وەلایەتی فەقی و باڵەکانی ڕژیم سەرو پشتی مارن با پانبکرێنەوە! کەوێڵمەرس ئیراندوست

بۆ هەموو لایەک ڕوونە کە لەسیستمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕێفۆرم و گۆڕانکاری دژوارەو هەر شێوە گۆڕانکارییەک لە بەرژەوەندی خەڵک کۆتایی پێکنایەت. بەڵام ئەوەی بۆ من و کەسانی وەک من ڕون و شەفاف نییە ئەوەیە کە ئیستاش خەڵکانێک هەن کە پێیان وایە دەکرێ لە ولایەتی فەقیی شتێک هەڵکڕێنن.

پاڵێوراوەکانی ڕژیم بە ئاشکرا باس لەوە دەکەن کە پێوەندییەکیی باشیان لە گەڵ ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران هەیە، هاوکات داوای ڕێفۆرم و گۆڕانکاری دەکەن و درووشمی مەزنی بۆ هەڵدەگرن.

سەرەڕای ئەوە کە خامنەئیی ئاماژەی بەوەدا کە با پاڵێوراوەکان دروشمێک هەڵگرن کە لە تواناو ژێر دەسەڵاتیی ئەواندا بێت. کەچی پاڵێوراوانی ئەم خولەش بەهەمان شێوەی خەلەکانی پێشوو بڵێنی بێبنەما بە خەڵک دەدەن، ئەوەش یەکەمجار نییە کە پاڵێوراوەکان بەوتەی سرنجڕاکێش هەوڵ بۆ کۆکردنەوەی دەنگ دەدەن.

شایانی وتنە کە بەشێک لەو کەسانە کە خۆیان لەم خولەدا پاڵاوتووە باس لەوە دەکەن کە بەشێک لە بەندو مادەکانی یاسای بنەڕەتی ئێران دەخەنە بواری جێبەجێکردنەوە. بەڵام پتر لە ٣٤ ساڵ بەسەر پاسیڤ بونی ئەو یاسانە تێپەڕ دەبێت و تاکوو هەنوکە نەکوتونەتە بواری جێبەجێکردنەوە، هاوکات جێبەجێکردنی ئەو یاسانەش لە ژێر کونترۆڵ و دەسەڵاتی سەرۆککۆماردا نییە. پاڵێوراوەکان تەنیا مانوڕی پێوە دەدەن و هیچ باوەڕێکیشیان بەو بەندو مادانە نییە.

لەلایەکی دیکەوە وەک نەتەوە چاو لە نەتەوە بندەستەکان ناکەن، بەڵکو وەک تیرەو تایفە، قەوم و ئەقوام لێیان دەڕوانن. ئەوەش بە کێشەی سەرەکی نەتەوە بندەستەکان لە ئێران پێناسە دەکرێت.

پرسیارێک لێرەدا دێتە گۆڕێ کە ئایا ئەگەر ئەو کەسانە پێوەندی باشیان لە گەڵ ڕێبەر هەیە، چۆن دەتوان لە بەرامبەری ڕاوەستن و لە دژی بیروبۆچونەکانی ولایەتی فەقی هەڵوێست وەرگرن؟

لە لایەکیتر هەر هەشت پاڵێوراوەکە درووشمی ئەوەش بەرز دەکەنەوە کە دۆخی ئابوری و کێشەکانی ئێران چارەسەر دەکەن، هاوکات دەڵێن کە، بەرەوپێشەوە بردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بەمافی سروشتی ئێران دەزانن و لەسەر ئەو مافەش پێداگری دەکەن.

لێرەدا پرسیارێکی دیکە کە مێشکی مرۆڤ دەورووژێنێت ئەوەیە، دەی باشە ئەگەر پرسی بەرنامە ئەتۆمییەکە بۆ کۆماری ئیسلامی بە گرینگ دەزانن، ئەی چۆن کێشەی ئابوری و پرسەکانی دیکەی کۆمەڵگای ئێران چارەسەر دەکەن؟

لەکاتێکدا باس لە بەرەوپێش بردنی بەرنامە ئەتۆمییەکە دەکەن، پتر لە 70% ی خەڵکی ئێران بەتاییبەت نەتەوە بندەستەکان لە ژێر هێڵی هەژارییەوە دەناڵێنن و لە دۆخیکی کۆمەڵایەتی و ئابوری دژواردا ژیان بەسەر دەبەن.

