کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ”KNK” جەماڵ عەڵیاڵی
نزیکەی ١٥ سالە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان وەک پێکهاتەیەکی هەمەلایەنە بۆ وەگەڕخستنی سەروەت و سامانی سیاسی و کۆمەڵایەتی نەتەوەی کورد دەستی بە کار کردووە.
ئەو سازەیە وەک پێداویستییەکی قۆناخی مێژوویی خەباتی نەتەوەی کورد وەک ئەمرێکی واقع خۆی مسۆگەر کردووە، ئەوەتا گشت هەوڵ و تێکۆشانەکانەکان بۆ لەبەین بردن یاخود بۆ پەرئاوێز خستنی ئەو پێکهاتەیە بە چ ئاکامێک نەگەیشتووە. پرسیار ئەوەیە بۆچی ئەو هەمو دژبەرییە لە هەمبەر کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان؟ وەک ئەندامێکی ئەو سازەیە مافی خۆمە بۆچوونی خۆم لە سەر هۆکار و چۆنیەتی ئەو مەسەلەیە لەو کورتە بابەتەدا دەربڕم.
بە هۆی سیاسەتی “لەداردانی سیاسی” کۆمەڵگای کوردستان لە ساڵانی دوور و درێژ، بە هۆی لە داردانی گشت چەشنە بیر و هەستێک جیا لە وەی کە لەلایەن داگیرکەرانەوە تەبلیغی بۆ دەکرا و دەکرێ، بە هۆی بەرەو بەچۆک داهێنانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی نەتەوەی کورد لە گشت پارچەکان لە لایەن داگیرکەرانەوە، بە هۆی موزاییکی فرەچەشنەی دێمۆگرافی لە وڵاتی کوردستان، بە هۆی سپڵەیی زیادە لە حەددی حوکمی داگیرکەران لە کوردستان، بە هۆی سیاسەتی ناکاریگەرانەی زۆربەی سازەکانی کوردستان و بە زۆر هۆکاری تر کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان پێکهات.
ڕژێمەکانی تورک و ئێران و عێراق و سوریا هەوڵی زۆریان بۆ خنکاندنی ئەو ڕۆڵە ساوایەی ئەوکات و مێرمناڵی ئێستا دا بێ ئەوەی بە ئاکامێک بگەن. گەلێک لە زلهێزەکان و وڵاتانی ڕۆژئاوایی هاودەنگی داگیرکەران بوون بەلام ئەوەش داگیرکەرانی بە مەبەستی چەپەڵیان نەگەیاند. زۆر سازەی سیاسی کوردستانی کە شۆێن پێیان پێ لێژ دەبوو ئەوانیش کەوتنە ئەو جەبهەیە بەڵام دیسانیش پیلانەکان بە چ ئاکامێک نەگەیشتن. ئەوە راستێکی مێژووییە و کەس ناتوانێ حاشای لێبکات.
کاتێک “شتێک”ی تازە دێتە ئاراوە، پێویستە مرۆڤەکان هەڵوێستی لە سەر بگرن ئاخۆ لە قازانجی کۆمەڵگەیە یاخود زەرەر. لەو بوارەدا ئەرکی سازەی سیاسی و روناکبیر لە خەڵکێک کە خۆی کەمتر بە سیاسی و روناکبیر لە قەڵەم دەدات قوورسترە. پێکهاتنی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان شتێکی نۆێ بوو بەڵام چ هەڵوێستێکی ئەوتۆی لە لایەن سازەکانی سیاسییەوە لێنەکەوتەوە! بۆچی؟ لەبەر ئەوە کە ئەو پێکهاتەیە نۆێیە جێگەی بە زۆربەی سازەکان لێژ دەکرت، ئەو سازانەی کە پڕۆگرامی دوور لە راستیی کۆمەڵگەی کوردستانیان هەیە. بێ دەنگی لە سەر ڕووداوەکانی تازە و نامۆ گوزارە لە ترسی زۆرە، گوزارە لە ترس لە ڕاستییەکانە، گوزارە لە شاردنەوەی ڕاستییەکانە و گوزارە لە “سەر لە ژێر بەفرکردنە” بە هیوای ئەوە کە “بەشکوو خەونە!”
