سڵاو لە گەورەیی و خاکەرایی و پاکی سەرۆک کۆماری کوردستان شەهید پێشەوا قازی محەممەد. حەمەرەسووڵ کەریمی

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو دا بە سەدان نووسراوە و بابەتی هەمەرەنگ و جۆراوجۆر و کتێب و نامیلکە و شێعر، هۆنراوە و سروودی شۆرشگێری لە سەر وەسف و لایەنەکانی ژیانی پێشەوای هەردەم زیندووی گەلەکەمان، لە لایەن رۆڵەکانی گەلی کورد و تەنانەت خەڵکی غەیرە کوردیشەوە بڵاو کراونەوە. دوژمن و نەیارانی کوردیش بە نووسراوە و بە گووتە و بە تایبەت پان ئیرانیستەکان هەوڵی لێبراوانەی پێشەوا قازی محەممەد و هاورێیانیان بە دەست تێوەردان و جیاوازیخوازی ناوبردووە، بە کەیفی دڵی خۆیان بۆ بنکۆڵ کردنی پێی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان قسەی بێ بنەما و دوور لە راستییان بڵاو کردۆتەوە و تەنانەت بۆ ترساندن و تۆقاندنی خەڵک وێنەی هەڵاوەسراوی پێشەوا و هاورێیانیان بە نێو خەڵک دا بڵاو کردۆتەوە و دەستکاری وەسیتنامە و گووتەکانی پێشەوا قازی محەممەدیشان کردووە.

ڕێبازی پێشەوا قازی، شتێک نییە کە دوژمن بتوانێ لە دڵ و دەروون و ئارەزووی خەڵک دا بیسرێتەوە، ڕێبازی پێشەوا، ڕێبازی کوردایەتی و دامەزرانی حکوومەتی کوردی و ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی کورد بووە و ئێستاش بە ملوێنان خەڵک بە ڕێگە و ڕێبازە دا هەنگاو هەڵدێننەوە و بە هەزاران کەسیش گیانی خۆیان بۆ کردۆتە قوربانی.

مەبەست لە نووسینی ئەم چەند دێرە تەنیا بۆ ئەوەیە کە دوای زیاتر لە ٦٧ ساڵ لە سێدارەدانی پێشەوا و هاورێیانی ئێستا بە شێوەی جۆراوجۆر لە لایەن ڕۆڵەکانی کوردەوە یادی دامەزرانی کۆماری کوردستان، یادی دامەزرانی حیزبی پێشەوا، یادی لە سێدارەدانی پێشەوا قازی محەممەد و هاورێیانی دەکرێتەوە. لە بۆنە و ڕێوڕەسمی جۆراوجۆردا وێنەی پێشەوا قازی هەڵداوەسرێن و دەبنە ڕازێنەرەوەی مەراسیمەکان، زۆرجار وێنەی دەستکاری کراوی پێشەوا دەبیندرێن و بڵاو دەکرێنەوە. هەندیک کەس بە بەرنامەی فوتوشۆپ وێنەی ڕێبەرانی کۆچکردوو و شەهیدانی گەلی کوردیان دەستکاری کردووە و تەنانەت سەر و دەم و چاویان لە سەر قالب و لەشی کەسانی دیکە داناوە لەبەر ئەوە دەستکاری جل و بەرگی ئەو ڕێبەرانە بکەن. ئەگەر لە راستی بگەرێین هەموویان دڵسۆزیان پێوە دیارە، بەڵام ناکرێ سەری پێشەوا قازی لە ڕێگای بەرنامەی فوتوشۆپەوە هەڵبگری و لە سەر جل و بەرگی نوێ و مودێلی ئێستا دابنێی، لەبەر ئەوە پۆشینی جل و بەرگی پێشەوا لە سەردەمی ژیانی دا نموونەی ڕەوشتی بەرزی ئەو نەمرە بووە و جل و بەرگەکانی نیشانەی کردار و ئەخلاق و کەسایەتی ناوبراو بوون.

