(ئێرە دەنگی کوردستانی ئێرانە) ئێرە دەنگی کوردستانە

دوای سەرکەوتنی شۆرشی گەلانی ئێران و بووژانەوەی بیری سیاسی، و ڕوخسانی فەزای ئازادی سیاسی لە ئێران بەتایبەت لە کوردستان و هەڵتۆقانی کارگی گەورەو چووکی سیاسی لە کوردستان و بووژانەوەو زیندو بوونەوەی نەمامەکەی قازی کە لە چوارچرای سابڵاغ نێژرابوو ڕۆژ بەڕۆژ گەشەی دەکرد و لە ماوەیەکی زۆر کەم ئەو نەمامە بەڕواڵەت ساوایە وەک وە دەچوو تەواوی هێزو قەڵافەتی ئەستووری ٣٠ ساڵەی ژێر خاکی خۆی لە ماوەی چەند مانگێكدا هەڵکێشایە سەرزەوی، و گەڵای ورد و درشتی خۆی نمایان کرد.

گەڵاو لق و پۆپی زۆرتر و جوانتر و بەهێزتر دەبوو. ئەو نەمامە ساوایە ئێستا دارێکی باڵابەرزی بەهێزی ئەستوور، و پڕسێبەرترین داری ئەو ناوچەیە بوو. ئەو دارە حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران بوو، کە هەموو خەڵکی کوردستان هیواو ئومێدی بەحەسانەوەی لەژێر سێبەری هەبوو. و هەرواش بوو، هەتا ڕژیمی کۆنەپەرەستی مەلاکان دەسەڵاتی خۆی جێگیر کرد ئینجا دەستیان کرد بە هەڕەشەو گوڕەشە و شەڕێکی ماڵوێرانکەریان بەسەر خەڵکی کوردستان و حیزبی دێموکڕاتی کوردستان داسەپاند.

شەڕێکی بێ ئەمان لەسەرانسەری کوردستان دەستی پێ کرد کەدواتر بەشەڕی سێ مانگە ناوی دەرکرد. ئەوشەڕە نابەرابەرە لە هەموو ناوچەکانی کوردستان دەگەڵ بەربەرەکانی خەڵکی قارەمانی کوردستان و پێشمەرگە دلێرەکانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان ڕووبەڕوو بوو.

لەئاکامدا ئەوشەڕە بەسەرکەوتنی حیزب و گەل تەواو بوو و ڕژیمی ناچار بە ئاگربەس کرد، و گفتوگۆ و هاودیتن دەگەڵ کاربەدەستانی ڕژیم دەستی پێکرد و هەییەتی نوێنەرایەتی (نمایندەگی) خەڵکی کورد پێکهات بۆ چارەسەری کێشەی کورد و هات و چۆی تاران دەستی پێکرد.

بەڵام ڕژیمی تازەپێگەیشتووی ئێران ئەو فرسەتەی بۆ بازسازی و تەرمیمی هێزە بەزیو و شکاوەکانی دەویست. سەرەنجام دوای هاتووچۆیەکی زۆری هەییەتی نمایندگی خەڵکی کورد و دانووسانێکی چەند جارە و چەند مانگەی بێ بەهرە دەگەڵ کاربەدەستانی ڕژیمی ئێران شەڕ بۆجارێکی دیکە کە ڕژیم بەتەواوی خۆی بۆ تەیار کردبوو دەستی پێکردەوە. حیزبی دێموکڕاتی کوردستانیش دوای تەجرووبەکردنی شەڕی سێ مانگە و هەوڵو تەقەللاکانی هەیئەتی نمایندگی خەڵکی کورد بۆچارەسەری کێشەی کورد و سولح و سەباتی کوردستان و بەنەتیجە نەگەییشتنی دەگەڵ ڕژیمی کۆنەپەرەستی ئێران خۆی بۆشۆڕشێکی درێژخایه‌ن ئامادە دەکرد.

