پشتیوانی لە کوردستانێکی سەربەخۆ بکەن. فرێدریک مالم لە پارتی گەلی سوێد: وەرگێڕان لە سوێدییەوە: ئاشق

ئەگەر حکوومەتی هەرێم  دوای ڕاپرسیی گشتی بیەوێ سەربەخۆیی ڕابگەیەنێ، دەبێ سوێد دان بەو بڕیارە دا بنێ، هەر وەک ئێمە سەبارەت بە کۆسووڤۆ و باشووری سوودانیش هەر وامان کردوە. پشتیوانییەکی سوێدی دەرفەتی کارتێکردنی زیاتریش بۆ ئێمە پێک‌دێنێ. 
ڕۆژنامەی SVD(Svenska Dag Bladet) چوارشەممە ١٣ ی ئاگۆستی ٢٠١٤
فرێدریک مالم نوێنەری پارتی گەل لە پاڕلمانی سوێد دا دەنووسێ:
جیهانی دەوروبەر دەبێ خۆیان بۆ ئەوە ئامادە بکەن کە عێڕاق تووشی ڕەنج و کوێرەوەریی شەڕێکی دیکە بێ، بەڵام کوردەکان لە باکوور ڕێگای خۆیان درێژە دەدەن و سەربەخۆیی ڕادەگەیەنن.
وێنە:‌‌‌‌‌حوسێن‌‌‌مەلا/
AP
لەگەڵ ئەوەی کە عێڕاق هەر دەم دەکێشرێتە نێو گرژییەکی ڕووخێنەرترەوە، گەشەکردن لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە، گەشەکردنێک کە دەبێ سوێد بی‌بینێ و قبووڵی بکا.
شەڕ لە عێرا‌ق دا دیسان هەڵاییساوەتەوە. ڕێکخراوی تێرۆریستیی دەوڵەتی ئیسلامیی ” 
IS “، کە پێشتر “ISIS“ی پێ‌دەگوترا، دەستی بە سەر بەشێکی وڵات دا گرتوە. سوپای عێڕاق پێگە و بنکەکانی لە باکوور بەجێ‌هێشتووە و پێشمەرگە جێگای وی پڕ کردۆتەوە. کوردەکان ئێستا هەموو ئەو شوێن و ناوچانەیان بەدەستەوەیە کە لەسەریەک بە ناوچەی ماددەی ١٤٠ نیو دەبرا و هەردووک لا، هەم هەرێمی کوردستان و هەم رێژیمی بەغدا داوای دەکەن و کێشەیان لەسەری هەیە.
ئەو ئالۆگۆرە خێرا و توندانە لە هاوسەنگیی دەسەلات دا، بە ڕوونی نیشان دەدا کە عێڕاق تا چ ڕادەیەک لیک‌هەڵوەشاوە. ئێستا دنیای دەوروبەر دەبێ خۆی بۆ ئاڵوگۆڕێک ئامادە بکا کە لە ئاکامی ئەو ئاڵوگۆڕە دا وڵاتەکە تووشی شەڕێکی دیکە ببێ کە کۆتایییەکەی دیار نەبێ، بەڵام کوردەکان لە باکوور بە ڕێگای خۆیان دا بڕۆن و سەربەخۆیی خۆیان ڕابگەیەنن.
پێشتر، هەر ئەو کاتەی بریتانیاییەکان لە دەیەی ١٩٢٠ و لە سەردەمی سەرپەرستیکردن دا عێڕاقیان کردە دەوڵەت، دەوڵەتەکە بڵاو و لێک‌هەڵوەشاو بوو، بەلام کات بە کات ڕێژیمەکانی بەغدایە زەبر و زەنگیان زۆرتر نواند و گوشاریان لە گەڵ گوتاری ناسیۆنالیزمی عەڕەبی لە ڕەوتی بەڕێوەبردن دا تێکەڵ کرد. کوردەکان تەنانەت پێش سەربەخۆبوونی عێڕاقیش دەستیان بە ڕاپەڕین کردبوو و لە دەیەی ١٩٦٠ دا دە شەڕێکی توند دەگەڵ سوپای دەوڵەتی ناوەندی دا بوون. داوای ئۆتۆنۆمیی ئاسۆڕییەکانیش، ساڵی ١٩٣٣، بە کوشتار و کۆمەڵکوژی لە “سمیل” سەرکوت کرا.
