شه‌ڕێکی به‌رده‌وام‌و ناڵه‌ناڵی بێ کۆتایی… عه‌لی بداغی
ته‌نیا له ماوه‌ی سێ ڕۆژداو له سێ شوێنی ته‌نیا ناوچه‌یه‌کی کوردستان، واته مه‌ریوان سێ که‌س به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی مین لاقیان په‌ڕی. دوانیوەڕۆی ڕۆژی شەممە رێكەوتی ١٦‌ی خاكەلێوەش شوانکارەیەک بە ناوی جەماڵ كەریمی، كوڕی رەشید خەڵكی ئاوایی «گوڵچیەر»ی مەریوان که لەنزیك پادگانی ئەرته‌ش سەرقاڵی لەوەڕاندنی مەڕو ماڵاته‌که‌ی بوو، كەوتە سەر مین‌و لاقێکی په‌ڕی. سێ ڕۆژ دواتر، واته ڕۆژی سێشه‌ممه، 19 ی خاکه‌لێوه‌ش له ئاوایی «ئاسناوێ»ی سه‌ر به شاری مه‌ریوان که‌سێک به ناوی عومه‌ر دێهقانی که بۆ کۆکردنه‌وه‌ی گیای به‌هاری ڕووی کردبوه کێوه‌کانی ده‌وروبه‌ری گونده‌که‌ی، که‌وته سه‌ر مین‌و به‌و هۆیه‌وه لاقێکی له ده‌ست دا. ڕۆژی دواتریش واته 20 ی خاکه‌لێوه که‌سێکی خەڵکی گوندی «سەردۆش»ی سەربەو شاره‌ش به ناوی فایەق ئەحمەدزادە، ناسراو بە فایەقی دەروێش مەحموود بەهۆی تەقینەوەی مین لە شوێنێک بەناوی «قەلانجان» لە نزیک سنووری هەرێمی کوردستان لاقی پەڕی.
چه‌ند پاتبوونه‌وه‌ی ئه‌و ڕووداوه‌و دڵته‌زێنانه که جاری وایه زیان‌و خه‌ساره‌کانی زۆر له‌وه‌ش زیاترن، ئاماژه به‌و ڕاستییه‌ن که هێشتا شه‌ڕ له کوردستان به‌رده‌وامه، به‌ڵگه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی کوردستان له ڕوانگه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌وه به‌به‌شێک له ئێران داناندرێ، خه‌ڵکه‌که‌و دانیشتووانه‌که‌شی مافی وه‌ک یه‌کی ئه‌وانی دیکه‌ی نیه‌و ئێره هه‌رێمیکی تا سه‌ر ئێسقان بریندار، تا ئه‌وپه‌ڕی فه‌رامۆشی‌و په‌راوێزخران.
بۆ ده‌ڵێم له‌بیرکراو و په‌راوێزخراو؛ چونکه 25 ساڵه شه‌ڕ له‌گه‌ڵ عێراق ته‌واو بووه، شه‌ڕێک که ماڵوێرانییه‌که‌ی، کاولکارییه‌که‌ی‌و ئاسه‌واره ماڵوێرانکه‌ره‌که‌ی به‌شی هه‌ره زۆری بۆ کورد بوو، به‌ڵام 25 ساڵ دوای ته‌واو بوونی ئه‌و شه‌ڕه هه‌موو رۆژێ خه‌ڵکی کوردستانن که گوێیان له گرمه‌ی مین‌و ته‌قه‌مه‌نییه‌کانی پاشماوه‌ی شه‌ڕ ده‌بێ‌و بنه‌ماڵه‌یه‌ک کۆستیان ده‌که‌وێ.
ئه‌وه کوردستانه که ده‌وڵه‌ت خۆی‌و به‌پێی ئاماره ڕه‌سمییه‌کانی ده‌ڵێ زیاتر له 16 میلیۆن مینی له‌کارنه‌خراوی هه‌ڵنه‌گیراوه‌و ده‌یان میلیۆن ته‌قه‌مه‌نی له دوای شه‌ڕ تێ‌دا به‌جێ ماون، به‌ڵام که‌مترینی ئه‌وانه هه‌ڵگیراونه‌ته‌وه‌و تاڵ‌و گه‌پجار ئه‌وه‌ی ڕاست له‌و ڕۆژه‌ی جێژنی پاکسازیی ئه‌و ناوچانه له مین ده‌گرن، هه‌ر ئه‌و ڕۆژه حه‌وت منداڵی ڕووح سووکی گوندێکی بێبه‌ش ئه‌ویش هه‌ر له ناوچه‌ی مه‌ریوان بوونه قوربانیی ته‌قینه‌وه‌ی مین‌و یه‌ک له‌وان لاقی په‌ڕی.