بۆیە پێشبینی ئەوە دەکەم لەپاش بەڕێوەچونی شانۆکە هەموو کێشەکان وەک خۆی بمێننەوەو هیچ پێشەوەچونێک بەدی نەیەت و کێشە ئابوری و سیاسییەکان، کۆمەڵگا توشی کێشەی کۆمەڵایەتی بکات و لەو دۆخە دژوارە پتر نوقمی بکات.

پاڵێوراوەکان، وەک خۆیان دەڵێن ئامانجی بنەڕەتییان پاراستنی کۆماری ئیسلامییەو هاوکات داوا لە خەڵکیش دەکەن کە بەربڵاو بەشداری لە هەڵبژاردنەکان بکەن. ئەگەر کەمێک بۆ سەرەتاکانی شۆڕشی گەلانی ئێران بگەڕێینەوە بەباشی بۆمان دەردەکەوێت کە هەموی ئەو پاڵێوراوانە لە بناغەداڕێژەرانی کۆماری ئیسلامی و ولایەتی فەقی بون کە ئەمڕۆ هاتوونەتە گۆڕەپان بۆ ڕزگار کردنی کۆماری ئیسلامیی لەو دۆخە کە پێدا تێپەڕ دەبێت.

ڕوانگەو عەقڵییەتی هەمواین وەک یەک دەچێت، چونکە ئەگەر وا نەبووایە ئەوا نەیاندەتوانی پێکەوە لەو سیستمەدا درێژە بە چالاکی سیاسی و بەڕێوەبردنی وڵات بدەن و سەرمایە سروشتییەکانی ئەو وڵاتە بێدەنگ دابەش و ڕاماڵکەن.

بەدەر لەوە کە باسمان کرد، پرسێکی دیکە هەیە کە لەلایەن بەشێکی زۆر لەخەڵکی ئێران و بەتاییبەت نەتەوە بندەستەکان گرنگییەکی تاییبەتی پێدەدرێت، ئەوەش پرس و کێشەی سیاسیی نەتەوە بندەستەکانی ئێرانە.

سەدان ساڵە کێشەی سیاسیی نەتەوەیی لە ئێران هەیەو ئەو کێشەیە دەمێکە سەرتاپای کۆمەڵگای داگیر کردووەو دەیان و سەدان ڕێکخراوی تاییبەت بەو پرسە لە ناوچە جیاوازەکانی ئێرانی بۆ پێکهاتووە.

کۆماری ئیسلامیش هەمیشە بەوپەڕی هێزو توانای بەرەنگاری ئەو نەتەوە بندەستانەو بەتاییبەت نەتەوەی کورد بووەتەوە. بەبەندکردنی چالاکوانانی سیاسی و مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لەسێدارەدانی ڕۆڵەکانی کورد ویستووێتی کە ئەو نەتەوەیە ئاسمیلە بکات و بتوێنێتەوە. بەڵام هەمیشە هێزی نەتەوەیی نەتەوەی کورد بەرپرچی ئەو سیاسەتەی داوەتەوەو شکستی بەو عەقڵییەتە دواکەوتوانەیە کۆماری ئیسلامی هێناوە.

ئیستاش ئەم پاڵێوراوانە ئەو هێزو دەسەڵاتەیان نییە کە بۆ کێشەی نەتەوە بندەستەکان لە ئێران ڕێگەچارەیەکی سەرەکی و بنەڕەتی بدۆزنەوە.

ئەوەی کە هەنوکە بۆ ئێمە گرینگە ئەوەیە کە هیچ کام لە پاڵێوراوەکان بە توکمە باس لەمافی نەتەوە بندەستەکان لە ئێران ناکەن و گرنگی بەباردۆخیان نادەن. بەشێوەیەک، دەردەکەوێت کە تەنیا ناوەندنشینانی تاران و ئەسفەهان و شیراز گرینگن و بەس. دۆخی پەراوێزنشینان کاریگەری بەسەر دەسەڵاتی ئەوانەوە نییەو ئەگەریش هەبێت بە توندترین شێوە سەرکوت دەکرێت. واتا پەراوێزنشینان بە مرۆڤ پێناسە ناکەن و هاوکات مافی مرۆڤایەتیان پێڕەوا نابینرێ.

