كێ پێشمه‌رگه‌یه و قه‌درزانی له كێ؟ ئەحمەد مەکڵاوەیی
ئه‌م شه‌و، سپه‌ینێ ، 26ی سه‌رماوه‌زه، یاد كردنه‌وه‌ی ئه‌و رۆژه‌یه كه نركه‌ی رۆڵه‌ی كورد له مه‌هاباد، له تاران ده‌سه‌ڵاتی پەهله‌وی له‌رزاند و، هه‌ڵیانكوتایه سه‌ر پێگه‌ی شاره‌وانی دوژمن له مه‌هاباد و، چه‌كیان كرد و، ئاڵای ده‌سه‌ڵاتی تارانیان هێنایه خوارێ و، له جێی ئه‌و ئاڵای كوردستانیان هه‌ڵدا.
با له 26ی سه‌رماوه‌ز دا، رێز له‌و كچ و كوڕانه بگرین كه له مێژووی نه‌ته‌وه‌كه‌ماندا ، له رێگه‌ی خه‌بات و تیكۆشان بۆ رزگاری كورد و كوردستان، گیانیان به‌خت كردوه و له خۆشه‌ویستی نیشتمان ، دڵۆپ دڵؤپ خوێن له ده‌ماری نیشتمانپه‌روه‌ریان رژاوه و، جه‌سته‌ی شلك و ناسكیان به خوێن سوور هه‌ڵگه‌ڕا و، دوور له ئازیزانیان به جوانه‌مه‌رگی سه‌ریان نایه‌وه و، به به‌رگی ده‌به‌ر‌یانه‌وه، به‌ره‌و ماڵی ئه‌به‌دی به‌ڕێكران و ، بۆ هه‌تا هه‌تایه، ماڵاوایی یه‌كجاریان له خۆشه‌ویستان و، نیشتمانه داگیركراوه‌كه‌یان كرد.
با ئه‌مڕۆ، له 26ی سه‌رماوه‌ز دا، یادێكی به جێ و پیرۆز، له‌و شێره كچ و كوڕه نیشتمانپه‌روه‌ر و پێشمه‌رگانه بكه‌ینه‌وه كه ئازایانه له كوردستان و، له نێو به‌ند و، له هه‌نده‌ران ، به‌ره‌نگاری هێز و سیاسه‌تی دژه‌مرۆیی دۆژمنانمان بوونه‌وه‌و، به رشتنی خوێنی خۆیان به‌ڵگه‌ی نه‌به‌زی و، ئازایی و، خۆڕاگری نه‌ته‌وه‌كه‌یان مۆر كرد و، نیشانی دۆست و دوژمنیان دا كه رۆڵه‌كانی نه‌ته‌وه‌ی كورد بۆ گه‌یشتن به مافه‌كانیان له مردن سڵ ناكه‌ن.
با ئه‌مڕۆ، 26ی سه‌رماوه‌ز، یاد له‌و گیان به‌خت كردوانه بكه‌ینه‌وه كه له ده‌شت و پێده‌شته‌كانی كوردستان، وه‌ك هه‌ڵۆ داهاتنه دوژمن و ، هه‌زاران هه‌زار حه‌ماسه‌ی جیا، جیاین له سه‌ر هیزه داگیركه‌ره‌كانی كوردستان خوڵقاند و، به خوێنی خۆیان له میژووی پڕ له كاره‌ساتی نه‌ته‌وه‌كه‌ماندا، تۆماریان كردن كه: وه‌چه به دوای وه‌چه‌دا فه‌رامۆشیان ناكه‌ن و شانازیان پیوه ده‌كرێت.
با ئه‌مرۆ، 26ی سه‌رماوه‌ز ، یاد له‌و ئازیزانه بكه‌ینه‌وه كه له شاخ و شار ، له دۆڵ و كه‌ژه‌كانی كوردستان دا لێ بڕاوانه به‌رانبه‌ر به نه‌یارانی كورد جه‌نگان و، گیانی خۆیان پێشكه‌ش به ئازادی وسه‌ر به خۆیی نه‌ته‌وه‌كه‌یان كرد و، له‌و رێگه دا تەرمەكانیان یان كه‌وتنه به‌رده‌ستی دوژمنان و بێ سه‌رو شوێن كران، یان له به‌ر بێ ده‌ره‌تانی له كه‌ڵێنه شاخه‌كانی كوردستان دا ، دوور له چاوی ئازیزانیان شاردرانه‌وه ،یان له كاتی به‌رێوه بردنی ئه‌ركی حیزبی دا، له چۆم و رۆوباره‌كاندا سێڵاوی به‌هار و پاییزان هه‌ڵی گرتن و بێ سه‌رو شوێن بوون.
