لەو دیو دەرگاکانی زیندانەوە

شەماڵ ڕەسووڵی

کۆماری ئیسلامی ئێران لەساڵی ۱۹۷۹ وە هەتا ئەمڕۆ بەدرێژایی ٤۰ ساڵ تەمەنی پڕتاوانی خۆی وەکو ڕژێمێکی دیکتاتۆرو تۆتالیتار هەمیشە پێداگری کردوە لە سەر سەرکوتکردنی ئازادی خوازان هەمیشە هەوڵیداوە بچوکترین ناڕەزایی دەربڕین بەرانبەر بە دەسەڵات بە نامرۆڤانەترین و دڕندانەترین شێوە وەڵامبداتەوە.
ڕژێمی ئیسلامی ئێران لە بنەڕەتدا باوەڕی بەکێشەی نەتەوایەتی لە ئێرانێکی فرەگەلدا نیە ، باوەڕی بە ئازادی ڕادەربڕین ، ئازادی ژیان، ئازادی بیرکردنەوە نیە و چالاکی و خەباتی ئازادیخوازانەی گەلانی ئێرانیش لەپێناوی بەدەست هێنانی مافەڕەواکانیان لەپێناوی داواکردنی ژیانێکی شایستە وەکو هەوڵدان لە دژی ئاسایشی نەتەوەیی نیشاندەدات و زیندانی و ئەشکەنجەو لە سێدارەدان و کوشتن و گوللەبارانکردن و دەستدرێژی سێکسی و ئیهانەکردنی کردوەتە ئامرازی وەڵامدانەوەی هەموو ئەوانەی کە لە دەرەوەی کایەی حوکمڕانی کۆماری ئیسلامین و بە ناوی سیخوڕی و هەوڵدان لەدژی ئاسایشی نەتەوەیی و دژایەتیکردنی خوداو ئاینەوە ڕاپێچی زیندانیان دەکات.
بەپێی ئامارەکان لە یەک کاتژمێردا ٥۰ کەس لە ئێران ڕەوانەی زیندان دەکرێن، واتە لە ڕۆژێکدا بە نزیکەی ۱۲۰۰ کەس، هەر بەو شێوەیە ئەگەر حسابی بۆ بکەین لە ساڵێکدا ٤۳٨۰۰۰ کەس دەچنە زیندانەوە ، بەوتەی “حسن موسوی چلک” ڕەئیسی ئەنجومەنی مەددکارانی اجتماعی ئێران ٤٦۰۰۰۰ زیندانی لەزیندانەکانی ئێراندا بونیان هەیە ،
بەپێی هەندێ ڕاپۆرتی مافی مرۆڤ ئەوانەی کەلەناوخۆی وڵات چالاکن ئامارێکی جێگەی متمانە و باوەڕ نیە، ڕەنگە ڕێژەی زیندان و زیندانیان لەئێران زیاتربێت.
“ئەنوەر ئەحمەدی ئەقدەم ” کە فەرماندەی قەرارگای زیندانی مەهاباد و بەرپرسی ئاموزشی سەربازی بووە دەڵێت سێ بەرانبەری زەرفیەتی زیندان لەئێراندا زیندانی هەیە ، هەرئەوەش وادەکات کێشەو گرفتی زۆر بۆزیندانیان دروستبێت و تەنانەت شوێنێکیان نیە بۆخەو دەبێ لەڕاڕەوەکانداو لەبەردەم دەرگای ئاودەستەکاندا بخەون.
زیندانەکانی ئێران هیچ پێوەرێکی نێودەوڵەتیان نیە لەڕوی ئەمنیەت و بێهداشتی و سەرماو گەرماوە کێشەیان هەیە. زیندانیەکان توشی جۆرەها نەخۆشی ڕەوانی و جەستەیی دەبنەوە. زۆربەی زیندانیەکان لە سەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی بچوک لەسەر شتێکی ماڵی دەخرێنە زیندانەوە دوای ئەوەی دێنەدەرەوە ئەگەر توشی مەوادی موخەدەر نەبووبن ئەوە بێگومان ئاشنابوون لەگەڵی، کەوابوو زیندان ئەوە نیە کە پێی دەوترێت چاکسازی کۆمەڵایەتی و تەربیەت و ئیسلاح، بەڵکو شوێنێکە بۆ خراپتربوونی مرۆڤەکانە زیاتر. زیندانیەکان زۆر بەئاسانی دەتوانن لەڕێی سەربازەکان یان بەرپرسەکان یان چاوپێکەوتنەکان مەوادی موخەدەر بەدەست بخەن.