بەبۆچونی من گرینگترین پرسی هەنوکەیی کۆمەڵگای ئێران پرسی دەستبەسەرکردن و بەندکردنی چالاکوانانی سیاسی و مەدەنی نەتەوە بندەستەکانە لە ئێران، پرسێک کە باسی لێوە ناکرێت و ناوەندنشینانیش بۆیان گرینگ نییەو کاریگەری بەسەر ژیانی ئەوانەوە نییە، ئەم پرسە بەیەکێ لەگرینگترین پرسەکانی ئێران بە ئەژمار دێت، بەڵام هەروەک دەبینن پاڵێوراوەکان تەنیا پرسێ کەباسی دەکەن پرسی هاوپێوەندی لەگەڵ ڕێبەرو دۆخی کۆماری ئیسلامییە.

شتێکی دیکە کە لە کۆمەڵگای ئێراندا سرنجڕاکێشە ئەوەیە کە خەڵک و خوێندکاران و چالاکوانانی سیاسی و مەدەنی ئیستاش پێیان وایە کە گرووپی بەناو ڕێفۆرمخوازەکان دەتوانن لە ئێران ئاڵوگۆر پێکبێنن.

کێشەیەکی دیکە کە کۆمەڵگای ئێران پێوە دەناڵێنێت ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی زۆر بەباشی لە گەڵ وڵاتە دەرەکییەکاندا کایە دەکات و قۆناغ بە قۆناغ سیمای خۆی دەگۆڕێت، ئەوەش هیواو ئومید دەخاتە ناو مێشکی بەشێک لەوان، بۆ نمونە بەشێکی زۆر لە وڵاتانی ئەورووپی ئیستاش پێیانوایە کە ڕێفۆرمخوازەکان دەتوانن ئاڵوگۆر پێکبێنن. واتا تاکوو ئیستا کۆمەڵی نێونەتەوەیی بۆیدەرنەکەوتووە کە لە سیستمی ولایەتی فەقیدا ڕێفۆرم وشەیەکی بێپاساو بێبنەماو هاوکات بێواتایە.

لەچەند ڕۆژی ڕابردوو ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند کە ئەوان چاوەڕێیی دوای هەڵبژاردنەکان دەکەن، بۆ ئەوە بزانن هەلوێستی سەرۆککۆماری داهاتوی ئێران سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی کۆماری ئیسلامی چی دەبێت!؟

لە قۆناغێکدا کە بەرەو هەزارەی سێیەم دەچین و بەشێک لە وڵاتانی جیهانی سێوەم بەرەوپێشەوەچونی سیاسی و ئابوری و کولتوریان بەخۆیەوە بینییەوەو هاوکات دیموکراتیان تیدا گەشاوەتەوەو سەرەتاکانی جێگیر کراوە.

کەچی ئیستاش لە وڵاتی ئێران, مەلا دروشمی ڕێفۆرم و گۆڕانکاری بەرز دەکاتەوەو خۆی بەپێشڕەو و پێشەوای خەڵک دادەنێت.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەو کەس و لایەنانە کە پشتیوانی لە بەناو (ڕێفۆرمخوازەکان) دەکەن کەوتوونەتە مشەمش بەمەبەستی ئەوە کە لە کێ پشتیوانی بکەن. بەپێی ئەو زانیارییانەی کە تاکو ئیستا لە بەردەستدان وا دەردەکەوێت ڕێفۆرمخوازەکانی ناو کۆماری ئیسلامی! دەیانهەوێت پشتیوانی لە حەسەن ڕۆحانی بکەن.

حەسەن ڕۆحانیش لە زمانی خۆیەوە ڕایگەیاند کە یەکێکە لە دۆستە هەرە نزیکەکانی خامنەئی و بنەماڵەی ناوبراو، ئەو ئاماژەی بەوەدا کە ماوەی ٤٥ ساڵە هاوڕێ و دۆستی خامنەئی بووەو هەیە. درێژەی پێداو وتی کە ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوە کە پێکەوە هاوکارێکی باش بین و بتوانین بەسەر هەورازونشیوەکانی سەرڕێدا زاڵ بین.

