دەرفەتەکانی لەمەودوا و ئەرکی ئێمە بۆ هاندانی کار و خەباتی سیاسی لە نیوخۆی ڕۆژهه‌لاتی کوردستان

( هەڵوێستەیەک لەسەر ڕوانین و لێکدانەوەی پلینۆمی هەشتەمی حیزبی دیموکراتی کوردستان)  قادر وریا

ئاماژه‌:

لە ڕۆژانی 7 تا9 ی ڕەزبەر (29ی سێپتامبر تا 1ی ئۆکتۆبری 2013)، هەشتەمین پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندیی هەڵبژێراوی کۆنگرەی پازدەیەمی حیزبی دیموکراتی کوردستان بەڕێوە چوو.

ئەو پلینۆمە بەو هۆیەوە کە یەکەم پلینۆمی ڕێبەڕیی حیزب بوو کە دوای هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری لە ئێران و دەستبەکاربوونی  سەرکۆمار و دەوڵەتی نوێ و ئالوگۆڕەکانی ئەم دوایانەی کۆماری ئیسلامی پێک دەهات، گرنگییەکی تایبەتی هەبوو. پلینۆم لە لایەکەوە هەلومەرجی نوێی ئێرانی لێک دایەوە و لە لایەکی دیکەوە لە بەر ڕووناکایی ئەو لێکدانەوەیە، ڕوانگەو ڕینوێنی و راسپاردەی خۆی لە بارەی تێکۆشانی لەمەودوای حیزب، دیاریی کرد. لەم وتارە‌دا هەوڵ دەدەم لە سەر هەر دووی ئەم تەوەرانەی باسەکانی پلینۆمی هەشتەم هەڵوێستەیەک بکەم:

نە گەشبینیی لە خۆڕا، نە قەتیسمانەوە لە بازنەی داوەرییە کلیشەییەکان‌دا

«پلینۆم وێڕای وریاییدان لەو بارەوە کە کۆمەڵانی خەڵک و لایەنە سیاسییەکان، لە لایەکەوە نابێ تووشی گەشبینی و خۆشبینیی لە خۆڕا و داوەریی بە پەلە بن، لە لایەکی دیکە نابێ لە بازنەی داوەرییە کلیشەییەکانیان لە بارەی کۆماری ئیسلامییەوە قەتیس بمێننەوە، داواکاریش بوو حیزبی ئێمەو هێزولایەنەکانی بەشدارلە بزووتنەوەی ئازادیخوازی لە نێوخۆو دەرەوەی وڵات دوو پرسی گرنگ لە بیر نەکەن و بە جیددی کاریان لە سەر بکەن.  «(1)

ئەو بیروڕایانەی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی لەم دوایانە‌دا دەری بڕین، بۆ وێنە لە بارەی پێویستیی نیشاندانی « نەرمشی قارەمانانە» و خۆتێهەڵنەقوتاندنی سوپای پاسداران لە کاروباری سیاسی دا، بە گۆڕانێکی چاوڕواننەکراو و گرنگ  دەژمێردرێن. نەرمبوونەوە و گۆڕانی ڕاوێژ و دەربڕینی کۆماری ئیسلامییش لە پیوەندی لە گەڵ پرسی ناوکی و ملدانی ڕێبەری ئەو ڕێژیمە بۆ گفتوگۆی تەلەفۆنیی سەرکۆمارەکانی ئێران و ئەمریکا و  پێکەوە دانیشتنی هەیئەتە پایەبەرزەکانی دوو وڵات، گۆڕان و ڕووداوێکی بێ وێنە لە میژووی کێشە و ناکۆکییەکانی چەند دەیەی ڕابردووی ئێران و ئەمریکا‌دا بوون.  هاوکات نیشانەکانی گۆڕان لە چەند بوارێکی دیکە دا، خۆیان نواند. وەک نموونە لە سەرکارلابردنی هێندێک لە بەرپرسانی زانکۆیی و بنیاتە  فەرهەنگییەکان کە سەربە قۆڵی کۆنەپارێز بوون و دانانی کەسانی میانەڕەو لە جێیان، وەرگرتنەوەی سکاڵای دەولەت لە سەر چاپەمەنییەکان، ئازادکردنی ژمارەیەک بەندیی سیاسی، دەستپێکردنی هێندێک هەوڵ بە مەبەستی بەرەوکۆتایی بردنی دەستبەسەریی میرحوسێن مووسەوی و مێهدیی کەڕووبی، دەتوانین ناو ببەین. دیاریکردنی یونسی، وەزیری ئیتلاعات لە کابینەی خاتەمی بۆ کاروباری کەمایەتییەکان و قسەکانی سەرپەرستی وەزارەتی پەروەردە و فێرکردن لە بارەی ئەولییەتەکانی وەزارەتەکەی کە جێبەجیکردنی ئەسلی 15ی قانوونی ئەساسی بوو، بەشێکی دیکە لەو ئالوگۆڕانەن کە هەتا ئێستا بەدی کراون.

پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندی، لە جیاتی ئینکارکردن و بەکەمگرتنی ئەوئاڵوگۆڕانە، ئەوانی بە گرنگ لێک دایەوە. بە لێکدانەوەی پلینۆم، رێبەریی کۆماری ئیسلامی، ئەمجار بە پێچەوانەی هەڵبژاردنی پێشووی سەرکۆماری، بەرژەوەندی و مانەوەی نیزامی کۆماریی ئیسلامیی لە  قبووڵکردنی دەنگی خەڵک و وەرگرتنی پەیامی ئەوان‌دا کە بێزاری لە سیاسەتی توندڕەوانە بووە، دیتوە. بۆیە ملی بۆ گۆڕانی سیاسی داوە. دەستهەڵگرتن لە سیاسەتی توندڕەوانە، لە درێژەی خۆی‌دا دەتوانێ لاچوون یا سووککردنی گەمارۆی ئابووری، دوورکردنەوەی هەڕەشەی دەرەکیی بەدوادا بێت. بەڵام ئایا ئەم گۆڕینە تاکتیکی و کاتی دەبێ، یا دەبێتە سیاسەتێکی هەمیشەیی و بەردەوام؟  پاشان ئایا ڕێبەریی کۆماری ئیسلامی، ڕێگە دەدا لە ئاستی نیوخۆیی و لە بوارەکانی دیکەی دەسەڵاتدارەتییش دا، سیاسەتێکی نەرم و میانەڕەوانە بەڕێوە بچێ؟ پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندی، هەر وا کە حاشاکردن لەو ئالوگۆرانە و نەبینینی کاریگەری و شوێنەوارەکانیان لە ئاستی دەرەکی و نیوخۆیی‌دا بە کۆسپ و ڕێگر لە سەرڕێی لێکدانەوەی دروستی هەلومەرجی نوێی ئێران زانی، هەڵخەڵەتان و فریوخواردن و پەلەکردن لە گەشبینیی لە بارەی ئەو گۆڕانانەشی، بە مەترسی و زیانبار بۆ خەڵک و هێزە سیاسییەکان دانا.

مەسەلەکە ئەوەیە ئەگەر خۆمان لەو بیرکردنەوە کلیشەییەدا بەند بکەین و پێمان وابێت کە کۆماری ئیسلامی مل بۆ ڕێککەوتن لە گەڵ ئەمریکا، یا سازش  لە سەر کەیسی ناوکی نادا، یا ئەو شتانەی لە ڕابردوو‌دا وەک هێڵی سوور تەماشای دەکردن نایانبەزێنێ، تەنیا وەک بینەری ڕووداوەکان‌و لە دەرەوەی ڕووداوەکان دەمێنینەوە و ناتوانین راستەوخۆو ناراستەوخۆ هیچ کاریگەرییەکمان لە سەر ئاکام و شوێنەوارەکانیان هەبێت. دیارە بە پێچەوانەشەوە، ئەگەر بکەوینە خۆشبینیی ساویلکانە و لەخۆوە و پێمان وابێت لە هەموو بەستێنەکان دا، دەنگی خەڵک دەبیسێت و پێ بە پێی چاوەڕوانییەکان یا گونجاو لە گەڵ داخوازەکانی خەڵک، پاشەکشە دەکا و تەنانەت بۆ جێبەجێبوونیان ڕیخۆشکەر دەبێ، تووشی هەڵەی سیاسی و هەڵگرتنی دروشم و هەڵوێستی نەگونجاو و ناواقیعی دەبین.  بەم جۆرە راسپێری و تەئکیدی پلینۆم ئەوە بوو کە لە لایەکەوە واقیعبینانە، ڕووداو و ئاڵوگۆرەکانی ئێران بخوێنینەوە، لە لایەکی دیکەشەوە، خۆمان ئامادە بکەین بۆ قۆستنەوەی دەرفەتەکان و کەلکوەرگرتن لە کەشوهەوایەک کە لە ئاکامی ئەو ئاڵوگۆرانە دا پێک دێن

