کورد و هەڵبژاردنی شووراکان ئامادەکردنی: سمایل شەرەفی
ئاماژە: لە سەروبەندی هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماریو شووڕاکانی شارو دێی ئەم جارەدا، زۆر لە چالاکانی سیاسیو مەدەنیی نێوخۆی وڵات پێیان وابوو کە پێویستە بە ڕوانگەیەکی جیاواز لە هەڵبژاردنی سەرکۆماری بڕوانرێتە هەڵبژاردنی شووڕاکان. بۆ ئەم مەبەستە «کوردستان» بە ئامادەکردنی رێپۆرتاژێکی مەیدانیو وەرگرتنی بیروبۆچوونی 5 کەس لە چالاکانی نێوخۆو دەرەوەی وڵات* ئەم پرسەی تاوتوێ کردوە.رەحیم فەرەهمەند (سکرتێری بەرەی یەکگرتووی کورد) لە تاران، عەبدوڵڵا سۆهرابی (نوێنەری پێشووی شاری مەریوان لە پارلمانی ئێران)، عوبەید زارعی(چالاکی خوێندکاریو کاندیدی رەدیسەلاحیەتکراو بۆ شووڕای شاری مەریوان)، عارف نادری (بەرپرسی پێشووی شووڕای شاری قوڕوە)و شەماڵ هەڵمەت (چالاکی سیاسی لە شاری مهاباد).
****
هەڵبژاردنی شووڕاکانی شارو دێ لە کوردستان بە جیاواز لە هەڵبژاردنی سەرکۆماری سەیری دەکرێ. هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەم خولە لە هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماریو شووڕاکاندا هەوڵیان داوە بە دوو هەڵسەنگاندنی جیاوازەوە ڕوانگەکانیان بخەنە ڕوو. چالاکانی نێوخۆی کوردستانیش بە جورئەتێکی زیاترەوە ڕاوبۆچوونەکانیان لەم پێوەندییەدا دێننە گۆرێو زۆربەیان ڕاشکاوانە بە «رویکرد»ی بەشدارییەوە پرسی هەلبژاردنی شووڕاکان هەڵدەسەنگێنن.
بوونی شووڕا لە بەڕێوەبەریی شارو دێهاتەکانی کوردستاندا یەکێک لەو پرسە کۆمەڵایەتییانەیە کە بە شێوەی کاتی لە شێوەی پرۆسەی هەڵبژاردندا بۆ خەڵکی کوردستان جێی سەرنجو گرنگیپێدانەو لە ڕووی درێژخایەنیشەوە زیاتر پێوەندیی بە ژیانی ڕۆژانەی خەڵکو بەڕێوەبەریی شارو دێهاتەکانەوە هەیە.
هێندیک لە چالاکانی نێوخۆی وڵات بوونی شووڕا لە سیستمی بەڕێوەبردنی شارو دێیەکانی کوردستاندا بە پێویست دەزاننو بە سەرەتای پرۆسەی «دەسەڵاتی خەڵکی»ی ناو دەبەن.
دوکتور رەحیمی فەرەهمەند، سکرتێری بەرەی یەکگرتووی کورد لە تاران لە لێدوانێکی تایبەت دا بۆ «کوردستان»، سیستمی شووڕا بە جۆرێک لە خودموختاری پێناسە دەکا کە خەڵکی شارو دێیەکانی کوردستان دەتوانن بە کەڵکوەرگرتن لەو دەرفەتە خۆیان کاروباری ئیداریی خۆیان بەڕێوە بەرن. ناوبراو دەڵی:»بەشداری لە بەڕێوەبەرایەتیی کۆمەڵگادا خەڵک لە تایبەتمەندیو کێشەکانی کۆمەڵگا ئاگادار دەکاتەوەو فێری خۆبەڕێوەبەرییان دەکا».
عوبەید زارعی، کاندیدی رەدیسەلاحییەتکراوی شووڕای شاری مەریوان، بوونی شووڕا لەشارو گوندەکان بە پێویست دەزانێو پێی وایە شووڕاکان دەتوانن ڕۆڵی کارگەیەکی فەرهەنگسازی لە سیستمی بەڕێوەبەریی وڵاتدا بگێڕن.
