چۆڵکردنی موسڵ بۆ داعش پیلانێکە لە دژی کورد. رەزا شوان

پارێزگای ( موسڵ و سەلاحەددین و دیالە )  کە زۆربەی دانیشتوانیان سونین، لەم پارێزگایانەدا ژمارەیەکی زۆری کوردیش هەیە .. ئەم سێ پارێزگایە هاوسنوورن لەگەڵ باشووری کوردستاندا ..

بەڵکو بەشێکی زۆری خاکی داگیرکراوی باشووری کوردستان بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای نەتەوەیی لە بەرژەوەندی نەتەوەی عەرەبدا، خراونەتە سەر ئەم سێ پارێزگایانە .. ئەم سێ پارێزگایە هاوسنوورن لە گەڵ پارێزگای هەولێر و پارێزگای کەرکوکدا .. مەڵبەندی ئەم پارێزگایانە ( موسڵ ، تکریت، باقوبە ) ن، زۆر دوورنین لە شاری هەولێر و کەرکوک و خورماتو و خانەقین نەوە.

دوای ئەوەی نەوت لە کوردستاندا دەرهێنرا و بۆ فرۆشت رەوانە کرا .. دوای ئەوەی کە گفتوگۆکانی نێوان کورد و مالکی نەگەیشتن بە ئاکامێک .. دوای ئەوەی کە بڕیاردان لە مافی چارەی خونووسین، بۆتە وێردی سەرزاری زۆربەی تاکی کوردمان .

ناحەزانی کورد، لە ناوچەکە و لە ناو عێراقدا، کەوتوونەتە دژایەتی کردنی گەلی کوردمان .. هێڕشێکی راگەیاندنی شۆڤێنییانەی ناڕەوای چڕ لە دژی هیوا و خواستە رەواکانی گەلی کوردمان لە ئارادایە .. چەند جارێکیش داعشی تیرۆریست دژایەتی گەلی کوردیان راگەیاند .. کوشتنی کورد و داگیرکردنی سەر و ماڵیان حەڵاڵ و رەوا کردووە. ناحەزانی گەلی کورد، زۆر هەوڵی ئەوە دەدەن کە درز بخەنە ریزی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد، پەرتمان بکەن و زاڵبن بە سەرماندا .. کورد بە گژی کوردابکەن .

بۆیە بە بۆچوونی من سیناریۆی داگیرکردنی شاری موسڵ کە دووەمین گەورە شاری عێراقە و نزیکەی سێ ملیۆن و نيو کەس لەم پارێزگایەدا دەژین، بە کورترین ماوە و بەبێ هیچ بەرگری و بەرەنگاربوونەوەیەک .. رادەستی داعیشی کۆنە بەعسییەکان و ئیسلامە توند ڕەوەکان کڕا .. کۆمەڵێک پرسیار و گوومان دروست دەکات .