با ئه‌مڕۆ، 26ی سه‌رماوه‌ز، یادێكی پیرۆز له‌و كچ و كوڕه ئازا‌و به جه‌رگانه بكه‌ینه‌وه كه له زێندان و له ژووری ئه‌شكه‌نجه‌گاكانی كۆماری به ناو ئیسلامی‌دا له ژێر ئه‌شكه‌نجه‌ی گران و قورسی شه‌یتانه‌كانی كۆماری ئیسلامی‌دا، گیانیان دا‌و، بوونه قوربانی رزگاری ئاو وخاكیان ، به‌ڵام سه‌ریان بۆ دوژمن شۆڕ نه‌كرد و، به نه‌ته‌وه و خاكیان وه‌فادارمانه‌وه.
با ئه‌مرۆ، 26ی سه‌رماوه‌ز، رێز له‌و به‌ندكراوانه بگرین كه هه‌ر ئێستا رۆژ نیه له زێندانه‌كانی كۆماری ئیسلامی‌دا نه‌بردرێنه بن په‌تی سێداره و، زۆر بێ تاوان و، بێ به‌زه‌ییانه هه‌ڵداوه‌سرێن و، دوور له ئه‌خلاقی مرۆڤایه‌تی گیانیان لێ ده‌ستێندرێت.
ئه‌مر و 26ی سه‌رماوه‌ز، یاد له‌و كچ و كوڕانه بكه‌ینه‌وه كه به رشتنی خوێن و مه‌رگی سووریا‌ن ، تاریكایی و ته‌پ ومژی سه‌ر نیشتمانه‌كه‌مانیان راماڵی و، تۆزی نیگه‌رنیان له دڵی نه‌ته‌وه‌كه‌ین ره‌واند و، ئه‌ستێره‌ی گه‌ش و هیوای كوردانیان له ئاسمانی نیشتمانه‌كه‌ماندا ده‌رخست و، وه‌ك گه‌لاوێژ و، حه‌وته‌وانه و، كۆوته‌رازوو، له ئاسمانی نیشتمانمان ده‌ركه‌وتنه‌وه‌و، رووناكیان وه‌ك بریسكه شۆقی داوه و،چاوی نه‌یارانی كوردیان كوێركرد.
ئه‌مرۆ، 26ی سه‌رماوه‌زه، با یاد له و كچ و كوڕ‌و. دایك و باوكانه ، بكه‌ینه‌وه، كه دوێنێ و پێرێ و ئه‌مڕۆ، له ناو خۆی كوردستان دا، چالاكانه كاریان كرد و، كار ده‌كه‌ن و، به تێكۆشانیان مه‌وجوودیه‌تی زیندوویی نه‌ته‌وه‌كه‌یان نیشانی دوژمن ده‌ده‌ن.
ئه‌مرۆ، له 26ی سه‌رماوه‌زدا ، با رێز له‌و دایك و باوكانه بگرین كه زۆر تێكۆشه‌رانه ، به‌ڵام به هه‌زارن كه‌مووكۆری و، خه‌م و خه‌فه‌ته‌وه ، رۆڵه‌كانیان په‌روه‌رده كردن و به دڵ فروانیه‌وه پێشكه‌ش به بارگای ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی نه‌ته‌وه‌كه‌یان كردن كه: تا ئێستاشی له گه‌ڵدا بێت ، زۆریان بۆ جاریكیش رۆله‌كانیان نه‌دیته‌وه كه، یان شه‌هید بوون، یان هه‌ر له مه‌یدانی خه‌بات دا ماونه‌وه.
با ئه‌مڕۆ، رێزله بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیدانی كوردستان بگرین، كه رۆڵه‌كانیان بۆ كوردستان ژیان و بۆ كوردستان مردن.
با ئه‌مرۆ، هه‌موو پێكه‌وه رێز له گشت جه‌ماوه‌ری شۆڕشگێری كوردستان بگرین كه، سه‌رچاوه‌ی بوونی پێشمه‌رگه‌ن و ، رووبار و، زه‌ریاو، كانیاویی شكاندنی تینوه‌تی رێی خه‌باتی رۆڵه كانیان.
ئه‌مرۆ، 26ی سه‌رماوه‌زه، با له‌م رۆژه پیرۆزه دا، رێز له‌و كچ و كوڕانه بگرین كه: لێره و، له‌وێ، له‌و لاو، له‌وڵای (هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان) تاویانداوه‌ته پێنووس و، به ده‌ربڕینی وشه‌ی جوان و پاراوی كوردی ، ئه‌ده‌بیاتی نه‌ته‌وه‌كه‌مان ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌كه‌ن و، له سه‌ر وشه‌كانی پێشمه‌رگه‌و، نیشتمان و، نه‌ته‌وه‌كه‌مان، كه هه‌ر سێكیان ئاوێته‌ی یه‌كترن ، شت ده‌نووسن و ، رێز له 26ی سه‌رماوه‌ز، رۆژی ئه‌وانه‌ی له سه‌ره‌وه باسم لێ‌كردن، ده‌گرن.
ئه‌حمه‌د مه‌كڵاوه‌یی