بانگەواز بۆ خەڵکی کوردستان لە بارەی چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی یادی ٢٥ ساڵەی تیرۆری د.قاسملووەوە

خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان!

 هۆگران و ئەویندارانی ڕێگا و ئامانجەکانی د.قاسملووی ڕێبەر!

لە ٢٢ی پووشپەڕی ئەمساڵ دا ٢٥ ساڵ بە سەر شەهیدکرانی د.عەبدولڕەحمان قاسملوودا ڕادەبرێ.

٢٥ ساڵ لەمەوبەر،ڕێبەران‌و بڕیاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران،کەلکی خراپیان لە نیازپاکی و بڕوای د.قاسملوو بە چارەسەری سیاسیی پرسی کورد لە ئێراندا وەرگرت و  ئەو ڕێبەرە لێهاتوویە و هاوڕێ عەبدوڵلا قادری ئازەریان لە سەر مێزی وتووێژ لە ڤییەن تیرۆر کرد. 

ئێوە خەڵکی خەباتکار و ئازادیخواز لە ماوەی ئەم ٢٥ ساڵە دا بە شێوەی جۆراوجۆر وەفاداریی خۆتان بە ڕێگا و ئامانجەکانی ئەو ڕێبەرە بە توانایەی خەباتی نەتەوەیی خۆتان سەلماندوە و بێزاریتان لە کۆماری ئیسلامی،بکوژی ئەو کەسایەتییە گەورەیە و سەدان تێكۆشەری دیار و هەزاران ڕۆڵەی ئازادیخوازی کوردستان، نیشان داوە. هەر ئێوە بوون کە ڕۆژی ٢٢ی پووشپەڕ، ڕۆژی تیرۆری د.قاسملووتان کرد بە ڕۆژی نواندنی بێزاریی گشتی لە تیرۆریزمی کۆماری ئیسلامیی ئێران.

لە ٤ ـ ٣ ساڵی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامی هەمووتوانای سەرکوتکەرانە خۆی بۆ پێشگیری لە بەڕێوەچوونی مانگرتنی گشتی لە کوردستان لە ڕۆژی ٢٢ی پووشپەڕ دا بە کار هێناوە. بازاڕییەکان‌و خاوەن دوکانەکان‌و ڕێکخەرانی مانگرتنی گشتی، هەموو جارێ بە توندی هەڕەشەیان لێ کراوە کە ئەگەرلەم ڕۆژە دا مان بگرن، بە توندی سزا دەدرێن. بەڵام زاڵکردنی زەبروزەنگ‌و تەنینی شەقام و کۆڵان بە هێزی زۆری نیزامی‌و هەڕەشەو تۆقاندن، نابێ بۆ ماوەیەکی زۆر،ڕێگر بن لە خۆنواندنی ئیرادەی خەباتکارانەی ئێوە دژ بە تیرۆر و سەرکوت.

 لە مانگرتنە گشتییەکانی ساڵانی پێشوو دا، ڕۆڵی سەرەکی کەوتبووە ئەستۆی بازارییەکان، بۆیە دوای هەر ٢٢ی پووشپەڕێک، بە پلەی یەکەم ئەوان لە لایەن کاربەدەستانەوە بەرەوڕووی سزا و تۆڵە دەبوونەوە.بەڵام ئەگەرلەمەودوا رۆڵی سەرەکی بکەوێتە ئەستۆی خەڵکی دیکە وشەقام‌و بازار لە لایەن تێکڕای خەڵکەوە لەم ڕۆژە دا بایکۆت بکرێ، هەم مانگرتنی گشتی ڕوو دەدا‌و هەم گوشار و سزا بەرەوڕووی توێژێکی دیاریکراو، نابێتەوە.

٢٥ ساڵەی تیرۆری د.قاسملوو، یادکردنەوەیەکی شایانی ئەو ڕێبەرە مەزنە هەڵ دەگرێ. نیشاندانی ناڕەزایەتی و بێزاریی گشتی لە هەڵوێستێکی یەکگرتووانە و سەرانسەری دا دەتوانێ باشترین پەیام‌و وڵامی ئەمڕۆی خەڵکی رۆژهەلاتی کوردستان بە ڕێبەران وکاربەدەستانی دژە کوردی دوێنێ و ئیستای کۆماری ئیسلامی بێت. لەم پێوەندییە دا داواکار و چاوەڕوانین:

١- خەڵکی شارو گوند لە چەند ڕۆژ پێشترەوە پێداویستییەکانی خۆیان لەبازاڕ دابین بکەن بۆ ئەوەی لە ڕۆژی٢٢ی پووشپەڕدا، دانیشتوانی شار لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە‌و ڕوو لە بازاڕ نەکەن‌و خەڵکی دێهاتیش لە چوون بۆ شار خۆ بپارێزن.

٢- بە هەر شێوەیەک بۆتان دەگونجێ لەچوارچێوەی بنەماڵە‌و لە کۆڕ‌و کۆمەڵی دۆستانە‌و خۆمانە دا، یادی د.قاسملووی شەهید بەرز ڕابگرن،سەردانی بنەماڵەی شەهیدان‌و بەندییە سیاسییەکان بکەن. شوێنی ژیانتان بە ئاڵای کوردستان‌و دروشم‌و شێعر‌و سروودی حەماسی بڕازێننەوە، بێزاریی خۆتان لە تیرۆریزم‌و سەرکوت وەک ماکەی سەرەکیی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی، دووپات بکەنەوە.

٣- لە کاتژمێر ١٠ی شەوی ٢٢ لە سەر ٢٣ ی پووشپەڕ، لە  بیرەوەریی ساتەوەختی دەسڕێژی تیرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی لە گیانی د.قاسملووی نەمر،چرای ماڵەکانتان بۆ ماوەی ٣ دەقیقە بکوژێننەوە.

٤- لە ئێستاوە خۆتان بۆ هەر چی باشتر یادکردنەوەی شەهیدبوونی د.قاسملوو ئامادە بکەن‌و هەوڵ بدەن ڕۆژی ٢٢ی پووشپەڕ بە نیشاندانی نارەزایەتیدەربڕینێکی هێمنانە، یەکگرتوانە‌و سەرانسەریی دیار‌و بەرچاو، بە کۆماری ئیسلامیی بسەلمێننەوە کە قاسملوو لە بیر و ڕێبازی نەتەوەکەی دا هەر زیندووە.

حیزبی دیموکراتی کوردستان

کۆمیسیۆنی تەشکیلات

١١ی پووشپەڕی ١٣٩٣

٢ی ژوئیەی ٢٠١٤