سەددام حوسێن شەڕی لە گەڵ ئێران دەست پێ‌کرد، کۆمەڵکوژیی لە کوردان و شیعان کرد و کوێتیشی داگیر کرد. لە دوای ڕووخانی سەددام حوسێن و هەڵاییسانی شەڕی نێوخۆیی عێڕاق، پارچە پارچە بووە. لە وێش نە نێلسۆن ماندێللایەک هەیە و نە تەنانەت قۆناخێکیش بۆ ئاشتی و پێکەوە ژیان بەدێ دەکرێ.
ئەو هەنگاوەی تا ئێستا بەرەو سەربەخۆیی هەڵێنراوەتەوە، زۆر گەورە نیە، بەڵام حکوومەت ، دامەزراوەکان و ئۆرگانەکانی هەرێم هێمنایەتیی هەرێمەکەیان پاراستوە. ئەوێ زۆر سەرچاوەی گەورەی نەوتی هەیە و دەتوانێ زیاتر لە یەک میلیۆن بۆشکە نەوت لە ڕۆژ دا بۆ دەرەوە بنێرێ. ڕێبەرایەتیی سیاسیی هەرێم کارلێهاتووە و نەریتە ئیسلامییەکەی سنوور بۆ تونداژۆیی دادەنێ. حکوومەت و پاڕلمانی خۆی هەیە. پێنج حیزبی گەورە دەو پاڕلمانە دا هەن و ١٤ کورسیش بۆ کەمایەتییەکان دانراوە. سیاسەتی دەرەوەیی و هێمنایەتییشیان بە شێوەی ڕۆژاوایە.
پێوەندییەکانی هەرێم لە گەڵ ڕۆژاوا باشن. ئێمە زۆر هاووڵاتییی کوردمان هەن. وەزاڕەتی دەرەوەی ئێمە چ سنوورێکی بۆ سەردان و سەفەرکردن بۆ هەرێمی کوردستان دانەناوە و ڕیزە شیرکەتێکی سوێدیش لە وێ هەن. ئێمە فڕینی ڕاستەوخۆمان لە سوێدەوە بۆ ئەوێ هەیە و بەشێک لە باڵوێزخانەی عێڕاقی ئێمە لە هەولێرە. چەند وەزیری ئێمە بە ڕەسمی سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردوە و چاوپێکەوتنمان لە ئاستی سەرۆک پاڕلمان و کۆڕی نوێنەرایەتیی پاڕلمانەکانی هەردووک لا دا هەبووە. هەر ئێستا سوێد بە کردەوە پێوەندیی دوولایەنەی لە گەڵ هەرێمی کوردستان هەیە.
کوردستان قەت وەک فەلەستینێ لە ناوەندی سەرنجی یووئێن و ڕاگەیەنە گشتییەکان دا نەبووە. هێزە گەورەکان درۆیان دەگەڵ کردوون و بزووتنەوە هاوپشتی و هاوکارییەکان قەت گرینگییان پێ‌نەداون، لەوانەیە هەر لەبەر ئەوەش بێ کە بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو، هەرێمی کوردستانی عێڕاق بەو زووانە دەتوانێ سەربەخۆیی خۆی ڕابگەیەنێ. پرسی کورد هەرگیز نەی‌توانیوە لە پشت قفڵی دەرگابەسراوەکانی هۆڵەنێونەتەوەییەکان واوەتر بڕوا و قەتێش نەبۆتە باسی رۆژی چاوپێکەوتنەکان. کەوا بوو کاتێک کە هیچ نوێنەر و وتەبێژێک بچووکترین شیکردنەو دەربڕینێکی لەو بارە دا نیە، وەک بۆ پرسی فەلەستینێ هەیە، هاسانتر ئەوەیە کە بۆخۆت هەنگاوی بەکردەوە هەڵێنییەوە.
ئەڵبەت هەرێمی کوردستان دەو ڕێگایە دا هێندێک کۆسپ و تەگەرەی بەرچاوی لەبەرن. مەترسیی ئەوە هەیە کە ناکۆکی لە سەر نەوت و سنوورەکان تا ماوەیەکی دوورودرێژ هەر هەبێ. چونکە بەغدا مل بۆ سەربەخۆیی کوردستان ڕاناکێشێ. مەترسیی تێکهەڵچوونی چەکدارانە لە گەڵ عێڕاق و دەستتێوەردانی ئێرانیش هەیە.
بەڵام خۆ کوردەکان، هەر وەک خەڵکی دیکە، مافی ئەوەیان هەیە کە چارەنووسی دواڕۆژی خۆیان دیاری بکەن. ئەگەر حکوومەتی هەرێم دوای ڕاپرسیی گشتیی بیەوێ سەربەخۆیی ڕابگەیەنێ، دەبێ سوێد دان بەو بڕیارە دا بنێ، هەر وەک ئێمە سەبارەت بە کۆسووڤۆ و باشووری سوودانیش هەر وامان کردوە .