لە ڕوانگەی منەوە هەورازونشیوەکان لە چالاکانی مەدەنی و سیاسی و ئابڵۆقە ئابورییەکانی سەر ڕژیم و سەرکوتی بێبەزەییانەی خەڵک پێک دێت و پێناسە دەکرێت.

بۆیە پێم وایە بارودۆخی ئێران ڕۆژ لەدوای ڕۆژ پێچەوانەی ڕوانگەی زۆر کەس و لایەن بەرەو دواوە دەگەڕێتەوەو پتر سیمای وڵاتێکی دواکەوتوو پیشان دەدات، تاکوو وڵاتێک کە لە دۆخی تەپاوتلکردن بەرەو پێشکەوتن و پێشەوەچوون بێت.

کاتێک چاو لە بارودۆخی شێواوی کۆماری ئیسلامی و تێهەڵچونە کۆمەڵایەتییەکانی ئەو کۆمەڵگا دەکەین، باشتر بۆمان دەردەکەوێت کە کولتوری خەڵکی ئێران پتر لە چوارچێوەی سیستمی کۆماری ئیسلامی و ولایەتی فەقی گەشەی کردووەو هاوکات بەپێی تاکتیکەکانی ڕژیم دەجولێتەوەو پێی خۆشە کە ببێتە کایەی نێوان باڵەکانی کۆماری ئیسلامی، باڵگەلێک کە یەکتر بەوە تاوەنبار دەکەن کە ئەمیتریان لەویتریان باشتر خزمەت بە بنەماکانی ڕژیم و وەلایەتی فەقی و سیستمی کۆماری ئیسلامی دەکات.

واتا یەکتر بەوە تاوەنبار دەکەن کە بەرژەوەندییەکانی ڕژیم لە بەرچاو ناگرن و لە سیاسەت و هەڵوێستەکانیان زیان بەکۆماری ئیسلامی دەگەیەنن.

لە هەلومەرجێکی لەوشێوەدا خەڵک بەباشی باڵەکانی ڕژیم دەناسن و دەزانن کە ئامانجیان چییە! بەلام هاوکات لە هەمبەر ئەو کایەیی ڕژیمە بێهەڵوێست نابن و پشتیوانی یەکێک لە باڵەکان دەکەن. شرۆڤەکردنی ئەمە ئاسانەو زۆر قورس نییە، چەنکە دەزانین کە بەربەستەکانی کۆماری ئیسلامی چین و چۆن گۆشار دەخەنە سەر خەڵک و لە پێوەندی بە بەڕێوەچونی هەڵبژاردنەکان و بەشداریپێکردنیان هەڕەشە دەکەن.

چین و توێژێکی کۆمەڵگا بەتەنیا ناتوانێ کۆماری ئیسلامی بڕۆخێنێت و هێزی ئەو ڕژیمە لاواز بکات، ئەزمونی ڕابردوو بە باشی ئەوەی پێشان داوە کە تەنیا بە هێزی هەمەلایەنەو بەهاوکاری و یەکێتی نێوان چین و توێژەکانی ناو کۆمەڵگا دەتوانرێ ڕژیمێکی دیکتاتۆر و توتالیتێر بڕۆخێت.

بۆیە تاکە ڕێگەچارە ئەوەیە کە نەتەوە بندەستەکان پێکەوە هەستنەوەو لە دژی کۆماری ئیسلامی ڕاپەڕین سازکەن، ڕاپەڕینێکی هەمەلایەنە کە هێزو ورەی ڕژیم تێکبشکێنێت و کۆماری ئیسلامی بەتەواوەتی لاواز بکات. ئیستا باشترین دەرفەتە بۆ ئەو کە ئەو ڕاپەڕینە هەمە لایەنە دەستپێبکات و سەربکەێت.

لەم خولەدا بۆ کۆماری ئیسلامی گرینگ نییە کە کێ دەبێتە سەرۆککۆمار، چونکە هەمویان وەک یەکن و دەستبژاردەی وەلایەتی فەقین، بۆیە هەستانەوەی کۆمەڵانی خەڵک کایەکە دەگۆڕێت و سیمای ئەو ڕاپەڕینە بەو ئاقارە دەڕوات کە دیسانەوە دەنگەکانی خەڵک دەستکاری کراون، ئەوەش بەتەواوەتی کۆماری ئیسلامی لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی پەک دەخات.

لە نوسینی: کەوێڵمەرس ئیراندوست