بە ڕیوایەتی نەمر حەمە ڕەسووڵ حەسەنپوور
لە ئەرشیڤی خۆمەوە (١٠)
یەکێک لەو شتە گرنگانەی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە پێش دامەزرانی کۆماری کوردستان و لە ماوەی دەسەڵاتداریی کۆمار و دواتر لە هەرهەلومەرجێک دا کە دەستی ڕۆیشتووە خەمی لێ خواردوە، بایەخدان بە زمانی کوردی و خزمەتکردنی بووە. وەڕێخستنی خوێندن بە زمانی کوردی و پشتگیری و هاندانی فێرکردنی خوێندنەوە و نووسین بەو زمانە، بۆ ئەم حیزبە ئەرکێکی هەمیشەیی بووە.
دوای شەڕداسەپاندنی ڕێژیمی خومەینی بە سەر خەڵکی کوردستاندا و گەمارۆی هەمەلایەنەی شار و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە کە داخستنی قوتابخانەکان و خۆ بێخاوەنکردنڕێژیمی تازە لە مامۆستایان و قوتابیانی ئەو ناوچانەشی گرتەوە، حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، “کۆڕی پەروەردە و فێرکردنی سەرانسەریی کوردستان”ی پێک هێنا و، هەرەوەزێکی گەورە و هەر لەو کاتە دا بە نرخی بۆ وەڕێخستنەوەی قوتابخانەکان و خوێندن بە زمانی کوردی لەو قوتابخانانەدا دەست پێکرد. چەندین خولی پەروەردەی مامۆستایانی شۆڕشی پێک هێنا و چەندین کتێبی دەرسیی بە زمانی کوردی چاپ کرد. دیارە کۆمەلەش لە ناوچەی بۆکان و چەند ناوچەی دیکە هەنگاوێکی لەو چەشنەی نا (کە بە بەراوەرد لە گەڵ هی حیزبی دیموکرات، زۆر بەرتەسکتر بوو). من لە نامەی ماستەری خۆم”خوێندن بە زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان” کە ساڵی ٢٠١٠ ئامادە و پێشکەشم کرد، وردتر باسی ئەو هەوڵانەم کردوە.
ئەمڕۆ بە دەرفەتی دەزانم دەسخەتێکی نەمر مامۆستا حەمە رەسووڵ حەسەنپوور کە یەکێک لە کەسایەتییە شوێندانەرەکانی کۆڕی پەروەردە و فێرکردنی سەرانسەری بوو، بڵاو بکەمەوە. ئەو دەسخەتەی کاک حەمەرەسووی زیندەیاد ، وڵامدانەوەن بە کۆمەڵێک پرسیاری ئەز لە بارەی کاروباری کۆڕی پەروەردە و فێرکردن کە کاتی خۆی لە تویژینەوەکەی خۆم دا، سوودم لێ وەرگرتوون. دیارە لە ئیستاوە تا رۆژی ٢١ی فیوریە کە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکە، بە دەرفەتی دەزانم کۆمەڵێک لەو جۆرە زانیاری و دەسخەت و دۆکیۆمێنتانە بڵاو بکەمەوە. داوای لێبووردنیش دەکەم کە ناتوانم سەرلەنوێ بەڵگە نامەکان تایپ بکەمەوە. چونکە جگە لەوەی بارودۆخی جەستەییم یارمەتیم نادا، لە راستی دا ئەوەندەش کاتی بە تاڵم نیە.
هەر بۆ نموونە بڕواننە ئاماری ساڵی ١٣٦١-١٣٦٢(١٩٨٢-١٩٨٣ی زایینی) و پاش وردبوونەوە لە ژمارەی قوتابخانە و مامۆستا و قوتابیانی ئەو ساڵە ، لای خۆتان هەڵوێستەیەک بکەن لە سەر شوێنەوارە درێژخایەنەکانی خوێندن بە زمانی کوردی لە سەر ئەو قوتابیانە و خەڵک بە گشتی. بزانن زۆر لەو کەسانەی دواتر لە نێو حیزبی دیموکرات و تەنانەت لە نیوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بوون بە کەسە دیارەکانی بواری ئەدەب و ڕۆشنبیری، گەرای کوردایەتی و شوناسخوازی و هۆگری بە زمانەکەی خۆیان هەر لەو قوتابخانانە، لە لای مامۆستایانی شۆڕش و لە فەڕ و بەرەکەتی ئەو کتێبە کوردییانەی قوتابخانەکانی شۆڕش چووە نێو هەست و نەست و مێشکەوە. ئەمەش دەیسەلمێنێ ئەو شتەی پیی دەوترێ “نەتەوەسازی”، لە ڕێڕەوی کار و کردەوەی لەم چەشنە بنیاتنەردا، لە مێژە دەستی پێ کردوە وشتێکی تازە نیە.
