کوردستانی سەربەخۆ. جەماڵی عەڵیاڵی

قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین هەر دەڕوات و قووڵتر دەبن، ریزەکانی ناو کۆمەڵگاکانی زۆر جار بە خەلت جیاواز هەر دێت و تەسکتر دەبنەوە. لەو ناوەدا ئەو بەشەی بە ڕواڵەت نەگۆڕی ڕۆژهەڵاتی ناوین کە لە جێی خۆیەتی و چ ئاڵ و گۆڕێکی بە سەرا نایەت کوردستانە. دژایەتییەکانی ناوبەین ئایینەکان و کۆمەڵگاکان بەرەو ژ‌وورە و شمشیری دژبەرایەتییەکان هەر دێتو تیژتر دەبێت. قووڵی دژبەرایتییەکان هەر دە کوشت و بڕ و تەقینەوەکانی ناو مزگەوتەکان و کەنیسەکاندا بەدی ناکرێ بەڵکوو لە بەکارهێنانی چەکی کیمیاییشەوە خۆی ئاشکرا دەکات. ئێستا پرسیار ئەوەیە کە ڕۆڵی کوردستان وەکوو کۆمەڵگەیەکی پێش وەڕوو لەو ناوەدا دەبێ چی بێت؟ هەوڵی نووسەر ئەوەیە کە لەو چەند دێرەدا ڕوانگەی خۆی بخاتە بەر چاوی خۆێنەری “رەخنەگر”.

وڵاتی کوردستان تا بن لووتی نووقمی زەلکاوی بە زۆر داسەپاوی داگیرکەرانە. بۆگەنی ئەو زەلکاوە پڕیوەی هیندوستان و جەزایر لە لایەک و کازاخستان و سومال لە لایەکیترەوە بووە. لە هەمان کاتدا دەسەلاتی داگیرکەری کوردستان هەر دەم بە ناوی ئایین بەڵام لە ڕەنگی جیاوازدا گەلی کوردیان کۆمەڵکووژ کردووە. ئەو ڕاستییە لە داگیرکەرانەوە شاراوە نیە. کۆمەڵگای کوردستان لە باری سیاسییەوە خاوەنی سی هێڵی سەرەکییە، پ ک ک، دێمۆکرات و کۆمەڵە. ئەو سێ هێڵە هیچ کامیان بنەمای ئایینییان نیە (سەرۆکایەتی بزووتنەوەیەک لە لایەن شێخێک یاخود مەلایەک بەنەمای ئایینی بە بزووتنەوەکە نابەخشێ)، تەنانەت هیچکامیان بە تەمای ئەوە نین کە ئیزنی دامەزرانی کەیانێکی ئایینی لە کوردستان بدەن. هۆکاری ئەو هەڵوێستە ئەوەیە کە کورد ئێستاش لە تەواو کردنی دۆسییەکانی ئەو نەهامەتییانەی کە لە لایەن ئایینەوە بە سەری هاتووە تەواو نەبووە. هەبوونی هەر یەک لەو سێ هێڵە سەرکییانە گارانتی ئەو هەڵوێستە دەکات. ئەو ڕاستییەش لە داگیرکەران شاراوە نیە، ئاخۆ ئەوان ئەشێ چ هەڵوێست و سیاسەتێک لە هەمبەر کۆمەڵگای کوردی دا بگرنە بەر؟

ئێستا با بچینە سەر کاکڵی بابەتەکە. ڕۆژهەڵاتی ناوین بەرەو قۆناخێکی (هەڵدێرێکی) مەترسیدار دەڕوات. لەو قۆناخەدا گەلانی دانیشتووی ئەو ناوچەیە بۆ ماوەیەکی زۆر دوور و درێژ (بە بوێرییەوە دەکرێ زۆر زیاتر لە ١٠٠ ساڵ مەزەندە بکرێت) چ چاریان بۆ نامێنێ جگە لە کۆیلەتی و چاولەدەستی زلهێزەکان. لەو ناوەدا ئەو گەلە “براوەیە” کە پێشەکی پلان و بڕیاری خۆی ئامادە کردووە. لەو بارەوە پلان و بڕیاری سەرجەمی هێڵە سەرەکییەکان بۆ بەرەوڕوو بوونەوەی ئەو ڕۆژە ڕەشەی ئاوێتەی ڕۆژهەڵاتی ناوین دەبێت ڕوون و ئاشکرا نیە، ئەو ڕاستییەش لە داگیرکەران شاراوە نیە. کوردستان لە ناو پانتایی ڕۆژهەڵاتی ناوین خاوەنی بەرفراوانترین و قووڵترین کولتوری خەبات، سیاسەت و دێمۆکراسییە بەڵام لە هەمان کاتدا شۆێن پێی کولتوری ژەهراوی داگیرکەرانی لە سەرا دیارە، ئەوە هۆکاری سەرەکی ناتەبایی ناوبەین گشت هێزەکانی سیاسی کوردستانە کە هەر یەکەو لە یەک لەو سێ هێڵە سەرەکییانە خۆ دەدۆزێتەوە.

بە پشت بەستن بە کاکڵی بابەتەکە دەکرێ باسی “داخوازی کوردستانی سەربەخۆ” بخرێتە ڕۆژەڤەوە! بۆچی نا؟ ئەی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد بۆچی دەگیرێ؟ ئایا بۆ ئەوەیە کە لایەنێک سەرۆکایەتی خۆی بە سەر ئەوانیترا داسەپێنێ؟ ئایا بۆ ئەوەیە کە لە نەوتی بابەگوڕگوڕ پشکی مەهاباد و عەفرین بدرێ؟ هەڵبەت خۆێنەری بەرێز بۆی هەیە کە رەخنەگرانە “داخوازی کوردستانی سەربەخۆ” بەپەرچ داتەوە بەڵام نەک بە شێوازی داگیرکەران. ئیتر کاتی ئەوەی هاتووە (ئەگەر درەنگ نەبووبێ!) کە سەرۆکایەتی سیاسی کۆمەڵگای کوردستان هەنگاوی ژیرانە هەڵگرێ، ئەوکات بە بێ بانگەواز هێزی گەلیان دەگەل دەکەوێ.

جەماڵی عەڵیاڵی ١/٩/٢٠١٣