زەرفییەت و دەرفەتەکان لە کۆماری ئیسلامیدا

کۆماری ئیسلامی سیستەمێکی دژەدیموکراتیکە و سنووری دەنگ و هەڵوێستی خەڵک لە ئاڵوگۆر پێکهێنان لە بەڕێوەبەرێتی و سیاسەتەکانی ئەو ڕێژیمەدا، بە تەواوی بەرتەسک و کۆنترۆڵ کراوە. بەو حاڵەش هەر ئەوەندە مەجالە بەرتەسک و کۆنتڕۆڵکراوەی خودی سیستەمەکە داویە بە هەڵبژاردن و دەنگی خەڵک، جۆری تەعامولی هیز و لایەنەکانی نێو دەسەڵات و دەرەوەی دەسەڵات لە گەڵ هەڵبژاردن، وای کردوە کە لە گۆڕەپانی یارییە سیاسییەکانی نێوخۆی ئێران دا، ڕیبەری و شووڕای نیگابان و دامەزراوەکانی سەر بە ڕێبەری، تەنیا ئەکتەر و تەنیا یاریکەر نەبن و نەتوانن بە تەنیا لە سەر چارەنووسی یارییەکە بڕیار بدەن.

خاڵێکی دیکە کە سروشتێکی تایبەتی بە نیزامی دەسەڵاتداری ئێران داوە و وای کردوە هەم قۆڵەکانی نێو دەسەڵات و هەم هێز و لایەنە سیاسییەکانی ئێران- ئەوانە کە لە چوارچێوەی یاساکان و لە ژێر دەسەڵاتدارەتیی ئەو ڕێژیمە دا، کاری سیاسی دەکەن- هەر یەکەی بە جۆرێک لە بەرژەوەندی خۆیاندا بەکاری بێنن، ناوەرۆکی هێندێک فەسڵ و ژمارەیەک لە ماددەکانی قانوونی ئەساسیی ئێرانن. ئەو فەسڵ و ئەسلە ئاماژەپێدراوانەی قانوونی ئەساسی، لانیکەمێک لە مافەکانی خەڵکیان گرتووەتە خۆ. ئەویش ئەو مافانە کە لە مێژ ساڵە لە ڕیزی پێشەوەی ویستەکانی پێکهاتە جیاوازەکانی خەڵکی ئێران دان.

ئەو دوو تایبەتمەندییە (ساختاری وقانوونییە)ی کۆماری ئیسلامی، هەتا ئێستا لە بەرژەوەندی ڕێژیم دابوون، چونکە بەیارمەتیی ئەوان:

1- بە شێوەیەکی سنووردار و کۆنتڕۆڵکراو ڕیگای بە دەستاودەستکردنی دەسەڵات و جێگۆڕکیی کەسەکان لە ئاستی سەرکۆمارو ئەندامانی مەجلیس وشووڕاکانی شار و دێ داوە.

2- جۆرێک لە هومێد بە باشتر کردنی وەزعەکەی لە ئەگەری کەلکوەرگرتن لەم دوو زەرفییەتەی نیزام، لە نێو خەڵک‌دا بە نیوەگیان هێشتۆتەوە و ناڕەزایەتییە سیاسییەکانی نێو قۆلەکانی دەسەلات و نێو کۆمەڵگای لە بازنەیەکی دیاریکراو دا ڕاگرتوە.

