ئه‌م په‌راگرافه له‌به‌رگى دوه‌مى رۆمانى “کێ ساله شێتى کوشت؟” له‌نوسینى د. عه‌لى که‌ریم، که رۆژى دوشه‌ممه‌ى ٠٧ـ٠١ـ٢٠١٩ له دووهه‌مین ساڵڕۆژى کۆچى دوایى نوسه‌ردا له‌رێوره‌سمێکدا له‌ئه‌منه سوره‌که بڵاوده‌کرێته‌وه.
ئێواره‌یه‌ک که دنیا له تاریک بوندا بوو حه‌که‌ى حاجى فه‌ره‌جى له‌گ له‌گى رووى کرده ماڵى محه‌ى حه‌بێ که‌شکه‌ک، بێ ئه‌وه‌ى ئالان ئاگادار بکات. به پرسیار ماڵه‌که‌ى دۆزیه‌وه.
ئه‌وه‌ى له‌هه‌موو شتێ زیاتر سه‌رنجى حه‌که‌ى راکێشا ده‌روازه ته‌خته‌که‌ى حه‌وشه‌ى خانووه‌که بوو. ئه‌و ده‌رگا پانه به‌رزه به‌ئاسانى قه‌مه‌ره‌یه‌کى پیا ئه‌ڕۆی. له‌کۆنیدا ته‌خته‌که‌ى ره‌ش بوو بوو:
”ئه‌م ده‌رگایه له‌سلێمانى کۆنتره”.
له‌درزى ده‌رگاکه‌وه سه‌یرێکى ناو حه‌وشه‌که‌ى کرد هیچى نه‌دی. که له‌ده‌رگاى دا ده‌نگى ئافره‌تێکى هاته گوێ که وتی.
”ده‌رگاکه دانه‌خراوه پاڵێکى قایمى پێوه‌بنێ”.
حه‌که زانى که ئه‌مه ده‌نگى ئه‌و نه‌نه ته‌یاره‌یه‌یه ئالان کاتى خۆى باسى کرد.
حه‌که پاڵێکى نا به‌تاکێکى ده‌رگاوه که جیڕه‌یه‌کى به‌هێزى لێهه‌ستا، حه‌که به‌هێواشى چووه ناو حه‌وشه‌که‌و قاپى ده‌رگاکه‌ى جووت کرده‌وه.
پیره‌ژنێکى سه‌رسپى به‌دى کرد له هه‌یوانه‌که له‌سه‌ر دۆشه‌کڵه‌یه‌ک دانیشتبوو، ئاوێنه‌یه‌کى له‌سه‌ر ئه‌رزه‌که دانابوو خۆى جوان ئه‌کرد. دوو پشیله‌ى سه‌ر زل به‌رامبه‌رى دانیشتبوون سه‌یرى ئه‌م دیمه‌نه‌یان ئه‌کرد.
پێره‌ژن سه‌رێکى به‌رز کرده‌وه، سه‌یرى حه‌که‌ى کرد‌و که‌وته‌وه خۆ جوان کردن. پشیله‌کان حه‌که‌یان هه‌ر به‌پیاو نه‌زانی، ئاوڕیان لێنه‌دایه‌وه.
– چیت ده‌وێ، رۆڵه چیت ده‌وێ؟
– خاڵه محه له ماڵه؟ ــ به‌ده‌نگێکى زۆر نزم وتی.
– گوێم گرانه، وه‌ره پێشه‌وه‌و ده‌نگ هه‌ڵبڕه.
– خاڵه محه له ماڵه؟
– له ماڵ نییه چووه بۆ سینه‌ما؟
حه‌که هیچى لێحاڵى نه‌بوو له‌م وه‌ڵامه سه‌یره.