بڵاوکردنەوەی مەوادی موخەدەر، نەبوونی شوێنی خەو، بڵاوبوونەوەی جۆرەها نەخۆشی و بە ئەنقەست ڕێگری چارەسەری پزیشکی و گەیاندنی دەرمان بۆزیندانیەکان شتگەلێکی ترن بۆ یاری کردن بە ژیانی زیندانیان.
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی: داواکاری گشتی بەهۆکاری یەکەم دەزانێت بەهۆی ئەوەی لەئێران داواکاری گشتی بڕیار لەسەرناردنی زیندان بۆنەخۆشخانە یان وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی دەدات.
بە لەبەرچاو گرتنی ئەوڕەفتارەی کە کۆماری ئیسلامی ئێران دەرهەق بە زیندانیان دەیکات دەردەکەوێت کە کۆماری ئیسلامی هیچ پابەندیەکی ئەخلاقی و حقوقی بە بەندەکانی جاڕنامەی مافی مرۆڤ و تەنانەت هەندێ لە خاڵەکانی یاسای بنەڕەتی خۆشیدا نیە. بەنمونە:
خاڵی ۲۳ لەیاسای ئێران دەڵێت : لێپرسینی باوەڕی و عەقیدە لە ئێران قەدەغەیە و نابێ بەهۆی باوەڕی جیاواز کەسێک تۆمەتبار یان تاوانبار بکرێت.
خاڵی ۳۲ دەڵێت: هیچ کەسێک نابێت بێ بەڵگەو بئ حوکمی یاسایی بگیرێت، لە ئەگەری گرتنیشیدا تاوانی ئەو کەسە چیە دەبێ بە شێوازی فەرمی بە تاوانباری ڕابگەیەنن و لە ۲٤ کاتژمێر دا پەروەندەکەی بەڕێی دادگا بکەن.
خاڵی ۳٥ ئاماژە بەوەدەکات کەهەرکەس دەتوانێت پارێزەرێک بۆخۆی بگرێت و لە ئەگەری دەست کورتیدا دەبێ دەوڵەت ئەوئەرکە بگرێتە ئەستۆ.
خاڵی ۳٨ دەڵێت: هەرچەشنە ئەشکەنجەیەک بۆ گرتنی ئیعتراف و ئاگاهی قەدەغەیە ، مەجبورکردنی زیندان بۆ شایەتیدان، سوێند خواردن و دانپێدانان ڕەوانیەو ئەگەر بەو جۆرەش بەڵگەیەک وەدەست بخرێت بێبایەخە.
ئەسڵی ۳۹ دەڵێت: بێ حورمەتی یان هەرچەشنە تەهدید بەدەستدرێژی لە سەر زیندانی قەدەغەیە ، ئەگەریش هەبێت تاوانی هەیە.
بە پێچەوانەوە، ئەگەر لە ئێران لە سەر شەقامەکان و بە بەرچاوی دونیاوە لێدان و داپڵۆسینی هاوڵاتیان لە ئارادا بێت، بە تایبەتی لە خۆپێشاندان و ناڕەزایەتیەکاندا، ئەوا پرسیار ئەوەیە ئاخۆ لە زیندانەکان چ جۆرەها پێشێکاریەک لە ئارادایە.

تا ئێستا هیچ ڕێکخراوێکی جیهانی تایبەتمەند بەمافەکانی مرۆڤ نەیتوانیوە لە نێزیکەوە سەردانی زیندانەکانی ئێران بکات، بەڵام شایەتحاڵەکان و وێنەکان بەڵگەی ترسناکن، “سەعیدی سەعیدیان” نمونەی یەکێک لەو هەزاران زیندانیانەیە کە باس لەئەزمونی خۆی دەکات و ماوەی زیاتر لە سێ ساڵی لە زیندانەکانی ئێراندا بەسەربردوەو دەڵێت: لەهەموو ئاستە جیاجیاکاندا زەخت و فشارو ئەشکەنجە و سوکایەتی پێکردن بەزیندان هەیە، شایانی باسە ئێستا زیندانەکانی ئێران پڕە لەکەسایەتی ڕۆژنامەوان، سیاسەتمەدار، هونەرمەند، خوێندکاری دانیشگا، کاسبکار چالاکی مەدەنی و کەسانی ئازادیخواز کە تەنها تاوانیان ئازادانە ژیانکردن و تێکۆشان بۆ هێمنی کۆمەڵگایە.
دۆخی زیندانیانی کورد لە نێویشیاندا زیندانیانی سیاسی زۆر خراپترە، ئەوە لەوڵاتێکدا کە تەنانەت جەسارەتی پێناسە کردنی تاوانی سیاسی و زیندانی سیاسی لە ناو یاساکاندا بوونی نیە.
