چەند تێبینی‌یەک لە سەر وتووێژەکەی کاک بەهرام رەزایی. نووسینی: برایم چووکەڵی

شەوی رابردوو لە سایتی کوردانە چاوم لە وتوویژێکی کاک بەهرام رەزایی کە باسی چونیەتی لە بەین چوونی گوردانی شوان لە جەریانی هەڵەبجە‌دا کرد، لە نێو قسەکانی‌دا چەند تێبینی‌یەکم لا درووست بوو، بۆ روونبوونەوەی زیاتر ئاماژەیان پێ دەکەم.

ئێستا کە لەبەرەبەرەی نزیک بوونەوەی کارەساتی هەڵەبجە نزیک دەبینەوە جارێکی دیکە هەم سەرەخۆشی لە خەڵكی هەڵەبجە، هەم لە بنەماڵە ‌و هاوسەنگەرانی گوردانی شوان کە لەو جەریانەدا لە بەین چوون دەکەم. من لەو چەند تیبینی‌یەدا ناچمە سەر ئیشکالاتی ئەو کات، کە کاک بەهرام بۆ خۆی بەشیكی باس کرد. بەڵام لە پێوەندی لەگەڵ حیزبی دێموکرات قسەم هەیە.

١_ کاک بەهرام دەڵێ” نەوەد دەرسەدی هێزەکانی حیزبی دێموکرات خەڵكی ئەو ناوچەیە بوون کە لە رێگای تەشکیلات ئەو پێشمەرگانەی خۆیان تەحویل دابۆوەو لە ریگای خزم کەس‌و کاریان ئاگاداری هێرشی رێژیم بوون.” کاکی برا ئەوەڵەن ئەوە زۆر وەک راست ناچێ کە نەوەد دەرسەدی هێزەکانمان خەڵکی ئەو ناوچەیە بن! چونکە ٦٠ دەرسەدی هێزەکانمان خەڵکی بۆکان، سەقز، هەوشار، مەریوان، دیواندەرە، سنە، کامیاران، بوون، دووهەم هێزەکانی حیزبی دێموکرات لە بەرەی لای نەوسود دوو رۆژ بوو لەشەر دابوون‌و حکومەتی ئێران تێكشکاو نەیتوانی بستێک بێتە خاکی کوردستانی عێراق، دواتر لە راست وچەپەوە هاتە ئەودیو لەو بەرەیە بە ناچاری هێزەکانمان پاشەکشەی کرد.

 نەک حیزبی دێموکرات و کۆمەلە بەڵکوو هەرچی لەو دەڤەرە دەژیا دەیزانی ئێران خۆی بۆ هێرش ئامادە دەکا. سێهەم هێزەکانی ئێمە زیاتر لە ٧٠٠ کەس دەبووین نەک ٥٠٠ کەس، لەو پیشمەرگانەی کە لەوێ بوون لانی کەم ٦٥٠ پێشمەرگەی شەڕکەرو قاڵبووی مەیدانی خەبات‌و لە کڵدەرهاتوو، بە دەیان فەرماندەی پەروەردە لەمەیدانی خەبات، کە بە چەندین حەماسەی گەورەیان لە کوردستان خوڵقاند، لەوێ حزووریان هەبوو.

٢- لە بەشێکی دیکە‌دا دەڵێ” حیزبی دێموکرات لە کێشانەوەی هێزەکانی هیچی بە ئێمە نەگوت،” کاک بەهرام رەزایی بە باشی دەزانی کە حیزبی دێموکرات هێزی خۆی نەکێشابووە تا ئەورۆژەی کە دەوڵەتی ئێران هێرشی کرد بەڵام کاک بەهرام لەبیری چوو هەمان رۆژ لە گەڵ گوردانی شوان بە یەکەوە پاشەکشەمان کردو لە کاتێک‌دا شەری کۆمەڵەو دێموکرات لە ئەوجی خۆی دابوو لەدەمەو ئێوارێ کە دەرکەوت شاری هەڵەبجە گیراوە لەوێ حوسنینیەتی حیزبی دێموکرات دەرکەوت، بەرپرسانی حیزب کاک سەید ئەحمەد حوسێنی ئیستا لە وڵاتی فینلاند دەژی راسپێردرا بە بەرپرسەکەی گوردانی شوان کاک” شوکێ خەیراباد”ی بڵێ ” کە هەرچەند شەرمان بەیەکەوە هەیە بەڵام دەتوانین لەو وەزعە بە یەوکەوە خۆمان دەرباز بکەین،” وڵامی کاک شۆکی خەیرابادی ئەوە بوو ” ئیوە بەرێی خۆتان‌دا، ئیمەش بە رێی خۆمان‌دا”. دوابەدوای ئەوەدا دەڵێ “دوو رۆژ پێشتر کە بۆ خۆشی لەبیارە بووە هەستیان بە نا ئەمنی کردوە دەوڵەتیش دەورووبەری تۆپباران کردوە”. دەوڵەتی ئێران تا سەر لەبەیانی رۆژی هێرشەکە سەعات ٦ی بەیانی، یەک چەشنی لەو دەورووبەرەی بیارەو هانی گەرمەڵە نەتەقاند بوو. تەنیا پێشمەرگەکانی حیزب وەک ئاماژەم پێ کرد لەبەرەی نەوسوود دوو رۆژ بوو لەشەر دابوون. ئەوە جالبە کە شەو لە هەڵەبجە دەبێ وەک بۆ خۆی دەلێ” نەفەرێک ئاگاداری کردوون کە ئێران هێرشی سەدا لەسەد دەکا بۆ بەیانیش کومیتەی ناوەندی کۆمەڵە ئاگادار دەکاتەوە وەک ئاماژەم پێ کرد دەڵێ کەس بە ئێمەی نەگوتوە؟ لە کاتێک‌دا رێبەریشیان ئاگادار بووە.

٣- لە کاتێک‌دا باسی ئیشکالاتی کۆمەلە دەکا لەسەر لەبەین چوونی گوردانی شوان، بەڵام لەوسەری کوردستان بۆ ئەوسەری کوردستان باز دەدا بۆ ئەوەی خوێ بە برینەکانی کۆن‌دا بکا. واتە زۆر بەهاسانی بێ بەڵگە دەلێ ٣ هێزی حیزبی دێموکرات لە لای شمال مەعتەلی گوردانی ٢٢ی سامرەند کۆمەڵە بوون کە بچن بۆ ئەو ناوچەیە لێیان بدەن. بەراستی نازانم بە کام بەڵگەو ئەسناد ئەو قسەیەی کرد، هەروەک خۆشی وتی حیزبی دێموکرات‌و کۆمەڵە شەری بوو کەوابوو لە هەرجێگایەکی ئەم کوردستانە تووشی یەکتر بوایەن تەقەیان لێک دەکرد، بەڵام ئەوەی درووسترە کە بۆ خۆی کوتی” ئێمە لەبەرامبەر حیزبی دێموکرات گوردانی شوانمان لە بیارە داناو گوردانی ٢٢ سامرەندمان رەوانەی شومالی کوردستان کرد. ئەوە بۆ چی ئەو کارەیان کرد ئەوە بۆ خۆی باشتر دەزانێ.

برایم چووکەڵی