کۆچی دوایی یەکێک لە زامدارانی شیمیایی سەردەشت کاک حەسەن حەسەن‌پوور

بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە ئاگادار کراین کە بەرێز کاک حەسەن حەسەن‌پوور کوڕی مەحموود لە تەمەنی ٦٥ ساڵی دا بە هۆی ڕاوەستانی دڵ لە شاری سەردەشت کۆچی دوایی کرد. کاک حەسەن حەسەن‌پوور لە ساڵی ١٣٢٧ ی هەتاوی لە گوندی بێوارانی خوارێ لە سەردەشت لە ئامێزی بنەماڵەیەکی ڕەنجبەر و وەررێر لە دایک بوو، ئەوە وەک زۆربەی منداڵانی کوردستان گەورە بوو و خوێندنی سەرەتای تەواو کردووە و دواتر هەر لە هەرەتی لاوەتی را ماڵیان چۆتە سەردەشت و لەوێ دەستی بەکار و کاسبی کردووە. ناوبراو کەسێکی هەڵسوور و کاسب و بێ کێشە بوو. لەگەڵ ڕاپەرینی کۆمەڵانی خەڵکی وەزاڵەهاتووی کوردستان بە دژی رژێمی شاهەنشاهی رادەپەرێ و یەکێک لە خۆپێشاندەرە چالاکەکانی شاری سەردەشت بووە. ئەو کەسێکی دڵسۆز بەگەل و نیشتمان بووە و هاوکات هەمیشە یارمەتی بە شۆرشگێرانی گەل داوە، ئەوەندەی بۆی کراوە کەسێکی دەستگر و یارمەتیدەر بووە و هەمیشە دڵی بۆ ئازادی گەلەکەی لێداوە و خۆی بە بەشێک لەو ئازادیخوازانە زانیوە.

لە ساڵی ١٣٦٦ ی هەتاوی دا شاری سەردەشت لە لایەن فرۆکەکانی رژێمی بەعسی عێراقەوە شیمیا باران کرا و بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی شاری سەردەشت شەهید و بریندار بوون، کاک حەسەن یەکێک لەو بریندارانە بوو کە بەردەوام بە ئێش و ئازاری ئەو شیمیابارانەوە دەیناڵاند و زۆر بە تووندی بریندار دەبێ. لە ماوەی ئەو  ٢٦ ساڵەی شیمیابارانی سەردەشت دا کاک حەسەن بەردەوام لە نەخۆشخانە و لە هاتووچۆی دوکتوری پسپۆر دابووە، نەخۆشی سیپەلک و هەناسە کێشانی هەبوو، بۆیە زۆرجار لە گازی تایبەت بۆ هەناسە کێشانی کەڵک وەردەگرت و لەکاتی ڕۆیشتن و کار کردن دا تووشی ماندووبوون و ناسازی دەبوو. کاک حەسەن حەسەنپوور ماوەی چەند ساڵێک بوو بە زامی شیمیابارانەوە ناراحەت بوو، بەداخەوە پاش ماوەیەک چاودەێری پزیشکی ڕۆژی سێ‌شەممە ڕێکەوتی ١٩ ـ ١١ ـ ٢٠١٣ لە شاری سەردەشت کۆچی دوایی کرد و هەموو لایەکی خەفەتبار کرد.

کاک حەسەن باوکی خاتوو گوڵاڵە هاوسەری کاک محەممەد نستانی و خاتوو هەڵاڵە هاوسەری کاک عوسمان سولێمانی و باوکی ڕەحمان حەسەن‌پوور بوو هەر بۆیە بە بۆنەی کۆچی دوایی باوکیان لە ماڵی کاک محەممەد نستانی ڕێ‌وڕەسمی سەرەخۆشی بەرێوە دەچێ.

ڕۆژەکانی چوار شەممە و پێنج شەممە ڕێکەوتی ٢٠ ـ ٢١ ی مانگی ١١

کاتژمێر ١٢:٠٠ تا ٢٠:٠٠ دیاری کراوە.

دەتوانن بەم ژمارە تەلەفوونەی خوارەوە پەیوەندی بگرن.

٠٧٦٥٧٠٨١١٠

٠٧٦٠٦٢٨٠٨٣

لە لایەن بنەماڵەی محەممەد نستانی و عوسمان سولێمانی


بە بۆنەی کۆچی دوایی کاک حەسەن حەسەن‌پوور لە ناخی دڵەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەرێزیان و بە تایبەت خاتوو گوڵاڵە و خاتوو هەڵاڵە و کاک ڕەحمان و بنەماڵەی کاک محەممەد نستانی و کاک عوسمان سولێمانی و هەموو خزم و دۆستانیان لە سەردەشت و لە دەرەوەی وڵات دەکەم و هیوای تەمەن درێژیان بۆ بە ئاوات دەخوازم و کۆچکردووش جێاگی بەهەشتی بەرین بێ.

حەمەرەسووڵ کەریمی