بۆ ئەوکارە تەشکیلاتی سیاسی نیرووی نیزامی و سەنتەرێکی تەبلیغاتی مونسەجیم و کارامەی پێویست بوو. هەربۆیە ڕێبەرایەتی حیزب بۆ لەقاودانی جەنایەتەکانی ڕژیم دژبەگەلی کورد و گەیاندنی ڕاستیەکان بەگوێی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بگەیێنێ بڕیاری دامەزراندنی دەستگایەکی ڕادیۆیی دا. ئەو بڕیارە ڕۆژی ١٥ خەزەڵوەری ساڵێ ١٣٥٨ گەیشتە قۆناغی جێبەجێ کردن.

ئەمن دەگەڵ شۆڕشگێڕی نیشتیمانپه‌روه‌ری ئازەری زمان، خودالێخۆشبوو بەڕێز موهەندیس ڕەزا خەیاتی بۆ ئەو کارە دیاری کرام و بۆ ئەوەڵین جار ئەو ڕادیۆ بەئەرزش و خۆشەویستی گەلی کورد بەسەر شان و پیلی خەڵکی گوندەکانی سەرشاخان و پێشمەرگەکانی معافزی ڕادیۆ لە گوندی (لگ بن) ڕا بەدۆڵی بابەکراوێدا چۆتەسەرێ، و لەتەنیشت گوندی (کێلێ سەرشاخان) لەدۆڵی بابەکراوێدا دە ئەشکەوتێکدا جێگیر کرا و من بەشانازیەکی زۆرەوە ١٥ی خەزەڵوەری ١٣٥٨ ئەوەڵین پەخشی ئازمایشی ڕادیۆ دەنگی کوردستانم بەگۆرانیەکانی هونەرمەندی خودالێخۆشبوو کاک محەمەدی ماملێ ڕازاندەوە.

سەرشاخان و دۆڵی بابەکراوێ جێگایەکی حاستەم و سەخت بوو و هاتووچۆی زۆر زەحمەت بوو و بەئاسانی تەداروکات و پێداویستیەکانی ڕادیۆ جێبەجێ نەدەکرا و ئەگەر تەداروکاتی حەفتانەی هاوڕێیان کاک ک.ش و کاک س.ئاغا و فەرماندەی شەهید سەید ڕەسووڵی بابی گەورە نەبوایە ژیان لەودۆڵەدا مومکین نەبوو، بۆیە دوای دوو مانگ و نیو لە دۆڵی بابەکراوێ بڕیاری گواستنەوەی ڕادیۆم بەدەست گەیشت.

دووبارە خەڵکێکی زۆر لە زەحمەتکێشان و بە ئەمەگانی دۆڵی لگ بن و سەرشاخان بەپەت‌و گوریس داری ئەستوور و درێژ کۆبوونەوە و تەواوی دام و دەزگای ڕادیۆیان بەشان و پیلی بەهێزو پیاوانەی خۆیان بۆ گواستینەوە بۆ کەڵەکوکەی سەرێ، کەسەربە ناوچەی لاجان بوو. ئەوجار لاجانی سەرسەوز و قارەمان میواندارو پەناگای دەنگی حەقخوازانەی گەلی کورد بوو. لەو ناوچەش دەگەڵ ئەوەی هێشتا هێزو تەشکیلاتی حیزب هەر لەشار و گوندەکان دابوو ئەمن و چەند هاوڕێیەکم بۆپاراستن و بڵاوکردنەوەی بەرنامەکانی ئازمایشی ڕادیۆ بەوپەڕی شانازیەوە ئەرکی خۆمان بەجێگەیاند و تەنیا ئەفڕادی حیزبی بوین کەدوور لەئاوەدانی دەژیاین.

