ئـازادی .. نـرخی دەوێت. گۆڕینی : رەزا شوان

ئەگەر بە مێژوودا بچنییەوە و، چاوێک بە کۆمەڵێک بزووتنەوەی جەماوەریدا بخشێنین کە لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا، گەلە داماو و هەژارەکەمان بەرپایان کرد، لەوانە خۆپيشاندان، مانگرتن، کامپینی کۆکردنەوەی واژووکردن، چەندین چالاکی راگەیاندن بۆ کۆبوونەوەی ناڕەزایی، لە پێناوی لابردنی یەکێک لە نەهامەتییەکان و، ئەو ستەمانەی لە گەلەکەمان کران .. دەبینین بارودۆخەکە هەر وەک خۆی ماوەتەوە، سوودیان نەبووە ، هەرگیزیش سوودیان نابێت، لەگەڵ حکومەت و پەڕلەمانێکدا، کە هەموو شێوازێک و فڕتوفێڵێک بەکاردەهێنن، لە پێناوی داکۆکیکردن لە بەرژەوەندییەکانی حیزبەکان و، ئەو کەسانەی کە لە سایەی ئەم دەزگایانەدان، بەڵکو کار گەیشتە رادەی ئەوەی کە چەک بەرزبکەنەوە و، بە زمانی چەک وەڵامی داخوازییەکانی جەماوەر بدەنەوە، شیوازێکی دڕندانەی  دوور لە لۆژيک ، هەروەها بوختان و تاوان دەخەنە پاڵ ئەو کەسانەی، کە هاوڕایان نین و، دەیانەوێ رەخنەیان لێبگرن و، گوزارشت لە ڕای خۆیان بکەن .

بۆیە پێویستە لە رابردووی پڕئازارمان، وانە و پەند وەربگرین و، چارەسەر بدۆزینەوە و ، شێوەی داواکارییەکانمان بگۆڕین و، گوزارشتکردنی جەماوەریشمان ئاشتییانە بێت .. ئەوەش لەبەرچاوبگرین، کە کاری سیاسی تازە هاتۆتە کایەوە و، یاریزانەکانی لەوە زیاترنین کە ئارەزوومەندی سیاسین، بە رێکەوت گەیشتوون بە شوێنەکانی بڕیاردان .

 دەسەڵاتدران تێکەوتوون و، زۆر شتیان شێواندووە .. کۆمەڵێک پێشیلکاری و هەڵە و کاری نەشیاوی زەقیان کردووە، خۆشیان لەو کارانە هەڵدەقورتێنن، کە ئیشی ئەوان نیین و، بە ئەوانيش نەسپێرراون .. بە هەزاران کەسی بێتاوان بوونەتە قوربانیی ئەم کارە هەڵانە و، ئەم سیاسەتە چەوت و سەقەتەیان .. بەڵام هێشتا نرخی ئازادیمان دەوێت .. بۆ ئەوەی نرخی ئازادی زۆرتر لەسەرمان نەکەوێت .. پێویستە هەڵویستێکی جدیتر و راستیترمان هەبێت .. بۆ ئەو چارەنووسە تاریکەی، کە بە رەنگی سوور تاریک کراوە، بەبێ وەستان رۆژانە دیمەنی خوێن و کوشتن و وێرانکردن دەبینین .

لێرەوە داوا لە خوشک و برایانی چالاکوان دەکەین، کە لە رێکخراوە کۆمەڵایەتییەکاندا کار و چالاکییان هەیە .. یا لە بواری چالاکیە جەماوەرییەکاندا رۆڵ و کاریگەرییان هەیە و خۆبەخشانە کار و خزمەت دەکەن .. بۆ گوزارشت کردن لە را و هەڵوێستی خۆیان و، رووبەرووبوونەوەی حیزبە دەسەڵاتدارەکان .. دەست لە شێوازە کۆنەکان هەڵبگرن و، هەڵوێستێکی باشتر و بوێرانەتر و، شێوازیکی تازە و تۆکمەتر بگرنەبەر .. ئەوپەڕی توانایان بە کاربهێنن بۆ وریاکردنەوە و رۆشنبیری کردنی خەڵکی و، ئاراستەکردن و رێنمایی کردنیان ، بەو ئاراستەیەی کە پێویستە بە شداری لە گۆڕانی ئەم باردۆخە بکەن .. ئەم هیوایەش لە میانەی سەندووقەکانی هەڵبژاردنەکاندا دێتە دی.. رۆژی هەڵبژاردنەکان و گۆڕین زۆر نزیکبوونەتەوە .. بۆ ئەو رۆژە خوازراوەش، تەنها دوو مانگی ماوە، شەست رۆژی تەواو کەم نییە و بەسە، ئەگەر بتوانین بە باشی بێقۆزینەوە بو روونکردنەوەی راستییەکان بۆ خەڵکی سادە و بەشخواراو و سەرکوتکراو، کە بەبێ ئەوەی هەست بکەن و راستی بزانن، داکۆکی دەکەن .. لە جیاتی ئەوەی لە شەقام و گۆڕەپانەکاندا خۆپێشاندان بکەین و، داوای گۆڕینی یاسایەک بکەین .. با بیر لەو کەسە بکەینەوە کە لە بنەڕەتدا ئەم یاسایەی داناوە .. با کەسانێکی بە توانا هەڵبژێرین، کە ئەو یاسایانەمان بۆ دابڕێژن، کە لەگەڵ هیوا و خواستەکانی گەلە ستەملێکراوەکەماندا بگونجێن .. کە ساڵەهای ساڵە ستەمی لێدەکەن و دەیچەوسێننەوە .. تەمەنی ئێمە لەژێر کوتەکی جەلادەکاندایە .. بەڵام با لە پێناوی منداڵەکانماندا بیربکەینەوە و قوربانی بدەین، تەنانەت گەر ئەو قوربانیدانەمان بە رووحیشمان بێت، پێویستە لە پێناوی دابین کردنی دواڕۆژی منداڵەکانمان و، هێنانەدیی خەونی بچووک و هەژارانەیان، قوربانی بدەین .

وڵاتێک کە شایانی ئەوەیە، ببێتە یەکەمین وڵاتی جیهان، چونکە سەروەت و سامانێکی لەبن نەهاتووی هەیە .. کەچی ئەم سامانە بۆتە بارێکی قورس بۆ دانیشتووانی .

نرخ، نرخیش لێرەدا ئەوەیە، کە بە راشکاوی رای خۆمان دەرببڕین و پێیان بڵێین بەسە ” جام پڕبووە و لێیدەرژێت ” .. ئێمە جارێکی تر هەڵتان نابژێرین .. بەسە، بەو پرۆژه وەهمیانانەشتان ناخەڵەتێین، کە ناویان هەیە و بوونیان نییە ، یا تەنها بەڵێنی درۆی بانگەشی هەڵبژاردنەکانتانن .. چونکە لە سایەی سیاسەت چەوتی ئێوەدا، لە سایەی دەسەڵات تاکڕەویی ئێوەدا، لە بێ ئاگاییتان لە ئازارەکانی گەلەکەمان .. بەشی ئێمە هەر مردن و نەخۆشی و هەژاری و برسێتییە .

(*) ئەم بابەتە لە نووسینی ( محمود الجبوري) یە لە (١ /٣ / ٢٠١٤) دا لە ماڵپەڕی ( کتابات) دا بە زمانی عەرەبی بڵاوی کردۆتەوە .. بە کەمێک دەستکارییەوە گۆڕیومە بۆ سەر زمانی کوردی.