چه‌ند چركه‌یك له‌ گه‌ڵ ته‌رمی شێركۆ. ئه‌حمه‌د مه‌كڵاوه‌یی

كه‌ كاكم سوار بوو و به‌ره‌و ماڵ گه‌ڕاوه‌، له‌و دیو كه‌لیخان  پێی  گرته‌وه‌ و, كه‌مێك له‌  سه‌رتوونى سه‌ربه‌رزی  ڕوانێ و، هه‌ناسه‌یه‌كی ساردی  به‌قه‌ده‌ر ته‌می  زستانی بۆ هه‌ڵكێشا ، كه‌ كاروانی هه‌ڵگری ته‌رمی خاوی  گه‌یشته‌ به‌نده‌نێ، كه‌لیخان  چیرۆكی سووتانی نانه‌وا زاده‌شی بیرهاته‌وه‌ و، به‌ گه‌وجی دوژمن پێكه‌نی،كه‌  كاروانی  خه‌مینی  كوڕی  لاو به‌ره‌و شار داگه‌ڕا، هه‌ڵۆی سه‌ر په‌ڕ سووری  ئه‌و كۆێستانه‌  دایان له‌ شه‌قه‌ی باڵ و، له‌ گه‌ڵ رووحی هه‌ڵؤ خنكێندراوه‌كه‌ی كوێستانی كورد،  ده‌سته‌ملانی یه‌ك بوون و، به‌ره‌و سڵێمان به‌گ كه‌وتنه‌رێ، له‌ سه‌ر پردی شاری، هه‌ڵؤكان بانگیان له‌ دایكی  هه‌ڵۆی خه‌وتوو كردو، له‌ زمان شیربه‌گیه‌وه‌ حه‌ماسه‌ی رێبوارانی رێی كوریان له‌ سه‌ر پردێ و، سوێروێ و، تاژه‌بان و كه‌ڵه‌كی خه‌زایان و،سه‌دان شوێنی تر بۆ خوێنده‌وه‌، له‌و كاته‌ دا سێبووریه‌ك به‌ دڵی دایكی جه‌رگ سووتاوی  دا هات و ، پڕ به‌ ده‌م هاواری كرد و، وتێ: هۆ رۆڵه‌كه‌م، بڕۆ گه‌ردنت ئازاد بێ و، سه‌فه‌رت خێر بێ و، دوژمنت كوێر و، مڵ شكاوبێت.

له‌و ساته‌ داكه‌  گه‌نج و پیر و جوانی شار و ئیدی ،  چاوه‌ روانی تەرمی بێ گیانی شێركۆ بوون، به ‌دڵی پڕ له‌ خه‌م و، چاوی پڕ له‌ فرمێسكه‌وه‌ ، ئافه‌رینیان بۆدایكی وا به‌ زێبك و نه‌ترس و به‌ وره‌ نارد و، هه‌موویان پێكه‌وه‌، هه‌ڵۆ و مرۆڤه‌كان،  له‌ زه‌وی و ئاسمانه‌وه‌ ، به‌ مه‌به‌ست به‌ڕێ كردن ته‌رمی شێركۆ بۆناو باوه‌شی نیشتمان به‌ره سڵیمان به‌گ رێگه‌یان گرته‌به‌ر، كه‌ كه‌یشتنه‌ ئه‌و چاكه‌، سڵێمان به‌گ هاته‌ پێشوازی رووحی پاكی كوری كوردو، بانگی لێكردو ، فه‌رمووی، ده‌ك به‌خێربێت حه‌ڵاڵ زاده‌ی نیشتمان، تۆ نه‌مردووی، هه‌موو رۆژێك له‌ دڵی رۆه‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌ت دا ده‌ژێ و،  لێرەو له‌وێ ،  بیرت ده‌كه‌ن گولی سه‌رده‌ستان و،  ره‌مزی خه‌باتی مه‌ده‌نی. كه‌ سێ ده‌ست ته‌رمی كوڕی كوردیان به‌ره‌وناو  گڵكۆ شۆڕكرده‌وه‌، دڵه‌كان مات بوون و،  چاوه‌كان سوور هه‌ڵگه‌ڕان ، به‌ڵام  له‌و  كاته‌  دا   لێدانی  دڵی نیشتمان و هه‌ناسه‌ی ‌ دایكی شێركۆ،  له‌ سه‌ر ئاسمانی سڵێمان به‌گ   كۆ  نورێكیان دروست كرد و،  دای له‌ چه‌خماخه‌ و له‌ مه‌یه‌ریوان و هه‌وڵیر و كۆیه‌ و دنیای ده‌ره‌وه‌،  بریسكه‌ی داوه‌ و، دوژمنی كوێر و رسوا كرد و ، ریزی خه‌باتی  لاوانی كوردی لێك گرێ دایه‌وه‌ .