با هەموو هەڵەکانی حیزب راست بکەینەوە، نەک تەنێا ٢٦ی سەرماوەز وەک ڕۆژی پێشمەرگە. ن. رەشید قازی

(لە پەراویز بۆوچونەکەی بەریزان هاشم رۆستەمی و بەرێز عەبدوللە حەسەنزادە.)

لەم ڕۆژانە دا بەریز کاک هاشمی رۆستەمی بە نووسینی بابەتێک لە ژێر ناووی “با چیتر ٢٦ی سەرماوەز رۆژی پێشمەرگە نەبێ”

هەروەها بەرێز عەبدوللە حەسەنزادەش بە پشتگری لە بۆچوونەکەی بە نووسینی وتارێک لە ژێر ناوی “تەواوکردنی بابەتێکدا” پەنجەیان خستۆتە سەر ئەرکێکی گرینگ و کەموێنە کە پێموایە رێگا خۆشکەرێکە بۆ دەست نیشانکردنی کەم کۆریەکانی حیزبە خۆشەویستەکەمان. ئەگەر بە دڵێکی فراوانەوە بە دوور لە دەمارگرژی و هیژمۆنی حیزبی بەو ئەرگە پیرۆزە هەڵستین بەشێکی زۆر لە ناکۆکی و هۆکارەکانی قەیرانی نێوخۆیی حیزبی کۆتایان پێدێی. بەو کردەوەشمان جووڵانەوەی میللی دیمۆکراتێکی نەتەوەکەمان لە زیان و زەرەری زیاتر دەپاریزین. بۆیە هەروەک ئەو بەرێزانە دوبارەی دەکەمەوە کە “عه‌یب نیه‌و به‌ڵکوو پێویستیشه‌ حیزب [ی دێموکڕات] پێ له‌ هه‌ڵه‌ی خۆی بنێ‌و ته‌نانه‌ت ڕاستیشی بکاته‌وه‌؟.” کە ئەگەر!

١_ ئەگەر حیزبی دیمۆکرات خۆیی بە میراتگری کۆماری کوردستان دەزانی، دەبێ پێی عەیب نەبێ بە شانازێەوە ئاڵاهەڵگری هەموو هێما و درووشم و سونبولەکانی کۆماری کوردستان بە بێ پێچ و پەنا بێ. تەنانەت نابێ بە خاتری هێندێک سات و سەودای ماڵوێرانکەر یا دڵخۆشکردنی فارسە زڕ بڕاکانمان!! خۆمان لەو دەسکەوتە مەزنە و مێژوویە بێ ساحەب بکەێن یا چوکێان بکەینەوە. هەروەک دەبینین چ ئەوکات پێشەوا قازی محمد کۆماری کوردستان ڕاگەیاند و خۆیی کردە قەلخانی نەتەوەکەی و چ ئەوکات کە د قاسملوو بۆ خودموختاری و مافە سەرەتایەکان تیدەکۆشا و ویستی کیشەی کورد بە رێگایی دیالۆگەوە چارەسەر بکات لەلایان حاکمانی تاران و دۆستانی فارسمان!!

کردەوەکانێان وەک هەرەشەیەک بۆ سەر تەواویەتی ئەرزیی ئیران سەیر کران. ئەو دەستانەی کە بۆ دۆستایەتی و ئاشتی درێژ کرابوون و شکێندڕان و لە ئاکامدا هەردووکێان بەو پەریی دڕندەیەوە شەهید کڕان. بۆیە لازمە و هیچ عەیب نێ نەک تەنیا رۆژی پێشمەرگە کات و ساتی روودانەکەی راست بکرێتەوە لازمە و پیویستە پاش نیزیک بە ٧٠ سال بوێرانە و ڕاشکاوانە دروشمەکانی کۆماری کوردستان بە بێ پشتگر و پاشگر بەرز و شکاوە ڕابگرین. ئیزن نەدەێن ئەو خوێنانەی هەروا سووک هاسان بەفیرۆ بڕۆن.

٢_ ئەگەر پێشەوا بەر لە ٧٠ سال لەمەوبەر بە لێزانی خۆی تۆانی هەموو چین و تۆێژەکانی گەلی کورد بە گشتی و عەشایری بە هیز و دەسترۆیشتوویی ئەو سەردەمی وەک دێبۆکری و ئیلخانیزادە و مەنگورەکان لە پێناو خزمەت بە جوولانەوە کورد لە ژێر یەک دروشم و ئالا کۆبکاتەوە و هەوینی تەبایی و یەکیتی لە نیوانێاندا پێک بێنی ئێستاش هیچ عه‌یب نیه‌و به‌ڵکوو پێویستیشه‌ حیزب [ی دێموکڕات] پێ له‌ هه‌ڵه‌ی خۆی بنێ ‌و ته‌نانه‌ت تێبکۆشیبۆ جەماوەریکردنی زیاتر حیزب بە دوور لە دیاردە دەست و پێگرەکانی خودی و ناخودی و ناوچەگەرایی کارێک بکات هەموو بیر و باوەرە جێاوازەکان خۆیانلە حیزبدا ببیننەوە. لە وزە و تۆنایی هەمۆانیش لە پێناوو ئامانجێک بەرزتردا کەلک وەربگرێ.