ئەوچەند مانگەی کە ئەمن لە شاخ بۆ ڕاپەڕاندنی کاری ڕادیۆ خەریکی ئەرکی پێشمەرگایەتی خۆم بووم کوردستان وەک بۆشکەی باڕووتی لێهاتبوو، ها ئەوڕۆ بتەقێتەوە ها سبەی بتەقێتەوە وردە وردە مەقەڕو پێگە تەشکیلاتیەکانی حیزب بەرەو گوندو شوێنەکانی دوور لەشار دەگوازدرانەوە و وەزعەکە زۆر ئاڵۆز و نائارام بوو حیزب هەڵوەشاوە (مونعەلە) ڕاگەیاندرابوو و تەشکیلاتی حیزب بەرەو ئاڵۆزی ئینشعاب و دابڕان دەچوو. لەو سەرو بەندەدا بڕیاری دوهەمی گواستەنەوەی ڕادیۆ دەنگی کوردستانم پێگەیشت و بۆ جارێکی دیکە تەواوی دام و دەزگای ڕادیۆ بەئیزافەی عەمبارەکان کۆکرانەوە و بەرەو شوێنی سێهەم نیوە بەشان و پیل و نیوە بەماشێن بارگەو بنەمان ڕاگواست.

ئەوجار بەرەو لێڕەوارە سەرسەوزو سەربەرزەکانی ناوچەی قەڵاتی شای و دۆڵی شێخان ڕوبەڕووی گوندی شێخان لە بەرزایەکانی پشتی گوندی حەسەنچەپ لەبن کێوێکی، هەڵکۆڵدراوی، خانوو لێدرووست کراوی، بەبەرد دارە ڕاکراوی ژێر زەویدا جێگیر بووین و دەگەل مشک و مار و دووپشکی ئەوێ بوین بەجیران.

ئەو جێگایانەی ڕادیۆ دەچۆیە هەمویان لەباری ئەمنیەتی بەشێوەی ماڵی چریکی درووست کرابوون و هەمووشیان سەلیقەو پشتکاری سەرکردەی فەرماندە وە قارەمان هاوڕێی شەهیدمان کاک سەید ڕەسووڵی دێهقان واتە (سەید ڕەسووڵی بابی گەورە) بوون یادی بەخێرو ڕووحی شادبێت.

ئالێرە واتە دۆڵی شاێخان وێدەچوو بۆماوەیەکی باش بمێنینەوە بۆیە بەتەواوی بەپان و پۆڕی نیشتەجێ بووین. ئالێرە بوو بەحوزووری ڕێبەرانی شەهیدمان د. قاسملوو و د. سەعید و کادر و پێشمەرگەکانی ڕادیۆ لە ٢٧ی جۆزەردانی سالی ١٣٥٩ ئەوەڵین بەرنامەی ئاسایی و ڕەسمی ڕادیۆ بڵاوبۆوە و ناوی (ئێرە دەنگی کوردستانی ئێرانه‌)ی بۆ دیاری کرا. ئێستا ٣٤ سال لەو ڕۆژە تێدەپەڕێ و ئەو ڕادیۆیە بەدوو ناوی (ئێرە دەنگی کوردستانی ئێرانە) و (ئێرە دەنگی کوردستانە) گوێی خەڵکی کوردستان دەزرینگێنێتەوە و دادو فیغانەکانی گەلی کورد بەگوێی حالەم دەگەیێنێ وە درۆو دەلەسەو جەنایەتەکانی کۆماری نەنگ و نەدامەتی ئیسلامی لەقاو دەدا.

ئەوە پوختەیەکی کورت بوو لە پێویستی و شەڕایەتی زەمانی و مەکانی ڕادیۆ دەنگی کوردستان لەسەرو بەندی ساڵوەگەڕی ٣٤ ساڵەی دامەزرانی ئەو ڕادیۆیەدا. دەنا ئەگەر بمانهەوێ بەجوزئیات و وردەکاری بینووسین خەت بەخەتی ئەو نوسراوە بەناوئاخنی قارەمانیەتی، فیداکاری، زەحمەتی شەوو ڕۆژانه‌ و لەخۆبردوویی تەواوی بەڕێوەبەران و تێکۆشەرانی ئەو ڕادیۆیە و خەڵکی ناوچەکە پڕکەینەوە.

دەگەڵ پیرۆزبایی ٣٤ ساڵەی دامەزرانی (ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران) و ڕادیۆ دەنگی کوردستان داوای بەردەوامی شەلگیرانە و سەرکەوتوانەیان ئاواتمە.

عومەر ئەمینی

خەزەڵوەری ١٣٩٣