لە یاریێکی چاوەروان نەکراو دا برزیل لە یاریگای خۆی دا بە ئاڵمان دۆڕا.
خانەخۆیی یارییەکانی مۆندیالی ٢٠١٤ برزیل لە یارییەکی پڕ لە جووڵە و چاوەروان نەکراو دا بە تیمی بەرامبەری خۆی هەڵبژاردەی ئاڵمان ٧ بە ١ دۆڕا و بوو بە مایەی سەر سوڕمانی چاوەدێرانی وەرزشی و بەتایبەت وەرزش دۆستانی تۆپیپێ.
لە چوارچێوەی یاریەیەکانی قۆناخی پێش کۆتایی دا هەڵبژاردەی ئاڵمان لە یارییەکی جوان و گرووپی دا توانیان تیمی هەڵبژاردەی برزیل کە خانەخوێی یارییەکانی موندیالی ٢٠١٤ بوو تووشی شکستێکی لەبیر نەکراو بکەن و تەنیا لە ماوەی ٦ خولەک دا توانیان ٤ گۆڵ تۆمار بکەن و گەیمی یەکەم بە ٥ گۆڵ بە قازانجی خۆیان کۆتایی پێ بێنن.
لە گەیمی دووهەم دا هەڵبژاردەی برزیل بۆ قەرەبوو کردنەوەی گەیمی یەکەم، چەندین جار هێرشی تووندیان کردە سەر هەڵبژاردەی ئاڵمان و نەیانتوانی چوارچێوەی گۆڵی ئاڵمان بپێکن و گۆڵچی و دەستەی بەرگریکاری هەڵبژاردەی ئاڵمان هێرشبەرانی برزیلیان بە تەواوی کۆنترۆڵ دەکرد.
لە میانەری گەیمی دووهەم دا ئاڵمانییەکان ٢ گۆڵی دیکەیان بۆ خۆیان تۆمار کرد و لە دوایین خولەکی یاری دا ئۆسکار توانی گۆڵێک بۆ هەڵبژاردەی برزیل تۆمار بکات و بەم شێوەیە ئاڵمان ٧ بە ١ توانی یارییەکەی بە قازانجی خۆی تەواو بکات و بەم شێوەیە خولیا و پلانی برزیلیەکان بۆ گەیشتن بە قارەمانەتی ئەو مۆندیالە پوچەڵ بکەنەوە.
جێگای ئاماژەیە لە خولی یارییەکانی ٢٠١٤ دا پێشتر ئیسپانیا ٥ بە ١ بە هولەند و هەروەها سوئیس ٥ بە ٢ بە فەرانسە دۆڕا بوون، بەڵام ئێستا پالەوان و قارەمانی ٥ دەورەی مۆندیال بە زۆرترین گۆڵی خواردوو، لەو خولە دا هاتۆتە سەرەوەی خشتەی یارییەکان و هاوکات هەواڵی دۆڕانی برزیل بەو شێوە چاوەروان نەکراوە، بۆتە سەردێری تەواوی ڕۆژنامە و گۆڤار و تەلەفزیۆنەکان. ئەو دۆڕانە لەنکاو و پڕ گۆڵە هەموو شارەزایانی بواری وەرزشی تووشی سەر سوڕمان کردووە و بەشێک لەوان پێیان وایە کە نەبوونی تیاگۆ سیلوا کاپیتانی تیم و یەکێک لە یاریچییە بەهێزەکانی لە خەتی بەرگری برزیل دا و هەروەها نەبوونی نیمار وەک ئەستێرەی دیاری هەڵبژاردەی برزیل بۆتە هۆی ئەوە کە ورەی تیمەکە و جووڵەی تیمەکە وەک خۆی نەمێنێ و نەبوونی ئەوان کاریگەری لە سەر ڕەوت و چەند و چۆنی یارییەکە داناوە.
٦٤ ساڵ پێش ئێستا جارێکیتر برزیل لە یاریگای خۆی دا بەرامبەر بە ئوروگۆئە دۆڕا بوو، ئەو کات حکوومەتی برزیل ڕۆژێکی وەک ڕۆژی ماتەمین لە سەر دۆڕان لە خاکی خۆیدا ڕاگەیاند بوو، با بزانین ئەم جارە کاربەدەستانی ئەو وڵاتە دوای ئەوە میلیاردها دۆلاریان تەرخان کرد بۆ ئەوەی لە برزیل مۆندیال بەرێوە بچێ هەڵوێستان چی دەبێ؟
لە ساڵی ١٩٢٠ ی زائینی دا برزیل ٦ بە هیچ بە ئوروگۆئە دۆڕا بوو، لەو کاتە هیچ کات برزیل هێندەی ئەوجارە گۆڵی وێنەکەوتوون.
شایانی باسە کە میروسلاو کلوزه لە ساڵی ٢٠٠١ وە یاری بۆ تیمی هەڵبژاردەی وڵاتی ئاڵمان دەکا، تا ئەمرۆ لە چوار مۆندیالی جیهانی دا یاری بۆ هەڵبژاردەی ئاڵمان کردووە و لە ماوەی ئەو چوار موندیالە دا توانیویەتی ١٦ گۆڵ تۆمار بکات و بەم شێوەیە ببێتە یەکەم گۆڵ لێدەری جیهان و لە مێژووی ٨٤ ساڵی ڕابردوو دا، یەکەم کەسە کە زۆرترین گۆڵی تۆمار کردوون و ئێستا ڕێژەی گۆڵەکانی ١٦ گۆڵە و ڕێکۆردی جیهانی لە دەست میروسلاو کلوزه یاریچی ژمارە ١١ ی هەڵبژاردەی ئاڵمان دایە.
ڕۆژی یەک شەممە ڕێکەوتی ١٣ ـ ٠٧ ـ ٢٠١٤ هەڵبژاردەی ئاڵمان لەگەڵ براوەی نێوان هولەند و ئارژانتین بۆ قارەمانەتی مۆندیال یاری دەکەن.