٣_ لەم دۆایانەدا بەداخەوە هێندێک ئەدەبێاتی ناشیرین سەبارەت بە میژووی کۆماری کوردستان لە حیزبدا دەنوسری. هێندێک پێیان وایە کە چوون کۆمار سیاسەتی شەر و بەرگری رەچاوو نەکردۆە بە ئاشبەتالی ناوزەد دەکەن واتە “کۆماری ئاشبەتالی کرد” هیندیکیش ئاماژە دەکەن و دەلێن “بەداخەوە سەرانی کۆمار سێاسەتی خۆ بەدەستەوەدانێان هەڵبژارد”. هێندێکیش بۆ دڵخۆشکردنی نەیارانی کورد و گرینگی نەدان بە مێژوو و پێکهێنانی هێندێک سات و سەودا لە گەورەی کۆماری کوردستان کەم دەکەنەوە و بە “کۆماری مەهابادی” ناوزەد دەکەن. ئەگەر بەو عەقلێەتە برۆانینە مێژوویی رووداوەکان، دەبێ چۆن سەیری کردەوەکانی خۆمان وەک کشانەوەی هێزی پێشمەرگە لە قووڵایی ناوچەکان بۆ ئەودیویی سنورەکان بکەین؟. دەبێ بیر بکەێنەوە چۆن پێشمەرگەمان فێری گەرمین و کۆێستان کرد. دەبێ بیر بکەینەوە چۆن خەباتمان کرد بە خەباتی چەند وەرزێک لە ساڵدا بە بێ ئەوەی لە بیری ئالترناتیویەکی دیکە بکەێنەوە. دەبێ بیر لەوەی بکەێنەوە کە چۆن بەوانەش رانەوەستاین، قەندیلمان روو بە پێدەشتەکان لە قووڵایی سنووری ولاتێکی دیکەدا چۆڵ کرد و سیاسەتی کەمپنیشیتان هەلبژارد؟.مەگەر نەماندەکووت کە چیاکان تەنیا دۆستی کوردەکانن. بە واتەیەکی تر چیاکان نیشتمانی کوردانن. کەواتە بۆچی ئەم
نیشتمانەمان بۆ دووژمن چۆل کرد؟. ئایا ئەم کردەوانە ئاشبەتال و خۆ بەدەستەوەدانێک ئابرومەندانەن یا هەلبژاردنی سیاسەتێکی ژیر و وریانەن؟. بۆ بۆ ئێمە رەوایە ویڕانی بوونی تکنۆلۆژی سەردەم و مەجال و مەکانیزمەکانی دیکەی خەبات، وەها سیاسەتێکی سەقت رەچاوو بکەین و کەس مافیی رەخنەگرتنیشی نەبێ بەلام بە دڵفراوانیەوە دەبێ بە ئیزن بەخۆمان بدەین هەڵس و کەوتەکانی پێشەوا قازی بۆ بەرگری کردن لە قەلاچۆکردنی شاری مەهاباد هەرەک شاری تەورێز بە ئاشبەتال و سیاسەتی خۆ بەدەستەوەدانی بەرێزێان ناوزەد بکەێن؟. بۆیە هیچ عه‌یب نیه‌و به‌ڵکوو پێویستیشه‌ حیزب [ی دێموکڕات] پێ له‌ هه‌ڵه‌ی خۆی بنێ‌ و ته‌نانه‌ت ڕاستیشی بکاته‌وه ئەگەر گووللە بە رابردوە بنین بە بێشک داهاتوو تۆپمان پێوە دەنێ.

٤_ حیزب لە مێژووی خۆیدا چۆار جار واتە لە کۆنفرانس دوو، کۆنگرەی چۆار، کۆنگرەی هەشت و کۆنگرەی دۆازدە ئیزافە یەک بەهۆی قەیرانی نێوخۆیی توشی دارمان و لەت بوون هاتۆە. لازمە حیزب وێرای خەسارناسێک لەم رووداوانە هۆکارەکانی ئەم لەتبوونانە و لەهەمانکاتدا رۆلی ئەحمەد تۆفیق وەک سکرتیری گشتی لە میژوودا پێناسە بکات. بۆوەی بۆجارێکی دیکە حیزب بتۆانی بە سەلامەتی خۆی لەم قەیرانانە دەرباز بکات و هێندەش حیزب هێز و تۆاناکانی لەم هەڵبەز دابەزانەدا بە فیرۆ نەدات.