پشتیوانیی سوێد لە دروستبوونی وڵاتێکی ئەوتۆ دەرەتانی شوێندانانی زیاتریش بۆ ئێمە دەڕەخسێنێ. مەسەلەیەکی گرینگیش پرسی مافی کەمایەتییەکانە، نەک هەر عەڕەبەکان، بەڵکوو ئاسۆڕییەکان، کەلدانییەکان، سریانییەکان، ئیزەدییەکان، شەبەکەکان و تورکمانەکانیش. هەوڵدان بۆ بەکوردکردنی کەمایەتییەکان و کۆمەڵگەکانیان نەک هەرهیچ پاساوێک هەڵ‌ناگرێ، بەڵکوو زۆر زوو دەبێتە هەڕەشە لە سەر سەقامگیربوون و ڕیگاش بۆ سەرهەڵدانی نەتەوەگەرییەکی بەرچاوتەنگانە دەکاتەوە. ناسنامەی کورد لە جێ دا زۆر بەهێزە و هەڕەشەی بە هیچ شێوەیەک لە سەر نیە. زەبروزەنگ و وێکهەڵنەکردن لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا وەک نەریتێکی لەمێژینەی لێ‌هاتووە و هەر بۆیەش ڕێبەرە کوردەکان دەبێ بە توندی لە دژی ڕەگەزپەرستی و زێدەخوازیی مەزهەبی ڕاوەستن. ئەوە بە تایبەت لە پێوەندیی لەگەڵ ئەو بەشەی خەڵک دا گرینگە کە زۆربە پێک‌دێنن و لە کاتی لاوازبوونی کۆنتڕۆڵ دا دە توانایان دا هەیە ئاڵۆزییەکی گەورە دروست بکەن.گیانی لێبووردەیی و وێکهەڵکردن دەبێ لە فێرگەکان، لە نێو سەرۆک عێلەکان، سەرۆکە مەزهەبییەکان و لە نێو سوپا و پۆلیس دا زۆر بەهێز بێ و لە گەڵ کەمایەتییەکانی ناوچەکە دەبێ بەردەوام دیالۆگ و ڕاوێژکردن هەبێ. ڕێبەرە کوردەکان زۆریان هەوڵ بۆ دابینکردنی هێمنایەتی و بەرگریکردن لە کەمایەتییەکان داوە و ئەوان ئێستا سەربازەکانی خۆیان لە ڕێگای پاراستنی غەیرەکوردەکان دا فیدا دەکەن، بەو حاڵەش نموونەی واش هەیە کە کەمایەتی هێرشی کراوەتە سەر، بۆ وێنە لە زاخۆ، دوو ساڵ لەمەو پێش، هۆتێلیک کە خواردنەوەی ئەڵکۆڵی تێدا دەفرۆشرا، لە لایەن ئیسلامییەکانەوە هێرشی کرایە سەر.
ئەگەر خەڵکی دەشتی نەینەوایە، کە دەکەوێتە ڕۆژهەلاتی مووسڵێ، پێیان خۆش نەبێ دەگەڵ ئەو وڵاتە کوردییە بکەون کە لە داهاتوو دا دروست دەبێ، نابێ بە زۆری ڕەگەڵ ئەو وڵاتە بخرێن. ئەگەر خەڵکی ئەو ناوچەیە بۆخۆیان ئۆگری نیشان بدەن و ناوچەکە ببێتە بەشێک لە وڵاتەکوردییەکە، دەبێ هەر وەک پێشتریش حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، مافی خۆبەڕێوەبردنیان بدرێتێ. هەر بەو شێوەیە دەبێ ویستی تورکمانەکانیش لە شێوەی دابەشکردنی دەسەڵات لە بەڕێوەبردنی کەرکووک دا وەبەرچاو بگیرێ.
لەگەڵ ئەوەی کە عێڕاق هەر دەم دەکێشرێتە نێو گرژییەکی ڕووخێنەرترەوە، گەشەکردن لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە، گەشەکردنێک کە دەبێ سوێد بی‌بینێ و قبووڵی بکا. بەو شێوەیە ئێمەش دەتوانین کارتێکەریمان هەبێ و یارمەتی بە گەشەکردنێکی باش بدەین.

فرێدریک مالم

نوێنەری پاڕلمان و وتەبێژی سیاسەتی دەرەوەی پارتی گەل لیبرالەکان

وەرگێڕان لە سوێدییەوە: ئاشق