پێشەوا کەسێکی دەست ڕۆیشتوو و دارا بووە، پێویست بەوە ناکا بە گۆرینی جل و بەرگ سیمای جوانی پێشەوا وا نیشان بدەین کە دەبێ وەک سەرۆک کۆمارەکانی ئەمرۆی جیهان ماشین و فرۆکەی ئەمرۆیان هەبێ جل و بەرگی ئەمرۆیی لەبەر بکەین. سەردەمی ئەو کات هەر ئەو جل و بەرگانەی دەخواست و شێوەی پۆشینی جل و بەرگەکانی زۆر جوان و سەرەدمی و دڵگیرن، ڕەنگ بێ هەر ئێستا کەسانێک هەبن بۆ ڕێزگرتن لە جەنابی پێشەوا شێوەی جل و بەرگەکانیان بە شێوەی جل و بەرگی سەردەمی پێشەوا بگۆرن و بەم شێوەیە ڕێز لە پێشەوا و لە کولتوری پۆشینی جل و بەرگی سەردەمی پێشەوا بگرن. با ئێمە بە دەستی خۆمان مێژووی نەتەوەکەمان کاڵ و کەم ڕەنگ نەکەینەوە.

پێشەوای کوردان وێنەی جۆراوجۆری هەن، خۆزگە ئەو سەردەمیش وەکوو ئەمرۆ کەرەسەی وێنەی گرتن زۆر بایەن، بێ‌شک هەر وەکوو چۆن ئێستا ئەگەر ڕێبەرێکی کورد کەسایەتی‌یەکی کورد لە کۆڕوکۆبوونەوەیەک دەر دەکەوێ ئەوە هەموو کەس بە موبایل و کامێرا وێنەی لەگەڵ دەگرن و تەنانەت بە شێوەی زیندووش فیلمی لێ هەڵدەگرن، بێ گومان سەردەمی پێشەوا ئەو کەرەسانە هەبایەن، ئێستا پێشەواش بە دەیان و بگرە بە سەدان گرتە فیلم و وێنەی ڕەنگاورەنگی لێ بڵاو دەبوونەوە، بەداخەوە تاکوو ئێستا قسەکانی پێشەوا هەر بە نووسراوە بڵاو کراونەوە و بوونە وێردی سەرزمانی خەڵک، جیا لەو کەسانەی بەشداری کۆبوونەوە و متینگی ڕاگەیاندنی حكوومەتی کۆمار بوون، کەس گوێی لە نوتقی پێشەوا لە کاتی ڕاگەیاندنی حکوومەتی کۆماری کوردستان دا نەبووە، هۆکارەکەی نەبوونی کەرەسەی پێویست و یا کەم کاری بەشی تەبلیغات و زەبتی کۆمار و حیزبی پێشەوا بووە، نوتق و وتارە بە نێوبانگەکەی لە ڕۆژنامەی کوردستان دا بڵاو بۆتەوە، بەڵام ناکرێ ئێستا کەسێک بێت و بە دەنگی خۆی وتارەکە زەبت بکا و دوایە بڵێن ئەوە دەقی قسەکانی پێشەوایە بە دەنگی خۆی، بۆیە با ئێمە هەوڵی ئەوە نەدەین مێژوو بە لاڕێ دا بەرین.

