سپاس و پێزانینی بنەماڵەی کاک عەوڵا سەیدە

لە دەست دانی ئاژوانی تاقانە، هەڤاڵ و هاورێی خۆشەویست و نزیکی ئەندامانی بنەماڵە و دۆستی بە وەفا و ئەمەگداری هەموو ئەو کەسانەی دەیناسین و دەیانناسی، خەمێکە بارتەقای هەموو چیاکانی کوردستان و هەگیز لە بیر ناکرێ. ئەو برینە بێ دەرمانە ئەگەر زەمانیش کەمێک سارێژی بکا، شوێنەوارەکەی تاهەتایە لە رۆح و جەستەی ئێمە دا دەمێنێتەوە و قەت لە ناو ناچێ. بە دڵنیایی و بە داخەوە ژیانی بنەماڵەی ئێمە هیچ کات وەک سەردەمی ئاژوانی روح سووک و خۆشەویستی لێ نایەتەوە، بەڵام لە گەرمەی ژان و برک و برژانەوە جەرگی شەقار شەقاربوودا، بەدەنگەوەهاتن وهاوخەمی هاوڵاتیان و هاوڕێیان لە: کانادا، ئامریکا، و پێوەندی گرتنی تەلەیفوونی لە کوردستان و لە ولاتانی ئورووپایی را باری خەمی گرانی تاڕادیەک لە سەرشانی سووک کردین. هاوخەمی و دڵدانەوەتان لەو ساتەوەختە سەختەدا لە بیر ناکرێ، بە تایبەتی ئەو دۆست و هاووڵاتیانەی کە لە پارێزگای ئۆنتاریۆ دا بە سەدان کەسیان لە ماڵئاوایی دوایی و بە خاک ئەسپاردنی تەرمی خۆشەویستەکەمان لەگەڵمان بوون لە بیر ناکرێن. لەو ماوەیەدا، بە دەیان کەسیان بێ پسانەوە بێ ماندوو بوون زەحمەتی پێ راگەیشتن بە مێوانەکانیان لە سەر شان بوو لە بیر ناکرێن. تەنیا لە باری رۆحی بەشداری خەمەکانمان نەبوون، بەڵکوو زۆربەی ئەو خۆشەویستانە بە پاڵپشتی مادیشەوە نەیانهێشتووە بارگرانییەکی ئەوتۆ بکەوێتە سەر شانمان. بە گشتی لە هیچ بوارێکدا نەک هەر کەمتەرخەمییان نەکردووە و لە راستیدا زیادە لە چاوەڕوانی ئەرکیان بە جێ گەیاندووە. ئەوانە لە بیر ناکرێن. هەر بۆیە، بەو بۆنەوە بە ئەرکی خۆمانی دەزانین کە، وێرای ئارەزووی ساخی و سڵامەتی بۆ ئێوە و بنەماڵەکانتان سپاس و پێزانینی بنەماڵەی “سەیدا”تان پێ ڕابگەیەنین.
لە لایەن بنەماڵەکانی ‘سەیدا’ ، خزم و دۆستانی خۆشەویست