ناڕاستی‌و چه‌واشه‌کارییه‌کانی کاربه‌ده‌ستان‌و ناوه‌نده پێوه‌ندیداره‌کان هه‌ر به‌وه‌نده نابڕێته‌وه، ئێستاش ئامارێکی ورد‌و ده‌قیق له قوربانییانی ته‌قینه‌وه‌ی مین له کوردستان له‌به‌ر ده‌ست‌دا نین، خه‌ڵک له هه‌موو گوند‌و ناوچه‌کان ده‌زانن چه‌ندیان که‌ی‌و له کوێ لێ کوژراوه، بریندار بووه، به‌ڵام تا ئێستاش هیچ ناوه‌ندێکی حکوومه‌تی خۆی به به‌رپرسیاری کۆکردنه‌وه‌ی زانیارییه‌کانیش نه‌زانیوه‌و؛ ڕێ له ڕێکخراوه‌و ناوه‌نده مه‌ده‌نییه‌کانیش گیراوه له‌و چوارچێوه‌یه‌دا کاری خۆیان بکه‌ن.
سیاسه‌تی هه‌ڵاواردن‌و فه‌رق‌و جیاوازیدانانی ده‌وڵه‌ت ده‌رهه‌ق به خه‌ڵکی کورد هه‌ر له مافی به‌شداریی سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی، ئابووری، پڕۆژه‌کانی ئاوه‌دانی‌و وه‌به‌رهێنان‌دا کورت ناکرێته‌وه، به‌ڵکوو له‌و بواره‌ش‌دا قوربانیانی ڕووداوی ته‌قینه‌وه‌ی له کوردستان سیستماتیک غه‌دریان لێ ده‌کرێ‌و مافه‌کانیان ژێرپێ ده‌نرێ. تۆ له وڵاتی خۆت، له ژینگه‌و شوێنی ژیانی خۆت، له مووچه‌و سه‌ر ڕێ‌و کوێستانی خۆت قوربانیی سیاسه‌تی دوژمنکارانه‌ی ده‌وڵه‌ت‌و که‌مته‌رخه‌می‌و خه‌مساردییه‌کانیان بی، به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی مین بکوژرێی، ده‌ست‌و لاقت بپه‌ڕێ، بریندار بی‌و له ژیان بکه‌وی، که‌چی ده‌وڵه‌ت خۆی به به‌رپرسیاری ئه‌وه نه‌زانێ‌و ئاوڕت لێ نه‌داته‌وه؛ ئه‌وه غه‌درێکه له‌و ئێرانه‌دا هه‌ر له خه‌ڵکی کورد ده‌کرێ. به هه‌زاران که‌س له قوربانیانی ته‌قینه‌وه‌ی مین له کوردستان ئه‌وه بارودۆخیانه، ئه‌وانه‌ی به‌و هۆیه‌وه گیانیان له ده‌ست داوه، بنه‌ماڵه‌کانیان له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه که به‌پێی قانوون ده‌بێ به‌رعوده‌ی پاراستنی ئه‌منیه‌ت‌و گیانی خه‌ڵکه‌که‌ی بێ هه‌ر لایان لێ نه‌کراوه‌ته‌وه‌و؛ ئه‌وانه‌ش ده‌ست‌و لاقیان په‌ڕیوه‌و نقوستان بوون‌و که‌وتوونه‌ته سووچی ماڵه‌کانیان، له هه‌ر چه‌شنه مافێکی پێکران، دابینبوونی کۆمه‌ڵایه‌تی‌و چاره‌سه‌ری پزیشکی‌و ده‌رمانیی ده‌وڵه‌تی بێبه‌ش کراون‌و ئه‌وه‌ی له‌و نێوه‌دا بایه‌خی نیه‌و مه‌زاده، گیان‌و ژیانی خه‌ڵکی کورده…