ژمارەی هێڕشبەرەکانی داعشی تیرۆریست ( ٢٥٠٠) تیرۆریست بوون .. بەڵام ژمارەی سوپای عێراق لە شاری موسڵدا ( ٥٠٠٠٠) پەنجا هەزار سەربازبوون .. باشتترین چەک بە دەستی ئەم سوپایەوە بوو، تەنانەت هێلیکۆپتەری جەنگیشیان هەبوو .. بەڵام بۆ ئەم ژمارە زۆرە نەیانتوانی بۆ ماوەی دوو رۆژ بەرگری لە شاری موسڵ بکەن ؟ ئەی بۆ ئەفسەرێکی بەرز بەڵكو تەنانەت سەربازێکی ئەم سوپایە نەگیران .. ؟! ئەی بۆ خوێن لە لووتی ئەفسەرێکیان نەهات .. ؟! بۆ بە چەکە قورسەکانیانەوە هەڵنەهاتن و، بۆ تیرۆریستانیان بەجێیان هێشتن ..؟! ئەی بۆ داعش کەسی لێ نەکوشتن ..؟! بۆ نوری مالیکی یەکسەر هێزی تری بۆ موسڵ نە نارد ؟ بۆ تیپی ( ١٢) و لە شکری دیجلەی فسفس پاڵەوان هەر بۆ سڕینەوەی ئارەقی شەرمەزای و سەرشۆڕییان .. دە داعشیان نە کوشت ؟ .. گەر ئەمە رێکەوتن و پیلانێکی ژیراوژێر نەبێت .. ؟!  چ لیکدانەوەیەکی تری بۆ دەکرێت .. ؟؟! ئەمانە و کۆمەڵێک  گومان و پرسیاری تریش ..؟ منداڵێکی سەر لانکیش بە گومانە و ئەوە دەزانێت کە : ” ئەم ماستە موویەکی تێدایە .. ” گرتنی شاری موسڵ و تکریت و زۆربەی قەزا و ناحییەکانیان بە رۆژی نیوەڕۆ و، بەرەڵڵاکردنی بەندکراوە تیرۆریستییەکان، بەبێ بەرگری، پیلانێکی داڕێژراوی دەستێکەڵی و رێکەوتنی سوپای عێراق و داعشی تیرۆریستی کۆنە بەعسییە ئەنفالچییەکانە .. کە لە زووەوە نەخشەیان بۆ داڕشتووە ، هێڕشێکی چاوەڕوان کراو بوو .. راست نییە کە سەرۆک وەزیرانی عێراق نوری مالیکی بێ ئاگایە لەم پیلانە ناوچەیی و ناوخۆییە .. خۆگیلکردنی مالیکی راست نییە و پەردەپۆشییە.. مالیکی بەشێکە لەم سیناریۆیە .. ئەمە پیلانێکی عێراقی و ناوچەییە، لە دژی حوکمڕانی باشووری کوردستان .. گەر لە بیرتان مابێت مالیکی جارێکیان گوتی : ” ئەگەر ئەم جارە شەڕ لەگەڵ کورد دا ببێت .. دەبێتە شەڕی کورد و عەرەب ” پێشتر ئەوەش گوت : ” ئەگەر ئیبراهیم جەعفەری پایەی ـ سەرۆک وەزیرانی ـ لەسەر کەرکوک دانا ـ من ئامادە رووحی خۆشم بۆ کەرکوک بەخت بکەم ” .. جا بە دووری مەزانن کە چۆڵکردنی پارێزگای موسڵ و سەلاحەدین ـ دڵنیام پارێزگای دیالەشیان بۆ چۆڵ دەکەن ـ بۆ ئەوەیە شەڕ لە نێوان کورد و عەرەبە سونییەکانداهەڵبگیرسێنن، کە مالیکی هەردووکیان بە ناحەزی سەرسەختی خۆی دەزانێت .. وەک خۆی گوتی شەڕی کورد و عەرەب هەڵگیرسێنێت، لە پێناوی مانەوەی لەسەر کورسی دەسەڵاتدا .. بۆیە پێویستە کورد زۆر وریای بێت و، نەکەوێتە داوی ئەم پیلانە گڵاوەوە.
سوپای ئیستای عێراق لەسەر بنەمای تایفەگەری پێکهاتووە، هیندە ئینتیمایان بۆ تایفە  و حیزبەکانیان هەیە .. ئەوەندە ئینتیمای نیشتمانییان نییە .. مالیکی لە پێناوی مانەوەی لە دەسەڵاتدا، بە بێ پرسی پەرلەمان و لایەنە هاوپەیمانی .. چی کونە ئەفسەرەێکی بەعسی ی ئەنفالچی هەیە لە سوپای هەڵوەشاوەی عێراقدا هەبوو، بۆ دژایەتی کردنی کورد گەڕا یانەوە ، لەوانە ( الزیدی) و هاوشێوەکانی .