**
ئەم یادکردنەوەیەم لە پێشدا پێشکەش بێ بە گیانی کاک حەمەرەسووڵ حەسەنپوور کە مامۆستایەتی و کتێب و قوتابخانە و خوێندن و پێگەیاندن، گەورەترین و گرنگترین دڵخۆشی و شانازی و سەرمایەکانی ئەو لە ماوەی نزیک بە ٦٠ ساڵ تێکۆشانی لە ڕیزەکانی حیزبی دیموکراتدا بوون، هەر وەها بە خاتوونی خۆڕاگر و سەربەرز هوما خانم، هاوسەر و گەورەترین پشتیوانی رەوانشاد کاک حەمەرەسووڵ لە سەختەڕێی خەبات لە هەر دوو سەردەمی ڕێژیمی شایەتی و ڕێژیمی ئاخوندەکان دا.
لە داهاتووش دا لەم بارەیەوە بابەت و بەڵگەم دەبێ کە پێشکەشتانی بکەم:
………………………………………………………………………………..
زۆر بەرێز کاک قادر وریا
وێرای سڵاو!
داوات کرد بوو هێندێ زانیاریت لە سەر مامۆستایانی شۆڕش و قوتابخانەکانی سەر بە کۆڕی پەروەردە بۆ بنووسم، ئەوە لە خوارەوە تا ئەو جێیەی ئاگادارم هێندێ شتت عەرز دەکەم:
١ ـ کتێبی ژیان و خەبات دوو بەرگ بوو، بەڵام بەرگی دووهەمیان کە لە لایەن خوالێخۆشبوو ( طە عتیقی) یەوە ئامادە کرا بوو بە هۆی کەمووکووڕی کەڵکی لێوەرنەگیرا.
٢ ـ کتێبی خوێندنی زمانی کوردی ” ڕێنوێنی مامۆستا “ی نەبوو، مامۆستاکان بە ئیبتکاری خۆیان وانەکەیان دەگوتەوە و زۆریش تێیدا سەرکەوتوو بوون.
٣ ـ ساڵی خوێندنی ( ٦١ ـ ١٣٦١ ) لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان قوتابخانەکانی شۆڕش لە سەر داواکاری حیزب بە تایبەت لە شاروچکە و گوندەکاندا ( ئەو جێیانەی لە ژێر کۆنترۆڵی هێزی پێشمەرگە دابوون) ، کرا بوونەوە. ( ئاماری ئەو ساڵە هاوپێچی ئەم نووسراوەیە ).
٤ ـ پێش ئەوەی کتێبە کوردییەکان بگەنە دەست مامۆستایان ( تەنیا خوێندنی کوردی بۆ پۆلی یەکەم گەیشتبوو ) . باقی کتێبەکان تا پۆلی سێهەمی ( راهنمایی ) هی ( ئاموزش و پرورش )ی ڕێژیم بوون و مامۆستاکان بە کوردی لە سەر پۆلەکان وەریان دەگێرایەو دەیانگوتەوە.
٥ ـ ئەو ناوچە و گوندانەی کۆڕی پەروەردە قوتابخانەی تێدا کردبوونەوە لەگەڵ ئامارەکەیاندا هاوپێچی ئەم نووسراوەیە.
٦ ـ ئەو خولانەی کۆڕی پەروەردە بۆ پێگەیاندنی مامۆستای شۆڕش کردبوونیەوە وانەکانی: (کوردی ، دەروونناسی ، شێوەی هەڵسووکەوت لەگەڵ قوتابی ، کۆمەڵناسی ، شێوەی وتنەوەی دەرسی بیرکاری ، هەڵسووکەوت لەگەڵ گوندنشینەکان، خۆ بە دوور گرتن لە بەکار هێنانی وشەی کوردی داتاشراو، ڕوونکردنەوە لە سەر هەڵسووکەوت و سیاسەتی ڕێژیمەکان سەبارەت بە تواندنەوەی گەلی کورد و لە نێو بردنی ئاسەواری زمانی زگماکی گەلی کورد و … بوون.
٧ ـ تا ساڵی ١٣٦٨ زۆربەی کتێبەکانی تا پۆلی پێنجەمی سەرەتایی کران بە کوردی و لە لایەن حیزبەوە چاپکران و دران بە قوتابیان و مامۆستایان.
٨ ـ کتێبی ئەلف و بێ کوردی کە بۆ پۆلی یەکەم دانرا بوو تەنیا خاڵێکی لاوازی کە تێیدا بوو ئەوە بوو کە بە پێی سیلسیلە مەراتیبی پیتەکان دانەبەزیبوو و پاش و پێشی پیتەکان بەرچاو بوو ئەگینا لە بوارەکانی دیکە دا باشبوو ، ( یەکەم جار لە وڵاتی لوبنان چاپکرا ).
٩ ـ ئاماری ساڵی خوێندنی ٦٢ ـ ١٣٦١ لەگەڵ ئەم نامەیە دایە، ژمارەی خولەکانی مامۆستایان زۆر بوون. یەکەم خول لە گوندی دێگەی ناوچەی سەردەشت کرایەوە. پاشان هەر لە سەردەشت لە دێی مووسالان و لە ناوچەکانی دیکەش کرانەوە بەڵام هەموویانم لەبیر نییە.
١٠ ـ هەروەک باسکرا لە زۆربەی ئەو ناوچانەی لە ژێر کۆنترۆڵی هێزی پێشمەرگە دا بوون کۆڕی پەروەردە تێکۆسانی هەبوو ( لە ئامارەکە دا بە ڕوونی ئەمە دەردەکەوێ ) . لە ناوچەی سنە کاک دوکتۆر خەڵیقی ( کە تازە هاتبۆ ڕیزی حیزبەوە ) هەوڵ و ماندوو بوونی زۆری نواند، هەروەها لە ناوچەی مەریوان کاک عەلی مێهرپەروەر هەوڵی زۆری بۆ کردنەوەی قوتابخانەکان داوە . ئەندامانی کۆڕی پەروەردەی سەرانسەری کوردستان لە سەرەتاوە بریتی بوو: لە ( کەماڵ خالدی ، محمد قادری ” شنۆ ” ، خۆم ” سەردەشت “، پاشان عومەری امیر خضری).
شەهید غەفووری هەمزەیی لە ناوچەی بانە بۆ کردنەوەی مەدرەسەکان هەوڵی زۆری دا و کتێبی دەرسی بۆ کۆڕ پەیدا کرد.
سوپاس
حەمەرەسووڵ حەسەنپوور
١٢ ـ ١١ ـ ١٣٨٨
تێبینی:
لە خاڵی ٣ ی نامەکەتدا باسی گەمارۆی ڕێژیم لە سەر کوردستان دەکەی ( ساڵی خوێندنی ٦٠ ـ ٥٩ ) ئەو کات خوێندن هەبوو و ئێستا کۆڕی پەروەردە پێک نەهاتبوو، بەڵام زۆر گەرم و گوڕ نەبوو و حکوومەتی بوو.
١ ـ ڕۆژی ١٢ ی پووشپەری ١٣٥٩ حیزب لە بەیاننامەیەکدا داخستنی ( آموزش و پرورش ) ی ئەستانی کوردستانی ( بێجگە لە سارەکانی قڕوە و بیجار ) ی مەحکووم کرد بوو.
٢ ـ ڕێکەوتی ٧ ی خەرمانانی ١٣٥٩ لە ژێر ناوی ( فراخوان حزب دمکرات کردستان ایران بمناسبت نزدیک شدن سال تحصیلی ٦٠ ـ ١٣٥٩ ) بڵاو کردەوە و لەوێدا داوا لە خەڵکی کوردستان کرابوو لە ڕێگای پێکهێنانی شۆڕاکان خەرجی پەروەردە و فێرکردنی گەلیی دابین بکەن …
٣ ـ ڕێکەوتی ڕۆژی یەکەمی ڕەزبەری ١٣٦٠ حیزب لە ژێر ناوی ” ئاگاداری دەسفتەری سیساسی ح.د.ک.ا ) بە بۆنەی سەرەتای ساڵی تازەی خوێندنی بڵاو کردبۆوە و لەوێدا لە کۆتایییەکەیدا نووسرا بوو: ” هیوادارین لە ساڵی داهاتوودا بتوانین کلاسەکانی دەرسی لە هەلوومەرجێکی باشتر و لە بارتردا ئامادە بکەین …
ئاماری تەرتیبی مامۆستا و قوتابیانی سەر بە کۆڕی پەروەردە بۆ ساڵی خوێندنی ٦٢ ـ ١٣٦١
سەرەتایی | راهنمایی | |||||||||
ڕیز | ناوی ناوچەکان | ڕادەی قوتابخانە | پۆل | قوتابی | مامۆستا | قوتابخانە | پۆل | قوتابی | مامۆستا | تێبینی |
١ | ناوچەی ورمێ | ١١ | ١ تا ٥ | ١٣٥ | ١٣ | ٥ | ١ تا ٣ | ٦٥ | ٥ | |
٢ | ناوچەی شنۆ | ١٩ | ١ تا ٥ | ٢١٥ | ١٩ | ٣ | ١ تا ٣ | ٧٥ | ٦ | |
٣ | ناوچەی نەغەدە | ٦ | ١ تا ٥ | ٧٥ | ٨ | ١ | ١ تا ٣ | ٤٥ | ٣ | |