جیا له‌وه‌ش خێر‌و بێری مین بۆ کۆماری ئیسلامیش جێی سه‌رنج‌و وردبوونه‌وه‌یه. ئێران هه‌م مین له دژی دژبه‌رانی ده‌کار ده‌کا، هه‌م ده‌یفرۆشێ؛ هه‌ر بۆیه‌ش پێملی هیچ کام له‌و په‌یماننامه‌و کۆنڤانسیۆنانه‌ش نه‌بووه که له پێناو که‌مکردنه‌وه‌ی خه‌ساره‌کانی مین په‌سند کراون، تا به‌مجۆره خه‌ڵکی کوردستان ئه‌و که‌مه ده‌ره‌تانه‌شیان نه‌بێ تا له ئه‌گه‌ری ئه‌ندامه‌تیی ئێران له‌و په‌یماننامه‌و کۆنڤانسیۆنانه‌دا چاویان له یارمه‌تی‌و به‌هاناوه‌هاتنی ئه‌و ڕێکخراوه جیهانییانه بێ. هۆکاره‌که‌شی ڕوونه، ئه‌گه‌ر ئێران یه‌ک له‌و په‌یماننامانه، بۆ نموونه په‌یماننامه‌ی « ئۆتاوا» ئیمزا بکا که تا ئێستا 158 وڵات ئیمزایان کردوه، ده‌بێ ده‌ربه‌ستی ئه‌وه بێ که دوای کۆتایی هاتنی هه‌ر شه‌ڕێک له وڵاته‌که‌ی، له ماوه‌ی ده ساڵ‌دا هه‌موو مه‌یدانه‌کانی شه‌ڕ، مه‌زراو مووچه‌و له‌وڕگه‌و کوێستان‌و ناوچه‌کانی شوێنی ژیانی خه‌ڵکه‌که‌ی له مین پاک بکاته‌وه، چ بگا دوای 25 ساڵ؛ هه‌ر بۆیه ئێران پێچه‌وانه‌ی وڵاتانی دراوسێی شه‌ڕلێدراوی ئه‌و دواییانه‌ی وه‌ک عێڕاق‌و ئه‌فغانستانیش نه‌چۆته ژێرباری ئه‌و په‌یماننامه‌یه، چونکه به‌وه جیا له ده‌روه‌ستی به خه‌ڵکه‌که‌ی، ئیزنی دروستکردن‌و فرۆشتنی مینیشی به وڵاتانی دیکه‌و گڕووپه سه‌رهه‌ڵداوه‌کان نامێنێ….
قوربانیانی ڕووداوه‌کانی ته‌قینه‌وه‌ی مین له کوردستان کۆڵبه‌ران‌و کاسبکارانی ناوچه سنوورییه‌کانن، شوان‌و منداڵان‌و خه‌ڵکی ئاسایی‌و بێدره‌تانی گونده‌کانی شاره سنوورییه‌کانی کوردستانن، ئه‌وان ئه‌وه‌نده هه‌ژارو بێ ده‌ره‌تانن که دوای توشبوونیان به‌و کاره‌ساتانه‌ش نه‌ک ئاوڕیان لێ نادرێته‌وه، پشتگیری ناکرێن‌و له ماف‌و خزمه‌تگوزارییه ده‌وڵه‌تییه‌کان بێبه‌ش ده‌بن، به‌ڵکوو لۆمه‌ی ئه‌وه‌ش ده‌کرێن که چۆنه پارێزیان نه‌کردوه‌و ئاگایان له خۆیان نه‌بوه‌و بۆ مینه نوستووه‌کانیان وه‌خه‌به‌ر هێناوه! ده‌مه‌وێ بڵێم ڕێگه‌گرتن له دووپاتبوونه‌وه‌ی ئه‌و ڕووداوه دڵته‌زێن‌و ناخۆشانه له کوردستان، به‌هاناوه‌چوونی قوربانیانی ته‌قینه‌وه‌ی مین‌و بنه‌ماڵه‌کانیان ئه‌رکێکی گشتی‌و نیشمانییه، به تایبه‌ت له کاتێک‌دا که ناوه‌نده به‌رپرسیاره حکوومییه‌کان خۆیان له‌هه‌ر چه‌شنه به‌رپرسایه‌تییه‌ک ده‌دزنه‌وه، ئه‌وه چالاکانی مه‌ده‌نی، نوێنه‌رانی شاره‌کانی کوردستان له مه‌جلیس، کاربه‌ده‌ستانی ده‌روه‌ست‌و دڵسۆزی نیشتمانه که به‌گرتنه پێشێی هه‌موو ڕێگه‌قانوونییه‌کان‌و فشارخستنه سه‌ر ئۆڕگانه پێوه‌ندیداره‌کان له‌لایه‌ک ده‌وڵه‌ت ناچار به هه‌ڵگرتنه‌وه‌و له‌کارخستنی مینه‌کان له کوردستان بکه‌ن، له لایه‌کی دیکه‌ش له خه‌می قوربانیانی ڕووداوه‌کانی ته‌قینه‌وه‌ی مین‌دا بن تا ژیان‌و ئارامی‌و مافه ڕه‌واکانیان به ڕه‌وا بزانرێ‌و ئیمکاناتی ژیانێکی شایان‌و چاره‌سه‌ری پزیشکییان بۆ دابین بکرێ.
له ژماره ٦٣٠ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه