک لە گەڵ یەکتر ، بۆ چارە سەرکردنیان و ئاشتەوایی هەموو ئەو کێشانە دەوری سەرەکی و چارەسازی گێراوە و بە پشوو درێژی و لێزانی خۆی چارەسەری بۆ کێشە و ناکۆکیەکان دەدۆزیەوە .

حاجی دەروێش برایمی نێزەرۆیە لە ژیانی خۆیدا منداڵەکانی خۆی و منداڵی خەڵک و جیرانەکانی وەک یەک خۆش ویستوون ، بە رێنوێنی و نەسیحەتەکانی توانیویەتی منداڵەکانی وێرای منداڵی خزم و ناسیاوان و دەوروبەری خۆی فێری ئەزموونی ژیانی شەرافەت مەندانە و کوردایەتی و پاکی و نیشتیمانپەروەری بکات و فێری کردوون کە لەم دونیایەدا کە جێگای تاقی کردنەوەی ئینسانەکانە هەوڵ بدەن وێرای ژیانێکی سەربەرزانە هەموو کات خزمەت بە گەل و نیشتیمانەکەیان بکەن ، لەو سۆنگەیەوە منداڵ و نەوە و خزمەکانی خۆی بەشێکیان لە رێگای پێشمەرگایەتی و کوردایەتیەوە  و بەشێکیشیان لە رێگای پەروەردە و فێرکردنەوە خزمەت بە گەل و نیشتیمانی خۆیان هەڵبژاردووە ، شایانی باسە کە دەروێش برایم لە ماوەی رژێمی پاشایەتیدا چەندین جار بە مانگ و چەند مانگ زیندانی کراوە ، هەروەها لە هەر دوو رژێمی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامیدا بە مەبەستی دوور خستنەوەی کوڕەکانی لە ریزی شۆرشدا ئەزیەت و ئازار دراوە و بە شێوەی جۆراوجۆر فشاریان بۆ هێناوە ، بەڵام مام دەروێش هەرگیز لە هەرشە و چاو سورکردنەوەی دەستەڵاتداران نەترساوە وبە چۆکدا نەهاتووە ، خۆی گوتەنی ئینسان جارێک لە دایک دەبێ و جارێکیش دەمرێ هەر بۆیە هیچ کات گوێی بە هەرشە وبانگ کردنەکانی کاربەدەستانی میری نەداوە .

حاجی دەرویش برایمی نێزەرۆیە بە پێی سجیلەکەی و کاتی لە دایک بوونەکەی ئەو ساڵ ١١٥ ساڵەی تەمەنی تێپەر دەکا و بە خۆشیەوە تا ماوەیەک پێش ئێستا هەموو کارەکانی خۆی هەر بە دەستی خۆی و بە بێ هاوکاری دەوروبەری راپەراندوون ، بە داخەوە ماوەی چەند مانگێکە هێندێک زیاتر بێ تاقەت بووە و وەک جاران ناتوانێ هەڵسور و چالاک بێ ، هیوادارین کە سایەی لە سەر سەرمان کەم نەبێ و وەک خۆی دەڵێ و ئارەزویەتی ڕۆژەکانی کۆتایی ژیانی بە بێ ئازار و بە بێ دروستکردنی بارگرانی لە سەر بنەماڵە و دەوروبەری تێپەر بکات.

ئێمەش هیوا دەخوازین حاجی دەروێش برایمی نێزەرۆیە باری تەندروستیەکەی ڕوو بە باشی بچێتەوە و دواساتەکانی ژیانی خۆی بە بێ ئازار و ئێش لە نێو باوەشی گەرم و پڕ خۆشەویستی بنەماڵەکەیدا تێپەر بکات .

پەخشان: چەکۆ باران

ئامادەکردنی : حەمەڕەسووڵ کەریمی

٢٧ ـ ٠١ ـ ٢٠١٩

کۆمێنتی تۆ لەسەر بابەت