سەربەخۆیی کوردستان و ڕۆژئاوای وڵات! جەماڵ عەڵیاڵی

پێشەکی پێویستە نووسەر لە ڕوانگەی خۆیەوە سێ مەسەلە بخاتەوە بیر. مەسەلەی یەکەم کە هەستی کەسایەتی نووسەرە، کۆێر بێ ئەو کوردەی کە سەربەخۆیی کوردستان ناخوازێ!

دووهەم، فەرزە لەسەر نەتەوەی کورد کە هەرگیز متمانە بە داگیرکەرە رەنگاورەنگەکان نەکات. سێهەم، هەر یەک لە سێ هێڵەکانی بزاوی رزگاری خوازی کوردستان هەر سیاسەتێکیان هەبی، ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، بە کەمی یان بە زۆری، لە هێندێک قوناخدا دەکەونە سەنگەری یەک لە داگیرکەران. ئەو دوو مەسەلەیە، مەرجی نەخوازراون بە هۆی دۆخی ژێئۆپۆلیتیکی مێزۆپۆتامیا. پرسی “سەربەخۆیی” باشتر شی دەکرێتەوە ئەگەر بێتوو لە چوارچێوەی تێڕوانیندا هاو دەنگی لەسەری هەبێ. هاودەنگی بە واتای دۆزینەوەی “رەگە سەرەکییەکان” نەک بنێشت بۆ جووتن. ئەو بابەتە هەوڵ دەدات کە هەڵایسانی بڵێسەی خولیایەکی دێرینی نەتەوەکەمان لەو چەند ڕۆژانەی دوواییدا بخاتە بەر باس.

ئێران، بە هۆی هەڵایسانی کێشەی ئۆکراینا سەری سووک بوو، تورکیا بە وەگەڕخستنی پڕۆسەی گۆڕانکاری لە یاسادا. هەر دوو داگیرکەر دەرفەتیان بەدەس هێنا بۆ پیلانیتر. یەک لەوان بە یارمەتی داگیرکەرانیتر، پێکهێانی سازەیەکی تووندڕەوی ئایینی. داعەشیان پێک هێنا بۆ ئەوەی کە ئێران و تورکیا بخاتە “سەر دڵان” و نەرمتر لە داعەش بنوێنێ. هەر یەک لە داگیرکەران بە هۆی جیاوازی رەنگەکانیان ، هەرکام مەبەستی خۆیان لە پێکهێنانی داعەش هەیە بەڵام هەمووی دوعا بۆ ئامینێکە واتە لەو ناوەدا جگە لە کورد کەس زەرەرمەندی سەرەکی نیە.

چەک و چۆڵی سوپای “ڕاکردوو؟”ی عێراق برایە ڕۆژئاوا بۆ تێکشکاندنی سازەی سیویلی ڕۆژئاوا. ئەو سازەیەی کە بە گۆێرەی پارلەمانتارانی ئیتالیایی و ئاڵمانی، دەتوانێ یەک لە مۆدێلەکانی سەرکەوتوو بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەراست بێت. مۆدێلێک کە بە هۆکاری یەکەم بەرفراوانییەوە، دووهەم هەمەلایەنییەوە دەتوانی سەروەری دانیشتووانی ناوچەکە مسۆگەر بکات. سەروەرێک کە ریشەی چەند سەد ساڵەی حکومەتەکانی دیکتاتۆری ڕۆژهەڵاتی ناوین بەرەو بنەبڕی دەبات. ئەوەیە کە ڕۆژئاوا، یەکەم سەنگەری نەتەوەی کورد گرینگی و بایخی تایبەتی هەیە، نەک هەر بۆ نەتەوەی کوردو کوردستانیان بەڵکوو بۆ داگیرکەرانیش. ئەوە هۆکاری سەرەکییە لە هێرشی داعەش بۆ سەر کۆبانی!

هەر لەو ناوەدا باسی سەربەخۆیی کوردستان بە ئاهەنگ و دەهۆڵ و زوورنا (جارێ بە تەواوی دەنگی نەهاتووە!) هاتە ئاراوە. ئەوە خۆی باس و خواسێکی زۆری لە سەر هەڵوێستی ئێران، ئامریکا، تورکیا و ئیسرائیل … هتد ورووژاند. نەک هەر مێدیاکار و نووسەر و… بەڵکوو ئاکادیمیسیەن و بسپۆر، تەنانەت فەلەستینی و عەرەب تێوەگلان و مەیدانەکەیان گەرمتر کرد… بە جۆرێک کە هەر ئێستاکە گشت تاک و سازەیەک سەرقاڵی باس و خواس یاخود ئاهەنگگێڕانە. کاتێک باس و خواسەکان تێکەڵی ئاهەنگەکان دەبن، ئیتر کەم کەس هەیە ڕۆژئاوای لە خۆێن شڵێژاوی بێتەوە بیر. ئەوندەی نووسەر هەستی پێدەکات داعەش پوتانسیالی هەیە بۆئەوی کە لە سیاسەتی داگیرکەرکان هەڵترازێ،  هەر وەکی تورکیا و ئیرانیش ئەو پۆتانسیالەیان نیشان دا، تەجرەبە تاڵەکەی ئامریکا لە سازکردنی ئەلقاعیدە ئیسباتێکە بۆ ئەو ڕایە بەڵام با ئەو شڕۆڤەیە هەڵگرین بۆ کاتێکیتر، ئێستا ئەوە گرینگە کە هەروەکی بەهاری عەربیان خستە لاڕێ و دە بێشکەدا خنکاندیان، دەخوازن هەر لە هەمان ڕێگەوە، بزاوی رزگاریخوازی نەتەوەی کوردیش بە لاڕێی نادیمۆکراتیدا بەرن و بە ساوایی بکووژن. چارە چییە؟ ئاخۆ هەڵویستی تاکی کورد دەبێ چ بێت؟

جەماڵی عەڵیاڵی ٠٧/٠٧/٢٠١٤