لە یادی شه‌هید ره‌حمانی سۆفیزاده‌. سەید عەلی هاشمی

لە دیدو بۆچوونی مندا ئەندامەتی لە نێوریزەکانی حیزبی دێموکراتدا وەک خوێندکاری زانکۆیەکی ئاست بەرز بوە، لەشانەی سێ نەفەریەکەیڕا بگرە تادەگاتە ئۆرگانەکانی هەرەسەرێ، چونکە لە یەکەم  دانیشتنەکاندا دەگەڵ بیرو بۆچوونی جیاواز، تێفکرین و لێکدانەوەی جیاوازو ئەندێشەی راست وچەپ   رووبەڕوو دەبی.

لە مەڵبەندی پیرانشار تێکۆشەرانێکی زۆر لێوەشاوە و خۆشناوی لێ هەڵکەوتوە،  هەربۆیەش ئەو مەڵبەندە بە کانگای دێموکرات ناوبانگی دەرکردبوو، یەکێک لەو تێکۆشەرە خۆشناوانە شه‌هید ره‌حمانی سۆفیزاده‌یە، هەر کەسە بە شێوەیەک لەنێو جەماوەری خەڵکدا نێوبانگ دەر دەکات، سۆفیزادە خەسڵەتێکی تێدابوو کەجیا لە کەسانی دیکەبوو، سۆفیزادە زۆر زوو خەڵکی بۆ لای خۆی ڕادەکێشا، هەردەتکووت لە ناخی هەڵقڵاوی کوردەواری و لە مەکتەبی ماموستایەکی زانای کولتوورناسی کوردا پێگەیشتوە، دەگەڵ گەورە و چووکە و هەردووک رەگەزی نێر و مێ وەک یەک دەجووڵایەوە و هەمیشە بزە لە سەر لێوەکانی بوو، زۆربەی کاتەکان ئارەقەی دەکرد بەتایبەت لەکاتی قسە کردندا، لکێکی درێژی ئاغابانۆکەی دەکردە دەستماڵ نێوچاوان و لووتی پێدەسڕێوە. سۆفیزادە لە نیعمەتێکی دیکەش بەهرەمەند بوو، کە دەبێ بڵێم دەگەڵ پیر پیربوو، دەگەڵ لاو لاو بوو، دەگەڵ زانایان هەمیشە پێشڕەو بوو، دەگەڵ خەڵکی دێهات وەها جێگای خۆی دەنێو دەڵی ئەواندا کردبۆە کە هەموو کەس بوخچەی دڵیان لای ئەو دەکردەوە هەرچی دە جانتایان دابا بۆیان هەڵدەڕشت، هەربۆیەش شتەکانی ناو کۆڵە پشتی سۆفیزادە لە نێو ماڵەکانی ئەو ناوچەیەدا جێگای تایبەتیان هەبوو هەمیشە پارێزراو بوون، جارێک بە گوندی قەرەخدردا تێدەپەرین دایکێکی بە تەمەن لەسەرێ بانگی سۆفیزادەی کرد و پێکووت” ئەرێ رۆڵە ئەوشتانە چ‌لێبکەم، رایان گوێزم؟” کەمێک لام سەیر بوو، بەڵام سۆفیزادە زوو لێم‌حاڵی بوو، وتی لەشەری پارتیزانیدا هەمیشە دەبێ وێنە و بەڵگە نەهێنیەکان لەشوێنێک بن کە دوژمن قەد فکری بۆ نەچێ و دەستی پێیان رانەگات.

خۆشەویستی سۆفیزادە لە نێو دڵی ئەندامانی تەشکیلاتی نەهێنی ناوشاردا بەڵگەیەکی حاشا هەڵنەگری دیکەیە، کاتێک لە خزمەتیدابووم بۆ کاری ناوشار ئەوەندە شتی سەر سوڕهێنەری لێفێربووم بۆ بەرژەوەندی خەڵک و پاراستنی گیانی ئەندامان، مەگەر فەیلەسووفێکی زانستگای سیاسی بتوانێ ئەو وردەکارییانە لەکاتی بەربەرەکانی دەگەڵ دوژمنێکی مێشک وشکی دواکەوتووی مەزهەبی بەو شێوە جێبەجێ بکات، کاتێک  کاک ره‌حمانی سۆفیزاده‌ بە بڕیاری حیزب کرا بە بەر پرسی کۆمیتەی شارستانی رەبەت و نەقڵ کرا، چەند جارێک دەگەڵ کۆمیتەی شار دانیشتم ئەوکات تێگەیشتم کە ئەو لاوە زانایە چ‌خەزێنەیەکە بۆ پاراستنی سەروەت وسامان و بەڵگە نەهێنیەکانی حیزب و پاراستنی گیانی ئەندامانی و خۆشەویستی ئەو لە ناو دڵی ئەواندا. ئێستاش دوای ٣٠ ساڵ پێموایە لە دەستدانی سۆفیزادە، مۆرەیەک لە بڕبڕەی پشتی تەشکیلاتی حیزب و زانایەکی گەورە لە نیشتمانی خۆشەویست کەم‌بۆتەوە.

سڵاو لە گیانی پاکی شەهید ڕەحمان سۆفی زادە، کادری هەڵکەوتوو لێوەشاوە و خۆشەویستی نێو ریزەکانی حیزب و گەل.

سەید عەلی هاشمی