پێویستە کورد ئەم هەلە لەدەست نەدات و، بەبێ پرسی بەغدا و، بەبێ ئەوەش گوێ بە هەڕەشەی وڵاتانی دراوسێی کوردستان و ئەمریکا بدات، هێزی پێشمەرگە لە ناوچەی کەرکوک و، لە ناوچە داگیرکراوەکانی تری باشووری کوردستاندا جێگیربکات، تا ئەم ناوچانە نەگەڕێنەوە بۆ باوەشی کوردستان چۆڵی نەکات .. با سەرکردەکانی کوردمان پەند و وانە لە شکستییەکان و، لە هەڵە و، لە لە دەستدانی هەلەکانی رابردوو وەربگرن  ” گەر بترسین رزگارمان نابێت ” .. نابێت سەرکردەکانی کورد لە دەرەوەی سنووری کوردستاندا، هێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆ بەرگری کردن لە ناوچەکانی تری عێراق رەوانە بکەن و، شەڕی داعشیان پێبکەن بکەن .. دوژمنانی کورد ئەمە بقۆزنەوە و شەڕی کورد و عەرەب هەڵگیرسێنن .. ئەوان مەبەستیانە، کوردیش بخەنە ناو شەڕ و ململانێیەکی بێ مانای خوێناوییەوە .. بۆ بە خۆڕای رۆڵەی کوردمان بە کوشت بدەین .. لە پێناوی چیدا پێشمەرگە لە دەرەوەی سنووری کوردستاندا، شەڕ بکات ؟؟.. بۆ ئەو عێراقەی کە بژێوی ژیانی کوردی بڕیوە ؟ .. بۆ ئەوعێراقەی بە چاوێکی کەمترەوە لە کورد دەڕوانێت ؟ بۆ ئەو عێراقەی تا ئێستا دینارێکی بە پێشمەرگەیەک نەداوە،  بۆ ئەو سەرۆک وەزیرانەی درێژە، بە بەعەرەبکردنی کەرکوک دەدات و، تا سەر ئێسقان دژی خواست و مافەکانی کوردە ..؟؟! پێویستە سەرکردەکانی کوردمان یاریکەرێکی سیاسی و دیبلۆماسی وریا و لێزان بن .. گەر گۆڵنەکەین ، گۆڵمان لێ دەکەن .. نەخەڵەتێن و هێندەش خۆشبڕوا مەبن .. نابێت بە زەردەخەنەی ناحەزان و، بە بەڵینی درۆیان باوەڕ بکەین .. کردار گرنگە نەک بەڵین و درۆی کاتێ، هەر هەڵە و تێکەوتن و خلیسکانێک، چارەنووسی کورد و کوردستان دەخەنە مەترسییەوە و، باجێکی زۆریان دەدەینەوە .

راستە بمانەوێ و نەمانەوێ، پریشکی ئەم ئاگرە ئێمەی کوردیش دەگرێتەوە، وەکو وتم لە بنەڕەتا هەڵگیرساندنی ئەم ئاگرە لە دژی کوردە و، بۆ ئەوەیە کوردی پێ بسووتێنن .

لە ئەمڕۆدا، ئێمەی کورد لە هەموو کاتێ زیاتر پێویستیمان : بە یەکڕیزی و .. بە یەکدەنگی و .. بەیەکڕەنگی و .. بە یەک هەڵوێستی و .. بە تەبایی هەیە .. پێویستە خاوەنی یەک وتاری سیاسی بین .. واز لە فرە کوێخایی بێنین .. بە راستیش برا و پشت و پەنابین .. بەرژەوەندیی باڵا و چارەنووسی گەلەکەمان لە سەرووی هەموو سوود و بەرژەوەندییەکی حیزبییەوە بێت .. هەر هەمووشمان یەک چارەنووسمان هەیە .. با کوردایەتی و کوردستانپەروەری دروشمی بەرز و پیرۆزی هەموو لایەکمان بێت .. چەند هەستێکی نەتەوایەتی بەرزە، کە هێزەکانی پێشمەرگە لە هەموو پارچەکانی کوردستاندا ئامادەن و چاوەڕێی فەرمانن .. کە بەرگری لە هەموو شوێنێکی کوردستان بکەن .

