یادگاری یەکی بە نرخی دوکتور شەرەفکەندی (کاک دوکتور سەعید) سەلاح پیرۆتی

نزێکەی ٢٣ ساڵ لە مەوبەر، بەیانی ٧ی خەزەڵوەری ١٣٧٠ی هەتاوی بەرامبەر بە ٢٩ی نوامبری ١٩٩١ی زاینی ئوتوبوسێکی هەڵگری پێشمەرگە و کادر و ئەندامانی ڕیبەڕایەتی حیزب لە گەڵ کۆمەڵێک لە بنەماڵەی پێشمەرگەکان لە گوندی ئێنزێ ڕا بەرەو سەرکردایەتی حیزب لە بۆڵێ کە چەند کیلومێترێکێان مەودایە لە ڕێدابوو.
لە پەنا ڕا یەکێک لە پێشمەرگەکان هەستایە سەر پێ و چاوی لە ئۆتوموبیلێکی کۆنی چەشنی “پیک ئاپ” کرد کە لە قەراخ جادە ڕاگیرابوو. بە دەنگێکی جێگای سەرسووڕمانەوە کوتی: “کاتێک لە ئەو سەری ڕا دەهاتین ئەم ئۆتوموبیلە لێرە نەبوو”. لە سەر قسەی ئەو شۆفێرەکە تۆزێکی هێواش کردەوە و ئێمەش سەیری ئۆتوموبیلەکەی قەراخ ڕێگامان کرد.

هەر چەند چرکەیەک دواتر تەقینەوەیەکی لە ڕادەبەدەر بە هێز وای کرد چاو چاوێ نەبینێ؛ وەک ئەوەی لە پەناڕا تاریکە شەوت بە سەردابێت بە چەشنێک شڵەژان و هاوار و فریاکەوتنی بە دوا دەهات.

ئەوانەی لە ئەو ڕووداوە دا گیانیان ڕزگار بوو، بێگومان قەت ئەم کارەساتەیان لە بیرناچی. من خۆم وەک دەڵێن دنیام لە پێش چاو تاریک بوو و نەم دەتوانی هیچ کەس ببینم، بەڵام گوێم لە دەنگێکی بەرز بوو کە پەیتا پەیتا دەیگوت: “بە ڕێگای پەنجەرەی ماشێنەکەدا خۆتان دەربازبکەن” کە دوای ڕووداوەکە تێگەیشتم ئەمە دەنگی نەمر کاک سەلامی عەزیزی ئەندامی دەفتەری سیاسی حیزب بوو.

ئێستاش نەمزانی چۆن لە ئوتوموبیل هاتمە دەر بەلام پێم وایە چونکە لە لای پەنجەرەی ئوتوموبیلەکەبووم، لە ئاکامی ئەو تەقینەوەیەدا فڕێدرابوومە سەرجادە.

هەر کە هۆشم هاتەوە سەرخۆ،خۆم لە سەر جاددە دیتەوە و لە جێدا وامزانی هەر دووک چاوم و بە تایبەت گلێنەکەم لە کیس چوونە. لە دەمێکدا خوێن بە چاوانم دا دەهاتە خوارێ بە خۆشی یەوە بۆم دەرکەوت کە هێزی بیناییم هەر ماوە. بەڵام ئەدی ئەوانی تر؟ ئەوانەی لە نێو پاسەکە مابوونەوە هەوڵیان دەدا کە خۆیان دەربازبکەن و چەند پێشمەرگەیەکیش کە لە لەند کرووزیرێک لە پێشەوەی پاسەکە دەڕۆیشتن بە هانای بریندارانەوە هاتن.