– نه‌نه گیان بیستومانه خاڵه محه زۆر نه‌خۆشه چۆن چووه بۆ سینه‌ما؟
– ئه‌ى که ئه‌زانى زۆر نه‌خۆشه ئه‌و پرسیاره قۆڕه‌ت بۆ کرد؟
– نه‌نه گیان ببووره من…
– به‌من مه‌ڵێ نه‌نه، من ناوم ”گوڵزاره” کچى شێخى ”ته‌په چنه”م، پیسى بۆگه‌ن تۆ ناوت چییه؟
– باجى گوڵزار من ناوم “فه‌قێ که‌ریمه”، خه‌ڵکى گه‌ڕه‌کى مه‌ڵکه‌ندیم.
– فه‌قێ که‌ریم خێره وا به‌م ئێواره‌یه هاتوى بۆ لاى من؟
– باجى گوڵزار هاتوم تا بزانم خاڵه محه چۆنه.
– فه‌قێ، محه زۆر نه‌خۆشه، سێ مانگ زیاتره چاوه‌ڕوانى حه‌زره‌تى عیزرائیل ئه‌که‌ین له‌هیچ کونێکه‌وه دیار نییه تابێت رۆحى محه بکێشێ، دیاره ئه‌ویش نه‌خۆش که‌وتوه.
حه‌که قه‌ت چاوه‌ڕێى وه‌ڵامى واسه‌یر نه‌بوو له‌م پیره‌ژنه سه‌رسپییه ویستى بیکات به‌گاڵته‌و سوعبه‌ت، به‌ڵام هه‌ڵوێستى ئه‌مڕۆ واى پێویست ئه‌کرد وه‌ک فه‌قێیه‌ک خۆى قورس‌و قه‌مه‌ر رابگرێ.
– حه‌زره‌تى عیزرائیل، روحم به‌قوربانى بێت به‌پێى ئه‌وامرى بارى ته‌عه‌لا رۆحى به‌نى ئاده‌م ده‌کێشێ، دیاره خاڵه محه رۆژى ته‌واو نه‌بووه، حه‌زره‌تى عیزرائیل مه‌لائیکه‌ته نه‌خۆش ناکه‌وێ، دوێنێ له‌گه‌ڕه‌کى کانى ئاسکان رۆحى ”مه‌لا ته‌قله‌باز”ى کێشا.
– که‌واته عیزرائیل له‌م ناوه‌دایه؟
– نازانم له‌سلێمانى ماوه یان رۆیشتوه.
نه‌نه ته‌یاره که‌وته چاوڕشتن به‌کل‌و کلچێوک.
– فه‌قێ پرسیارێکت لێئه‌که‌م، توو ئه‌و قورئانه‌ى له‌سنگتایه ئه‌گه‌ر به‌ڕاستى جوابم نه‌ده‌یته‌وه.
– فه‌رموو باجى گوڵزار حه‌دم چییه له‌ڕوى تۆدا درۆ بکه‌م.
– بۆچى له‌کورده‌واریدا ئه‌ڵێن: ”فه‌قێ گونت ته‌قێ”؟
– ئه‌وه بۆ وه‌زنى شیعره.
– فه‌قێ تۆ هێشتا گونت نه‌ته‌قیوه؟
– نه‌خێر.
– وه‌ره پێشێ پیشانم بده، فه‌قێ هه‌ى گونت ته‌قێ.
حه‌که له‌ژیانیا ئافره‌تى وا بێ ئه‌ده‌بى نه‌دیبوو. خۆ که نه‌نه ته‌یاره له‌خۆ جوان کردن بۆوه‌و له‌حه‌که‌ى پرسی:
– فه‌قێ عالم؟
حه‌که وه‌ڵامى بۆ نه‌درایه‌وه، ته‌نها سه‌رێکى بۆ راوه‌شان.
– فه‌قێ گونت ته‌قێ، پرسیارێکى که‌ت لێئه‌که‌م درۆم له‌گه‌ڵ مه‌که.
– فه‌رموو، فه‌رموو.
– فه‌قێ گونت ته‌قێ، بۆچى فه‌قێ هه‌موو مێبازن؟
– وانییه…
– وایه، به‌کچێنى ئه‌وه‌نده‌ى نه‌مابوو فه‌قێیه‌ک له‌خشته‌م به‌رێ، خوا ره‌حمى پێکردم دایکم هات به‌سه‌رمانا.