من پێشنیاری ئەوەش دەکەم  کە بە خێراترین کات .. کۆبوونەوەیەکی باڵای بە پەلە، بە بەشداری هەموو لایەنە سیاسییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان، لە هەولێری پایتەختدا ببەسترێت، هەموو ناکۆکییەک بخەنە لاوە و، پێکەوە بە وردی و بە باشی ئەم بارودۆخەه ئێستا و مەترسی بۆ سەرکوردستان بە جوانی و لۆژیکی تاوتوێ بکەن و، نەخشەکارێکی تۆکمەی نەتەوەیی دابڕێژن و، هەموو لایەک لەسەری رێک بکەون و پێبەندن پێوەی .. چونکە ئەم باروودۆخە، پێویستی بە بڕیار و بە هەنگاوی خیرا و کاری بە پەلە هەیە .. پێویستە پێشبینی و روانینێکی ورد و باشیشمان دەربارەی گۆڕانکاری و ئەگەرەکان هەبێت .. ئامادەی هەموو رووداوێکی چاوڕوان کراو و نەکراو بین .. بە دڵنییاوە یەکێتی و یەکڕیزی و یەکدەنگی و یەکڕەنگیمان، زامنی پووچەڵکردنەوەی پیلان و نیازە گڵاوەکانی پیلانگێڕان و ناحەزانی گەلەکەمانە .. گەشبینم کە سەرکەوتن بۆ ئێمەی کوردی قارەمان و خۆڕاگر و کۆڵنەدەر دەبێت .. چونکە نەوەی نوێمان کە کوردایەتی و کوردستانپەروەری تێکەڵاوی خوێنیان بووە .. ئامادەن قوربانی بدەن و بە خوێنی ئاڵ و گەشیان تاجی سەرکەوتن و ژیان بنەخشێنن.

ئەی پێشمەرگە قارەمانە گیان لەسەردەستەکانی کوردستان .. کە ئێستا لە کەرکوکی قودس و دڵی کوردستاندا وەکو شێر لە ئامادە باشیدان و، چاولێکنانێن .. ئەی گریلا پاڵەوانە بەجەرگ و نەبەزە بێوێنەکانی قەندیلی سەرکەش، کە نموونەی قارەمانێتی و ئازایین لە جیهاندا، کەرکوک، خانەقین، کفری، خورماتوو، مەخموور، شەنگار و، هەموو بستێکی داگیرکراوی کوردستانی نیشتمانی شیرینمان .. داوتان لێدەکەن لە دڕندە شۆڤێنییەکان، بیان پارێزن .. دەستان لە سەر پیتکەی چەکەکانتان بێت و .. داستانێکی تری سەروەری و قارەمانێتی تۆماربکەن .. وانە و پەندێکی نوێ بە داگیرکەرانی کوردستان بدەن و .. بییان کەن بە پەندی زەمانە .

کەرکوک .. کەرکوکی خۆڕاگر، خانەقینی بووکی گەرمیان، شەنگاری دێرین و رەسەنی کوردان .. هەموو ناوچە داگیرکراوەکانی کوردستان .. دڵنیابن بە تەنیانین و، لەگەڵتانین ، خوێنمان، گیانمان، لە رێتاندایە .. لە خۆشی و ناخۆشیدا هاوبەشتانین .. ئەرگەرچی دوورین لێتانەوە، بەڵام هەموو ساتێ بە دڵ لەگەڵتانداین .. گەر پێویست بکات دێینەوە و دەبینە پێشمەرگە و چەکی کوردایەتی و مەردایەتی هەڵدەگرین و، گیانمان دەکەین بە قەڵغان و لە سەنگەرەکانی پێشەوەی بەرگری و سەربەرزیدا .. ئامادەین لە پێناوتاندا شەهیدبین و سەروەری بۆ گەلەکەمان و بۆ خۆشمان تۆمار بکەین .. ئێوە هەمیشە ورەتان بەرزبووە و، ورەتان بەرزە و بەرزتر دەبێت .. ێێوە هەمیشە هیواخواز ن .. گەشبینن .. ێێوە دڵنیان لەوەی کە هەڵهاتنی رۆژێکی رووناکتر و، هاتنەدیی ژیانێکی شایستەتر و، داهاتوویەکی گەشتر بو کورد و کوردستان زۆر نزیک بوونەتەوە .. دڵنیابن و، باوەڕتان بەوە هەبێت کە، هیچ گەلێک رەنج بێوەر نابێت، گەر خۆڕاگر بێت و ئامادەی تێکۆشان و قوربانیدان بێت .. ئێمە دەبێت دوای مافەکانی خۆمان بکەوین، مافەکانمان دوای ئێمە ناکەون .. ئازادی نایەتە خوارەوە و، ئێمە دەبێت بۆی سەرکەوین .. لووتکەی سەرکەوتن نانەوێت، ئێمە دەبێت بۆی سەرکەوین .. مێژووی شانازی و سەروەری نوێ نەنووسراون، ئێمە دەبێت تۆماری بکەین .