وەکوو کوردێکی تاراوگە ئێستاش زۆر ڕووداوی سەیروسەمەرم دیتووە بەڵام ئەوەی کە لە لایەن پارتی دێمۆکراتی کوردستان هێرش بکرێتە سەر نووسینگەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان هەرگیز بە خەیاڵم دا نەهاتووە کە چی وەدی هات! بەو هۆیەوە پێویستە خۆێندنەوەیەکی نۆێ لە زنجیرەیەک لە ڕاستییەکان بکرێتەوە.
دووساڵ لەمەو بەر کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لە بروکسێل بە بەشداری زۆربەی هەرەزۆری لایەنەکانی نەتەوەی کورد لە گشت پارچەکان کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانی بەڕێوەبرد، دەنگی کۆبوونەوەکە گەیشتە چوار قوورنەی جیهان و کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستانی کرد بە سازەیەکی کاریگەر و سەرکەوتوو. پەیامی مەسعود بارزانی لەو کۆبوونەوەیەدا خۆێندرایەوە. بەشدارانی کۆبوونەوەکە زۆر بە دڵگەرمییەوە پێشوازییان لەو پەیامە کرد کە هیوای بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی هاوشێوە لە هەولێر دەگەشاندەوە. کۆبوونەوەی هەولێر بەرەو ساز دان چوو کە چی لە نەتیجەی فێل و تەلەکەبازی پارتی دێمۆکراتی کوردستان بێ ئاکام مایەوە. ئەو دەم پێویست بوو خۆێندنەوەیەکی ڕاست و درووست لەسەر ئەو سیاسەتە لە لایەن کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستانەوە کرابا. مەبەستی پارتی لەبەین بردن، لاواز کردن و خستنە پەرئاوێزی ئەو سازە مێرمناڵە بوو نەک ئۆگری نەتەوەی کورد! ماوەیەک لەمەو بەر هاوکات دەگەل ڕژێمی تورک، خەندەق هەڵکەندنی پارتیمان بە مەبەستی گەمارۆی ڕۆژئاوا دیت، ئێستاش گرتنی ئەندامانی کارگێری نووسینگەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لە هەولێر و لە دهۆک هاوکات دەگەل داخستنی هێندێک ڕۆژنامە کە بڵیندگۆی داگیرکەران نین هەر لە لایەن پارتییەو دەبینین. ئەو ئاکارانە هاوکاتن دەگەڵ پەرەگرتنی توندوتیژی و کۆ کردنەوەی هێزی چەکدار لە سەر سنوورەکان لە لایەن ڕژێمەکانی تورک و ئێران. ئاخۆ ئەو ڕووداوانە پێوەندیان دەگەل یەکتر نیە؟
وادیارە کاریزمای خەباتگێڕی سەرۆک مەلا مستەفای بارزانی لە پارتییەکەیدا گۆڕاوەتە سەر کاریزمای تەسلیم و چۆکدادان لە لای کوڕ و نەوەکانیەوە بە مەبەستی ئاوساندنی کیسەی ئەو کەسانەی کە بە نانە رەقە شۆڕشیان کرد و ئێستا خەریکن بە ملیار سامانی ئەو نەتەوەیە بە تاراج دەبەن . بڕوام نیە کە کوردێکی ئازاد و دڵسۆز هەبێ و دڵی بەو ئاکارانە گەش بێتەوە. لە کۆتاییدا پێویستە باسی بکەمەوە کە بێدەنگی لە ئاست ڕاستییەکان ترس لە ڕاستییەکانە و ئەو ترسە لە نەتەوەی کورد ناشاردرێتەوە، درەنگ یا زوو ئاشکرا دەبێت و ئەو کات نەتەوەی کورد لە سەر هەڵویستی لەوشێوازە، دادوەرانە هەڵوێست دەگرێ. مرۆڤ، وەک بوونەوەرێکی بیرمەند توانایی زۆرە، بەڵام هەرگیز مێژووی پێ ناگۆڕدرێ. کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان پاش ١٥ ساڵ خەباتی بێ وچان توانایی ئەوەی هەیە کە خاوەندارێتی لە سامانی سیاسی و کۆمەڵایەتی نەتەوەی کورد بکات.
جەماڵی عەڵیاڵی ٢٢/٠٥/٢٠١٤