3- ئاراستە و ئاکامی هەڵبژاردنەکانی بە گوێرەی پیویستیی مانەوەی نیزامەکە بە سیاسەتی توندڕەوانە یا کرانەوەی سیاسی لە ئاستی نیوخۆ و دەرەوەدا، قۆستۆتەوە و بەم جۆرە قەیران و گوشارە دەرەکی و نێوخۆییەکانی لە سەر خۆی تێپەڕاندوە.

هەر لەو کاتەش دا لە بەرژەوەندی خەڵک و هێز و لایە سیاسییەکانی نیوخۆش دابوون، چونکە:

1- کەشوهەوای هەڵبژاردنیان بۆ خستنە رووی داخوازەکانیان قۆستۆتەوە و هەر کات بە شێوەیەکی جیددی و ئامانجدارانە و یەکگرتووانە، لە گەڵ دەرفەتی هەڵبژاردن بەرەوروو بوونەتەوە، ئیرادەی خۆیان بە سەر ئیرادەی ناوکەی سەرەکیی دەسەلات دا سەر خستوە.

2- بە پشتبەستن هەر بەو زەرفییەتە بەرتەسکەی قانوونی ئەساسی، ئەگەر کەشوهەوای سیاسیی وڵات کرانەوەیەکی تێدا بووە، توانیویانە بە شێوەیەکی مەدەنی داخوازەکانی خۆیان بخەنەروو و دەسەڵات و دامەزراوە حکوومەتییەکان سەبارەت بە پشتگوێخستن و جیبەجینەکردنی ئەم فەسڵ و ئەسلانەی قانوونی ئەساسی بخەنە ژێر گوشار.

چۆن دەتوانین دەرفەتەکان بقۆزینەوە؟

« یەکەم: ئەو ئاڵوگۆڕانەی کۆماری ئیسلامی لە دوای هاتنەسەرکاری حەسەن ڕووحانی ملیان بۆ ڕادەکێشێ، لە خزمەت مانەوەی ئەو نیزامە و دوورکردنەوەی هەڕەشە و مەترسییە نێوخۆیی و دەرەکییەکان لەو نیزامە دان، بەڵام هەر لەو کاتەش دا، ڕێخۆشکەر دەبن بۆ کرانەوەی کەشوهەوای سیاسی و دروستبوونی دەرفەت بۆ هاتنەگۆڕی ویستەکانی خەڵک. دووهەم، ڕادەی ملدانی دەسەڵات بۆ ئاڵوگۆڕ لە بەستێنی ڕێزگرتن لە داخوازەکانی چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵ، لە گرەوەی هاتنەمەیدانی وشیارانەی خەڵک و بوونی بزووتنەوە جۆراوجۆری ئەوان دایە. هەر بۆیە کار کردن لە سەرڕێکخستنی ناڕەزایەتییەکان وخستنەڕووی چاوەڕوانییەکانی خەڵک و قۆستنەوەی زەرفیەتەکان و دەرفەتەکان، دەبێ ببێتە یەک لە ئەولەوییەتەکانی تێکۆشان و خەباتی هێزێکی بەرپرس و خاوەن پێگەی وەک حیزبی دیموکراتی کوردستان.»(2)

پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دیموکراتی کوردستان، لەو بڕوایە دابوو کە کەشوهەوای سیاسیی ئێران هەر وەک لە نیشانەکان ڕا دیارە، کرانەوەیەکی بەرەبەرەی تێدا پێک دێ. ئەو کەشوهەوایە دەبێ هاندەری خەڵک بێت بۆ هێنانە گۆڕی داخوازەکانیان. ئێستا کاتی ئەوەیە ئەو خەڵکەی لە هەڵبژاردنی سەرکۆماری دا دەنگیان بە حەسەنی رۆحانی دا، بە تایبەتی ڕێژەیەکی زۆر لە دەنگدەرانی کوردستان، لەو قەول و بەڵێنانە بپرسنەوە کە ناوبراو لە کاتی  کاندیداتۆریدا پێی دابوون.  ئەو قەول و بەڵێنانە کە لە بەیاننامەی ژمارە 3ی ئەو دا رەنگیان دابۆوە، لانیکەمی ئەو مافە رەوایانەن کە خەڵک و تاکەکان لە سیستەمیکی دیموکراتیکدا هەیانە. بەڵام هەر ئەو لانیکەمە کە لە یاسای بنەرەتیی وڵاتیش‌دا رەنگیان داوەتەوە، زیاتر لە 3 دەیەیە لە بیر کراون.

بەدواداچوون‌و داواکردنی ئەو مافانە لە لایەن خەلکی کوردستان‌و نوێنەران و پێشەنگانی ئەوانەوە، نابێ  وەک حەرەکەتێکی سیاسیی پڕهەزینە چاوی لێبکرێ‌و بە پارێزەوە بۆی بچن. چونکە لە لایەکەوە داوایەکی قانوونین، لە لایەکی دیکەشەوە، هەڵاواردن و ستەمی جۆراوجۆر بە دژی نەتەوە نافارسەکان‌و کەمایەتییە ئایینییەکان و ئاخێوەرانی زمانە نافارسییەکان راستییەکی حاشالێنەکراون‌و هەن، هەر بۆیە هێندێک لە کاندیداکانی سەرکۆمارییش، لە بەرنامە و بەیاننامەکانی خۆیان دا ، ئاوڕیان لێ دەدەنەوە و قەولی کەمکردنەوە و نەهێشتنیان دەدەن.

پێشگرتن لە خوێندن بە زمانی دایک کە داوایەکی لە مێژینەی خەڵکی کوردستانە، ڕێگری لە گەیشتنی کەسانی لێوەشاوەی کورد بە پۆستە گرنگە دەوڵەتییەکان، سپێردرانی کاروباری شاروناوچەکانی کوردستان بە کاربەدەستانی لاوەکی، گوشارهێنان بۆ سەر پەیرەوانی ئایینی یاری و سووکایەتی پێکردنیان، بایەخنەدان بە پەرەسەندن وپێشکەوتنی شارو ناوچەکانی کوردستان لە ڕووی ئابووری و کولتوورییەوە، کەڵەکە کردنی گوشاری ئەمنییەتی لەسەر دانیشتوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە بەند دا هێشتنەوەی بە سەدان کەس لە خەڵکی کوردستان بە تاوانی تێکۆشانی سیاسی، بەشێکی کەم  لەو پرس و بابەتانەن کە خەڵکی کوردستان دەبێ لە هەلومەرجی ئێستا دا بیانکەن بە هەوێنی خەبات ونارەزایەتیدەربڕینی هێمنانەی خۆیان و داوای کۆتاییهاتنیان بکەن.

بەڵام ئەو داوایانە چۆن و لە کوێ بخرێنە ڕوو؟ چۆن بکرێن بە هەوێنی هاتنەمەیدانی توێژەجۆراوجۆرەکانی خەڵک؟ پێشەنگانی سیاسی و چالاکانی مەدەنیی کۆمەڵ، چ ئەرکێکیان دەکەوێتە سەر شان؟ حیزب و ڕیکخراوە سیاسییەکان‌و بە تایبەتی حیزبی دیموکراتی کوردستان، چ رۆڵێکیان لە پێوەندی لە گەڵ ئەو خەباتە دا دەبێ؟

ئەوانە کۆمەڵەپرسیارێکن کە دەبێ ببن بە هەوێنی باس و دیالۆگ لە ئاستی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان و چالاکانی نیوخۆ. پیویستە راگەیەنە گشتییەکان بە تایبەتی تەلەڤیزیۆنە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە سەر ئەو پرسیارانە، کاری جیددی بکەن. ئەو پرس و بابەتانە دەستنیشان بکەن کە دەتوانن ببنە هەوێنی حەرەکەت و جوولەی سیاسی لە کۆمەڵدا، ئیدەی نوێ و گونجاو بۆ راکێشانی توێژ و بەشە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵ بۆ نیو خەباتی مەدەنی بخەنە روو.

