په‌یامی خالید عه‌زیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دیمۆکڕاتی کوردستان بۆ سه‌رکۆماری ئه‌فریقای باشوور به‌ بۆنه‌ی مه‌رگی نێلسۆن ماندێلا

بەڕیز جەنابی ژاکۆب زووما،

سەرکۆماری ئەفریقای باشوور و سەرۆکی ئای ئێن سی!

بە بۆنەی مەرگی نێلسۆن ماندیلا، لەلایەن سەرجەم ئەندامانی حیزبی دیموکراتی کوردستانه‌وه‌ سەرەخۆشی لە جەنابت، ڕێبەری‌و ئەندامانی ئای ئێن سی دەکەم‌و

خۆمان به‌ بەشداری خەمی ئێوە دەزانین. نێلسۆن ماندیلا، تێکۆشەری ڕێگای ئازادی و زیندانییە به‌ ناوبانگه‌که‌کەی دژی ئاپارتایدو سەرکۆمارە مافپەروەرەکەی ئێوە لای ئێمە تێکۆشەرانی کوردستانی ئێران کە ڕۆژانە لەگەڵ هه‌ڵاواردن‌و سیاسەتە دژی دیموکراتیک‌و سەرکوتکه‌رانه‌کانی کۆماری ئیسلامی ڕووبەڕوو دەبینەوە، زۆر جێگای ڕێزه‌.

جەنابی سەرکۆمار! لە پەراوێزی کۆنگرەی ئینترناسیۆنال لە مانگی سێپتامبری ساڵی ڕابردودا لە ئەفریقای باشوور، کاتێک باسی ساخی و سڵامەتیی نێلسۆن ماندیلام لە جەنابت پرسی، لە وڵامدا گوتت، ماندیلا هەستێکی به‌ هیزی هاودەردی لەگەڵ ئێوە کوردەکانی هه‌یه‌ و ئاواتی ڕزگاریی نه‌ته‌وه‌که‌ی ئێوەیه‌. هەر بەم بۆنەیه‌وە منیش هاودەردیی خۆم بە ئێوە ڕادەگەیەنم و هیوادارم ئێوەش وەک ڕێبوارانی ماندیلا بۆ ڕزگاریی نه‌ته‌وه‌ی کورد بە پەرۆش بن.

لەگەڵ ڕیزم‌دا:

خالید عەزیزی

سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستان

٠٦ ـ ١٢ ـ ٢٠١٣

١٥ ـ ٠٩ ـ ١٣٩٢