لە هەوڵ و کۆششە تەنگەتاوی یە دا هاوڕێیەکی زۆر خۆشەویستمان، کە بە خۆشی یەوە ئێستاش ماوە و هیوای تەمەن درێژی بۆ دەخوازم، لە نیو پاسەکەدا مابۆوە، دەستی بە پەنجەرەی پاسەکەدا شوورببۆوە، لە دەمێکدا هەموو سەر و دەم چاوی خوێنی لە بەردەڕۆیی. هەڵبەت هەر کەسێکیش لێرەدا لە جێگای من با بە هانایەوە دەچوو. بە پەلە خۆم گەیاندە ئەو هاوڕێیە و هەر چەند بە زۆریش هەویستم لە نێو پاسەکەی دریبکێشم کە لە و دەمە دا بوو چەند پێشمەرگەیەکی دیکەش فریاکەوتن و بە خۆشی یەوە لەو یەکەم بریندرانە بوو کە بە پەلە فڕاندمان بۆ نەخۆشخانە.

لەو ڕووداوەدا هەموو ئەو کەسانەی کە تێیدا بوون زۆر بە توندی بریندار بوون؛ ئەوی هەرە ساخیان ئەمن و کاک ڕەزا شیرازی بووین کە خەباتگێڕێکی فارس زمان و لە ڕادیۆی دەنگی کوردستان لە بەشی فارسی دا کاری دەکرد. هیوا دەخوازم هەر دەم بێ وەی بێت.

بە داخێکی گەلێک گرانیشەوە لەو ڕووداوە سامناکە دا سێ پێشمەرگەش شەهید بوون کە بریتین لە :

١.کاک مەلا ڕەسووڵ گەردی، بەرپرسی کۆمەڵەی کەم ئەندامانی حیزب ناسراو بە “ئاسایشگا”

٢. کاک حەسەن عەلی پوور ناسراو بە “کاک حەسۆ” جێگری فەرماندەری هێزی سامڕەند

٣. کاک جەلیل مامایی کە وەک ئازادیخوازێکی ئازەری (تورک زمان) هاتبووە ڕیزی پێشمەرگە، مرۆڤێکی ڕەزا سووک، زەحمەتکیش و خۆشەویستی هەموو لایەک بوو.

دوای لێکوڵینەوەی حیزب دەرکەوت کە ئۆتومووبیلە بۆمبکراوەکە بە دەزگای کۆنتڕۆڵ لە ڕێگای دوور و لە گوندی خۆییان ڕا تەقینرایەوە و کورد گوتەنی مخابن سەبەب کاریش فەرماندەی یەکێک لە ڕێکخراوەکانی کورستانی عێڕاقی ئەو دەم و باشووری کوردستان ی ئێستا بوو، کە داستانەکەی دوور و درێژە……

ئەو نامەیە لە پێوەندی ئەو ڕووداوە دایە کە ڕیبەری لێهاتوو، کاک دوکتور بۆی ناردم.

لە بەر ئەوەیکە کاک سەعید ڕێزێکی زۆری بۆ کەسایەتیی پێشمەرگە دا دەنا، کاتێک کار و ڕەفتاری باشی لە پێشمەرگە دەدیت، گرینگی پێدەدایەوە و زۆر پێی خۆشحاڵ دەبوو؛ هەڵبەت ئەگەر دیتبای کە هەر ئەو پێشمەرگەیە کار و ڕەفتارەکەی پیویستی بە ڕوون کردنەوە هەیە لەوشیارکردنەوەی دا بێگومان دریغی نەدەکرد جا هەر بەرپرسایەتیەکی تایبەتیشی هەبوایە.

من خۆم چاوەڕوانی ئەو نامەیەم نەدەکرد، هەرچەند بە یادگاری یەکی هەرە بەنرخی کاک سەعیدی دەزانم.

بێگومان پێشمەرگەکان وەک درێژەدەرانی ڕێبازی کاک سەعید هەرگیز ڕێگای پڕ لە سەروەریی ئەو ون ناکەن و سەرفیرازن لەوەیکە ڕیبەرێکی ئاوا شێلگیر، بە بڕشت و هۆشمەند هاندەری ریگای پڕ لە شانازییان بووە.

ڕەوانی شاد و یادی شەهیدانی ١٧ی سێپتامبر و هەموو گیان بەختکردووانی ڕیگای ئازادی و سەرفیرازیی کوردستان بەخێربێت.

لە فەیسبووکی کاک سەلاح وەرگیراوە