هەر لەم پێوەندییەدا چالاکیکی دیکەی نێوخۆی وڵات بە ناوی خوازراوی «شەماڵ هەڵمەت» بە ئاماژەدان بە ئەسڵی «دەسەڵاتی خەڵک بەسەر خەڵک»دا لە چەمکی دێموکراسیدا، پێی وایە شووڕای بەڕێوەبەریی شارو دێهاتەکان ئامیانی کۆمەڵگایەکی دێموکراتیکو مەدەنییە. ناوبراو بە ئاماژەدان بە پرسی شووڕا لە بەرنامەو ئەساسنامەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێراندا، باس لە ئەزموونی سیستمی شووڕا لەو سەردەمەدا دەکا کە بە مودیرییەتی دێموکراتیکی حیزبی دێموکرات، ئەزموونێکی پڕدەسکەوت بووە.
بانگەشەی چالاکانی نێوخۆی وڵات بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی شووڕاکاندا بە پێچەوانەی هەڵبژاردنی سەرکۆماری کە زیاتر باس لە بایکۆتکردنی دەکرێ، کۆمەڵێک پرسیاری جیددیی ساز کردوە کە سەرەکیترینیان ئامانجی بەشداریکردنەکەیە.
عەبدوڵلا سۆهرابی، نوێنەری پێشووی شاری مەریوان لە پارلمانی ئێران پێی وایە بایکۆتی هەڵبژاردنی شووڕاکان دەرفەت بۆ کەسانی خۆفرۆشو ناشارەزا دەڕەخسێنێ کە بۆ ماوەی چەند ساڵ دەسەڵات بەسەر خەڵکدا بکەن. ناوبراو لەم پێوەندییەدا بە «کوردستان»ی گوت: خەڵک بە بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنی شووڕاکاندا دەتوانن پێش لەدەسەڵاتی کەسانی نەفسنزمو چاوچنۆک بگرنو خەڵکی باشو دەروەستو جێی باوەڕی خۆیان هەڵبژێرن.
عارف نادری، ئەندامی پێشووی شووڕای شاری قوڕوە، کە ئێستا لە دەرەوەی وڵاتە، شووڕاکان بە باشترین ئێن.جی.ئۆ و کەرەستەی مەدەنی بۆ نەتەوە بندەستەکان لە ئێران دەزانێو بەشداریکردن لەم هەڵبژاردنانەدا بە ئەرکێکی نەتەوەیی _ مەدەنی دادهنێ. ناوبراو لەم پێوەندییەدا بەم شێوەیە بۆچوونی خۆی بۆ «کوردستان» خستە ڕوو:» من شووڕاکان بە هەڵێکی هەرە بچووک بەڵام زێڕین بۆ نەتەوەکان دەزانم کە بۆ پاراستنی هەرێمەکانیان لە سیاسەتە کاوڵکارانەکانی کۆماری ئیسلامی کەڵکی لێوەربگرن. چونکە شووڕاکان بە جۆرێک لە جۆرەکان؛ بەڕێوەبەری باژێرن، کە هەم لە خودی ئەو خەڵکەنو هەمیش لە ژێر چاوەدێریی رۆژانەو راستەخۆی خەڵکەکەدان. ئەوان بە ڕادەیەکی بەرتەسک توانای یاسادانانیان هەیە، دەتوانن پێش لە گەندەڵییەکانی نوێنەرانی دەسەڵات لە شارەکاندا بگرن، دەتوانن لە بواری گەشەپێدانی مرۆڤییەوە بەستێنسازی بکەنو پەرە بە کهلتووری شارنشینی بدەنو شارەکان لە هێندێک بواردا ڕادەستی خەڵک بکەنەوە. سەرچاوە ژێرزەوینییەکان لە تاڵانی ڕەها بپارێزنو قانوونو چاوەدێری بە سەر کاروبارەکاندا زاڵ بکەن. بۆیە دەتوانین بڵێین کەڵکوەرنەگرتن لە شووڕاکانو خاڵیکردنی مەیدانەکە بۆ مانۆڕدانی دەسەڵاتو کەسانی سەربەدەسەڵات؛ خزمەتکردن بە کۆماری ئیسلامیو خراپه بەرانبەر بەو خەڵکەیە».
