چیرۆک بۆ منداڵان : هـەڵۆ و مـار. رەزا شوان

رۆژێک لە رۆژان ، مارێکی بەڵەکی گەورە و سەرپان ، لەقەد پاڵی شاخێکی بەرزی کوردستان ، لە نێوان دوو تاشە بەردا ، سەری هەڵبڕی و ، لە گوندەکەی دامێنی شاخەکەی دەڕوانی .. لەبەر خۆیەوە گوتی :” لەم بەهارە دا ، هێلکەیەکی زۆر دەکەم ، هەموو هێلکەکانم هەڵدێنم ، چەند توولەمارێک گەورە دەکەم ، ئەوانیش هێلکە دەکەن و ، بە دەیان توولەماری تر هەڵدێنن و گەورەیان دەکەن .. تا بێت ژمارەمان زۆر و زۆرتر دەبێت .. ئەم ناوچەیە داگیر دەکەین ، بە گەورە و بچووکی خەڵکی ئەم گوندەوە دەدەین .. ناچاریان دەکەین کە گوندەکەیان بەجێبهێڵن .. ئەوسا هەموو شتێ بە کامی دڵی ئێمە دەبێت .. بە ئارەزووی خۆمان بە ناوچەیەدا گوزەردەکەین .. کێ دەتوانێت لە ئاستی ئێمەدا بکۆكێت .. ئەگینا … “

مارەکە لەم خەیاڵ پڵاوەدا بوو .. لە پڕ لەسەر لووتکەی شاخەکەی پشتییەوە ، هەڵۆیەکی گەورە ، بە تیژی بۆی هاتە خوارەوە .. بە نینۆکە تیژەکانی ناوقەدی مارەکەی گرت و ، بواری نەدا و ، سەری بەر دەنووک دا .. مارەکە چەندی کرد لە هەقی هەڵۆکە نەهات .. هەڵۆکەش وازی لێ نەهێنا ، تا سەری مارەکەی هەلا هەلا کرد و ، لە جووڵەی خست .. ئینجا هەڵیگرت و هەڵفڕی .. مارەکەی بردەوە بۆ هێلانەکەی و ، کردی بە ژەمە خواردنێکی ئەو رۆژەی بێچوەکانی .

(*) کوردیلە چاوگەشەکانی کوردستان ، مەبەستم لەم چیرۆکەدا ئەمەیە : هەرکەسێ بیر لە کاری خراپە بکاتەوە .. دەشێ پیلانە گڵاوەکەی نەیاتەدی و سەریبخوات .. چونکە لەوش بەهێزترهەیە.