دەبێ بزانین خەباتی هێمنانە بۆ بردنە پێشی ئەو داوایانە، کاتێک زۆرترین کاریگەریی دەبێت کە:

1- هەڵبژاردە و بڕواپێکراوانی خەڵک کە نوێنەرایەتیی داواکانی خەڵک دەکەن لە چوارچێوەی  یەک یا چەند تەشەکولی مەدەنیی ڕێگەپیدراودا لێک کۆ ببنەوە.

2- ژمارەیەکی هەر چی زیاتری چین و توێژەکانی خەڵک پشتیان بگرێت.

3- هەموو ڕێگاکان، زەرفییەتەکان، دەرفەتەکان و تریبوونەکان، بۆپێداگری لە سەر ئەو داوایانە، بە کاربهێنرێن.

4- حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستان ڕێنوێن و هەر لەو کاتە دا پشتیوانی حەرەکەتە مەدەنییەکانی نیوخۆی کوردستان بن.

5- بە پڕۆژە و بەرنامەوە بەرەو هەڵبژاردنەکانی داهاتۆ بە تایبەتی هەڵبژاردنەکانی مەجلیس وشووراکان بچین.

ئاکام:

کۆماری ئیسلامی چارەیەکی جگە لە چاوخشاندنەوە بە سیاسەتە دەرەکی و نیوخۆییەکانی و ملدان بۆ کرانەوەیەکی سنوورداری سیاسی لە نیوخۆی ئیران دا نییە. ئەو ئالوگۆڕانە ڕیخۆشکەر و هاندەری خەڵک بۆ هێنانەگۆڕی داخوازە لە مێژینەکانیان وبووژانەوەی خەباتی هێمنانە و مەدەنی دەبن. خەڵکی کوردستان دەیان ساڵە لە گەڵ بێبەشی و بێمافی و گوشار و سەرکوتی سیاسی بەرەوڕوون و هەر لەو کاتەدا ئاستیکی بەرز لە وریایی سیاسی  و ئەزموونیکی دەوڵەمەندی خەبات و تێکۆشانیان هەیە. هەر بۆیە چاوەروان دەکرێ ئەم هەلومەرجە نوێیە خەباتی سیاسی و مافخوازانەی ئەوان ببووژێنێتەوە. لە بەر ڕووناکایی ئەم لێکدانەوەیە پلینۆمی هەشتەمی کۆمیتەی ناوەندیی هەڵبژیردراوی کۆنگرەی پازدەیەمی حیزبی دیموکراتی کوردستان، ڕێبەریی حیزبی راسپاردوە و دەستی ئاوەڵا کردوە بۆ کارکردنی جیددی لە سەر ئەو دەرفەتانەی لەمەودوا بۆ کارو خەباتی سیاسی لە ئاستی ئێران بە گشتی و بە تایبەتی لە ئاستی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا دێنە پێش. ئەمەش ئەرک دەخاتە سەر ڕێبەری و ئۆرگانە پیوەندیدارەکان و سەرجەم تێکۆشەران و ئەندامانی حیزب. بەدواداچوون وچاوەدێریی ڕووداو و ئالوگۆڕەکانی نیوخۆ، بەهێز و دەوڵەمەندکردنی ناسین و زانیاری لەبارەی کێشە وگرفتەکانی خەڵک، پەرەپیدانی پیوەندی لە گەڵ نوخبەکانی کۆمەڵ و هەڵسووراوانی سیاسی و کولتووری وهتد، ناسینی زەرفییەتەکان و پوتانسیەلەکان و بەرنامەڕێژی بۆکەلکوەرگرتنی بەوەخت لەوان، بەشێک لەو ئەرکانەن.

پەراوێز:

(1) و (2) لە بەیاننامەی دەفتەری سیاسیی بە بۆنەی پێکهاتنی پلینۆمی هەشتەمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دیموکراتی کوردستان، هەڵبژێراوی کۆنگرەی پازدەیەم، وەرگیراوە.

له‌ ژماره‌ ٦١٨ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