سەرەڕای لادرانی لە کاندیدبوون بۆ شووڕای شاری مەریوان، عوبەید زارعی پێداگری لە سەر بەشداریی خەڵکی کوردستان لە هەڵبژاردنی شووڕاکاندا دەکاو پێی وایە لە ڕابردوودا بە هۆی بەشدارینەکردنی خەڵکەوە، کەسانی بەرژەوەندیخوازو ناسالم دەسەڵاتی شووڕاکانیان گرتۆتە دەستو لە هەموو ڕوویەکەوە زیانێکیان بە شارو دێیەکانی کوردستان گەیاندوە کە قەرەبوو کردنەوەیان کاتێکی زۆری دەوێ.
ئاوڕدانەوە لە رۆڵو پێگەی شووڕاکان لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی کوردستاندا یەکیک لەو هۆکارانەیە کە زۆر لە چالاکانی نێوخۆی کوردستانی هێناوەتە سەر ئەو باوەڕە کە بانگەشە بۆ بەشداریکردنی خەڵک لە هەڵبژاردنی شووڕاکاندا بکەن.
لەم پێوەندییەدا دوکتور رەحیم فەرەهمەند پێی وایە سەرەڕای ئەوە کە ڕێژیم دەسەڵاتی شووڕاکانی زۆر بەرتەسک کردۆتەوە، بەڵام شووڕاکان لە سێ دەیەی ڕابردوودا کۆمەڵە کارێکی باشیان کردوە کە لە شاڕێکەوە بۆ شارێکی دیکە فەرق دەکا. ناولێنانی کۆڵانو شەقامەکانی کوردستان بە ناوی شاعیرانو گەورە هەڵکەوتووانی کوردو هەروەها سازکردنی دەرفەتی کار بۆ لاوانی کوردستان و ڕاگەیشتن بە شارەکان لە ڕووی جوانکاریو پاراستنی گەڵێک کانگای ژێرزەمینییهوه، لەو ڕیزە کارانەن کە فەرەهمەند پێی وایە شووڕاکان هەوڵیان بۆ داون. ناوبراو وەدەستهێنانی ئەزموونی خۆبەڕێوەبەرییش بە دەسکەوتێکی دیکەی شووڕاکان دەزانێ.
لەم پێوەندییەدا ئەندامی پیشووی شووڕای شاری قوڕوە، عارف نادری دەڵێ:» بوونی شووڕاکان یارمەتیدەر بووە کە بە شێوەیەکی بەرتەسک شارەکان سیمایەکی کوردستانیتر بە خۆیانەوە بگرن، ئێستا چبە ناونانی شەقامێک بووبێ یان دانانی پەیکەرێک. هەروەها هەبوونی شووڕاکان زۆر تاکی کوردی لەم ساڵانەدا فێری شێوازی بەڕێوەبەریو کارگێڕیی شاری کرد، کە زۆرلەو کەسانە ئیستاو لە داهاتوودا دەتوانن، بهسوود بن. بە گشتی دەتوانین ئەوە بڵێین که شووڕاکان وێڕای ئەوەی زیاتر خاوەنی خاڵی رەشو ئەزموونی ناکارامەن لەم ساڵانەدا؛ بەڵام هەنگاوێک بۆ پێشەوەنو لە خۆگری خزمەت بوونو دەتوانن بیشبن، ئەگەرچی لە چوارچێوەی کۆماری ئیسلامییشدا بێ.»
