بێ‌ڕێزی‌ کردن بە هونەرمەند عەلی عابدی

بێ‌ڕێزی‌ کردن بە هونەرمەند عەلی عابدی لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقزەوە
عەلی عابدی ژەنیار و گۆرانیبێژی ناسراوی سەقزی بە هۆی چالاکییەکانییەوە، بانگکراوەتە ئیدارەی ئیتلاعات و لێپێچینەوەی لێ‌کراوە.
سەرچاوەیەکی نیزیک لە هونەرمەندی میووزیکژەنی کوردی خەڵکی شاری سەقز، مامۆستا عەلی عابدی ڕاگەیاند: کە پێشنیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە، رێکەوتی ١٦ی بەفرانبار، ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لەو شارە ناوبراویان بانگ‌کردۆتە بنکەی ئیتلاعات و بە تۆمەتی هاوکارییکردنی حیزبە کوردییەکان وێڕای ئەزیەت و ئازار، بێ‌ڕێزییان پێ کردوە.
مامۆستا عەلی عابدی کە یەکێک لە هونەرمەندانی دەرەوەست و بەتوانای بواری میووزیک و گۆرانیی کوردییە، چەندین ساڵە خەریکی ڕاهێنانی منداڵان و لاوانی فێرخوازە و هونەرمەندێکی دەروەست و نیشتماندۆستە.
ناوبراو تا ئێستا بە هۆی بەرهەم و چالاکییەکانی چەندین کەڕەت لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بانگکراوە و بێ‌ڕێزی پێ‌کراوە.
جێی وەبیرهێنانەوەیە ڕۆژێک پێش لە مانگرتنی سەرانسەریی ٢١ی خەرمانان سەرلەنوێ ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز هەڕەشەیان لە ناوبراو کردبوو، کە ئەگەر لەو مانگرتنە بەشدار بێت، فێرگەی مووسیقییەکەی دادەخرێت.
مامۆستا عەلی عابدی لە ساڵی ٦٤ی هەتاوییەوە پێ‌ناوەتە دنیای هونەر و، تا ئێستاش لەو بوارەدا باش درەوشاوەتەوە.
بەرهەمەکانی مامۆستا عەلی عابدی بریتین لە؛
“بەتەنیا جێم مەهێڵن ، وەرزێک لە ئاوازەکانی عەلی عابدی(٢٠٠٤سلێمانی)” ، “لە دڵمایە، ژیان و بەرهەمی ڕەشید فەیزنژاد(٢٠٠٦ سلێمانی )” ،”ژیلان، گۆرانی بۆ منداڵان(١٣٩١) “، “زایەڵە و هەروەها ٣١ گۆرانی بە تار ، سێتار و سەنتوور” بڵاو کردوتەوە.

کۆمێنتی تۆ لەسەر بابەت