٤ | ناوچەی پیرانشار | ٢١ | ١ تا ٥ | ٣٨٠ | ١٨ | ٨ | ١ تا ٣ | ٦٨ | ٩ | |
٥ | ناوچەی سەردەشت | ٢٥ | ١ تا ٥ | ٣٤٥ | ١٩ | ٥ | ١ تا ٣ | ٥٧ | ٧ | |
٦ | ناوچەی مەهاباد | ٣٥ | ١ تا ٥ | ٤٢٥ | ١٦ | ٧ | ١ تا ٣ | ٧٤ | ٨ | |
٧ | ناوچەی بانە | ١٤ | ١ تا ٥ | ١٥٢ | ١٩ | ٣ | ١ تا ٣ | ٦٨ | ٦ | |
٨ | ناوچەی سەقز | ١٧ | ١ تا ٥ | ١٢٦ | ١٤ | ٣ | ١ تا ٣ | ٤٥ | ٤ | |
٩ | ناوچەی هەوشار | ٧ | ١ تا ٥ | ٩٦ | ٤ | ١ | ١ تا ٣ | ١٨ | ٣ | |
١٠ | ناوچەی مەریوان | ١٩ | ١ تا ٥ | ٢٥٦ | ١٤ | ٤ | ١ تا ٣ | ٣٤ | ٣ | |
١١ | ناوچەی کامیاران | ٧ | ١ تا ٥ | ٩٥ | ٥ | ١ | ١ تا ٣ | ٣٥ | ٢ | |
١٢ | ناوچەی دیواندەرە | ٥ | ١ تا ٥ | ٦٨ | ٤ | ١ | ١ تا ٣ | ٢٥ | ٢ | |
١٣ | ناوچەی سنە | ١٩ | ١ تا ٥ | ٣٢٥ | ٢٢ | ٩ | ١ تا ٣ | ١٠٩ | ١١ | |
١٤ | ناوچەی بۆکان | ٢١ | ١ تا ٥ | ٢٢٠ | ١٦ | ٧ | ١ تا ٣ | ٧٤ | ٨ | |
کۆی گشتی | ٢٢٦ | ٢٩٠٣ | ٢٠٢ | ٦٢ | ٨١٠ | ٦٣ |
تێبینی:
١ ـ مامۆستاکان زۆربەیان کادر یان پێشمەرگەی حیزب بوون و لەگەڵ بەرێوەبردنی ئەرکی پێشمەرگایەتیدا کاری مامۆستاییشیان لە سەر شان بوو. لە زۆر شوێن هێندێ فەقێ و مامۆستای ئایینیش دەرسیان دەگوتەوە.
٢ ـ قوتابیەکان بێجگە لە منداڵان م پێشمەرگەی نەخوێندەوار و بنەماڵە و خەڵکی ئاوایییەکان بوون.
٣ ـ مامۆستای ئەوتۆ هەبوون کە دەرسی سەرەتایی و ( راهنمایی ) شیان دەگوتەوە.
کۆڕی پەروەردە ( کە ئەو کات لە ژێر ناوی کۆڕی پەروەردە و بارهێنان ) دا کاری دەکرد، پاشان ناوی ( بارهێنان ) لە لایەن هێندێ دۆستی ڕواڵەتی کرابوو بە ( بارلێنان ) ، ئەوە بوو حیزب کردی بە ، کۆڕی پەروەردە و فێرکردنی سەرانسەری کوردستان و بە ڕەسمی لە ڕۆژی یەکەمی ڕەزبەری ١٣٦٠ دا دەستی بەکار کرد. لە هاوێنی ١٣٦١ دا ئامادەکاری زۆری بۆ کردنەوەی مەدرەسەکان لە لایەن کۆڕی پەروەردەوە لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان کرا و ڕۆژی ١ ی ڕەزبەری ئەو ساڵە بە سروودی نەتەوایەتی : ” ئەی ڕەقیب ” کاری مەدرەسەکانی سۆڕش دەستی پێکرد ، لە هێندێ مەدرەسەی دەوروبەری شارەکان کە لە لایەن ( آموزش و پرورش )ی حکوومەت بەرێوە دەچوون منداڵان بە بێ گوێدان بە راسپاردەی حکوومەت بەرگی کوردییان دەپۆشی و سروودی ئەی ڕەقیب یان دەخوێندەوە و پاسان حکوومەت پێشی پێگرتن.
نووسینەی دەقی نامەکان: حەمەرەسووڵ کەریمی
ماڵپەری گیارەنگ
دەقی نامەکان بە دەست خەتی ڕەوانشاد کاک حەمەرەسووڵ حەسەنپوور لە خوارەوە وەک خۆیان داندراونەوە و هیوادارین کە خوێنەران کەڵک لەم ئامار و زانیاریانە وەر بگرن.