هەروەک لە سەرەوە ئاماژەم پێداوە ئەگەر وێنەی پێشەوا و کۆمار کەمن هۆکارەکەی نەبوونی میدیاکار و ڕۆژنامەوان و فیلم هەڵگر بووە. دیارە تا ئێرەش وێنەی پێشەوا و هاورێیانی کەم نین و بە پێی هەل و مەرجی ئەو کات دەتوانین بڵێین زۆریشن. ڕاستی‌یەکی حاشا هەڵنەگرە جووڵانەوەی کورد بە گشتی لە بواری پاراستنی بەڵگە و دیکۆمێنتەکانی لاواز بووە، ئەوەی ئێستاش لەبەر دەست دان ئی ئارشیوی کۆمار و یا حیزبی پێشەوا نیین، بەڵکوو لە ئارشیوی بێگانە و لە ئاڵبۆمی کەسە دڵسۆزەکان کۆکراونەوە. هاوکات دوژمنیش بۆ لە نێوبردنی بەڵگە و دێکۆمێنتەکان دەستی لە هیچ شتێک نەپاراستووە و ئەوەی دەستی کەوتووە یا لە نێوبردووە و یا دەستکاری کردووە. لەبەر ئەوە رژێمی پەهلەوەی زەبروزەنگی هەبووە، بەداخەوە بەشی زۆری وێنە و بەڵگەکان لە لایەن خەڵکەوە شاردراونەوە و یا بە دەستی هەندێک کەسی بێ ورە و لە ترسی گیانیان لە نێوچوون. ڕەوتی مێژوو هەروەک وەک مرۆڤەکان لە لاوەتی‌یەوە بەرەو پیری و بە ساڵاچوویی دەبات، هەر بەو شێوەیەش و بگرە زیاتریش وێنە شاردراوەکانی پێشەوا و هاورێیانی یا کەم ڕەنگ کردۆتەوە و یا بە سەریەکدا چرچ و لووچی کردوون و بۆتە هۆی ئەوە کە وێنەکان کەم ڕەنگ بن. سەردەمی کۆماری کوردستان وێنەکان ڕەش و سپی بوون، وێنە ڕەش و سپی‌یەکان بۆمان لە مێژوو دەدوێن و مێژوومان وەک خۆی پێشان دەدەن، با ئێمە چیدی ئەسڵی وێنەکان بە ناوی زیندوو کردنەوە بە فەرامۆشی نەسپێرین، دەکرێ وێنەیەک هەڵبگری لە سەر پاش بنەمایەکی دابنێی و پشتەوەی وێنەکە بگۆری بەڵام ناکرێ وێنەکە و تەنانەت ڕەنگی دەم و چاو و جل و بەرگەکانی بگۆرین.

با نوێ کردنەوەی سیمای پێشەوا و هاورێیانی  بۆ نیگارکێشە بە تواناکانی کورد و جیهانی بە جێ بێڵێن، بەشێکی دیار و بەرچاو لە ڕۆڵەکانی کورد دەست ڕەنگین و هونەرمەندن و توانای نیگارکێشان و پەیکەر درووست کردنیان زۆر بە هێزە و وێنەکان وەک خۆیان دەکێشنەوە و یا پەیکەریان لێ درووست دەکەن.

نیگارکێشە بە تواناکان دەتوانن سیماکان وەک خۆیان بە جل و بەرگ و پشتی کەسەکانەوە بکێشنەوە و یا پەیکەریان لە بەرد و مەڕمەڕ و کەرەسە ڕەق و نەرمەکان لێ درووست بکەن. دیارە هەموو نیگارکێش و هونەرمەندە پەیکەرتاشەکانیش ناتوانن وەک خۆی دەقاودەق ئەو کارە بکەن، بەڵام هەن لە نێو ئەواندا کە شاکار دەخوڵقێنن و دەست ڕەنگینی و خولیای خۆیان لە کێشانەوەی وێنەی ڕێبەرێک ، دیمەنێک، کەسێک و یا کەرەسەیەک دەر دەخەن و دواتر وێنەکە و یا پەیکەرەکە ساڵهای ساڵ وەک یەکێک لە باشترین نیگارەکانی جیهان دەستاودەست دەکا و بە ملوێنان وێنەی لێ چاپ و بڵاو دەکرێتەوە، هیوادارم کە نەققاش و نیگارکێشانی کورد هەوڵ بدەن وێنەی دەستی خۆیان بگەیێنە لووتکە و بەرزی ئەو کەسەی دەیکشینەوە یا درووست دەکەن.

لێرەدا چەند وێنە لە نیگارکێشی بە توانای کورد مامۆستا ناسر قازی زادە نیشان دەدەن کە کێشانەوەی وێنەکە جوانترە لەوەی سەری پێشەوا لە سەر جل و بەرگی کەسێکی دیکە دابنێی فەرموون ئەوەش وێنە و دەست ڕەنگینی مامۆستا ناسر قازی زادە.