– دیاره ئه‌و فه‌قێیه زۆر بێ ئه‌خلاق بووه.
– هیچ بێ ئه‌خلاق نه‌بوو، ناهه‌قى ناگرم، منیش بوومایه له‌جێگاى فه‌قێ کیژۆڵه‌یه‌کى وا خڕوخرپنم ده‌ستکه‌وتایه زرمه‌م لێهه‌ڵئه‌ساندو بۆ باوکیم ئاقڵ ئه‌کرد.
– ئه‌سته‌غفیره‌ڵڵا.
– فه‌قێ گونت ته‌قێ تۆ ئه‌و قورئانه‌ى له‌سنگتایه ئه‌گه‌ر راست نه‌ڕۆی، چه‌تیوێکى خڕوخرپنت ده‌ستکه‌وێ زیڕه‌ى لێهه‌ڵناسێنێ؟
– به‌حه‌ڵاڵى زیڕه له‌دایکیشى هه‌ڵئه‌ستێنم.
– ئافه‌رین فه‌قێ هه‌ى گونت ته‌قێ، وه‌ره له‌نزیکمه‌وه دانیشه با تۆزێ زاخاوى ده‌مم بده‌مه‌وه، ئه‌وه‌ته‌ى محه نه‌خۆش که‌وتوه چوار قسه‌ى حیزم نه‌کردوه، محه به‌ڕه‌حمه‌ت بێت تاقه‌تى له‌قسه‌ى حیزى من نه‌ئه‌چوو.
حه‌که سه‌ر که‌وته سه‌ر هه‌یوانه‌که‌و به‌رامبه‌رى نه‌نه ته‌یاره دانیشت.
– باجى گوڵزار بۆچى وتت: ”محه به‌ڕه‌حمه‌ت بێت”؟
– ئه‌ى بڵێم به‌نه‌عله‌ت بێت؟
حه‌که بۆى ده‌رکه‌وت که ده‌ره‌قه‌تى ده‌مى نه‌نه ته‌یاره نایه‌ت، خوا کردى نه‌نه ته‌یاره بنێشته‌که‌ى له‌ده‌مى خۆ‌یا هێنایه ده‌رێ داى به‌یه‌کێ له‌پشیله‌کان که قۆزتیه‌وه چاوى په‌ڕییه پشتى سه‌ری.
– باجى گوڵزار ئه‌مه یه‌که‌مجاره له‌ژیانمدا که بینیم پشیله بنێشت بجوێ.
– که‌ر مه‌به پشیله چۆن بنێشت ئه‌جوێ یه‌کسه‌ر قوتى ئه‌دا ــ روى کرده یه‌کێ
له‌پشیله‌کان ــ بله، وه‌ره پێشێ، وه‌ره باوه‌شم.
پشیله ره‌شه‌که رایکرده باوه‌شیو نه‌نه که‌وته خوراندنى پشت‌و ملی.
– ئه‌و پشیله‌یه ناوى بله‌یه؟
– به‌ڵێ، محه به‌ناوى بله‌ى جاوه‌وه ناوى ناوه.
– ئه‌ى ئه‌ویتریان ناوى چییه؟
– ناوى وه‌سمانه، به‌ناوى کاک وه‌سمانى مه‌لا قادر، کاک وه‌سمان ئه‌ناسی؟
– به‌ڵێ، کێ هه‌یه له‌سلێمانى ئه‌و زاته موباره‌که نه‌ناسێ.
– ئه‌رێ فه‌قێ گونت ته‌قێ تۆ بۆ هاتویت بۆ ئێره؟
– مه‌لا حه‌سه‌نى ئیمامى مزگه‌وتى حاجى حان ناردومى بۆ هه‌واڵ پرسینى ته‌ندروستى خاڵه محێدین.
– مه‌لا گونسوتاو؟
– مه‌لا حه‌سه‌ن.
