شەهید دوکتور قاسملوو: ئێمە داوای مافی دیاری کردنی چارەنووسی خۆمان دەکەین و لە ڕێگای وەدەست هێنانی ئەو مافەش دا بە هەموو تواناوە تێدەکۆشین.

ئازادی‌یە دێموکراتی‌یەکان و چەسپاندن و پتەوکردنی بناغەی رژێمێکی دێموکراتیکی ڕاستەقینە، لە سەرانسەری ئێراندا، زامنی ئەسڵی پێشکەوتنی شۆڕش و وەدەستهێنانی مافە نەتەوایەتی‌یەکانی هەموو گەلانی ئێرانە.

بە بێ بوونی رژێمێکی دێموکراتیکی ڕاستەقینە، مافەکانی گەلی کورد دابین ناکرێ و بە بێ دابین کردنی مافی نەتەوایەتی گەلی کوردیش، ڕژێم بە مانای تەواوی وشە دێموکراتیک نابێ. ئەگەر دوژمنانی شۆڕشی کورد پێیان وایە بە ساز کردنی بەیت و باوی جیاوازیخوازی دەتوانن گەلی کورد ناچار بکەن حاڵەتی دیفاعی بە خۆیە بگرێ و داوای مافە ڕەواکانی نەکا، زۆر بە هەڵە چووە.

ئێمە داوای مافی دیاری کردنی چارەنووسی خۆمان دەکەین و لە ڕێگای وەدەست هێنانی ئەو مافەش دا بە هەموو تواناوە تێدەکۆشین، ئێمە دڵنیاین هیچ رژیمێک لە ئێراندا، ڕژیمێکی بە ڕاستی گەلی، دادپەروەر و دێموکراتیک نابێ، ئەگەر نەتوانێ مەسەلەی نەتەوایەتی کە یەکێک لە گیروگرفتە بنەرەتی‌یەکانی وڵاتی ئێمەیە چارەسەر بکا. ڕاستی‌یەکەی ئەوەیە کە لە ئێراندا گەلانی زۆر لێکراو زیاتر لە نیوەی دانیشتووانی وڵات پێکدێنن، خوێندن بە زمانی زگماکی، پاراستن و پەرەپێدانی فەرهەنگی نەتەوایەتی، لابردنی جیاوازی دانانی ئابووری و سیاسی و لە هەمووی گرینگتر دیاری کردنی چارەنووس بە دەستی خۆیان، بەشێک لە مافە ڕەواکانی ئەو گەلەن، لابردنی ستەمی نەتەوایەتی لە سەر ئەو گەلانە، بە پێچەوانەی ئیدعای ژمارەیەک لە دوژمنانی خەڵک، هاندان بۆ جیابوونەوە نییە. بە پێچەوانە دابین کردنی یەکێتی ڕاستەقینەی ئەو گەلانە، لە چوارچێوەی ئێرانێکی دێموکراتیک دا، زامنی پاراستنی یەکێتی و سەربەخۆیی وڵاتە. مەسەلەی نەتەوایەتی لە ئێراندا هەیە و هیچ چەشنە خۆگێل کردنێک لە بایەخی ئەم حەقە کەم ناکاتەوە. بە پێچەوانە ڕێگا بۆ کەڵک لێوەرگرتنی دوژمنانی ئازادی و سەربەخۆیی ئێران خۆش دەکات.

ماڵپەری گیارەنگ