سێ کورتە چیرۆک بۆ منداڵان … وەرگێڕانی .. رەزا شوان

١ـ رێـوی و دەمـامک

رۆژێک رێوییەک دەچێتە ماڵی ئەکتەرێکەوە .. چی هەیە لە ماڵەکەیدا پەرش و بڵاوی دەکاتەوە، بەڵام هیچ شتێکی ئەوتۆی نەدۆزییەوە، تەنها ( دەمامکێک ) جوان نەبێت، کە لە شێوەی ( سەری دێوێک ) دا بوو .. کە لە لایەن هونەرمەندێکی بەهرەمەندەوە دروست کرابوو .. رێوییەکە بە پێیەکانی پێشەوەی دەمامکەکەی هەڵگرتوو و، گوتی :

” ئای کە سەرێکی جوانە ! بەڵام بە داخەوە، زیانێکی گەورەیە کە مێشکی تێدا نییە “

(*) ئەو مەبەستەی لەم چیرۆکە دایە ئەمەیە .. هەندێ کەس بە باڵاو و بە رووخسار جوان و سەرنج راکێشن .. بەڵام سەریان بەتاڵە و ئەقڵ لە مێشکیاندا نییە … دەمامک ( قیناع ) .

٢ ـ چـارەسەر ئاسـانە

  رۆژێکیان ( رووبارەکان ) کۆبوونەوە و، سکاڵایەکیان پێشکەش بە ( دەریا ) کرد .. رووبارەکان گلەییان لە دەریا کرد و، گوتیان : ” ئاوە شیرینەکانمان کە دەشێن بۆ خواردنەوە، بەڵام بۆ کاتێک کە تێکەڵاوی تۆ دەبین، تۆ تامان دەگۆڕیت و، شوێرمان دەکەیت و، بە کەڵکی خواردەوە نایەین ؟! ” دەریا بەبێ دەنگی گوێی لە سكاڵاکەی رووبارەکان گرت .. دوایی وەڵامی دانەوە و پێیانی گوت : ” چارەسەر ئاسانە، مەیەن و تێکەڵاوی من مەبن، ئەوسا ئاوەکانتان شۆر نابن “

(*) ئەو مەبەستەی لەم چیرۆکە دایە، گاڵتەکردنە بەو کەسانەی، کە بەبێ مانا و نابەجێ کەسانی تر تاوانبار دەکەن.

٣ ـ گوێدرێژێک لە کەوڵی شێردا

رۆژێکیان گوێدرێژێک کەوڵێکی شێری لەبەرکرد .. دەستی کرد بە ترساندنی هەموو ئاژەڵە کێوییەکان .. بەڵام کە گەیشتە رێوییەک، ویستی وەکو ئاژەڵەکانی تر ئەویش بیترسێنێت .. ڕێوییەکە پێی گوت : ” بڕوام پێ بکە، گەر گوێم لە زەڕینت نەبوایە، منیش لێت دەترسام “

(*) مەبەستی ئەم چیرۆکە ئەمەیە .. گەمژەکان لە کراسی کەسانی تردا خۆیان حەشاردەدەن .. بەڵام بە چەنەبازی خۆیان ئاشکرا دەکەن و دەناسرێنەوە.

(*) ئەو سێ چیرۆکەی سەرەوە، سێ نموونەن لە چیرۆکە ئەفسانەییەکانی، چیرۆکنووسی یۆنانی

” ئیسۆپ : ٦٢٠ تا ٥٦٤ ” ی پێش زایینی ژیاوە .. کە بە باوکی چیرۆکی ئەندێشەیی ناسراوە.