– به‌و گونسوتاوه بڵێ ئه‌م گه‌ڕه‌که مه‌لاى خۆى هه‌یه، پێویستمان به‌مه‌لاى ده‌ره‌کى نییه، دیاره گونسوتاو بۆنى سه‌روه‌ته‌که‌ى محه‌ى کردوه، به‌ناوى منه‌وه پێیبڵێ، محه هه‌موو سه‌روه‌ته‌که‌ى ته‌رخان کردوه بۆ شیوعییه‌کانى شارى سلێمانی، ئه‌گه‌ر مه‌لا گونسوتاو شیوعییه، با پارچه‌یه‌ک کاغه‌زمان بۆ بێنێ له‌پۆلیسخانه‌وه تا به‌شه‌که‌ى خۆى وه‌رگرێ.
– باجى گوڵزار، مه‌لا حه‌سه‌ن وه‌ک موسوڵمانێک ته‌نیا ویستى هه‌واڵێکى خاڵه محه بزانێ.
– وه‌ک سه‌گ درۆ ئه‌کات، تا ئه‌مڕۆ جارێک نه‌هاتوه بۆ لاى محه له‌پێ ئه‌م هه‌واڵپرسینه‌ى له‌چییه؟ ئه‌یتوانى هه‌واڵى محه له‌کاک وه‌سمان یان له‌حاجى حه‌ڵواچى بپرسێ.
– ئه‌بوایه واى بکردایه.
– هه‌تیو تۆش درۆ ئه‌که‌ی، تۆ فه‌قێ نیت، فه‌قێ که‌واو سه‌ڵته له‌به‌رئه‌که‌ن تۆ شه‌ڕواڵ‌و مراخانیت له‌به‌ردایه.
– فه‌قێ تا قورئان به‌ته‌واوى حینجه نه‌کات مافى نییه که‌واو سه‌ڵته له‌به‌رکات.
حه‌که خۆشى نه‌یزانى چۆن ئه‌م وه‌ڵامه رێکوپێکه‌ى هات به‌سه‌رده‌ما.
– مافیشى نییه مێبازى بکات.
– باجى گوڵزار، خاڵه محه شیوعییه؟
– نه‌خێر من شیوعیم.
– تۆ له‌م ته‌مه‌نه‌دا چۆن بووى به‌شیوعی؟
– زاواکه‌م شیوعییه، کچه‌که‌م شیوعییه، منیش خۆشم بێت‌و تاڵم بێت ئه‌بێ له‌گه‌ڵ ئه‌وانا بم.
– زاواکه‌ت ئیش‌و کارى چییه؟
– له‌به‌ندیخانه‌یه، شه‌ش ساڵ حوکم دراوه، چوار ساڵى که به‌ر ئه‌بێ، من ژنه‌که‌یو دوو مناڵى به‌کاره‌که‌ریى بۆ به‌خێو ئه‌که‌م.
– حیزبى شیوعى یارمه‌تیت نادات؟
– خوا هه‌ڵناگرێ شه‌ش مانگ یارمه‌تیان دام، له‌پاشا وتیان ببووره زاواکه‌ت “ئینشیقاق”ى کردوه، له‌حیزب ده‌رکراوه، وتم ”ئه‌ى بۆ به‌ریناده‌ن؟” وتیان ”ئێمه نه‌مانگرتوه تا به‌ریبده‌ین”. محه‌و وه‌سمانى مام قادر‌و حاجى حه‌ڵواچى نه‌بوویایه ئه‌بوایه له‌برسا سواڵمان بکرادیه.
ماوه‌یه‌کى ته‌واو به‌جووت دانیشتن، نه‌نه ته‌یاره چى ئه‌زانى له‌بابه‌ت شیوعییه‌ته‌وه بۆ فه‌قێ که‌ریمى باس کرد.
نه‌نه ته‌یاره فه‌قێ که‌ریمى چوو به‌دڵا که به‌باشى گوێى لێگرتبوو.
– به‌کچێنى فه‌قێیه‌کى وه‌کو تۆم ده‌ستبکه‌وتایه یه‌ک‌و دووم لێنه‌ئه‌کردو خۆم هه‌ڵئه‌دایه ژێری.
