چەند پەیڤێک لە سەر نووسینەکەی کاک شاسوار ڕەحمانی لە ژێر ناوی ” باز سردشت و خانه پدری و دل در گرو محدود فرزندان ناخلفش!! “

برای زێدە خۆشەویست کاک شاسواری سوارچاک!

سەرەتا دەستەکانت خۆش بێ و هیوادارم کە پێنووس و هەست و بیرت هەروا تیژ و خەمخۆرانە بێ. ئەگەرچی بابەتەکانت بە زمانی فارسی دەنووسی، بەڵام زۆرجار بابەتەکانت دەخوێنمەوە و چێژی تایبەت بە خۆیان لێ وەردەگرم. بابەتی ئەمجارەت پرسێکی گرینگی نێو کۆمەڵگای ئێمەیە، هەرچەند زۆربەی نەتەوەکانی دیکەش کەم و زۆر ئەو جۆرە پرس و هەڵسوکەوتەیان تێدا هەبووە، بەڵام لە نێو نەتەوەی ئێمەدا کە بێ دەوڵەت و بێ دەسەڵاتین زیاتر دیارە.

کۆمەڵگای کوردەواری زۆر شتی باش و پڕبایەخ و بە نرخی تێدا هەن و شۆڕش و شۆرشگێری و سەر دانەنواندن یەکێک لە شانازی‌یەکانی گەلەکەمان بووە، دیارە کەم و زۆریش شتی خەراپ و تا ڕادەیەک بێزراویش لە کۆمەلگای ئێمەدا بوونیان هەیە و تەنانەت زۆر لە بوون زیاترن کە جاشایەتی و سیخووری و فرۆشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە هەمووانیان زەقتر و دیارەترن.

جاشایەتی و خەیانەت، دیاردەیەکی دزێوی نێو کۆمەڵگایە و بە گشتی خەڵکی کوردستان بە چاوی خەراپ دەروانە ئەو کەسانەی بۆ وەسەریەکنانی سەرەوت و سامان و وەرگرتنی هەندێک شتتومەک دەبنە دار دەست و نۆکەر و بارەبەری دەوڵەتێک کە تا سەر ئێسقان دژ بە ئینسانییەت و دژ بە هەموو ماف و ئازادی‌یەکان و گەلی کوردە.

ئەو جۆرە کەسانە لە نێو خەڵک دا ریسوا و بێ ئابروون و هیچ پێگە و جێگایەکیان نییە و تەنانەت لەلای سەرکردە و ئاغاکانیشیان هیچ نرخ و پلە و پایەیێکی ئینسانیان نییە. ساڵانێکی دوور و درێژە شۆرشی گەلی کورد بە دەستی جاشانی خۆجێیەوە دەناڵێ و ئەوەندەی جاشەکان لە سەر ڕێگای شۆرشگێران و خەڵکی ئازادیخواز و کاسبکار ڕاوەستاون، حکوومەتانی زاڵ بە سەر کوردستان دا کەمتر ڕاوەستاون.

زۆر دەوڵەت و حکوومەت پاش چەند دەیە دەسەڵاتداری بە دەستی بە توانای ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد و نەتەوەکانی دیکە تێکەوە پێچراون و لە زبڵدانی مێژوو هاویشتراون و بوونە بەشێک لە مێژووی دیکتاتۆری لە وڵات دا. دوای ڕووخان و تێکەوەپێچانی هەر حکوومەت و دیکتاتۆرێک ئەوە بە داخەوە کۆمەڵێک کەسی نەفس نەزم و پووڵی پووڵی و بێ ویژدان و ترسنۆک دەبنە جاش و بەگژ باشترین ڕۆڵەکانی گەل دا دێنەوە و خۆش خزمەتی و نۆکەری و جاسووسی و سیخوری لە سەر کەس و کار و تەنانەت برا و خزمەکانی خۆشیان دەکەن بۆ ئەوەی لە لای ئاغاکانیان هەندێک متمانە پێدا بکەن و لەو ڕێگایەوە خۆیان دەوڵەمەند بکەن و یا بە نان و نوایەک بگەن.  بێ خەبەر لەوەی کە هەر لە سەرەتای دەست تێکەڵ بوونیان و ئاشکرابوونیان ئەوە بەر لە هەموو کەس لە لایەن خزم و کەس و کار و بنەماڵەیانەوە دەبێزرێن و هیچ ڕێز و حورمەت و قەدرێکیان نامێنێ و تا کاتی مردنی سەرشۆرانەیان ئاوێکی سافیان بە گەرووی بۆگەنیان دا ناچێتە خوار و هیچ کات بە ئاسوودەی ناژین و ترس و دڵەڕاوکێ بەرۆکیان بەرنادا.

ئەو کەسانەی بۆ وەدەستهێنانی پلە و پایەی خوێندن و کار وەرگرتن لە ئیدارە و شوێنە گشتی‌یەکان دەستەوداوێنی حکوومەت دەبن و بەڵێنی هاوکاری و یارمەتی بە حکوومەت دەدەن و لە ژێرەوە و بە نەهێنی جاسووسی دەکەن، زۆر پیستر و بێ ویژدانتر و بێ ئابرووترن لەو کەسانەی بە ئاشکرا چەک و جلی جاشایەتیان لەبەر کردووە. ئەوانەی دەستەی یەکەم ڕاستەوخۆ دەچنە شەر و زۆرجار بە گووللەی تۆڵەستێنی پێشمەرگە کەلاکی بۆگەنیان کەوتۆتە سەر عەرز و بوونە دەرس و وانە بۆ کەسانێکی دیکە و لە ئاکام دا هەندێک لە جاشە ترسنۆکەکانی زیاتر ترساندوون. بەڵام دەستەی دووهەم گورگێکی دڕندەن و لە پێستی مەڕ دان و هەموو کات، کەڵپ و چنگی خوێناویان لە ژێر پێست دا شاردۆتەوە و بە قسەی نەرم و نیان و چەور کەسانی دڵسۆز لە داوی رژێم دەخەن بە بێ ئەوەی بۆ خۆیان ئاشکرا ببن، تاوان دەخوڵقێنن، ئەو دەستەیە مەترسیدارن و دەبێ بە وریایی و بە وشیاری زیاترەوە بیان دۆزیەوە و لە جاشە چەکدارەکان زیاتر سزا بدرێن.