هێندێک لە شارو ناوچەکانی کوردستان دوو نەتەوەی کوردو تورکیان تێدا دەژین کە بە جۆرێک لە جۆرەکانی هەم هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانو هەم چالاکانی نێوخۆش پێیان وایە هەڵبژاردنی شووڕاکان لەم ناوچانەی کوردستان دەکرێ هەڵسەنگاندنێکی جیاوازتری بۆ بکرێ. لەم پێوەندییەدا عارف نادری شاری قوڕوە بە نموونە دێنێتەوە کە دوو نەتەوەی تورکو کوردی تێدا دەژینو دەڵێ:» زیاتر لە ١٥ شاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێکهاتەی چەند نەتەوەیییان هەیە. لەم شارانەدا کوردەکان لە بواری بەڕێوەبەریی شارییەوە بە بەراورد لە گەڵ شارەکانی دیکەدا، پەراوێزخراوترو بێدەسەڵاتترن. پێکهاتنی شووڕاکان ئەو یارمەتییەی دا کە لە هێندێک لەو شارانەدا وێڕای هەموو کۆسپەکانیش ئاڵوگۆڕێکی باش بێتە ئاراوە. بۆ نموونە لە قوڕوە، تا پێش بهشداربوونی کوردهکان، شووڕاکان ناکوردو تەنانەت دژە کورد بوونو چەند گەڕەکی کوردنشین بە تەواوی بێبەش لە خزمەتگوزاری بوون. بەڵام بوونی شووڕا بوو بە ئامیانی ئەوەی کە خێراتر ناسنامەی کوردستانیی شارەکە بگەڕێتەوە، لە هەڵبژاردنەکانی یەکەمدا، لە ٧ ئەندامەکە، ٥ی تورک و ٢ی کورد بوون، لە دووهەمدا، ٣ تورک و ٤ کورد، لە سێهەمدا بوو بە ٦ کورد و 1 تورک. بەدرێژایی ئەم ساڵانە، شارەدارەکان کورد بوونو لە شووڕای دووهەمەوە، کۆبوونەوەکانی شووڕا بە زمانی کوردی بەڕێوە دەچنو هەوڵدراوە خزمەتگوزارییەکان دادپەروەرانە لە گەڕەکەکاندا دابەش بکرێن.»
هەر لەم پێوەندییەدا شەماڵ هەڵمەت بە ئاماژەدان بە گرنگیی ئامارو حەشیمەت کە دەتوانێ گەلێک لە کێشە هەڵپەسێراوەکان چارەسەر بکا، پێی وایە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە مەبەستی تێکدانی هاوسەنگی بە قازانجی پیلانەکانی خۆی، خەریکی گۆرێنی دێموگرافیی ئەو ناوچانەی کوردستانەو پێلە سەر ڕەچاوکردنی سیاسەتێکی درێژخایەن بۆ بەکوردستانیهێشتنەوەی ئەو جۆرە ناوچانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دادهگرێ.
عەبدوڵڵا سۆهرابی بە ئاماژەدان بە زاڵبوونی دەسەڵاتی سیاسیو ئابووریی نەتەوەکانی دیکە بەسەر کورددا، پێ لە سەر بەشداریی لانی زۆری کوردەکانی ئەم ناوچانە لە هەلبژاردنی شووڕاکان دادهگرێ.
قسەی کۆتایی:
چەند ساڵێکە هەموو لایەنەکانی بزووتنەوەی کورد باسو جەخت لە سەر خەباتی مەدەنی دەکەنەوەو لەمبارەشەوە پشت بە ئۆرگانیزەکردنی خەڵکو دامەزراندنی ئین جی ئۆکان دەبەستن. بەم پێیە ئەگەر رێکخراوێکی مۆڵەتدراو لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە دەتوانێ وەکوو کەرەستەیەک بۆ بەهێزکردنی شارۆمەندان ڕۆڵ بگێڕێ، پێویستە بگوتری کە شووڕاکانیش لە واقیعدا نادەوڵەتینو ئین جی ئۆیەکی گەورەن کە دەتوانین وەکوو پارڵمانێکی بچووکو بەرتەسک لە پارێزگاکان، ناوچەکانو شارەکاندا ناویان بەرین کە لە خودی ئەو خەڵکە پێک دێن، لە پێوەندیی ڕۆژانەو ڕاستەوخۆ بە خودی ئەو خەڵکەدانو دەتوانرێ بە ئاسانییش لەژێر چاوەدێڕیی ئەو خەڵکهدا بن.
لە ئاقارێکی دیکەوە، ئێمە دەتوانین لە ڕێگەی رۆڵگێڕان لە هەڵبژاردنەکانی شووڕاکاندا، چالێش بۆ کۆماری ئیسلامی دروست بکەین، ئاستی وشیاریی خەڵک لە سەر مافەکانیانو سیستمی بەڕێوەبەریی شاریو شوینی نیشتەجێبوونیان ببهینە سەرەوە، ئاگایییەک کە ئاخێزگەی جمان، داخوازی، هەستیاریو هەبوونیکی ئەکتیڤانەیە.
له ژماره 609ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه.