کەناڵی گۆرانی و مۆسیقا: تەنزە چیرۆک

جەلال قادر

ئەو ڕووداوەی هەرگیز لەبیرم ناچێتەوە وهەردەبوو ڕۆژێک بێت و بیگێڕمەوە. بەتایبەتی لەپاش ئەو هەموو ڕووداوە ناخۆشانەی بەچاوی خۆمان دەیبینین!.

39چەندین ساڵ پێش لە یەکێ لە کەناڵە تەلەفزیۆنەکانی شارەکەم وەک کارمەندێک کارم دەکرد. کەناڵە تەلەفیزیۆنەکەی ئێمە نازناوی دەرکردبوو بە کەناڵی گۆرانی وهەڵپەڕکێ. هەندێک لە میدیاکان توانجیان لێدەداین و دەیانووت : ترسنۆکن و ناوێرن ڕووداوەکان بگێڕنەوە.
ڕۆژێکیان بەڕێوبەری کەناڵێکیتر پێیووتم : ئێوە لە گوێی گایە نووستوون، ئاگاتان لەم هەموو ڕووداوە نەماوە لە جیهان یان لەم شارە دەگووزەرێ…یان ناوێرن باسی کەن؟
بە پێکەنینەوە وەلامیم دایەوە: یەکەم ستایلی کەنالەکەمان وایە…دووەم ئەو سەگوەڕینەمان بۆ ئێوە جێهێشتووە!.

_ باشە…خۆ دەکرێت بەرنامەی کۆمەلایەتی پێشکەش کەن، بۆ نموونە کێشەی خێزان…هەر هیچ نەبێت پەیامنێرێکتان بنێرنە بەردەم دادگا دەیان کێشەیە هەیە دەتوانن ڕیپۆرتاژی بۆ بکەن.
ئامۆژگارییەکانی ئەو برادەرەم بەدڵ بوو. لەپاش ئەوەی لەگەل بەڕێوبەری کەناڵەکەم قسەمکرد. ئەویش ڕەزامەندی نیشاندا.
لەگەل قرچەی گەرمای هاوین سەری خۆم هەلگرت وچووم بۆ بینایەکەی دادگاو باجەکەم بە دادوەر پیشاندا و وپێمووت بۆچی هاتووم.
دادوەر وتی : کەناڵەکەی ئێوە زۆرجوانە و بەرنامەکەتان مەگۆڕن…بەلام ئەگەر هەر حەزدەکەن ڕیپۆرتاژێک ئامادە بکەن فەرموو دانیشە بە تەنیشتمەوە گوێ لە کەیسەکان بگرە. کام کەیست بەدڵ بوو. پرسێک بە خاوەنەکەی دەکەین ئەگەر ڕازیبوون دەتوانن کارەکەتان ئەنجام بدەن.
دانیشتم و چای بە دوای چاییم دەخواردەوە. لەهەر دەقەیەک چەندین فایل دەهاتن و دەچوون. ناو ناوەش تەلەفۆن دەکرا لەم بەرپرس و لەو بەرپرس.
بە کورتی و پەتی، لەناکاو پیرەمێردێک هاتە ژوورەوە. ئارەقەی لەشی ڕۆژە ڕێیەک دەڕویشت و ماند و شەکەت دیاربوو. هەر کە سەیرت بکردایە بەزەییت پیا دەهاتەوە دەتگووت ئاخۆ چی لێ قەومابێت.
دادوەر بەڕێزەوە فەرمووی : خاڵە گیان ئەمرکە؟!..

پیرەمێرد : ڕۆڵەکەم…من باوکی ( ی) هاتووم بەڵكو لە زیندان بە کەفالتش بێت بەریدەیت!.
هەرکە ناوی (ی) هێنا…جەنابی دادوەر وەک فیشەکە شێتە چوو بە ئاسمان و بە پاسەوانەکەی بەردەم دەرگەی وت : کەسیتر نەنێریتە ژوور.
دادوەر ڕووی لە پیرەمێردەکە کرد ووتی : مامە گیان من ڕێزت دەگرم. بەلام توخوودا توو ویژدانت لەسەردەمی تۆ تا ئەم سالانی دوایش. ئەگەر یەکێک منداڵی یان خزمێکی قووندەر بوایە چییان لێدەکرد؟
پیرەمێردەکە لەشەرما خۆی لەناو قەنافەکەوە بچووکتر کردەوە.

دادوەرەکە بەردەوامبوو لە قسەکردن : وەنەزانی کەیسیترمان نەبووە لەسەر نێربازی. بەلام کوڕەکەی تۆ بەرپرس بووە لەناو ئاسایش، دەستی هەبوە لەگەل باندی حەب فرۆشتن. باندەکەش کردەوەکانی کوڕەکەتیان بە دەنگ و ڕەنگ تۆمارکردوە…
پیرەمێردەکە وتی : قوربان…من نەهاتووم گوێ بگرم لە خوێڕییەتی کوڕەکەم. لەبەرئەوە هاتووم چونکە کوڕەکەم ژن ومنداڵی هەیە بەلکو بتوانیت کەیسەکەی بگۆڕیت وئابروومان نەچێت و سزاکەشی کەمتر کەیتەوە.
دادوەر: مامەگیان…کوڕەکەی دووجار تاوانبارە…ئەو کە کارمەندی ئاسایشە دەبوایە ئاسایشی نیشتیمان و هاوڵاتی بپارێزێت. کەچی ئەو دەستی لەگەل دزوجەردە و قاچاخچی تێکەڵ کرد…
پیرەمێردەکە هەڵسایە سەرپێ و وتی : بەخوا کوڕم تۆش حاکمێکی کەڵە ڕەقی…

دادوەرەکە هاتەوە سەر کورسییەکەی و کەمێک ئارام بوەو بە پیرەمێردەکەی وت : ببورە مام حاجی….بەلام ئێستاش نازانم چۆن ڕووت هات داوای واستە بکەیت؟
مام حاجی سەیرێکی منی کرد و وتی : ڕۆلەکەم… جەرگ شیریینە!.
لەژوورەکە چووە دەرەوە.

دادوەر ڕووی لەمن کرد ووتی : دەتەوێت ڕیپۆرتاژێک بۆ ئەم کەیسە بکەن؟
ئارەقی شین ومۆرمکردبوو. هەڵسامە سەرپێ و سوپاسی دادوەرم کرد وتم : جەنابی دادوەر…وا باشترە بەرنامەی کەناڵەکەمان نەگۆڕین و بەردەوامبین لە پەخشی گۆرانی و مۆسیقا.
سەرچاوە: ماڵپەری دەنگەکان

کۆمێنتی تۆ لەسەر بابەت