حه‌که داواى له‌نه‌نه ته‌یاره کرد تۆزێ باسى نه‌خۆشییه‌که‌ى خاڵه محه‌ى بۆ بکات تا له‌کاتى نوێژکردندا دوعاى بۆ بکات.
– محه زۆر نه‌خۆشه، به‌ڵام که برسى ئه‌بێ زیندوو ئه‌بێته‌وه، رۆژه نارۆژێ هه‌ڵئه‌ستێ پیاسه‌یه‌ک به‌ناو حه‌وشه‌که‌دا ئه‌کات، یارى له‌گه‌ڵ پشیله‌کان ئه‌کات، جارى واش هه‌یه دوو رۆژ له‌و ژووره نایه‌ته ده‌رێ.
– ئه‌ى قسه له‌گه‌ڵ تۆ ئه‌کات؟
– جار جار زمانى به‌رئه‌بێت‌و ئه‌که‌وێته قسه‌ى حیز!
نه‌نه ته‌یاره له‌فه‌قێ که‌ریمى گه‌یاند، که ئه‌بێ بڕواته‌وه بۆ ماڵێ، نان‌و خواردن به‌رێ بۆ مناڵى کچه‌که‌ی.
نه‌نه هه‌ستاو چووه ژووره‌که‌ى محه. حه‌که ئه‌مه‌ى به‌فرسه‌ت زانى دواى که‌وت. له‌ده‌رگاى ژووره‌که‌ى محه‌وه. سه‌یرى کرد محه له‌سه‌ر ئه‌رزه‌که له‌سه‌ر دۆشه‌کێ راکشاوه، جاجمێکى سورى پیادراوه، له‌لاى سه‌رییه‌وه دۆلکه‌یه‌ک ئاو‌و جامێک دانراوه، له‌پشت سه‌رییه‌وه چرایه‌کى فانۆسى نه‌وت‌و هیچى تر. ژوورێکى ره‌ق‌و ته‌ق.
نه‌نه ته‌یاره له‌تاقێکدا قاپێ چێشتى داگرت‌و لاى ده‌ستى محه‌وه داى نا، له‌تاقێکى که‌دا میوه‌یه‌کى زۆرى داگرت‌و لاى قاچى محه‌وه داى نا. چرا فانۆسه‌که‌ى داگیرساند‌و خستیه یه‌کێ له‌تاقه‌کانه‌وه، ناوچه‌وانى محه‌ى ماچ کرد‌و هاته ده‌رێ.
– فه‌قێ با بڕۆین.
هه‌ردووکیان چوونه کۆڵان: نه‌نه ته‌یاره قاپى حه‌وشه‌که‌ى داخست‌و کلیله‌که‌ى خسته ژێر قاپى ده‌رگاکه‌وه.
– باجى گوڵزار ئه‌و کلیله بۆ له‌گه‌ڵ خۆت نابه‌یت؟
– شه‌وێ له‌وانه‌یه کاک وه‌سمان‌و حاجى حه‌ڵواچى بێن بۆ سه‌ردانى محه، خۆیان ده‌رگاکه ئه‌که‌نه‌وه، دوایى که‌ڕۆشتن دایئه‌خه‌نه‌وه.
له‌به‌ر ده‌رگا نه‌نه ته‌یاره چاره‌ک سه‌عاتێ باسى پیاوه‌تى کاک وه‌سمان‌و حاجى حه‌ڵواچى کرد، باسى ناپیاوه‌تى بله‌ى جاوى کرد.
– ئه‌و بله شێته تا ئه‌مڕۆ جارێک نه‌هاتوه بۆ لاى محه.
– وه‌کو من بیستومه ئه‌و کابرایه شێت نییه، فه‌یله‌سوفه.
– ته‌ڕه‌ماشه، شێتێکى په‌تییه‌و بۆى لواوه، ئه‌زانى وتویه‌تى چی؟
– نه‌خێر نازانم.
– ناچم بۆ لاى محه، به‌ئیزنى خوا، به‌مزووانه له‌جه‌هه‌نه‌م یه‌کترى ئه‌بینین.
– ئه‌سته‌غفیره‌ڵڵا
سەرچاوە: هاوڵاتی