بە خۆشیەوە ئێستا لە لایەن خەڵک و بە تایبەت لاوان و شۆرشگێرانەوە زۆرێک لەو کەسانە ئاشکرا کراون و لە ڕۆژی خۆیدا هەر بە دەستی بە توانای خەڵک سزا دەدرێن و تۆڵەی ئەو سیخوری و جاشایەتیەیان لێ دەکرێتەوە و ناهێڵن تا سەر زیندوو بمێننەوە و بە ئامانجە گوڵاوەکانیان بگەن.

دەستەی سێهەم و مەترسیدار لە سەر کۆمەڵگا مافیای دەسەڵاتە کە بۆ سەرکوت و بۆ بەلارێ دا بردنی لاوان دەستی داوەتە بڵاو کردنەوەی ماددە هۆشبەرەکان. مافیای دەسەڵات بۆ ئەوەی بە ئامانجە چەپەڵەکانی خۆی کە سرینەوەی بیرو هزری شۆرشگێری لە مێشکی لاوان دایە دەستی کردووە بە درووست کردنی ڕایەڵەیەک کە ئامادەن بۆ وەسەریەک نانی سەروەت و سامان، ژن و خوشک و دایکی خۆیان گیرۆدەی ماددە هۆشبەرەکان بکەن و لە ڕێگای بڵاو کردنەوە و فرۆشتنی ئەو ماددانەوە کۆمەڵگا تووشی وەستان و نەخۆشی بکەن. بەداخەوە لە ماوەی چەند ساڵی رابردووە ئەو دەستەیە زیاتر لە جاشەخۆفرۆشەکان زەربەیان لە پەیکەری شۆرشگێری کوردستان و لاوان داوە و بەو کارەیان خزمەتێکی گەورەیان بە رژێمی تا سەر ئێسقان کوردکوژ کردووە و بە موعتادکردنی لاوان و ژن و منداڵی خەڵک، گەیشتوونە سەروەت و سامانێکی بێ ئەژمار و بۆ وەدەست هێنانی پووڵی زیاتر هەروا بەردەوام وەک زەروو خەریکی خوێنمژینی خەڵکی‌ترن.

بێ‌شک بەشێک لەوانە بۆ خەڵک ناسراون و لە داهاتوویێکی نزیک دا بە دەستی بە توانای خەڵک لە ژێر ڕق و بێزاری پنگ خواردووی کەس و کاری موعتادەکان و خەمخۆرانی گەل و نیشتمان دا تۆڵەی سەدان کەس کە بە ناحەق و لە ڕێگای نەناسینی ماددەکان و ناشارەزاییەوە تووشیانکردوون، دەکەنەوە و ناهێڵن ئەو سەروەت و سامانەی کە بە مژینی خوێنی خەڵک وەسەریەکیان ناوە بە گەرووی خۆیان و ماڵ و منداڵیان دا بچێتە خوار. بە دڵنیایەوە مستی تۆڵە ستێنی خەمخۆران، دڵ و مێشکی نەخۆشیان دەپڵیشێنێتەوە و جەندەکی بۆگەنیان لە سەرگوێلک و زبڵدانی تەنیشت ماڵان فرێدەدەن بۆ ئەوەی ببنە دەرسی عیبرەت.

وەرن با بە هەموومان یەکدەنگ و یەکرەنگ بەگژ خۆفرۆش و جاش و سیخوور و مواد فرۆشەکان دا بچینەوە و نەهێڵین چیدی خوێنی خەڵک برێژن و کۆمەڵگا تووشی نەهامەتی وچارەڕەشی بکەن.

کاکە شاسوار گیان بابەتەکەت خەمخۆری زۆری پێوە دیارە، خەمێک کە بۆ هەموومان جێگای داخ و کەسەرە، بەڵام گەلی کورد تا ڕۆڵەی وریا و وشیاری وەک جەنابت و سەدان لاوی شۆرشگێر و خوێندەوار و رووناکبیری هەبێ ناهێڵێ پشتی لەوە زیاتر بچەمێتەوە و ناهێڵێ خەمەکان لەوە گەورەتر و قورستر ببن، بەڵکوو بە پێچەوانە بە هەوڵ و ماندوونەناسی خۆیان جیا لە ڕەواندنەوەی خەمەکان، پشت ڕاستدەکەنەوە و گەردنیان بەرز ڕادەگرن و نۆکەران و جاش و سیخوور و مواد فرۆشەکان ریسوا و شاربەدەر دەکەن و تۆڵەی چەندین ساڵەیان بە ڕۆژێک لێدەکەنەوە.

دەستەکانت خۆش بێ و هیوادارم کە هەمیشە سوارچاک و شاسوار و خەمخۆری گەل و نیشتمان بی.

لەگەڵ ڕێز و حورمەت و سوپاس

حەمەرەسووڵ کەریمی