٥_ هیچ عه‌یب نیه‌و به‌ڵکوو پێویستیشه‌ حیزب [ی دێموکڕات] پێ له‌ هه‌ڵه‌ی خۆی بنێ‌و ته‌نانه‌ت پیوسیتە خەسارناسیک بۆ هەر دوو شەری نیووخۆیی لە نێوان کۆمەلە و حدکا بە گشتی و لە نیوان حدکا_ رش و حدکا بە تایبەتی بکات. هۆکارەکان و تاوانبارانی ئەم کردەوە دزیوە بناسرین و داووی لێبوردن لە خەلکی کورد بە گشتی و هەموو ئەو بنەمالانە بکەن رۆلەکانیان لەم پێناوەدا لە دەست داوە. بۆوەی ئەگەر خودای نەخۆاستە بەرەیەک یا هاوپەیمانێک!! لە نێوان هێزەکانی کوردیدا پێک بێ بەردی بناخەی پتەوە لە سەر بێ باوەری و بێ متمانەی سەبارەت بە یەکتر دانەمەزرێ. جگە لەوەش خەسارناسیەک لەم بارەوە دەتۆانی بۆ هەمیشە بەرگری لە دووپاتبوونەوەی ئەم تراژدێانەی بکات.

٦_ هیچ عه‌یب نیه‌و به‌ڵکوو پێویستیشه‌ حیزب [ی دێموکڕات] پێ له‌ هه‌ڵه‌ی خۆی بنێ‌و ته‌نانه‌ت ڕاستیشی بکاته‌وه‌ کە ئەگەر تا دۆێنی شێوەی پرۆسەی تێکەل بوونەوەی حدکا و حدکا ڕێبەرایەتی شۆڕشگێر کردەوەیەکی دروست بوو و هیچ مەبەستێکی لە پشت نەبوو یەستاش هەروەک ئەوکات بۆ پاراستنی بەرژەوەندێەکانی نیشتمان و ریکخستنی نێوومالی کورد و پتەوترکردنی زێاتر جولانەوەی کورد بە بێ لەبەرچاووگرتنی پلە و کورسی دەستەلات هەنگاوەکانمان بۆ تێکەلبوونەوە توندتر بکەێن و خەلک لەوەی زیاتر هیوابر نەکەن.

٧_ ئەگەر باوەرمان بە دروشمەکانی وەک ریکخراو چەکی هەرە گرینگی ئێمەیە، چێاکان تەنیا پشت و پەنای ئێمە کوردن و سەربەخۆیی بریاردان لە سەربەخۆیی ئابوری دایە، بۆچی یەستا گرینگی بە ریکخراو نادری و تەشکیلاتەکانمان بەرە هەلوەرین و پەسیوبون دەچن. بۆ نەمانتۆانێوە لۆبێکی کورد وێرای بوونی هەزاران کورد لە دەروە پێک بێنین کە دەرد و مەینەتێکانی گەلێک بە دام و دەزگا دەولەتێکان ڕابگەیەنێ. بۆ لە ووزە و تۆانایی ئەندامان هەر ئەوانە کە لە هێزەکانی دیکەدا دەبنە دینامیزم و رێبەری ئەم هیزانە بە جۆرەی تۆان کەلک وەرناگری؟. بۆ هەنگاوێکی ئەوتۆ بۆ سەربەخۆی مالی نەهاویشتڕاۆە و یەستاش نیمە، نیمە هەر وەک هەمیشە دروشمی ڕۆژ حیزبەکەمانە؟. ئەگەر مانەوە لە چێاکان سەخت و دژاور بوو چۆنە پککە تۆانی بمێنێتەوە و بەمانەوەی خۆی کیشەی کوردی لە تورکیە بگەیەنێتە لووتکە؟.. بۆیە هیچ عه‌یب نیه‌و به‌ڵکوو پێویستیشه‌ حیزب [ی دێموکڕات] پێ له‌ هه‌ڵه‌ی خۆی بنێ‌و ته‌نانه‌ت ڕاستیشی بکاته‌وه کە نەیتۆانی لەو ئامڕازانەی لەبەردەستی دابوون بە جۆرەی تۆانا کەلک وەربگری. لە هەمانکاتدا خۆی بۆ خەباتێکی دورودرێژ ئامادە بکات.

گەلۆ؟!!…
هەروەک دەزانین حیزبێکی شۆڕشگێر و رەسەن حیزبێکە کە هەلە و کەم و کۆرێەکانی خۆی دەست نیشان بکات و بۆ لەنێوبردنی ئەم دێاردانە هەنگاوو بنێ. یەکێک لە هۆکارەکانی خۆشەویستی حیزب لە نێو کۆمەلانی بەرین خەلک هەمان راستکردنەوە هەلەکانی لە ڕابردوودا بۆە. بۆیە پێویستە حیزب بۆ بەرگری لە دووبارە بوونەوەی قەیرانەکانی ریکخراوەیی و زیاتر بە جەماوەری بوونی و هەروەها بەرپرسایەتێکی کە سەبارەت بە جوولانەوەی گەلی کورددا هەیەتی، بە دڵفراوانی بەم هەڵە و دەیان کەم و کۆرێەکانی دیکەی خۆییدا بچێتەوە تا بۆجارێکی تر حیزب بگەرێتەوە بۆ دۆخی جارانی و ببێتەوە حیزبی دیمۆکراتی کوردستان حیزبی خۆشەویستی گەلی کورد.