دەستگیرکردن بەبێ هەبوونی بەڵگە لەلایەن دەزگا داپڵۆسێنەرەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و دوای چەندین مانگ ئەشکەنجەدان و دادگایی کردنی بەبێ هەبوونی پارێزەرو مافی خۆپاراستن و لە خۆبەرگری کردن لە دادگایەکی چەندخولەکیدا و بەزیندانیکردنێکی دورودرێژ یان بەسێدارە مەحکوم کردن لە کردەوە چەپەڵ و وەحشیەت ناکەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانە . تەنانەت بەشێکیان بێ ئاگاداری بنەماڵەکانیان حوکمی سێدارەیان بەسەردا جێبەجێکراوەو تەرمەکانیشیان دوای ماوەیەکی زۆر و بەزەحمەت ڕادەستی بنەماڵەکانیان کراوەتەوە.
هەروەها ئەمڕۆ زۆر لەو زیندانیانەی کە لە زیندانەکانی ئێراندان بۆ گرتنی ئیعتڕاف تەهدید بە دەستدرێژی و بێڕێزیان پێکراوە، لە گەڵ ئەوەشدا بەسەدان زیندانی بۆگرتنی ئیعتڕاف لە ژێر ئەشکەنجە دا گیانیان لەدەستداوە یان کەمئەندامبوون یان تووشی خەسارەتی ئەقڵی یان تووشی نەخۆشی جەستەیی بێچارەسەر بوون.
“زەینەب جەلالیان، مامۆستا فەرزاد کەمانگەر، شیرین عەلەم هولی” بێ هەبوونی بەڵگە بێ هەبوونی پارێزەر دوای چەندمانگ ئەشکەنجەدان و هەڕەشەی دەستدرێژی سێکسی لەدادگایەکی چەندخولەکیدا حوکم بە سێدارە دران و بئ ئاگاداری بنەماڵەکانیان حوکمەکەیان بەسەردا جێبەجێکرا.
“حبیب للە گوڵپەری پور” لەکاتی دەرکەوتنی لە مهاباد بۆ اورمیە
( بەپێی بەڵگەنامەی تاوانباری ئیتڵاعات) لەگەڵ چەند کتێبێکی لەچاپدراوی سیاسی لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای مهابادەوە گیراو لە نامەیەکی خۆیدا ئاماژە بە ئەشکەنجەی ڕوحی و جەستەیی خۆی دەکات و دوای چەند مانگ لەدادگەیەکی ناعادیلانەدا مەحکوم بە لە سێدارەدان کرا.
“محەحمەد حالی و فەرهاد ئەسغەری” نمونەی ئەو زیندانیانەن کە بەبێدەنگی و بێ بڵاوبوونەوە لە ڕاگەیاندنەکان لەزیندانی ناوەندی تەورێز لەسێدارەدران.
“ڕامین حسێن پەنهانی، لوقمان مورادی، زانیار مورادی، ئەحمەد شەباب، ناسر عەزیزی کەمال ئەحمەد نەژاد” نمونەی نوێترین زیندانیانی لەسێدارەدراوی کوردن. نمونەی نوێترین پەڵەی ڕەشن بەڕوخساری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە.
سەرباری ئەوەی کە زیندانەکانی ئێران مەترسیدارترین و پەنهانترین دەزگاکانی ئێرانن، بەڵام لە سێدارەدانی ئاشکراو لەشوێنەگشتیەکاندا دیاردەیەکی ترسناکی کۆماری ئیسلامیە.
بەپێی ڕاپۆرتەکانی لێبوردنی نێودەوڵەتی ئێران لەو ولاتانەیە کەبەرزترین ڕێژەی لەسێدارەدانی تێدایە.
لەو ڕێژەیەش پشکی شێری بەرکورد دەکەوێت. بەجۆرێک کە لەسێدارەدراوانی کورد ۱۲ ٪ ی لە سێدارەدراوانی جیهان پێکدەهێنن، تەنها لە ساڵێکدا ٦۲٥ کەس لە سێدارەدراون واتە لە هەر ۱٤ سەعاتێک کەسێک لە سێدارەدراوە لە ئێران.
لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا بەهەزاران کەس لە ئێران چاوەڕێی ئەوەن بگیرێن و حوکمەکانیان تەواو بکەن لە زیندانەکاندا و بەهەزاران زیندانیش لەزیندانەکانی ئێراندا چارەنوسیان نادیارە یان لە چاوەڕوانی مەرگدان.
شەماڵ ڕەسوڵی
بەڕیتانیا

کۆمێنتی تۆ لەسەر بابەت